ئایا عێراقیه‌كان بۆ جارى سێیه‌م جیهان سه‌رسام ده‌كه‌نه‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 24/04/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

بۆ ده‌یه‌مین ساڵ به‌دواى یه‌كدا، یونسكۆ شارى به‌غدا-ى پایته‌ختى ره‌شید-ى وه‌ك خراپترین شار بۆ ژیان و گوزه‌ران تێداكردن له‌ هه‌موو جیهاندا هه‌ڵبژارد، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یش ئه‌گه‌ر شتێك ئاشكرا بكات ئه‌وا زۆر به‌سانایى شكستى چینى ده‌سه‌ڵاتداره‌ كه‌ داگیركاریى ئه‌مریكا له‌ ساڵى 2003 وه‌ هێناویه‌تى بۆ عێراق، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ زۆرینه‌یان بریتین له‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌ پشتگیریكراوه‌كان له‌لایه‌ن ئێران و ده‌وڵه‌تانى دراوسێوه‌.
 
ده‌ ساڵ كه‌ خولى دووه‌مى نورى مالیكى-یشى تێدایه‌ و تێیدا داعش سێیه‌كى رووبه‌رى عێراقى داگیركرد و سوپاى  عێراق به‌زى و چه‌ندین تاوانى ترسناكى تێدا ئه‌نجامدرا، وه‌ك تاوانى سپایكه‌ر كه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار سه‌ربازى عێراقیى تێدا به‌خۆڕایى بوونه‌ قوربانى. له‌ نیوه‌ى دووه‌مى ئه‌و ده‌ ساڵه‌دا حه‌یده‌ر عه‌بادى وه‌ك ئه‌ڵته‌ناتیڤى مالیكى هات و خۆى خه‌ریككرد به‌ جه‌نگى دژى داعشه‌وه‌ و به‌ڵێنى دا به‌ وه‌ستانه‌وه‌ى له‌ڕووى گه‌نده‌ڵیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى نامۆ و مایه‌ى سه‌رنجه‌ ئه‌و لیسته‌ى كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشكه‌شى كردووه‌، هه‌ندێكى له‌ گه‌نده‌ڵترین كاربه‌ده‌سته‌كانى تێدایه‌. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م سه‌رسامییه‌كانه‌ به‌ڵام نابێته‌ جێى سه‌رسوڕمانى گه‌لى عێراق و پێى سه‌رسام نابن. 

سه‌رسامیى دووه‌م، هاوپه‌یمانێتیى حزبى شیوعى عێراقه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز موقته‌دا سه‌در. ئه‌مه‌یش به‌لاى گه‌لى عێراقه‌وه‌ جێى سه‌رسوڕمان و شتێكى كتوپڕ نه‌بوو، بێجگه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك روناكبیرى چه‌پڕه‌و نه‌بێت كه‌ به‌لایانه‌وه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ لادانه‌ له‌ بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانى حزبى شیوعى و گومانى خۆیشیان ده‌ربڕى له‌ سه‌ركه‌وتوویى هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆى جیاوازیى بیروباوه‌ڕ و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیى نێوان دوو هاوپه‌یمانه‌كه‌. 

سه‌رسامیى سێیه‌م كه‌ ناكرێت بێده‌نگیى لێ بكرێت، پاڵاوتنى ژماره‌یه‌كى زۆرى سه‌رانى داعش-ه‌ بۆهه‌ڵبژاردنه‌كه‌، ئه‌مه‌یش دواى ده‌رچوونى بڕیارى لێبووردنى گشتى و ئاشته‌وایى نیشتمانى. زۆربه‌ى ئه‌وانه‌یش به‌شدار بوون له‌ ئیعدامكردنى ژماره‌یه‌كى زۆرى سه‌ربازه‌كانى عێراق كه‌ به‌ دیلى ده‌كه‌وتنه‌ ده‌ستى داعشه‌وه‌. ته‌نانه‌ت وێنه‌ و ڤیدیۆیشیان له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كانى ده‌زگاكانى راگه‌یاندنى بینراو و بیستراو و نووسراودا هه‌یه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. به‌شێك له‌وانه‌ له‌ زیندانه‌كانى عێراقدا بوون، به‌ڵام به‌ یاساى لێبووردنه‌ گشتیه‌كه‌ ئازادكران و ئێستا شه‌قامه‌كان و گۆڕه‌پانه‌ گشتیه‌كان پڕن له‌ وێنه‌ى ئه‌وان.

لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ى وێنه‌ سریالیه‌كه‌ى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌واوببێت، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌نگیدا له‌سه‌ر یاساى عه‌شائیر/خێله‌كى كه‌ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ یاساى تاوانى مه‌ده‌نى تا ئه‌و راده‌یه‌ى كه‌ تێیدا خێڵ ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تى سایه‌/سێبه‌ر و یاساى خۆى و دادگاى خۆى و پۆلیسى تایبه‌تى به‌ خۆیى ده‌بێت. 

گاڵته‌ و سووكایه‌تیكردن به‌ عه‌قڵى عێراقیه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئاستێكى یه‌كجار زۆر كاتێك خه‌ڵكانێكى بێزراو و نه‌ویستراو له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، له‌ژێر په‌رده‌ى مه‌ده‌نیه‌ت و گۆڕان، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان پاڵێوران. 

دواى تێپه‌ڕبوونى پازده‌ ساڵ له‌ وێرانه‌یى و پێشێلكردنى سه‌روه‌رى و نه‌بوونى گیانى نیشتیمانى و لێكترازانى ناسنامه‌ و نه‌مانى ئاساییش و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى تاوان و نقومبوونى شاره‌كان له‌ پۆخڵه‌وات و قێزه‌ونى، هه‌قوایه‌ گه‌لى عێراق سه‌ركرده‌كانى بناسێت، به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ى لێره‌دا به‌ تۆپزى خۆى ده‌سه‌پێنێت: بۆچى ئه‌م گه‌له‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ هه‌ڵده‌بژێرن و سووریش ده‌زانن گه‌نده‌ڵ و دز و پیاوكوژن؟ له‌ترسایه‌، به‌ڵێ له‌ ترسى به‌رپابوونى جه‌نگى ئه‌هلى و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كانه‌، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى كه‌ هه‌موو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كارگه‌ى مینڕێژكردنیانیان له‌ هه‌موو شارێكى عێراقدا هه‌یه‌.

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا عێراقیه‌كان زۆر په‌ند و نموونه‌ى میلـلى دێننه‌وه‌ و وه‌ك گوزارشتكردنێك له‌ قۆناغه‌كه‌ به‌كاریاندێنن. هه‌ندێكیان ره‌خنه‌ و هه‌ندێكیان پاساو-ن، ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى مه‌یل و ئاره‌زووى كه‌سه‌كه‌. ره‌خنه‌گره‌كه‌ ئه‌و په‌نده‌ به‌كاردێنێت كه‌ ده‌ڵێت "خه‌ڵكى له‌سه‌ر دینى پاشاكانیانن"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گه‌نده‌ڵیى كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كانى وه‌ك خۆى هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌مه‌یش له‌ پێناو مشته‌ دۆلارێكدا كه‌ له‌ داهاتوودا دوو هێنده‌ى ئه‌وه‌ى وه‌ریده‌گرێت باجى لێده‌سێنرێت، دواى ئه‌وه‌یش هه‌موو شتێك وه‌ك خۆى لێدێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌سى دووه‌م كه‌ بڕوبیانوو بۆ ره‌فتاره‌ گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ى دێنێته‌وه‌، ئه‌و په‌نده‌ به‌كاردێنێت كه‌ ده‌ڵێت "موویه‌ك له‌ پێستى به‌راز"، ئه‌مه‌یشى بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌خه‌ڵك بڵێت هیچى ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ بێجگه‌ له‌ ورده‌ پاره‌یه‌ك و پاشماوه‌ى خۆراك. 

ده‌نگده‌رى عێراقى كه‌ له‌ هه‌موو شتێك ده‌ترسێت، نازانێت له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگه‌كه‌یدا بیستوپێنج هه‌زار دینار (بیست دۆلارى ئه‌مریكى)ى ده‌ستده‌كه‌وێت، كه‌چى مانگانه‌ سێ هێنده‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ته‌نیا به‌ كابراى خاوه‌ن موه‌لیده‌ ده‌دات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى كاره‌باى هه‌بێت، ئه‌و كاره‌بایه‌ى كه‌ هه‌تا ئه‌مانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن چاك نابێت، كه‌چى ئه‌م به‌ هه‌موو شتێك رازییه‌ چونكه‌ نه‌وه‌ تازه‌كان فێر و په‌روه‌رده‌ى برسێتى و ریسوایى و سه‌رشۆڕى و چه‌پڵه‌كوتانن بۆ هه‌رچیه‌ك كه‌ دێت و ده‌ڕوات. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure