له‌ یادى ده‌ ساڵه‌ى بوێرترین بزووتنه‌وه‌ى ژنان-دا

بۆچوون / بیروڕا :: 02/05/2018

نووسینى: فریال حسێن
سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید 

ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كێ پێشبینیى ئه‌وه‌ى ده‌كرد كه‌ ژماره‌یه‌كى كه‌مى ژنانى ئۆكرانیا بزووتنه‌وه‌یه‌كى ژنان پێكبێنن و ببێته‌ یه‌كێك له‌ ئاماده‌ترین بزووتنه‌وه‌كانى ژنان و مشتومڕێكى هێنده‌ كاریگه‌ر بنێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك و له‌ هه‌موو كاتێكدا ده‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت؟

كێ ئه‌وه‌ى به‌ بیردا ده‌هات كه‌ له‌ كاتى دیداره‌كه‌ى پوتین و بێرلسكۆنى-دا، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بتوانێت به‌ره‌نگاریى رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان ببێته‌وه‌، یان له‌و رۆژى هه‌ڵبژاردنه‌دا كه‌ تره‌مپ-ى تێدا سه‌ركه‌وت، دیواربه‌ندى پۆلیسى نیویۆرك ببه‌زێنێت و بگاته‌ ناوه‌نده‌كانى ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، یان سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ بێده‌نگكردنى مارین لۆپن-ى سیاسه‌تمه‌دارى ره‌گه‌زپه‌رستى فره‌نسى-دا؟

ئه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ى فیمین (FEMEN)ه‌ كه‌ به‌وه‌ به‌ناوبانگه‌ له‌ش و جه‌سته‌ى ئه‌ندامه‌كانى به‌ دروشمگه‌لى ئیستیفزازى داده‌پۆشن و تاجه‌ گوڵینه‌ ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان. سه‌ره‌نجام له‌ بزاڤێكى بچووكى ئۆكرانیه‌وه‌ فراوان بوو، پاشان بووه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كى فره‌نسایى (دواى ئه‌وه‌ى ئینا شیڤچینكۆ-ى سرووشبه‌خشى بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵهات بۆ پاریس و مافى په‌نابه‌رێتیى سیاسیى وه‌رگرت). ئیتر ده‌یان هه‌زار ژنه‌ چالاكوانى له‌ هه‌موو لایه‌كى ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا و ئه‌مریكاوه‌ تێئاڵا، ته‌نانه‌ت له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بى و ئیسلامییه‌كانى وه‌ك تونس و میسر و توركیایش ژنانى هه‌ڵسووڕاو روویان تێكرد. 

له‌گه‌ڵ په‌رۆشى و ئاژاوه‌ و گیانى قۆشمه‌چێتى و ئیراده‌ى خۆیاندا، (فیمین) شێوازه‌كانى ناڕه‌زایى ده‌ربڕینى خۆیى پێشخست و په‌ره‌یپێدان بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ بوێرترین رێكخراوى چالاك له‌ جیهاندا. به‌شێكى ئه‌م ئازایه‌تیه‌یشیان بۆ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تیایاندا ژنه‌ چالاكوانه‌كان به‌ سنگى رووته‌وه‌ ده‌رده‌چن و به‌ جه‌سته‌ى خۆیان رووبه‌ڕووى سه‌رانى جیهان ده‌بنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ پۆلیسدا پێكداهه‌ڵده‌پژێن و تووشى لێدان و ده‌ستگیركردنى به‌رده‌وام ده‌بنه‌وه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌یاندا دژى ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌ سێكسى و سیاسى و ئایینیانه‌ى كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ قوربانیه‌كان ده‌كرێن.  

ئه‌و كاته‌ شیڤچینكۆ-ى كیژۆڵه‌ى جوانى ته‌مه‌ن 22 ساڵى ئۆكرانى، ئاوێته‌یه‌ك بوو له‌ تووڕه‌یى و شۆڕش و یاخیبوون، كه‌وتبووه‌ شه‌ڕه‌وه‌ له‌پێناو دواڕۆژى بزووتنه‌وه‌ى ژنان له‌ وڵاته‌كه‌یدا، توانیى خۆى له‌ ده‌ستى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئۆكرانیا ده‌رباز بكات كه‌ له‌نێوه‌ شه‌وێكدا چوونه‌ سه‌رى بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستگیرى بكه‌ن، چونكه‌ مۆنۆمێنتى خاچێكى له‌داردروستكراوى شكاندبوو وه‌ك ناڕه‌زایى ده‌ربڕینێكى له‌ به‌رامبه‌ر (چه‌وساندنه‌وه‌ى ئایینى له‌لایه‌ن كه‌نیسه‌وه‌).   

خۆ ئه‌گه‌ر هاوڕابوون له‌گه‌ڵ شێوازى ناڕه‌زاییه‌تیه‌كانى بزووتنه‌وه‌كه‌ و هه‌روه‌ها له‌ چۆنیه‌تیى ده‌بڕینى دژایه‌تیه‌كانی قورس و زه‌حمه‌ت بێت، یاخود ئه‌وه‌ قورس بێت به‌شێوه‌یه‌كى راست  لێیان تێیبگه‌ین و تێیانبڕوانرێت، به‌ڵام مه‌حاڵه‌ بتوانرێت نادیده‌ بگیرێن و پشتگوێ بخرێن، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ ساڵى 2008 وه‌ به‌ ئامانج و مه‌به‌ستێكى پاك و مه‌ردانه‌ دامه‌زراوه‌، ئه‌ویش دژایه‌تیكردنى بازرگانیى سێكس بووه‌ له‌ ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵاتى دواى هه‌ره‌سى جه‌مسه‌رى سۆسیالیستى، پاشان ورده‌ ورده‌ كه‌وته‌ به‌شداریكردن له‌ چه‌ندین پرسى په‌یوه‌ست به‌ مافه‌كانى ژن له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهاندا.  

دوا چالاكیى (فیمین) له‌ یادى ده‌ ساڵه‌یدا، مانگى رابردوو ئه‌نجامیدا كه‌ ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى بوو به‌رامبه‌ر بێڵ كۆسبى-ى ئه‌كته‌رى ره‌شپێستى ئه‌مریكى، له‌كاتى دووباره‌ دادگاییكردنه‌وه‌یدا به‌ تۆمه‌تى ده‌ستدرێژیى سێكسى بۆ سه‌ر كچێكى نه‌وه‌ى خۆى.

ئه‌وكاته‌ (فیمین) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیداى وتى "بێڵ كۆسبى، ئێمه‌ په‌یامێكمان بۆت هه‌یه‌ و پێت ده‌ڵێین: له‌به‌رامبه‌ر كه‌لـله‌ڕه‌قییه‌ تونده‌كه‌تدا بێده‌نگ نابین، مه‌حاڵه‌ هه‌موو قوربانییه‌كان درۆ بكه‌ن و تۆ راست بكه‌یت". له‌كۆتایى به‌یاننامه‌كه‌یشدا ده‌نووسن "نه‌مان و له‌ناوچوون بۆ سیستمێكى دادوه‌رى كه‌ هه‌وڵ بۆ ده‌ستكه‌وتنى پاره‌ ده‌دات له‌ پیاوێكى به‌ناوبانگى ده‌وڵه‌مه‌ند".  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure