خالید محێدین.. سه‌ركرده‌ى (گردبوونه‌وه‌) له‌ سه‌رده‌مى (په‌رته‌وازه‌بوون)دا

بۆچوون / بیروڕا :: 13/05/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیه‌وم ئه‌لسابع
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

خالید محێدین، دوا گه‌وره‌ سیاسه‌تمه‌دارى مێژووى میسر و ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ به‌ درێژایى 60 ساڵ جێپه‌نجه‌ى سیاسیی به‌ شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیش به‌ میسر-ه‌وه‌ دیاره‌، له‌وكاته‌وه‌كه‌ به‌شدارییكرد له‌ دامه‌زراندنى رێكخراوى ئه‌فسه‌رانى ئازادیخواز و شۆڕشى 23 ى یۆلیۆ كه‌ كۆتایى به‌ رژێمى پاشایه‌تى هێنا. له‌و كه‌سانه‌ بوو له‌ ساڵى 1954 دا داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاى بۆ سه‌ربازگه‌كانى خۆیان ده‌كرد، شه‌ڕه‌كه‌ى دۆڕاند و ئیتر میسر-ى جێهێشت و چووه‌ تاراوگه‌.  
 
خالید محێدین، جێى متمانه‌ و به‌ئاگا و شاره‌زاى سیاسى بوو له‌ ئاراسته‌ و پێچاوپێچه‌كانى رێكخراوه‌ چه‌پڕه‌وه‌كانى چله‌كاندا. هاوڕێكانى نازناوى (گوێڕایه‌ڵه‌ سووره‌كه‌)یان داوه‌تێ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رێبازى چه‌پڕه‌وانه‌ى و ئه‌ندامێتیى له‌ رێكخراوى (بزووتنه‌وه‌ى دیموكراتى رزگاریى نیشتمانى-حدتو). له‌ دواى قه‌یرانه‌كه‌ى مارس-ى 1954یش خالید محێدین ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆیى بۆ جه‌مال عه‌بدولناسر نووسى. جه‌مال-یش په‌سه‌ندى كرد و پێیوت "خالید ئێمه‌ هاوڕێین، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیى شتێكى تره‌. ئه‌گه‌ر له‌ میسر بمێنیته‌وه‌ ئه‌وا ناچارم یان شوێنى مانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونت سنووردار بكه‌م یان حه‌بست بكه‌م، نایشمه‌وێت ئه‌مانه‌ت له‌گه‌ڵدا بكه‌م بۆیه‌ باشتر وایه‌ بڕۆیت". ئه‌ویش وتى "ده‌چمه‌ پاریس". به‌ڵام عه‌بدولناسر وتى "پاریس بزاڤێكى سیاسیى چالاكى چه‌پى تێدایه‌ و ئه‌مه‌یش واتلێده‌كات كه‌ تێكه‌ڵیان ببیت، بۆیه‌ من واى به‌باش ده‌زانم له‌ شوێنێكى ئارام و هێمن-دا بیت". ئیتر خالید محێدین سویسرا-ى هه‌ڵبژارد هه‌تا هاوسه‌ره‌كه‌ى نه‌خۆش كه‌وت و عه‌بدولناسر رازیى بوو بگه‌ڕێته‌وه‌ و داواى لێكرد با گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ى به‌ نهێنى و دوور له‌ راگه‌یاندن بێت. به‌ڵام ئه‌نوه‌ر سادات له‌ (الجمهوریه‌)دا وتارێكى نووسى به‌ناونیشانى (گه‌ڕانه‌وه‌ى گوێڕایه‌ڵه‌ سووره‌كه‌) ئیتر هه‌واڵه‌كه‌ بڵاوبووه‌وه‌.

ئه‌گه‌رچییش په‌یوه‌ندیى خالید محێدین له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ر سادات باش نه‌بوو به‌ڵام خالید له‌ كتێبى (ئێستا ده‌دوێم)دا گه‌واهیى له‌سه‌ر رۆڵى سادات داوه‌ و ده‌ڵێت "سادات په‌یوه‌ندیى به‌ یوسف ره‌شاد-ه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ پیاوى دڵسۆزى پاشا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نهێنیه‌كانى ئێمه‌ى لاى ئه‌و، وه‌ك ئه‌فسه‌رانى شۆڕش، باس نه‌ده‌كرد، خۆ ئه‌گه‌ر باسى بكردایه‌ ئه‌وا چاره‌نووسى هه‌موومان ئیعدامكردن ده‌بوو. سادات هه‌موو ئه‌ندامانى كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تى ده‌ناسى، ئه‌گه‌ر ئاشكراى بكردنایه‌ ئه‌وا دۆخى میسر به‌ ته‌واوى ده‌گۆڕا به‌ڵام نه‌یكرد. ئه‌مه‌ به‌رگریلێكردنى ئه‌و نییه‌ له‌ رووداوى شه‌ڕى سینه‌ماكه‌، ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندیى هه‌بوو به‌ ئه‌زموونى پێشوویه‌وه‌ چونكه‌ زیاد له‌ جارێك حوكم درابوو و له‌ سوپا ده‌ركرابوو و ده‌یویست پێگه‌ى خۆى قایم بكات ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ شكستیهێنا، به‌ڵام دوانه‌كه‌وت و پاشان به‌یاننامه‌ى بزووتنه‌وه‌كه‌ى له‌ رادیۆوه‌ خوێنده‌وه‌". خالید محێدین دوا كه‌س بوو له‌ ئه‌فسه‌رانى ئازادیخواز كه‌ گه‌واهیدانى خۆیى پێشكه‌ش كرد. به‌ وردى و به‌ دروستى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ست بوو به‌ شۆڕشى 23ى یۆلیۆ-وه‌ پێشكه‌شى كرد.
 
دواى ئه‌وه‌ى به‌ ره‌زامه‌ندیى جه‌مال عه‌بدولناسر له‌ تاراوگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى ئوممه‌ پاڵاوت و سه‌ركه‌وت، پاشان رۆژنامه‌ى ئه‌لمه‌سائـ-ى دامه‌زراند و بوویشه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌خبار ئه‌لیه‌وم. 
 
دواى كۆچى دوایى عه‌بدولناسر-یش، په‌یوه‌ندیى به‌ سه‌رۆك سادات-ه‌وه‌ وه‌ك پێویست نه‌بوو، به‌ڵام هه‌میشه‌ تواناى سیاسیى خۆیى وا پاراستووه‌ كه‌ نه‌گاته‌ ئاستى به‌ركه‌وتن. كاتێكیش كه‌ سه‌رۆك سادات بانگه‌وازى بۆ یه‌كه‌م ئه‌زموونى حزبیى كرد له‌سه‌ر پاشماوه‌ى یه‌كێتى سوسیالیستى عه‌ره‌بى، تاقه‌ رێكخراوى سیاسى، خالید محێدین له‌ ساڵى 1976 دا حزبى گربوونه‌وه‌ى نیشتمانیى پێشكه‌وتووى یه‌كێتیخوازى دامه‌زراند و به‌ هۆى سروشتى كراوه‌یى خۆى و لێوه‌شاوه‌ییه‌وه‌ توانیى پێكهاته‌یه‌ك له‌ چه‌په‌كان، به‌ هه‌موو پله‌ سۆسیالیسته‌كان و شیوعیه‌كان و ناسریه‌كان و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و هه‌ندێك له‌ لیبراڵه‌ خاوه‌ن ئاراسته‌ چه‌پڕه‌وه‌كان، شیوعیه‌كانى چل و په‌نجاكانى حدتو و كرێكارانى شیوعى له‌گه‌ڵ ناسریه‌كان و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌. 

سروشتى خالید محێدین هۆكار بوو له‌ سه‌ركه‌وتنى ئه‌و شێوازى داهێنه‌رانه‌یه‌ى كه‌ گروپه‌ جیاجیاكانى شیوعیه‌كانى له‌گه‌ڵ ناسرییه‌كان به‌ رێباز و ئاراسته‌ جیاوازه‌كانیان و سوسیالیسته‌كان و ئه‌فسه‌رانى ئازادیخواز و زیندانیانى به‌ندیخانه‌كانى شۆڕش و به‌رپرسان و سه‌ركرده‌كانى پێشووى یه‌كێتى سوسیالیست-ى كۆكردبووه‌وه‌. ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تیى ئۆپۆزیسیۆنێكى به‌هێزى سه‌رۆك سادات-ى ده‌كرد. توێژ و گروپى جیاواز و تواناى ئه‌كادیمى و ئابورى و كرێكارى و رۆشنبیرى جیاجیاى له‌خۆگرتبوو. نرخ و به‌هایه‌كى به‌رز و زۆرى فیكرى و رووناكبیریى هه‌بوو. دواى چه‌ند مانگێك له‌ پێكهێنانى، خۆپیشاندانه‌كانى یه‌نایه‌ر ده‌ستیانپێكرد و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانى گردبوونه‌وه‌كه‌ به‌ هه‌ڵگیرسێنه‌رى خۆپیشاندانه‌كان تۆمه‌تباركران و چه‌ندین ساڵ دادگاییكردنیان درێژه‌ى كێشا هه‌تا دادگا بێبه‌رى و ئه‌ستۆپاكیى بۆ ده‌ركردن.

گردبوونه‌وه‌كه‌ دژى كرانه‌وه‌یه‌كى ئابورییانه‌ى بێ به‌رهه‌م یان (مشه‌خۆرى) بوو. چه‌ندین كۆنگره‌ و كۆڕ و ئێواره‌ شیعر و روناكبیریى ئه‌نجامدا. سه‌رۆك سادات كارلێكى له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیدا ده‌كرد و له‌ وتاره‌كانیدا ره‌خنه‌ى لێده‌گرتن. ئه‌مه‌یش وایكرد كه‌ سیاسه‌ت ده‌نگێكى هه‌بێت و زۆرجاریش تۆمه‌تى جیاجیا ده‌خرایه‌ پاڵ خالید محێدین، ته‌نانه‌ت گه‌یشته‌ ئاستێك كه‌ به‌ كاركردن بۆ ده‌ره‌وه‌ تۆمه‌تبارى بكه‌ن.
 
له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى سێپته‌مبه‌ردا زۆر كه‌س له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ستگیركران، ده‌یانویست كارێكى سیاسى ده‌ست پێبكه‌ن و به‌خێرایى به‌ره‌و لاوازیى ده‌چوو. رۆژنامه‌ى ئه‌لئه‌هالى له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 1978دا ده‌رچوێنرا كه‌ رۆژنامه‌یه‌ك بوو چه‌پڕه‌وه‌كانى قوتابخانه‌ جیاوازه‌كانى كۆكردبووه‌وه‌. گردبوونه‌وه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى بوو له‌ جۆرێكى جیاواز. ئه‌لئه‌هالى به‌رده‌وام رووبه‌ڕووى داخستن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن ده‌بووه‌وه‌.

دواى مردنى سادات رۆژنامه‌ى ئه‌لئه‌هالى به‌ رێكخراوه‌یى هه‌موو رۆژانێكى چوارشه‌ممان ده‌رده‌چوو. له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌شتاكاندا-گردبوونه‌وه‌ و كار و وه‌فد/التجمع و العمل و الوفد- به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ كه‌وتنه‌وه‌ كار. به‌ڵام دۆخه‌كه‌ گۆڕا، ئۆپۆزیسیۆن تێكچوو، هه‌ندێك له‌ گردبووه‌نه‌وه‌كه‌ وازیانهێنا و چوونه‌ پاڵ ناسرى یان نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت خودى گردبوونه‌وه‌كه‌یش ناكۆكیى تێكه‌وت كه‌ خه‌ریك بوو له‌ناوى ببات، به‌تایبه‌ت پاش وازلێهێنانى خالید محێدین-ى دامه‌زرێنه‌رى دواى دۆڕاندنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2005. ئیتر ده‌ستبه‌ردارى كارى سیاسیى بوو و به‌ پیریى ژیا تا كۆچى دوایى كرد. به‌ڵام وه‌ك یه‌كێك له‌ گرنگترین كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌كانى (گردبوونه‌وه‌كه‌) جێپه‌نجه‌ى خۆیى جێهێشت به‌ سه‌رده‌مى په‌رته‌وازه‌یى و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنى سیاسیانه‌ى چه‌پ و ئه‌وانى تریشه‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure