جێگیرى ئه‌كات

بۆچوون / بیروڕا :: 10/05/2018

ـ وه‌ڵـڵاهى باش بوو هاتى. به‌زاتى خوا ئێستا له‌ خه‌یاڵما بووى.
×ته‌بعه‌ن. كه‌ ده‌وروبه‌رت چۆڵ ئه‌بێ ئێمه‌ومانانت بیر ئه‌كه‌وێته‌وه‌.
ـ ئائائا!!! تۆش كه‌وتیته‌ ته‌علیقدان؟!
× ته‌علیق نيیه‌ به‌گم. ده‌رده‌دڵه‌.
ـ ئه‌وه‌ ئه‌زانم بۆ وا خۆت عاجز كردووه‌ زۆرزان. ئه‌ته‌وێ بیرم به‌ریته‌وه‌ دوێنێ له‌ كوێ بووى.
× دوێنێ بێ تۆ ناخۆش قوربان گوێم له‌ خوتبه‌ى كابرایه‌كى زۆر عه‌جایه‌ب ئه‌گرت.
ـ عه‌جایه‌بییه‌كه‌ى له‌ چیدا بوو؟؟
× به‌گم قسه‌كانى كه‌ گوێت لێ ئه‌گرت له‌ قسه‌ و باسى قه‌ڕنى بیست و یه‌ك ئه‌چوو، كه‌چى ئه‌خلاق و رابوردووه‌كه‌ى هى قه‌ڕنى شه‌ش و حه‌وت بوو!!
ـ ماشه‌ڵـڵا ماشه‌ڵـڵا، به‌ خوا به‌ قابیلیه‌ته‌!
× به‌ڵێ هه‌م ئه‌و به‌ قابیلیه‌ته‌ هه‌م ئێمه‌ش زاكیره‌مان سفره‌.
ـ راست ئه‌كه‌ى ئافه‌رم، زاكیره‌مان له‌ ژێر سفریشه‌وه‌یه‌. ئه‌یگو چى ئه‌و بلیمه‌ته‌؟
× جا چى نه‌ئه‌گو به‌گم!! هه‌زار وه‌عد و به‌ڵێن به‌ پوولێ.. ئه‌یگو ئابوریتان بۆ سابیت ئه‌كه‌م.
ـ هاى تڕحێو له‌و وه‌عده‌.. لێره‌ كه‌س نازانێ كه‌ش و هه‌واكه‌ى سه‌عاتێكى تر چۆن ئه‌بێ، كاكم ئابوریه‌كه‌مان بۆ جێگیر ئه‌كا؟؟
× به‌ڵێ ئێمه‌ به‌ كه‌ر و گا ئه‌زانێ.
ـ ئه‌و نه‌وعانه‌ خۆیان كه‌ر و گان رۆڵه‌. ئه‌زانى هه‌ر جارێ باسى ئاژه‌ڵ ئه‌كرێ من تێر و پڕ به‌زه‌ییم به‌ حه‌زره‌تى سلێماندا دێته‌وه‌؟
× بۆچى به‌زه‌ییت پیایدا دێته‌وه‌ قوربان؟
ـ چونكه‌ ئێمه‌ سى چل حه‌یوانن خه‌ریكه‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ شێت ئه‌بین ئه‌و چۆن تاقه‌تى ئه‌و هه‌موو ته‌یر و تیور و ئاژه‌ڵه‌ى هه‌بووه‌؟؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure