بازاڕى دامه‌زراندنى حكومه‌ت

بۆچوون / بیروڕا :: 15/05/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

رۆژێكى درێژى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى عێراق كۆتاییهات و ده‌رگاى رۆژانێكى دوور و درێژى خسته‌ سه‌رپشت بۆ دانوستانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى كه‌ عێراقیه‌كان به‌و ئومێده‌ن پێكهێنانى كۆپیه‌ك نه‌بێت له‌ ئه‌زموونه‌كانى رابردوو كه‌ پێچ و په‌ناكانى سیاسه‌ت كرابوونه‌ بازاڕى فرۆشتنى پۆست و پله‌ و پایه‌ و هه‌ڵوێسته‌كان.

حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى ئێستا ده‌رفه‌تێكى باشى له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ى خولێكى ترى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى، به‌ڵام له‌وه‌ده‌چێت ئه‌م ده‌فه‌ته‌ى په‌یوه‌ست بێت به‌ ئاماده‌گیى خۆیه‌وه‌ بۆ چوونه‌ (بازاڕیه‌وه‌) یان پابه‌ندبوونى به‌و دید و بۆچوونه‌یه‌وه‌ كه‌ به‌ چه‌ندین رێگه‌ى جیاجیا گوزارشتى لێكردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانى حكومه‌تێك كه‌ ملكه‌چى سازش و دابه‌شكردنى پۆست و پله‌ و پایه‌كان نه‌بێت.

ئه‌و كێشه‌یه‌ى له‌ رۆژانى داهاتوودا رووبه‌ڕووى عه‌بادى ده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ژینگه‌ سیاسیه‌ى عێراق كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بیگۆڕن، ئاماده‌ نییه‌ سازش بكات له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ى كه‌ پێى راهاتووه‌ له‌ پێكهێنانى حكومه‌تدا. ئه‌و حزبانه‌یش كه‌ عه‌بادى و پاڵێوراوه‌كانى تریش چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ن بۆ خۆیان رایانكێشن و گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى ناو په‌رله‌مانى پێ دروستبكه‌ن، سازش له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان ناكه‌ن كه‌ چاوه‌ڕێن به‌ده‌ستیبێنن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌ زۆره‌ى له‌ بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا خه‌رجیان كردووه‌.

وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌زوویى باس له‌ (تیۆرى خاڵبه‌ندى) له‌ پێكهێنانى حكومه‌تدا بكرێته‌وه‌ و تێیدا نرخ بۆ وه‌زاره‌ته‌كان و پۆسته‌ گرنگه‌كان داده‌نرێت به‌گوێره‌ى خاڵ و به‌پێى بایه‌خ و گرنگیى هه‌ر پۆستێك، پاشان دابه‌شكردنیان به‌گوێره‌ى كورسیه‌كانى هه‌ر حزبێكى سیاسیى كه‌ له‌ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌تى. هه‌روه‌ك به‌زوویش هێزه‌ سیاسیه‌كان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ پێداهه‌ڵدانى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى كه‌ سه‌ركه‌وتوویه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى تێدا نییه‌، هه‌روه‌هاى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ (خاڵبه‌ندى و نرخ له‌سه‌ردانان) وه‌ك رێكارێكى ناچاریى.

زۆر كه‌س ده‌ڵێن ئه‌م چركه‌ساته‌، گرنگترین و بنه‌ڕه‌تیه‌ له‌ دانانى هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا داویانه‌، وه‌ك راگرتنى بازاڕى حكومى و ره‌تكردنه‌وه‌ى به‌شبه‌شێنه‌ى حزبى و پێكهێنانى حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌ماى لێوه‌شاوه‌یى و رێگریى له‌ ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى له‌ پێكهێنانیدا.

به‌ڵام هیچ كه‌سێك له‌ عێراقدا پێشبینى ئه‌وه‌ ناكات كه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان وه‌فادار و به‌ئه‌مه‌ك بن به‌رامبه‌ر به‌و به‌ڵێنانه‌یان، چونكه‌ سروشتى پێكهاته‌یان و نه‌بوونى نه‌ریتى حزبایه‌تى و تێوه‌گلانى هه‌ندێكیان له‌ رێككه‌وتننامه‌ى نهێنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و بزنسمانى جیاجیادا بۆ پشتگیریى داراییان له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردنیاندا، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ په‌یوه‌ستێتیى (دایك و رۆڵه‌یى) به‌ ویست و ئیراده‌ى ده‌وڵه‌تانى تره‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ واده‌كه‌ن كه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر گۆڕانكاریى سیاسیى راستگۆیانه‌، ته‌نیا بۆ قۆناغى بازاڕگه‌رمیى هه‌ڵبژاردن بێت و هیچى تر.

حزبه‌كان، ئیتر داوا له‌ عێراقیه‌كان ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌كى واقیعیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ى پێكهێنانى حكومه‌تدا بكه‌ن و لۆمه‌ى ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ن به‌وه‌ى كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ فراكسیۆنێكى گه‌وره‌ هه‌ڵبژێرن تا ئه‌وانى تر راماڵێت و حكومه‌تێكى زۆرینه‌ى به‌كه‌یف پێكبێنن كه‌ پێویستى به‌ رێككه‌وتنى ئه‌وانى دى نه‌بێت. له‌وانه‌یشه‌ به‌رپرسیارێتى ئه‌وه‌یشیان بخه‌نه‌ ئه‌ستۆ كه‌ باڵیۆزى ئێران  له‌به‌غدا ببێته‌ چاودێرى یه‌كه‌م و فه‌رمیى دانوستانه‌كان و دواى ئه‌ویش باڵیۆزى ئه‌مریكا و به‌دواى ئه‌وانیشدا باڵیۆزانى ده‌وڵه‌ته‌كانى تر به‌ پله‌ و ئاستى جیاجیا.

ره‌نگه‌ هه‌ندێك كه‌سێتیى سیاسى عێراقى، دواكارییان بۆ گه‌لى عێراق به‌وه‌ى كه‌ واقیعبینانه‌ بن و پابه‌ند بن به‌ كۆتاییهێنان به‌ سیستمى خاڵبه‌دییه‌وه‌، ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ هه‌ڵكشانى نێوده‌وڵه‌تى و شه‌ڕى ئێران له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كه‌یدا. له‌وانه‌یشه‌ بنه‌ماى به‌رگریكردن له‌ تائیفى و مه‌زهه‌ب بهێننه‌وه‌ مه‌یدان بۆ پاساوهێناوه‌ به‌وه‌ى په‌نا ببه‌نه‌ به‌رده‌ره‌وه‌ و نكۆڵى بكه‌ن له‌ ده‌نگى ده‌نگده‌ره‌ عێراقیه‌كان.  

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و دراوانه‌دا، هێشتا ئومێدى ئه‌وه‌ ماوه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى گوشاره‌ میلـلیه‌كان گۆڕانكاریى بكرێت كه‌ له‌م دوو هه‌فته‌یه‌ى رابردوودا بوونه‌ته‌ خۆپیشاندانێكى واى ئه‌مجاره‌ دیدوبۆچوونه‌كانى روون و ئاشكران و ناوه‌رۆكه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لى عێراق له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كردووه‌ كه‌ به‌ڵێنى سیاسى ئه‌وه‌ى پێدراوه‌ عێراق له‌ سیستمى به‌شبه‌شێنه‌ رزگار بكرێت، ئه‌و سیستمه‌ى بووه‌ته‌ هۆى هه‌ره‌سى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ ساڵى 2014 ه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌وه‌ى قۆناغى داهاتوو جیاواز و به‌ به‌رهه‌م ده‌بێت و ده‌توانێت وڵاتێكى دوور له‌ ویستى ده‌ره‌كى و سیماى دژ و ناحه‌زیى ناوخۆیى بونیات بنێت. 
 
ئه‌وه‌ى له‌م قۆناغه‌ى عێراقدا ئاشكرابوو، ئه‌و راستیانه‌ن كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌ریخستن و دیارترینیشیان كه‌میى رێژه‌ى به‌شداربوون بوو. ئه‌مه‌یش بۆخۆى ره‌نگدانه‌وه‌ى زاڵبوونى حاڵه‌تى نائومێدبوونه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانى گۆڕانكارى و پێویستیى بینینى ئه‌م دیارده‌یه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ورد بۆ ئه‌وه‌ى قۆناغى دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت، بێ هیوایى و نائومێدیى گه‌ل نه‌گۆڕێت بۆ تووڕه‌ییه‌كى تر و باجێكى قورسى پێنه‌درێت.
 
له‌م ساته‌دا پێویست ناكات ئه‌و هێزه‌ میلـلییانه‌ى كه‌ داواى گۆڕانكارى و ریفۆرمى پرۆسه‌ى سیاسى ده‌كه‌ن چاوه‌ڕێى ئه‌نجامه‌كانى دانوستاندنێك بن كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌زانرێت به‌ره‌و گوێ ده‌ڕوات، به‌ڵكو ئه‌ركه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌قامى عێراقى به‌رگریى له‌ بژارده‌كانى خۆى بكات و ئه‌و میكانیزمه‌ نه‌خۆش و لاوازه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ كه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ته‌كانى پێشوو په‌یڕه‌و كراوه‌، چاودێریى توندى دانوستانه‌ نهێنیه‌كان بكات و حزبه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان بخاته‌ به‌رده‌م رێزگرتن له‌ به‌ڵێنه‌كانیان یاخود بینخاته‌ به‌رده‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى خولێكى دیكه‌ى جه‌ماوه‌رى عێراق. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە