ماڵئاوا دانا جه‌لال.. ماڵئاوا رۆڵه‌ى ئه‌ڵوه‌ند

بۆچوون / بیروڕا :: 01/05/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید 
كه‌ ئه‌م دێڕانه‌ ده‌نووسم ته‌نیا یه‌ك خۆزگه‌ ده‌خوازم ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ دانا خۆى بێت و هه‌واڵى كۆچى دوایى به‌درۆبخاته‌وه‌. دانا-ى عاشقى شۆڕش و مرۆڤ. دانا-ى یاخى له‌ زۆردارى و سته‌م. دانا-ى گه‌ڕاو له‌نێو پاشماوه‌ى مه‌رگدا، كه‌ فاشیه‌ت هه‌موو شتێكى وێران كرد، به‌دواى ژیانێكى باشتر بۆ خه‌ڵك و نیشتمان. دانا-ى شۆڕشگێڕ كه‌ ئازاره‌كانى خه‌ڵكى له‌سه‌ر داس هه‌ڵده‌كۆڵى و چاوه‌ڕێى باسك و بازووه‌كان بوو بۆ ئه‌وه‌ى كه‌لـله‌سه‌رى جه‌لاده‌كان و خائینه‌كان و نیشتمانفرۆشه‌كان بپه‌ڕێنێت. دانا-ى خه‌ونى جوان له‌ واقیعێكى ناشیریندا.


له‌ رێى ئازادیدا به‌ره‌و كامه‌رانیى مرۆڤ و پچڕاندنى كۆتوبه‌ند و ته‌وق-ه‌كانى، تێكۆشه‌ران رێده‌كه‌ن و مۆمیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ رووناككردنه‌وه‌ى رێگاى به‌رده‌م ملیۆنه‌ها كه‌سانى شه‌كه‌ت و ماندوو و برسى و ئه‌وانه‌ى به‌ دواى كامه‌رانیدا وێڵن، به‌ڵام دانا به‌مه‌یش رازیى نه‌بوو و هه‌رده‌بوو خۆى مۆم-ه‌كه‌ بێت، بۆیه‌ له‌و ڕێبازه‌دا توایه‌وه‌ و رێبازه‌كه‌یش له‌ودا توایه‌وه‌. 


دانا، نه‌مده‌زانى كه‌ دڵه‌كه‌ت لاوازه‌ و واز له‌ خۆت و له‌ ئێمه‌یش ده‌هێنێت له‌ كاتێكدا كه‌ منداڵانى (رۆژئاڤا) چاوه‌ڕێى زۆرت لێده‌كه‌ن. نه‌مده‌زانى ئه‌و دڵه‌ت كه‌ سه‌رلێژ بوو له‌ خۆشه‌ویستى بۆ خه‌ڵك و رق له‌ زۆردار و سته‌مكاران، به‌ ناچاریى ئه‌و گۆڕه‌پانى خه‌بات و تێكۆشانه‌ جێدێڵێت كه‌ وه‌ك تێكۆشه‌رێك خه‌باتت تێدا ده‌كرد و سازش و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانت نه‌ده‌زانى. ئایا ئه‌و خاچه‌ى كه‌ به‌ شانته‌وه‌ هه‌ڵتگرتووه‌، دڵى ماندوو كردوویت، ئه‌ودڵه‌ت كه‌ له‌ دڵى منداڵێك ده‌چێت له‌ناو داروپه‌ردووى هه‌ڵه‌بجه‌ و عه‌فرین-دا بۆ دایك و باوكى بگه‌ڕێت؟ ئایا دڵت منداڵێك ماندووى كردووه‌ كه‌ له‌ ئامێزت گرتووه‌ و بۆنى خه‌رده‌ل و سیانیدى لێدێت؟ ئایا دڵه‌كه‌ت پیره‌مێردێك ماندووى كردووه‌ كه‌ به‌هۆى ره‌شه‌با و ماندوو بوونه‌وه‌ له‌نێو چیاكاندا رێگه‌ى لێتێكچووه‌ و هه‌ڵدێراوه‌ بۆ دۆڵه‌كان؟ ده‌پرسم و ده‌پرسم و چاوه‌ڕێى وه‌ڵامدانه‌وه‌ت لێده‌كه‌م، بیكه‌ به‌خاترى ئاسمان له‌گه‌ڵمدا رژد مه‌به‌ و وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌.


 ئه‌مڕۆ ده‌بینم رووبارى ئه‌ڵوه‌ند خه‌م ده‌ڕێژێته‌ ئاوه‌كه‌یه‌وه‌ و به‌ فرمێسكه‌كانى خۆى ئاوه‌كه‌ى ده‌شواته‌وه‌. ئه‌مڕۆ ده‌بینم كۆڵانه‌كانى خانه‌قین ئه‌و منداڵه‌یان بیردێته‌وه‌ كه‌ به‌گه‌وره‌یى پیاوێك لێوه‌ى ده‌ڕوات و له‌گه‌ڵ خۆیدا خه‌ونه‌ مه‌زنه‌كانى به‌ره‌و رووناكى و رۆشنایى هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌مڕۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانى به‌غدا كارى نهێنیى ئه‌ویان بیرده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌مڕۆ چیاكانى كوردستان و گونده‌كانى، تۆ له‌ده‌ستده‌ده‌ن و لێیان ون ده‌بیت. ئه‌م كۆچه‌ زووه‌ت بۆ؟ كه‌ ناپاكانى دۆز و مه‌سه‌له‌كه‌ت دڵخۆش ده‌كات. بۆچى له‌م كاته‌دا ده‌ڕۆیت كه‌ هێشتا له‌ نیوه‌ى رێگه‌كه‌داین؟


له‌ نووسینێكتدا بڵاوتكردووه‌ته‌وه‌ و وه‌ك پیشه‌ى خۆت چاوێرێكى به‌ ئاگاى پرسى خه‌ڵك و نیشتمانیت، وتووته‌ ده‌نگ به‌ حزبى شیوعى عێراق ده‌ده‌یت، به‌ڵام وێنه‌ى هاوڕێیان بڵاوناكه‌یته‌وه‌ هه‌تا ئه‌وكاته‌ى به‌ڵێن نه‌ده‌ن كه‌ مووچه‌كه‌یان له‌ په‌رله‌مان نابێت له‌ دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت... ئه‌م ئاواته‌ى تۆ ده‌گه‌یه‌نمه‌ هاوڕێكانت و وه‌ك خۆت چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌ى شیوعییه‌ مه‌رد و پۆڵا و پته‌وه‌كه‌. چه‌ند جوانیت كه‌ خه‌ون به‌ نیشتمانێكى بێ چه‌وساندنه‌وه‌ و بێ جه‌ور و بێ زۆردارییه‌وه‌ ده‌بینیت. چه‌ند جوانیت كه‌ تۆ ئه‌م هه‌موو رقه‌ پیرۆزه‌ت هه‌ڵگرتووه‌ به‌رامبه‌ر ملهوڕ و چه‌وسێنه‌ران. 


ئه‌گه‌ر دانا هه‌ر به‌ڕاست مردووه‌، به‌ ئاوى ئه‌ڵوه‌ند بیشۆن و به‌ گه‌ڵاى دارگوێز و داربه‌ڕووى كورد كفنى بكه‌ن و له‌ رۆژئاڤا نوێژى له‌سه‌ر بكه‌ن و له‌ به‌غدا پرسه‌ى بۆ بگێڕن و له‌ خانه‌قین بینێژن.


ماڵئاوا دانا.. ماڵئاوا ئه‌ى پیاوه‌ بێگه‌رده‌كه‌.. ماڵئاوا ئه‌ى جوامێره‌كه‌.. ماڵئاوا ئه‌ى به‌جه‌رگه‌كه‌.. ماڵئاوا ئه‌ى شیوعیه‌ ره‌سه‌ن و خانه‌دانه‌كه‌.  


سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure