سووده‌كانى گه‌نده‌ڵى!

بۆچوون / بیروڕا :: 26/04/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌ڕێز  وه‌زیرى ته‌ندروستى به‌ ئه‌سڵى، و پیشه‌سازى، كستوكاڵ، گواستنه‌وه‌ى ئاویى، وه‌رزش و لاوان، ناوخۆ به‌ وه‌كاله‌ت، به‌ ئاماده‌بوونى هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى و راوێژكاره‌ به‌ڕێزه‌كانى، به‌ ئه‌بو ته‌یبه‌-ى راوێژكاریشیه‌وه‌، گرێبه‌ستێكى واژۆكرد له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ كۆمپانیا بیانیه‌كانى تایبه‌ت به‌ هاورده‌كردنى پێداویستیى پزیشكى و ڤێتێرنه‌رى و ئالیك و ئامێرى دۆزینه‌وه‌ى ته‌قه‌مه‌نى و كه‌لوپه‌لى وه‌رزشى و ئامێرى ئاودێریى به‌ دڵۆپه‌ (دڵۆپاندن) و كه‌ره‌سه‌ى دروستكردنى كه‌شتى و كه‌لوپه‌لى كارگه‌ى رستن و چنین و به‌رهه‌مهێنانى خواردنه‌وه‌ شیرینه‌كان. 


  كاتێك ئه‌بو ته‌یبه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ نووسینگه‌كه‌ى خۆى، خانمه‌ سكرتێره‌ جوانه‌ قژزه‌رده‌كه‌ى-قژى له‌ بنه‌ڕه‌تدا ره‌شه‌ به‌ڵام بۆیه‌ى ده‌كات و ئه‌م بابه‌ته‌یش هیچ په‌یوه‌ندیى به‌ بیرۆكه‌ى وتاره‌كه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام كاتێك كیژۆڵه‌یه‌كى جوان ده‌بینم خۆیشمم له‌بیرده‌چێته‌وه‌، ده‌ى به‌هه‌رحاڵ- با بابه‌ته‌كه‌ ته‌واو بكه‌ین، به‌ جه‌نابى راوێژكارى وت: له‌لایه‌ن نووسینگه‌ى به‌ڕێز وه‌زیره‌وه‌ 150 هه‌زار دۆلار خراوه‌ته‌ سه‌ر حساباته‌كه‌ت و هه‌ركاتێك بته‌وێت ده‌توانیت له‌ یه‌كێك له‌ بانقه‌كانى پایته‌خت وه‌ریبگریت.

ئه‌بو ته‌یبه‌ بزه‌یه‌ك گرتى، به‌ڵام مه‌زاجى په‌شۆكا چونكه‌ نزیكترین بانق لێیه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێل 10 خوله‌ك دووره‌، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر شه‌قامه‌كه‌ قه‌ره‌باڵغ نه‌بێت! بۆیه‌ په‌یوه‌ندیى كرد به‌ چالاك و هه‌ڵسووڕاوترین شۆفێریه‌وه‌ كه‌ لاى خۆى ئیش ده‌كات، پێیووت بڕۆ بۆ فڵان بانق و 150 هه‌زار دۆلار وه‌ربگره‌، خۆیشم وه‌ك خه‌ڵات 500 دۆلارت ده‌ده‌مێ، بڕۆ 20 هه‌زار دۆلارم بۆ بگه‌یه‌نه‌ ده‌ستى ئوم عه‌مورى ژنى یه‌كه‌مم و بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئوم عه‌لاوى ژنى دووه‌مم و ئوم جیهان ژنى سێیه‌مم هه‌ر یه‌كه‌یان و 15 هه‌زار دۆلاریان بده‌رێ، باقى پاره‌كه‌یش، كه‌ ده‌كاته‌ 100 هه‌زار دۆلار هه‌مووى بده‌ ده‌ستى ژنه‌ بچكۆله‌كه‌م له‌ شوقه‌كه‌ى خۆى له‌و ناوچه‌یه‌ى كه‌ خۆت ده‌زانیت. 

كابراى شۆفێر به‌ خۆشیى خه‌ڵاتى 500 دۆلاره‌كه‌وه‌ بۆى ده‌رچوو، چونكه‌ ده‌یویست  ته‌له‌فزیۆنێكى پلازما به‌ 450 دۆلار بكڕێت. جارێ نانێكى باشى به‌ 30 دۆلار له‌ چێشتخانه‌یه‌كى خۆشدا خوارد و ئینجا پاكه‌تێك جگه‌ره‌ى به‌ دوو دۆلار كڕى و چه‌پكێك گوڵیشى به‌ سێ دۆلار كڕى بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنه‌ پلازماكه‌دا وه‌ك دیاریى پێشكه‌ش به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى بكات-واتا ئه‌مه‌یان ئه‌ركێكى رۆمانسیانه‌یه‌-. چى مایه‌وه‌؟ 15 دۆلار. له‌وكاته‌دا كه‌ به‌ره‌و لاى ئۆتۆمبێلكه‌ى ده‌چوو-بێگومان ئۆتۆبێلى حكومه‌ت بووه‌- پیاوێكى سواڵكه‌رى بینى له‌گه‌ڵ دوو منداڵى بچكۆله‌ى چلشڕدا. هه‌ر 15 دۆلاره‌كه‌ى دایه‌ و پێیووت (ئه‌مه‌ دیاریى حكومه‌ته‌).. كابراى سواڵكه‌ر هێنده‌ى پێخۆش بوو كه‌ باوه‌ڕناكرێت، چوو لاى نزیكترین دووكان مریشكێكى به‌ستوو و هه‌ندێك میوه‌ و چه‌ره‌زات و شیرینى و نه‌سته‌له‌ى كڕى و ئینجا له‌ دووكانێكى مه‌یفرۆشى چاره‌كێك عه‌ره‌ق و هه‌ندێك جاجیك و پاقله‌ى سووره‌وه‌كراو و له‌بله‌بیى كڕى و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا رۆیشته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.
  
ژنه‌كه‌ى كه‌ بینیى پیاوه‌كه‌ى به‌و هه‌موو خواردنه‌وه‌ هاته‌وه‌، به‌وپه‌ڕى خۆشحاڵیه‌وه‌ پێشوازیى لێكرد. خێزانه‌كه‌ پێكه‌وه‌ شێوێكى به‌تام-یان خوارد، ئینجا منداڵه‌كان هه‌ندێك میوه‌ و شیرینییان خوارد و چوون نووستن. ژنه‌كه‌یش چوو پاك خۆى شۆرد و بزه‌ و زه‌رده‌خه‌نه‌یش له‌ رووى ده‌بارى. زه‌رده‌خه‌نه‌كه‌ى زیاتر بوو كاتێك بینیى پیاوه‌كه‌ى چاره‌كه‌ عه‌ره‌قه‌كه‌ و مه‌زه‌كه‌ى داناوه‌ و دانیشتووه‌ بخواته‌وه‌، وه‌ك كه‌ڵه‌شێر به‌ فیزه‌وه‌ په‌ڕوباڵى خۆى گیڤ ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو خواردن و میوه‌ و شیرینیه‌ى كه‌ هێناویه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. 

ژن و مێر شه‌وێكى خۆشى رۆمانسیانه‌یان به‌سه‌ر برد. بۆ به‌یانى خێزانه‌كه‌ له‌ چوارده‌ورى مێزى نانخواردن كۆبوونه‌وه‌ و پێش ئه‌وه‌ى ده‌ستبكه‌ن به‌ خواردنى ئه‌و به‌شه‌ى كه‌ له‌ مریشكه‌كه‌ مابووه‌وه‌ و ژنه‌كه‌ كردبووى به‌ تێگوشه‌/تشریب، كابراى سواڵكه‌ر ده‌سته‌كانى بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕى و وتى: "خوایه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌مان بۆ بپارێزیت و نیعمه‌تى له‌سه‌رمان به‌رده‌وام بێت". ئه‌مه‌ى باوكه‌ وتى هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ى سێ جار له‌سه‌ر یه‌ك و له‌ دواى باوكیانه‌وه‌ وتیانه‌وه‌!!!
 سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure