چى ده‌بوو ئه‌گه‌ر سه‌دام بمایه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 21/04/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌ به‌راوردى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2003 وه‌ تا ئێستا روویداوه‌ له‌گه‌ڵ پێش ئه‌و ماوه‌یه‌، ئایا عێراق و له‌گه‌ڵیشیدا ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهانیش، له‌ پازده‌ ساڵى رابردوودا له‌ دۆخێكى باشتر له‌ ئێستادا ده‌بوون ئه‌گه‌ر سه‌دام حسێن و رژێمه‌كه‌ى له‌ناونه‌برانایه‌؟

هه‌ندێك گومانى ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام گومان له‌گه‌ڵ لۆژیك و واقیعدا نایه‌ته‌وه‌... با بۆ نموونه‌ ته‌ماشایه‌كى سوریا بكه‌ین، ئایا دۆخى ئێستاى باشتره‌ یان ئه‌گه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د به‌ ده‌نگ داواكاریى گه‌له‌كه‌یه‌وه‌ بچوایه‌ و بڕۆیشتایه‌، یاخود لانیكه‌م چاكسازییه‌كى سیاسیى له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا بكردایه‌؟

به‌ درێژایى چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كى پێش 2003، سه‌دام ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌كى له‌ عێراق (1979) به‌ قه‌سابخانه‌یه‌كى ترسناك ده‌ستپێكرد كه‌ ده‌یان كه‌س له‌ هاوڕێكانى خۆیى له‌ سه‌ركردایه‌تى حزبى به‌عس-دا گرته‌وه‌، له‌وانه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى حزبیدا ده‌نگیاندا له‌ دژى به‌زۆر خانه‌نشینكردنى ئه‌حمه‌د ئه‌لبه‌كر-ى سه‌رۆكى پێشوو و جێگرتنه‌وه‌ى به‌ سه‌دام حسێن-ى جێگرى. ئینجا درێژه‌ى دا به‌ جه‌نگێكى ناوخۆ له‌ دژى حزبى شیوعى كه‌ هاوبه‌شێكى بچووكى ده‌سه‌ڵات بوو، هه‌روه‌ها باقى هێزه‌ نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى تریش.

 هیچى قبووڵ نه‌بوو ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ هه‌موو عێراقیه‌كان به‌عسى بن و لایه‌نگرى خودى خۆى بن، ئه‌گه‌رنا چاره‌نووسێكى ره‌شیان له‌پێش بوو، هه‌ر له‌ زیندانى و ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه‌ هه‌تا مه‌رگ و كوشتن. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جه‌نگى دژى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى كورد به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوو دواى ئه‌وه‌ى سه‌دام، پێش پێنج ساڵ، رێككه‌وتننامه‌ى ئاشتى و له‌گه‌ڵیشیدا ئۆتۆنۆمیى گۆڕى و كوده‌تاى به‌سه‌ردا كرد، پاشان له‌گه‌ڵ شاى ئێران رێككه‌وتننامه‌یه‌كى به‌ست كه‌ جێى شه‌رمه‌زاریى بوو بۆ سه‌روه‌ریى عێراق و سه‌ربه‌خۆییه‌ نیشتمانیه‌كه‌ى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران یارمه‌تیى بدات بۆ له‌ناوبردنى شۆڕشى كورد.

له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ ساڵێكدا، سه‌دام ده‌ستیكرد به‌ ئاماده‌كردنى شانۆى جه‌نگى دژى ئێران و له‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا شه‌ڕه‌كه‌ى هه‌ڵگیرسان (1980) كه‌ هه‌شت ساڵى خایاند و چۆڕاوگه‌ى به‌ توانا دارایى و ئابووریه‌كانى عێراق هێنا، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ توانا سه‌ربازییه‌كانى. دواى كۆتاییهاتنیشى به‌بێ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانى، سه‌دام كه‌وته‌ سووكایه‌تى و گێچه‌ڵ به‌ ده‌وڵه‌تانى كه‌نداو كه‌ له‌ ساڵانى جه‌نگه‌كه‌دا خه‌زێنه‌كانى خۆیانیان بۆ خستبووه‌ سه‌رپشت. كاتێكیش ملكه‌چییان بۆ سووكایه‌تیه‌كانى ره‌تكرده‌وه‌، سه‌دام جه‌نگێكى تازه‌ى به‌رپاكرد و كوه‌یت-ى داكیركرد و لكاندى به‌ عێراقه‌وه‌ (1990). ئینجا به‌ سه‌ركێشى و خۆبه‌زلزانینى رازى نه‌بوو لێى بكشێته‌وه‌ هه‌تا جه‌نگێكى تر هه‌ڵگیرسا و ئه‌وه‌ى له‌ عێراقدا مابوو، به‌ ته‌ڕ و وشكه‌وه‌، سووتاندى. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا دانینه‌نا به‌ دۆڕاندنى جه‌نگى كوه‌یت-دا و وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێران گۆرانیى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌وت. 

له‌و ماوانه‌دا سه‌دام سێ قه‌سابخانه‌ى گه‌وره‌ى به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌ى ئه‌نجامدا، هێرشى غازى ژه‌هراوى بۆسه‌ر شارى هه‌ڵه‌بجه‌ى كورد و پرۆسه‌ى ئه‌نفال دژى كورد (1988) و پرۆسه‌كانى كوشتن و زینده‌به‌چاڵكردنى هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتوانى پارێزگاكانى باشور و ناوه‌ڕاست كه‌ به‌هۆى دۆڕاندنى جه‌نگى كوه‌یت-ه‌وه‌ راپه‌ڕین (1991) و شاردنه‌وه‌یان له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا. له‌و پرۆسانه‌دا گه‌لى عێراق سه‌دان هه‌زار له‌ رۆڵه‌كانى له‌ده‌ستدا و چووه‌نه‌ پاڵ نزیكه‌ى نیو ملیۆن قوربانییه‌كانى هه‌ردوو جه‌نگى دژى ئێران و كوه‌یت.

دواى ئه‌و رووداوه‌ بوومه‌له‌رزه‌ئاساییانه‌یش، سه‌دام هه‌ر نه‌یویست به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و رێگه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ سیاسه‌ته‌ ناوخۆ و ده‌ره‌كیه‌كانى بگرێته‌به‌ر، به‌ڵكو زیاتر ده‌سه‌ڵاته‌كانى خسته‌وه‌ ده‌ستى خۆى و ئاستى سه‌ركوتكردن و سته‌مكاریى زیاتر كرد. گوێ و بایه‌خى نه‌دا به‌ بار و گوزه‌ران و ژیانى عێراقیه‌كان كه‌ ته‌نانه‌ت ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ى ماڵه‌كانیشیان فرۆشت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزمترین ئاستى ژیان و به‌ كه‌مترین مه‌رجه‌كانى پێویست بۆ ژیانى مرۆڤ بمێننه‌وه‌ و نه‌مرن، ئه‌مه‌یش له‌سایه‌ى ئه‌و گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تیه‌دا كه‌ وه‌ك سزادانێكى به‌كۆمه‌ڵى گه‌لى عێراق وابوو و سه‌دام-ى نه‌ده‌گرته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ دروستكردنى كۆشكه‌ نایاب و رازاوه‌كانى و ژیانێكى ئه‌وپه‌ڕى خۆشگوزه‌رانى به‌ هه‌موو پێوه‌رێك. 

سه‌دام ده‌یتوانى دواى كۆتایى جه‌نگه‌كه‌ى له‌ دژى ئێران، واز له‌ ده‌سه‌ڵات بێنێت و بوار بدات به‌ كه‌سێكى تر تا سه‌ركردایه‌تى ده‌وڵه‌ت بكات، به‌ڵام نه‌یكرد. دواى دۆڕاندنه‌كه‌ى جه‌نگى كوه‌یت-یش هه‌ر ده‌یتوانى وا بكات، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ نه‌یكرد.

ئه‌گه‌ر هه‌ر وازیشى نه‌ده‌هێنا، ده‌یتوانى له‌ هه‌ردوو جاره‌كه‌دا سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌هاكانى خۆى دابنێت و به‌ رووى هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كاندا بكرێته‌وه‌ و رێككه‌وتننامه‌ى ئۆتۆنۆمى له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى كورد زیندوو بكاته‌وه‌، كه‌چى به‌لاى هیچكام له‌م بژاردانه‌دا نه‌ڕۆیشت و خۆى نووساند به‌ تاقه‌ بژارده‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌ویش مانه‌وه‌ى بوو له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌ هه‌موو سته‌م و ملهوڕییه‌كیه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌ى و دراوسێكانى عێراق و جیهانیشدا. بژارده‌ى ده‌ستبه‌رداربوونى و گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ كه‌سێكى تر له‌ سه‌ركرده‌كانى به‌عس، گره‌نتیى به‌هێزى بۆ ده‌ڕه‌خساند، ته‌نانه‌ت كاتێك جه‌نگى 2003یش به‌رپا بوو شێخ زاید-ى سه‌رۆكى كۆچكردووى ده‌وڵه‌تى ئیماراتى عه‌ره‌بى په‌ناى خۆى و خێزانه‌كه‌یى دا، كه‌چى ئه‌و به‌وپه‌ڕى كه‌لـله‌ڕه‌قى و له‌خۆباییبوونیه‌وه‌ ئه‌وه‌یشى ره‌تكرده‌وه‌ و عێراقى خسته‌ جه‌نگێكى تازه‌ى وێرانكه‌ره‌وه‌.

بێگومان كه‌سێك به‌م ژیان و ره‌فتاره‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمایه‌ته‌وه‌، ملهوڕى و زۆردارییه‌كه‌ى زۆرتر ده‌بوو و چاوه‌ڕێى ده‌رفه‌تێكى ده‌كرد بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ هێزه‌ نه‌یاره‌ ناوخۆكانى و له‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌ره‌كیانه‌یش كه‌ دژى داگیركردنى كوه‌یت وه‌ستانه‌وه‌ و به‌شداربوون له‌ پرۆسه‌ى رزگاركردنه‌كه‌یدا.

ئه‌و قسه‌یه‌ى كه‌ ده‌گوترێت گوایه‌ ئه‌گه‌ر سه‌دام بمایه‌ ره‌نگ بوو عێراق و جیهانیش له‌ دۆخێكى باشتردا بوونایه‌، هیچ به‌ڵگه‌ و ره‌واییه‌تێكى نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ دۆخى عێراق و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیش له‌ ماوه‌ى ئه‌م پازده‌ ساڵه‌ى رابردووه‌دا به‌ره‌و ناله‌بارى و ئاڵۆزیى زیاتر رۆیشت، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ عێراقه‌وه‌، هۆكارى خراپیى بارودۆخه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ى دواى سه‌دام ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرت، كاریان بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نه‌كرد كه‌ عێراقیه‌كان بۆ ماوه‌ى چه‌ندین گرێ چاوه‌ڕێى بوون. عێراق له‌ دواى رووخانى رژێمه‌ دڕنده‌كه‌ى سه‌دام، ده‌كرا و ئاماده‌یى ئه‌وه‌یشى هه‌بوو ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكى به‌هێزى ئابورى و دانیشتوانه‌كه‌ى خۆشگوزه‌ران بوونایه‌، وه‌ك بۆ نموونه‌ شانشینى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ یان ده‌وڵه‌تى ئیمارات، چونكه‌ عێراق بێجگه‌ له‌ سامانى زۆر و زه‌وه‌ندى نه‌وت و غازه‌كه‌ى، تواناى گه‌وره‌ و زۆرى كشتوكاڵ و پیشه‌سازیشى هه‌یه‌، هه‌رچى سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كه‌یشیه‌تى، به‌تایبه‌ت توێژه‌ ئاماده‌سازه‌ زانستیه‌كه‌ى، سامانى هیچ ده‌وڵه‌تێكى ناوچه‌كه‌ نایگاتێ.
    
كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وانه‌ى دواى سه‌دام، به‌پێى سیستمێكى وه‌حشیگه‌رایى مامه‌ڵه‌ و ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقیدا كرد، كه‌وتنه‌ شه‌ڕى ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنى به‌پێى به‌شبه‌شێنه‌ى تایفى و نه‌ته‌وه‌یى. ئه‌مه‌یش ناكۆكییه‌ تونده‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانى ته‌قانده‌وه‌ و بووه‌ هۆى ته‌نینه‌وه‌ى دیارده‌ى گه‌نده‌ڵیى ئیدارى و دارایى. ده‌وڵه‌تێكیش كه‌ جه‌نگه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كان و دیكتاتۆریه‌تى درێژخایه‌ن شه‌كه‌تى كردبێت ناتوانێت له‌سه‌ر پێ-كانى خۆى راوه‌ستێت له‌گه‌ڵ ململانێ چه‌كداره‌ تایه‌فى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و تاڵانكارییه‌كى رێكخراوى هه‌موو داهاته‌ داراییه‌كانیدا.

به‌ته‌واوى وه‌ك سه‌دام، ئه‌وانه‌ى دواى ئه‌ویش ده‌ستیانگرت به‌ كه‌لـله‌ڕه‌قى و خۆبه‌زلزانییه‌وه‌ و ئیدى نه‌یانویست به‌ هه‌ڵه‌ و ناته‌واوییه‌كانیادا بچنه‌وه‌ و رێگه‌كه‌یان راست بكه‌نه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر بارى گوزه‌رانى عێراقیه‌كانیان باش بكردایه‌، ئێستا هه‌ندێك له‌ عێراقیه‌كان ره‌حمه‌تیان بۆ سه‌دام و رژێمه‌كه‌ى نه‌ده‌نارد!

پرۆسه‌ى رووخاندنى رژێمى سه‌دام راست و ره‌وا بوو.. ناڕاستى و ناڕه‌واییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان عێراقى دواى سه‌دام-ى خسته‌ ده‌ستى گروپه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌زموون سه‌لماندى به‌كه‌ڵكى هیچ نایه‌ن بێجگه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى مه‌رقه‌د و مزگه‌وت و حسێنیه‌كان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure