هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ راگه‌یاندنى جه‌نگه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 09/05/2018

نووسینى: عه‌بدولبارى عه‌توان
سه‌رچاوه‌: ره‌ئى ئه‌لیه‌وم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

راگه‌یاندنه‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران، وه‌ك راگه‌یاندنى جه‌نگ وایه‌ و هه‌نگاوى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كییه‌ له‌ پلانى گۆڕینى رژێمى تاران به‌ هه‌مان ئه‌و رێگه‌یه‌ى كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ و له‌ ژێر ناونیشانى چه‌كى كۆكوژى كیمیاوى یان ئه‌تۆمییدا، رژێمه‌كانى عێراق و لیبیا و گرانادا-ى پێ گۆڕدران.   


هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ى كه‌ بنیامین نه‌تانیاهۆ نمایشه‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ى خۆیى ده‌رباره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌كان نیشاندا و وتى به‌ڵگه‌ى ئێرانین و پێشێلكردنى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ ده‌سه‌لمێنن، ئه‌وه‌ ئاشكرابوو كه‌ ئیداره‌ى سه‌رۆك تره‌مپ و هه‌ڵۆكانى، خۆیان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن و ده‌چنه‌ سیناریۆى سه‌پاندنى سزاكان بۆ برسیكردنى گه‌لى ئێران، هاوشێوه‌ى عێراق، بۆ ئه‌وه‌ى چۆك به‌ رژێمه‌كه‌ دابده‌ن له‌ڕێى مه‌رجى له‌جێبه‌جێكردننه‌هاتوو، ئه‌مه‌یش وه‌ك ده‌ستپێكێك بۆ ملپێكه‌چكردن و هه‌ڵكێشانى هه‌موو نینۆك و كه‌ڵبه‌كانى و له‌ناوبردنى و پاشان ریشه‌كێشكردنى.    


تره‌مپ به‌م بڕیاره‌ى خه‌ڵاتێكى هێنده‌ گرانبه‌هاى پێشكه‌ش به‌ رابه‌رى باڵاى ئێران و هه‌ڵۆكانى شۆڕشى ئێران كرد كه‌ به‌ پاره‌ ناخه‌مڵێنرێت، چونكه‌ ریفۆرمسته‌كان و ئۆپۆزیسیۆنى ئێران-ى تێكشكاند و پاساوێكى زێڕینى دایه‌ هه‌ڵۆكان و توندڕه‌وه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستى باڵایان له‌ حوكمڕانیى ئێراندا هه‌بێت. ئه‌وانه‌ به‌ رایگشتیى ئێران ده‌ڵێن ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتمان راده‌ستى رۆحانى و ئه‌و باڵه‌ ریفۆرمسته‌ كرد كه‌ ئه‌و سه‌ركردایه‌تیى ده‌كات و به‌ ناچاریى رازیبووین به‌ دانوستانه‌كانى گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمیى، دوژمنه‌كانمان و بێ متمانه‌یمان به‌ ئه‌مریكا و خۆرئاوا خسته‌لاوه‌ و به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى خۆمان سڕكرد، كه‌چى ئه‌مه‌یش ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تى كه‌ له‌به‌رده‌ستاندایه‌.  


ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئیبتیزازیه‌ى ئه‌مریكا له‌لایه‌ن یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌ و ده‌ستگرتنى ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى وه‌ك ئه‌ڵمانیا و فره‌نسا و بریتانیا به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران پابه‌ندى هه‌موو به‌نده‌كانى رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌، به‌ڵگه‌ى ئه‌ستۆپاكیى ده‌دات به‌ حكومه‌تى تاران و هه‌ڵوێست و پێگه‌ى به‌هێز ده‌كات، له‌هه‌مانكاتیشدا ئیدانه‌ى راگه‌یاندنى جه‌نگه‌كه‌ى ئه‌مریكا و هه‌موو ئه‌و ده‌رهاویشته‌ مه‌ترسیدا و كاره‌ساتاویانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌كرێت لێیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرن و ناوچه‌كه‌ و جیهانیش هه‌راسان بكات.


تره‌مپ به‌ته‌واوى ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ بنیامین نه‌تانیاهۆ و حكومه‌ته‌كه‌ى ده‌یانه‌وێت، بووه‌ته‌ ئامێرێك بۆ به‌جێگه‌یاندنى داواكارییه‌كانى له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران و گردكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ حكومه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌كانى خۆى له‌ كه‌نداو و نقومكردنى ناوچه‌كه‌ له‌ ده‌ریایه‌ك خوێنى دیكه‌دا و خه‌رجكردنى هه‌موو ئه‌و دۆلارانه‌ى له‌ ئه‌مبار و كۆگاكانیاندا ماوه‌ته‌وه‌ له‌ تێچووى ئه‌م دوژمنكارییه‌دا.


تا نووسینى ئه‌م دێڕانه‌ چۆنیه‌تى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئێران نازانین، به‌ڵام به‌ پێوه‌رى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كه‌ى حه‌سه‌ن رۆحانى سه‌رۆكى ئێران له‌ دواى وتاره‌كه‌ى تره‌مپ و دانانى وه‌ك (جه‌نگى ده‌روونى) و هه‌ڕه‌شه‌كانى به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پیتاندنى یۆرانیۆم، هه‌روه‌ها به‌ لێدوانه‌كانى به‌ڕێز عه‌لى خامنه‌یى رێبه‌ى باڵا و عه‌لى ولایه‌تیى راوێژكاره‌ باڵاكه‌ى بێت، ئێران دانوستان بۆ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنى رێككه‌وتنه‌كه‌ و له‌ناوبردنى به‌رنامه‌ مووشه‌كیه‌كه‌ى قبووڵ ناكات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پیتاندنى یۆرانیۆم به‌ رێژه‌ و تێكڕاییه‌كى به‌رز، چونكه‌ ئامانج و مه‌رامى هه‌ر دانوستانێك له‌ناوبردنى هه‌موو به‌رنامه‌ ئه‌تۆمى و بالیستیه‌كان و گۆڕینى ئێران بۆ ده‌وڵه‌تێكى گه‌شتیاریى ده‌بێت. 


سه‌رۆك تره‌مپ گوێى له‌ هیچكام له‌ هاوبه‌شه‌ ئه‌وروپیه‌كانى نه‌گرت، ئه‌و هاوبه‌شانه‌ى كه‌ ئامۆژگارییان كرد تا هه‌نگاوێكى له‌مجۆره‌ نه‌نێت. ئه‌و گوێ له‌كه‌س ناگرێت بێجگه‌ له‌ جارید كۆشنه‌ر-ى زاواى و ده‌یڤید فریدمان-ى باڵیۆزى له‌ ته‌لئه‌بیب و جۆن بۆڵتن-ى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى كه‌ هێماى توندڕه‌وى و ره‌گه‌زپه‌رستى و رق و كینه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئیسلام و موسڵمانان، هه‌روه‌ها مایك پۆمپیۆ-ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌.


كه‌واته‌ ئه‌مه‌ جه‌نگه‌ و ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ى عه‌ره‌ب و موسڵمانى رۆڵه‌ى ناوچه‌كه‌ ببینه‌ قوربانى و باجه‌كه‌ى بده‌ین. به‌ڵام ئه‌م ئامانجه‌ نایه‌ته‌دى و ئه‌و ئیسرائیله‌ى كه‌ هه‌وڵى بۆ داوه‌ و له‌پێناویدا پیلانى داڕشتووه‌ و هێزى ئه‌مریكاى گه‌وره‌ترین وڵاتى جیهانى خستووه‌ته‌ خزمه‌تى نه‌خشه‌ و پلانه‌كانیه‌وه‌، زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌م ده‌بێت و له‌گه‌ڵیشیدا هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌ ته‌پڵى جه‌نگ له‌ ناوچه‌ى كه‌نداوى عه‌ره‌بى ده‌كوتن.


 پێشتر وتمان و ئێستایش دووباره‌ى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل به‌ سه‌لامه‌تى له‌م جه‌نگه‌ ده‌ربازى نابێت و به‌ڕێز حه‌سه‌ن نه‌سروڵـڵا رێنوێنكه‌رێكى راستگۆ بوو كاتێك جووله‌كه‌ى ئۆردووگانشینى ناوچه‌ داگیركراوه‌كانى ئامۆژگاریى كرد كه‌ بڕۆن و گیانى خۆیان رزگار بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نگ هه‌ڵبگیرسێت ئه‌وكاته‌ نه‌ حه‌شارگه‌كان و نه‌ ئه‌مبارى حكومه‌ته‌كه‌یان فریایان ناكه‌وێت. 


ئه‌وه‌ ئێران نییه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ سه‌ر ئاساییش و سه‌لامه‌تیى كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئیسرائیل-ه‌ كه‌ خاك داگیرده‌كات و رۆژانه‌ خه‌ڵك ده‌كوژێت و ئه‌وه‌ ئه‌مریكایه‌ كه‌ پیلان و كاولكاریى هه‌یه‌. كاتێكیش ده‌كه‌وێنه‌ نێوان ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌لایه‌ك و به‌ره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌لایه‌كى تره‌وه‌، ئه‌وكاته‌ بژارده‌مان سه‌نگه‌رى ئه‌مریكا-ئیسرائیل نابێت.. چى ده‌ڵێن بیڵێن، به‌ڵام وشه‌ى حه‌ق ده‌بێت بگوترێت. ژیانیش هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كى بڵند و شكۆمه‌ندییه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure