قسە نەستەقە پورتوگالییەكە و مەسەلە بالیستییەكە

بۆچوون / بیروڕا :: 07/05/2018

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
ئەنتۆنیۆ سالازار-ی دەسەڵاتداری پورتوگال، هەمیشە دەیووت "من هیچ ئامانجێكم نییە ئەوە نەبێت كە هاووڵاتیی پورتوگالی بتوانێت ژیانێكی ئاسایی رۆژانەی خۆی بژی و هیچی تر". لەكاتی جەنگی لوبنان و ریسوایی و نەهامەتیە گەورەكەی لوبنانیەكاندا، هەموو خەڵكی دەیانووت "هیچمان ناوێت ئەوە نەبێت كە رۆڵەكانمان بچن بۆ كاركردن و بگەڕێنەوە". 

ئەوانەی ئێستا زیاتر لە مانای ئەم قسەیە تێدەگەن، ئەو سوریی و عێراقییانەن كە لە ژیانێكی نائاساییدا دەژین. واتا هەموو بنەماكانی ژیان قورس و زەحمەت و لە ژێر هەڕەشەدان: ئاسایش، كار، كولێرە، دڵنیایی، ئازادیی فیكر و هاتوچۆ و.... هیچ شتێك لەجێی خۆی و لە بارێكی ئاساییدا نییە، مەگەر ئەو شتە زۆر سادە و ئاساییانەی كە زۆربەی گەلانی سەر ئەم زەوییە هەیانە.

هەڵگەڕانەوەكەی كیم یۆنگ ئۆن بەسەرخۆیدا، جیهانی پاڵەوانێتی و مووشەكەكانی لە هەموو لایەكدا شەرمەزاركرد و تووشی دۆشدامانی كردن. سەرەنجام سەركردە شكۆمەند و مەزنەكە وازی لە وتار و جەنگ و هەڕەشەكانی باپیر و باوكی هێنا كە بە میراتی بۆی جێماوە و بڕیاریدا بەرزترین و بە بەهاترین شتێك، كە بتوانێت بیكات، پێشكەش بە گەلەكەی بكات، ئەویش: ژیانێكی ئاسایی وای كە بڕی پێویست برنج و شیری منداڵی تێدا دابین بكرێت و كەمێك ئازادیی تێدا بێت و رێگەیش بە گەلی كۆریا بدرێت ئەو فیلمانە ببینن كە سەرۆكەكەیان دەیبینێت.

تا پێش چەند هەفتەیەكی كەم، كیم ئۆن دەیویست ئیمپریالیەت بڕووخێنێت و شارەكانی ئەمریكا وێران بكات و هەڕەشەی لە ژاپۆن دەكرد و كۆریای باشوری لەسەر زەوی دەسڕییەوە. رەنگە هەموو ئەوانە گرنگ و بە بایەخ بووبن، بەڵام پێدەچێت گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی كە پێش ئەوانە، دابینكردنی ئارد-ی فڕنەكان و سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەكان-ئەگەر هەبن-و پرۆگرامێكی خوێندن كە شتێكی دیكەی جیاواز لە وتارەكانی كیم ئێڵ سۆنگ-ی، بەگرنگتر زانیبێت، چونكە جیهانی كیم ئێڵ سۆنگ گوزەشت و بووەتە پێش مێژوو. 

رێبازەكەی ئۆن بەرەو دابینكردنی ژیانێكی ئاسایی بۆ گەلەكەی، زۆر رژێم شەرمەزار دەكات، ئەو رژێمانەی كە مووشەكەكانیان دەگرنە دەرەوەی سنوورەكانیان. شۆڕشی ئێرانی كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە سەرۆك رۆحانی رایبگەیەنێت واز لە یەمەن و سوریا و عێراق و لوبنان و میسر و بەحرەین دێنێت و دەگەڕێتەوە تاران. یان وەختێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستكەوتەكانی حكومەتەكەی لە دژایەتیكردنی بێكاری و هەژاریی رابگەیەنێت، چونكە ئەوە سەركەوتنی گەورەیە بەسەر شەیتانی گەورەدا. ئەو گەلانەی گوزەرانێكی ئاساییان نەبێت، گەلانێكی تێكشكاون.  

جیهان لە دەوری كیم ئۆن كۆبووەوە و هیچ لە خولیا و ئارەزووە تۆقێنەرەكانی نەترسان. ژاپۆن و ئەمریكا و كۆریای باشور داوایان لێكرد بچێتە ریزی یانەی ژیانێكی ئاساییەوە. نان بچێتە سەر رەفەی فڕنەكان و پارەكەی لە گەشتەكاندا پەسەند بێت و لە پرۆگرامەكانی خوێندندا قوتابیان بتوانن كەسێك بناسن كە ناوی شكسپیرە، بۆ نموونە.
  
سالازار دروشمێكی سادە و ساكاری داناوە كە قسە لەسەركردن هەڵناگرێت. نە مشتومڕەكانی ماركس و نە تووڕەییەكانی لینین و نە فەلسەفەكانی سەرمایەداریی تێدا نییە. تەنیا و تەنیا ژیانێكی سادە و ساكاری ئاسایی بۆ ئەوەی ئەم جیهانە بە ئارامیی بژی و دوور بێت لە كلتوری بالیستی.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە