پاڵنه‌رى سه‌ره‌كیى ئه‌مریكا بۆ داگیركردنى عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: 17/05/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌م ماوانه‌ى رابردوودا كتێبێك به‌ ناونیشانى (عێراق و سیاسه‌ته‌كانى نه‌وت: تێڕوانینێك له‌ ناوخۆوه‌) له‌ نووسینى گارى ڤۆگله‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى هاوتزێر بۆ راویژكاریى، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێدا كۆى ئه‌و ئه‌زموونانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ عێراق له‌ ماوه‌ى ساڵانى 2003 هه‌تا 2015 بۆ دووباره‌ بونیاتنانه‌وه‌ى كه‌رتى نه‌وت پێیدا تێپه‌ڕیوه‌.

 
گارى ڤۆگله‌ر، له‌ ساڵى 2006 ه‌وه‌ هه‌تا ساڵى 2011 یه‌كێك بووه‌ له‌ گه‌وره‌ راویژكاره‌كانى بوارى نه‌وت لاى هێزه‌ ئه‌مریكیه‌كانى ناو عێراق، پێش ئه‌وه‌یش راوێژكارى ده‌سه‌ڵاتى كاتیى ئیئتیلافى بووه‌، هه‌روه‌ها راوێژكارى وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مریكا بووه‌ له‌ كوه‌یت و له‌ به‌غدا-یش. جگه‌ له‌وانه‌، ئه‌فسه‌رێكى پێشووى سوپاى ئه‌مریكا بووه‌ و بۆ ماوه‌ى بیست ساڵێكیش چه‌ندین پۆستى ئیداریى له‌ كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبایل و چه‌ند كۆمپانیایه‌كى دیكه‌دا به‌ڕێوه‌ بردووه‌.


نووسه‌ر له‌و كتێبه‌یدا كه‌ 318 لاپه‌ڕه‌یه‌، ئه‌و هۆكارانه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت پاڵنه‌رى راسته‌قینه‌ بووبن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا په‌لامارى عێراق بدات و داگیرى بكات. چۆنیه‌تیى ئاراسته‌ و رێڕه‌وى رووداوه‌كانیش روونده‌كاته‌وه‌ هه‌ر له‌وانه‌ى پێش جه‌نگه‌كه‌ له‌ ساڵى 2003 وه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ ساڵى 2011.


ورده‌كاریى رووداوه‌كانى پێچ و په‌ناكان روونده‌كاته‌وه‌ و باس له‌ ململانێى ده‌سه‌ڵات ده‌كات ده‌رباره‌ى رۆڵى ئه‌مریكا و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ بوارى نه‌وت-دا، هه‌روه‌ها ئه‌و بڕیارانه‌یش دێنێته‌وه‌ بیر كه‌ له‌میانه‌ى جه‌نگه‌كه‌دا دراون بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ند مانگێك پێش واده‌ى بڕیارلێدراوى خۆى نه‌وت هه‌نارده‌ بكرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باس له‌ چاككردنه‌وه‌ى پاڵاوگه‌ى بێجى كراوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كى سوننیه‌وه‌.


له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ ڤۆگله‌ر له‌ راوێژكاره‌ پسپۆره‌كانى بواره‌كه‌ بووه‌ بۆیه‌ رێگه‌ى پێدراوه‌ ئاگادارى ئه‌و بڕیارانه‌ بێت كه‌ له‌ چه‌ند مانگى كه‌مى دواى جه‌نگه‌كه‌ و له‌ بوارى پیشه‌سازیى نه‌وتدا ده‌ركراون. ئه‌وه‌یش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ چۆن هێزى هاوپه‌یمانان به‌ به‌شداریى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق گره‌نتیى به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى كه‌رتى نه‌وت-یان بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى 9 ساڵ له‌ هه‌موو لایه‌كى عێراقدا داوه‌.  


له‌ چه‌ندین به‌شى كتێبه‌كه‌یدا، ئه‌و پسپۆره‌ى بوارى نه‌وته‌ باس له‌ دید و بۆچوونێكى ده‌گمه‌نى په‌یوه‌ست به‌ ئه‌جێنداى تایبه‌تى نه‌وت ده‌كات و به‌ڵگه‌ى ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌یش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ ره‌نگه‌ له‌پشت راكێشانى واشنتۆن و هێزى هاوپه‌یمانانه‌وه‌ بێت بۆ جه‌نگه‌كه‌ى عێراق. ئه‌مه‌یش هۆكارێكى جیایه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى چه‌كى كۆكوژ. بۆیه‌ پێیوایه‌ كه‌ ره‌نگه‌ نه‌وت-یش هۆكارێكى پشت ئه‌و جه‌نگه‌ بووبێت.


نووسه‌ر ده‌ڵێت هه‌تا ساڵى 2014 به‌ته‌واوى گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ داگیركردنه‌كه‌ى عێراق، تا ئاستێكى دوور، له‌سه‌ر پلانێك بووه‌ كه‌ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى سه‌رۆكى كۆنگره‌ى نیشتمانیى عێراق، به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گروپێك له‌ داڕێژه‌رانى سیاسه‌تى ئه‌مریكا، له‌ موحافیزكاره‌ تازه‌كانى ئیداره‌كه‌ى بوش دایانناوه‌.


ئامانجى پلانه‌كه‌ كردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆریى نه‌وته‌ بووه‌ كه‌ له‌ كه‌ركوك-ه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ حه‌یفا-ى ئیسرائیل. ئه‌و بۆریانه‌ له‌كاتى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل له‌ ساڵى 1948 ه‌وه‌ داخراون، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بكرایه‌ ده‌بووه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى نه‌وت و ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ى ترانزێت بۆ ئیسرائیل.


نووسه‌ر ده‌ڵێت ئه‌م پلانه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا. پێیشیوایه‌ هۆكارى جێبه‌جێنه‌كردنى پلانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌لاى كۆشكى سپى-یه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى لاوه‌كى بووه‌ نه‌ك جدیى و سه‌ره‌كى. 


پێشتر ڤۆگله‌ر خۆى له‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ ره‌تیانده‌كرده‌وه‌ جه‌نگى عێراق به‌پێى ئه‌جێندایه‌كى وا كرابێت كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ نه‌وت-ه‌وه‌ هه‌بووبێت. پێده‌چێت ئه‌م كتێبه‌ى بۆ راستكردنه‌وه‌ى ئه‌و بیروڕایه‌ى پێشووى بێت. ئه‌و له‌م كتێبه‌یدا لێكدانه‌وه‌ بۆ ورده‌كاریه‌كانى گه‌وره‌ترین كه‌مكردنه‌وه‌ و داشكاندنى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌كات كه‌ له‌ مێژووى پیشه‌سازیى نه‌وت و له‌سه‌ر ئاستى جیهان تا ئێستایش ده‌گمه‌نه‌.


به‌كورتى، ڤۆگله‌ر له‌ كتێبه‌كه‌یدا نهێنیى ئه‌و ئه‌جێنداى نه‌وت-ه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ پاڵنه‌ر و هانده‌رى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو بۆ به‌رپاكردنى جه‌نگ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. ره‌خنه‌گرانیش پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ى له‌م كتێبه‌دا باس ده‌كرێت، ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌مریكیه‌كان سه‌رسام و تووڕه‌ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر موحافیزكاره‌ تازه‌كاندا، چونكه‌ راستیى رووداوه‌كان و هۆكارى رووداوه‌كانى ساڵى 2003 ئاشكرا ده‌كات. به‌مه‌یش به‌شێوه‌یه‌كى گشتى، ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌گۆڕێن كه‌ لاى جیهان هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى  كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان چووه‌ چى بكات له‌ وڵاتێكى دووردا كه‌ ناوى عێراقه‌!!.

سه‌رچاوه‌: ئیلاف 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure