جۆن بۆڵتن به‌ ئاماده‌كراوى دێته‌ كۆشكى سپى-یه‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 14/04/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌ رۆژه‌كانى دواى دامه‌زراندنى باڵیۆز جۆن بۆڵتن به‌ راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى له‌لایه‌ن سه‌رۆك تره‌مپ-ه‌وه‌، ره‌خنه‌لێگرانى به‌هه‌موو هێزى خۆیانه‌وه‌ بۆى دابه‌زین، به‌ڵام وێنه‌یه‌كى كاریكاتێریى نادروست و ناڕه‌وایان بۆ كێشا.

بۆڵتن پارێزه‌رێكى كارامه‌ و دیپلۆماتكار و سه‌ركرده‌یه‌كى فیكرییه‌ كه‌ ساڵانێكى زۆرى له‌ خزمه‌تى گشتیدا به‌سه‌ر بردووه‌. ساڵى 2001 به‌ بریكارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ چاودێریكردنى چه‌ك و ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، دامه‌زرا. ساڵى 2005 تا 2006 پۆستى نوێنه‌رى هه‌میشه‌یى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه‌بردووه‌. یه‌كێك له‌ ئێمه‌ (سیناتۆر لیبرمان) چووه‌ ریزى كۆمه‌ڵه‌یه‌كى بچووكى دیموكراته‌كانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پیران بۆ پشتیوانیكردن له‌ بۆڵتن كه‌ بریكارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بوو، ئه‌وى تریشمان (باڵیۆز واڵاس) له‌ژێر سه‌ركردایه‌تى ئه‌ودا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كارى كردووه‌.

به‌ڕاى ئێمه‌، باڵیۆز بۆڵتن ئه‌زموونێكى زۆر و قووڵى له‌ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و زانیاریى ته‌واوى ده‌رباره‌ى تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى واشنتۆن هه‌یه‌. ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌یش وایان لێده‌كات كه‌ راوێژكارێكى كارا و چالاكى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى بێت.
 
ئه‌و جۆن بۆڵتن-ه‌ى كه‌ ئێمه‌ ده‌یناسین، زیره‌كییه‌كى بێ وێنه‌ى هه‌یه‌، رقى له‌ گاڵته‌بازییه‌ و خاوه‌نى ره‌وشتێكى به‌رزه‌. ده‌كرێت پشتى پێببه‌سترێت بۆ ئه‌وه‌ى  ببێته‌ پاڵه‌وانێكى به‌ مه‌بده‌ئـ بۆ سه‌ركردایه‌تیى ئه‌مریكا. پێچه‌وانه‌ى ناوبانگى خۆى وه‌ك لایه‌نگرێكى پره‌نسیپى (هه‌ر ئه‌مریكا) به‌و سیفه‌ته‌ى كه‌ بریكارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بووه‌، رابه‌رایه‌تیى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى پێشه‌نگى كرد بۆ جێگیریى ئاسایش، سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ راكێشانى زیاتر له‌ 100 ده‌وڵه‌ت بۆ په‌كخستنى بازرگانیكردن به‌ چه‌كه‌ كۆكوژه‌كانه‌وه‌ و گه‌یاندنى به‌ لایه‌نه‌ هه‌ڵسووڕاوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌وانه‌یشیان كه‌ سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تان نین و نیگه‌رانن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و چه‌كانه‌.

هه‌روه‌ك باڵیۆز بۆڵتن پشتگیرى و هانى هه‌وڵه‌كانى چاكسازیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشى دا كه‌ تا رۆژى ئه‌مڕۆیشمان یه‌كێكه‌ له‌و دامه‌زراوانه‌ى جیهان كه‌ زۆرترین بێرۆكراتیه‌تى تێدایه‌.
 
دواى خزمه‌تكردنى له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، باڵیۆز بۆڵتن هاته‌ ریزى ئێمه‌وه‌ له‌ رێكخراوى (یه‌كگرتوانى دژى ئێرانى ناوه‌كى-UANI) كه‌ (رێكخراوێكى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوو حزبه‌كه‌یه‌ بۆ رۆشنایى خستنه‌سه‌ر ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى رژێمى ئێران بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى دروستیان ده‌كات). هاوشانى UANI باڵیۆز بۆڵتن له‌گه‌ڵ پسپۆرانى هه‌ردوولاى (پیران و نوێنه‌ران له‌ كۆنگرێس) كارى كردووه‌ و دیالۆگ و گفتوگۆكانى ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردوون و بیرۆكه‌گه‌لێكى پێشنیار كردووه‌ كه‌ شیاوى جێبه‌جێكردنن بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى ئێران دروستیان ده‌كات.

به‌ دڵسۆزى و راشكاوى قسه‌ى كردووه‌ ده‌رباره‌ى كه‌موكورتى و خه‌وشه‌كانى پلانى كارى هاوبه‌شى گشتگیر (رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى له‌گه‌ڵ ئێران JCPOA) و ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌. 

ئێمه‌ لاى خۆمانه‌وه‌ متمانه‌مان به‌ باڵیۆز بۆڵتن هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك راوێژكارێكى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى به‌رده‌وام ده‌بێت و درێژه‌ ده‌دات به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سیستمه‌ سه‌ره‌ڕۆكان و لایه‌نه‌ كارا شه‌ڕویسته‌ ناحكومیه‌كانیش.

له‌كۆتاییدا، باڵیۆز بۆڵتن رۆڵى تازه‌ى خۆى وه‌ك نێوه‌ندگیرێكى پاك ده‌بینێت. ده‌زانێت كه‌ به‌رپرسیارێتیى سه‌ره‌كیى ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌ى، خۆى له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ بژارده‌ى سیاسیى گشتى ده‌رباره‌ى ئاڵنگارییه‌ گرنگه‌كانى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى بداته‌ سه‌رۆك و رێنمایى بداتێ كاتێك فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا داواى لێده‌كات. ئه‌م كاره‌یش بۆ ئێستا له‌ هه‌ركاتێكى دیكه‌ گرنگتره‌، چونكه‌ وڵات كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاریى رووبه‌ڕووبووه‌ته‌وه‌، ئیتر ناوخۆیى بن یان ده‌ره‌كى. 

دامه‌زراندنى باڵیۆز بۆڵتن به‌ راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى، یارمه‌تیده‌رى سیاسه‌ته‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانى ئیداره‌ى تره‌مپ ده‌بێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئه‌منیه‌كانى ئه‌مریكا ده‌پارێزێت. هه‌روه‌ها پشتگیر و پشتیوانى تێڕوانینه‌كانیشیان ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ جیهانى بێبه‌ش له‌ ئازادى و مافه‌كانى مرۆڤ. ئومێدى سه‌ركه‌وتن بۆ هاوڕێكه‌مان ده‌خوازین.


* باڵیۆزى پێشووى ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆكى جێبه‌جێكارى رێكخراوى UANI
* ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مریكا و سه‌رۆكى رێكخراوى UANI

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure