"كوردی دەسخەڕۆ"

بۆچوون / بیروڕا :: 23/04/2018

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

یەكێكی تر لە كتێبە سیاسیەكانی فوئاد مەتەر. ئەم هاوڕێ‌ مەزنە هیچ مەسەلەیەكی عەرەبیی نەهێشتووەتەوە كە بە شێوەی توێژینەوە و بابەتیانە تۆماری نەكردبێت. لە لوبنان-ەوە بۆ سودان و بۆ فەلەستین و بۆ لیبیا و بۆ سعودیە و بۆ عێراق. ئێستایش بۆ (كوردی دەستخەڕۆ)، یان كوردی دڵتەنگ یان كوردی نائومێد یان كوردی بەدبەخت. ئیتر بەلای خۆتەوە كامیان گونجاوە ئەوەیان هەڵبژێرە.
  
(كوردی دەستخەڕۆ) بریتیە لە بەسەرهاتی تازەترین مەرگەسات و نەهامەتیەكانی كورد، (خانەی عەرەبی بۆ زانستەكان-بڵاوكاران) چاپی كردووە. لەو ریفراندۆمەوە دەست پێدەكات كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگەوازی بۆ كرد، هەتا ئەو رووداو و لێكەوتانەی بەدوای ریفراندۆمەكەدا هات لە عێراقەوە بۆ توركیا و تا سوریا-یش.

ئەوەی لەم گێڕانەوە مێژووییەدا زیاتر سەرنج رادەكێشێت، پەیوەندیی نزیكایەتیی نێوان عەرەب و كوردە لەسەر یەك جوگرافیا و لە یەك مێژوویشدا. خوێنی كورد-ی لە جەستەی كەسانێكدا هەبووە كە مەشخەڵ بوون، تەنانەت لەپێش سەلاحەدین-یشەوە. بەڵام فوئاد مەتەر، دەستپێكە هاوچەرخەكە لەگەڵ محەمەد عەلی دامەزرێنەری میسر-ی نوێ‌ هەڵدەبژێرێت. رابوون-ەكەیش پەیوەستە بە دوو ناوەوە كە كورد بوون، ئەوانیش شێخ محەمەد عەبدە و قاسم ئەمین-ن. دەیشزانین یەكێك لە قورئانخوێنە بەڕێزەكان كە شێخ عەبدولباست عەبدولسەمەد-ە لە لیستی گەورەكاندایە. هەروەها محەمەد حەسەنێن هەیكەل و عەباس مەحمود عوقاد و مەحمود تەیمور و نەجیب رێحانی. نایشزانم بۆچی ئەوەی بەسەردا تێپەڕیوە كە رەنگی كورد-ی لە خوێنی ئەحمەد شەوقی-یشدا هەبووە كە بووە میری شاعیرانی عەرەب و ئاوێتەیەكە لە رەگوڕیشەی تری ئیسلامی.

فوئاد مەتەر ئەوەیش بیردێنێتەوە كە خودی خۆی لە سەدام حسێن و هەروەها لە بەرزان تكریتی-ی برایشی بیستووە دەربارەی مەسەلەی كورد، كە گوایە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی كێشەكە دەدات. بەڵام هەموومان دەزانین كە رژێمی عێراق، هەر لە گەیشتنی بەعس بە دەسەڵات لە ساڵی 1963 وە، هەنگاوی دووری نا بۆ لێدانی كورد و بەهۆی ئەو توندوتیژییە تۆقێنەرە درێژخایەنەوە بەغدا هەستی جیاخوازیی لە شاخەكانی باكوردا داكوتی لەبری ئەوەی ئارام و هێمنی بكاتەوە. 

ئەمە سروشت-ی شتەكانە و ئەمە سروشتی دۆزی كوردە. تەنیا پرسێكی عێراقی نییە و هەروەها تەنیا عەرەبییش نییە، بەڵكو پرسێكی ئێرانی و بەتایبەتی توركییشە. كاتێك كورد بە دوای ناسنامەی خودی خۆیدا دەگەڕێت دیوارگەلی بەرز و شیو و دۆڵی قووڵی دێتە بەردەم. ئەو هێزانەیش كە هاوپەیمانێتییان بۆ دەخەنەڕوو، هەر لە یەكێتی سۆڤیەتەوە هەتا ویلایەتە یەكگرتووەكان، هەمیشە بە نهێنی ئەو كارە دەكەن.

بۆ ساڵانێك هەرێمی كوردستان وەك ئەوە وابوو كە لەبەردەم دەروازەی سەربەخۆییدا بێت، لە بوارەكانی ئابوری و داراییدا بەشێوەیەك رەفتاری دەكرد وەك ئەوەی هەر بەڕاست سەربەخۆبێت. ئاستێكی وای پەرەسەندن و پێشكەوتن و وەبەرهێنانی هەبوو كە لە هیچ قۆناغێكی مێژوویدا بەخۆیەوە نەیدیبوو. بەڵام خەونی سەربەخۆیی تەواو، هەڵەیەكی گەورە بوو بۆ خوێندنەوەی چارەنووس و ئامانجی هەرێمەكان و دەوڵەتەكان و جیاوازیەكانی نێوانیان. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure