كارەبا دەچێتە شارەكەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 18/04/2018

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

(لەمپاچی) یەكێك بوو لەو نازناوانەی كە لە پێش سەدەیەك لەمەوبەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا باو و بڵاو بوو. ئاماژە بوو بۆ ئەو كەسانەی (لەمپا و چرا-گڵۆپی نەوتی)یان دروست دەكرد. خواستیش لەسەری كەم بوو، چونكە لەمپا و چرا چ سوودێكی دەبێت بۆ گەلێك كە زۆربەی نەخوێندەواربێت؟ رەنگە ئەمەیش هۆكاری ئەو هەژارییە بووبێت كە فەخری لەمپاچی-ی وێنەكێشی هاوڕێمی تێدا دەژیا. باوكی بژێویی خێزانەكەیی لەسەر دروستكردنی لەمپا و فانۆس پەیدادەكرد كە لە دووكانە بچكۆلەكەی، لە سوق غەزەل-ی بەغدا، دروستی دەكرد  و دەیفرۆشتن.  

بە هاتنی كارەبا و كەمبوونەوەی خواست و پێویستیی لەسەر فانۆس، خێزانی ئەبو فەخری هەژارتر بوون. كۆمپانیای كارەباساز دەستیكرد بە بەستن و راكێشانی تەل و وایەری كارەبا، منداڵەكانیش بە پەلە باوكیان ئاگاداردەكەنەوە "باوكە كارێكی تر بۆخۆت بدۆزەرەوە". ئەبو فەخری-یش پرسیاری ئەوەیان لێدەكات ئاخۆ ئەم شتە نامۆ و نەناسراوە چی بێت كە پێیدەڵین كارەبا؟. ئەوانیش بە پێی تێگەیشتنی خۆیان بۆی باس دەكەن كە كارەبا گڕێكە لە كارگەكانی شالجییە-وە چەخماخەی پێدەدەن و بە راكردن بەسەر تەل-دا دەڕوات و هەر ماڵێك لە مانگێكدا پێنج روپیە بدات بە كۆمپانیاكە، ئەوا رووناكی دەكاتەوە. باوكەیش وەڵامیان دەداتەوە "كورە بڕۆن هەی بێ‌ ئەقڵینە، ئاخڕ گڕ چۆن بەسەر تەل-دا دەڕوات؟". 

ئەو هەر بە پەرۆشەوە خەریك دروستكردنی لەمپا و فانۆس-ی خۆی دەبێت، لەوكاتانەدا كۆمپانیاكەیش دەست دەكات بە چەقاندنی ستوون و دانانی محاویلە و راكێشانی تەل تا دەگاتە شۆڕیجە و لەوێوە بەرەو سوق غەزەل دەڕۆن. پێیدەڵێن "باوكە وا كارەبا گەیشتە بازاڕەكە و حەمدی عەلوەچی كارەبای بردووەتە ماڵەوە. بەس تۆ وەرە و تەماشاكە". نە چوو و نە سەیریشی كرد، بەڵكو وتی "ئەم ئەبو حەسەن-ە عەقڵی بچووكە و بەگوێی ژنەكەی دەكات. هەمووی دوو رۆژە و ئیتر لەمپای كۆمپانیاكە تێكدەچێت و بە تاریكی دادەنیشن، ئینجا ئەوسا دێن و دەپاڕێنەوە بۆ فانۆسێك".

سەرەنجام ئەبو فەخری وازی لە نوێژكردن لە مزگەوتی سوق غەزەل هێنا كە بیستی بەكارەبا رووناككراوەتەوە. وازی لەوەیش هێنا بە شەو بچێتەدەرەوە و كۆڵانەكەیان ببینێت كە بەكارەبا رووناككراوەتەوە. دوای ئەوەیش كە كارەبا گەیشتە هەموو دووكانەكان و ماڵەكانی بەرامبەری، بەناچاری ملكەچی گوشاری خێزانەكەی بوو و كۆمپانیاكەی بانگ كرد تا كارەبا بۆ ماڵەكەی ئەمیش رابكێشن. كرێكار هات و دیوارەكانیان كون كرد و كێبڵیان راكێشا و تەلەكانیان پێكەوە بەست و ماڵەكەیان بە تۆڕی كارەبای گشتییەوە بەستەوە.

بەڵێ‌، كارەبا چووە ماڵی لەمپاچییەكەوە. باوكەیان بانگ كرد تا بێت و ببینێت. تۆپە شووشەییە هەڵواسراوەكانی سەقفی ماڵەكەیان پیشاندا. ئەویش تەماشایەكی كرد و وتی "ئێ‌ باشە ئەمە بەبێ‌ نەوت چۆن ئیش دەكات؟".. ئینجا پلاكەكانی قەد دیوارەكەیان پیشاندا و وتیان "دەست دەنێیت بەم دوگمەیەدا و هەموو ماڵەكە رووناك دەبێتەوە، دەست دەنێیت بەو دوگمەیەی تردا چێشتخانەكەیش رووناك دەبێتەوە".

مام ئەبو فەخری بەرەو لای یەكێك لە پلاكە كارەباییەكان چوو، بڕوای بەوە نەدەكرد كە دەیبستێ‌. دەستی لەرزۆكی بە دوودڵی و ڕاڕاییەوە بۆ دوگمەكە برد و دایگرت. هەموو ماڵەكە لە شەوەوە بووە رۆژ. بە گرژی و مۆنییەكەوە رووی كرد بەلای كوڕەكەیەوە و وتی "فەخری، كوڕم.. بڕۆ دووكانەكە داخە و كلیلەكەم بۆ بێنە". فەخری رۆیشت و هاتەوە، كلیلەكەی دایە دەست باوكی. وەك من بزانم، كلیلەكەی خستە گیرفانیەوە و وازیلێهێنا و ئیتر تەنانەت بۆ تاقە جارێكیش دووكانەكەی پێنەكردەوە. كلیلەكە هەر لەگیرفاندا و دووكانەكەیش بە هەموو لەمپا و كەرەستەكانی ناویەوە هەر بە نەكراوەیی مانەوە. چەند ساڵێك دواتر كابرا مرد، فەخری و هەموو كەسوكارەكەی بە دوای تەرمەكەیەوە بوون، بەڵام بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەیان لەگەڵدا نەبوو.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure