ده‌ربازكردنى نه‌وه‌كانت نه‌ك تۆڵه‌ى باووباپیرانت

بۆچوون / بیروڕا :: 12/04/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌ رێگاى نێوان سان فرانسیسكۆ-وه‌ بۆ پاریس، پرسیارگه‌لێكت لێ ده‌ورووژێن كه‌ هه‌رچه‌ند بیشته‌وێت ناتوانیت له‌ده‌ستیان هه‌ڵبێیت، له‌وانه‌: كه‌ى ئێمه‌یش شارێكمان ده‌بێت له‌ دڵى سه‌رده‌مه‌كه‌دا و به‌شدارده‌بیت له‌ دروستكردن و بونیادنانى ئایینده‌ و داهاتوویدا؟ كه‌ى شارێكى زیندووى پێشكه‌وتووى ئابورى و فێركردن و خزمه‌تگوزاریت ده‌بێت؟ شارێك كه‌ تێیدا ژیانێكى ئاسایى بژیت و پێداویستیه‌كانى تێدا دابین بكرێت و رێز له‌ مرۆڤبوونت بگیرێت؟
 

له‌ سان فرانسیسكۆ، هه‌ستى ئه‌وه‌ت لادروست ده‌بێت كه‌ پاشه‌ڕۆژ و ئایینده‌ى جیهان لێره‌دا دروست ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش به‌ وه‌به‌رهێنانى زۆر و خه‌یاڵى بێسنوور و تواناى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بۆ داهێنان و پێشخستن، وه‌ك ئه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵغیى ناو ئه‌م كۆمپانیا زه‌به‌لاحانه‌ شاعیرانى رۆژانى داهاتوو بن و ئه‌وه‌ى پێشتر كارى نه‌كرده‌ بووه‌ ئێستا بیكه‌نه‌ واقیع. سنوورى عه‌قڵ و مه‌عریفه‌ فراوانتر ده‌كه‌ن و ئابورى و ژیانى خه‌ڵك و كلتور و هه‌رچى له‌ ژیانى سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌دا هه‌یه‌، ده‌یگۆڕن.
 
ئه‌مه‌ جه‌نگى پاشه‌ڕۆژه‌ و لێره‌دا به‌ توندى و بێ به‌زه‌ییانه‌ ده‌كرێت. ژماره‌كان به‌زه‌ییان به‌ هیچدا نایه‌ته‌وه‌. پێویسته‌ له‌سه‌رت سه‌ركه‌ویت و ده‌بێت براوه‌بیت. شكستهێنانت ماناى ده‌رپه‌ڕاندنته‌ له‌ پێشبڕكێكه‌. شكستى كۆمپانیاكه‌یشت واتا رۆیشتنى به‌ره‌و پووكانه‌وه‌. تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى هه‌میشه‌ و به‌رده‌وامى كارمه‌ند و سه‌ركاره‌. ئه‌وه‌ى مه‌له‌وانى باش بێت و بیرۆكه‌ى نوێ بێنێته‌ ئاراوه‌ له‌ شه‌پۆله‌كان ده‌ربازى ده‌بێت. خاوبوونه‌وه‌ و داهێزان و ته‌مبه‌ڵى و چاوه‌ڕوانى له‌ پێچه‌كاندا نییه‌ و نابێت.

پێشتر ژه‌نراڵه‌كانى سوپاكان بڕیاریان له‌سه‌ر چاره‌نووسى نه‌خشه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌دا. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ گوزه‌شت، تۆ ئێستا له‌ناو ده‌ستى ژه‌نراڵه‌كانى  سیلیكۆن ڤالى-دایت. له‌ ده‌ستى ژه‌نراڵه‌كانى ئه‌پڵ و فه‌یسبووك و گوگڵ و مایكرۆسۆفت و ئۆراكل و ئه‌وانى دیدایت. هه‌وڵمه‌ده‌ له‌و شایسته‌ییه‌ راكه‌یت و بڵێیت من سه‌ر به‌ جیهانێكى ترم. تۆیش به‌شێكى گونده‌ گه‌ردونى-یه‌كه‌یت، ئیتر بته‌وێ یان نا. هه‌رچه‌نده‌یش له‌ تێكه‌ڵبوون و خۆدان به‌ده‌م گه‌رده‌لوولى پێشكه‌وتنه‌وه‌ دوابكه‌ویت، باجه‌كانى پێڕاگه‌یشتنت له‌سه‌ر زیاتر ده‌بن. 
 
  هیچ بژارده‌یه‌كت له‌به‌رده‌مدا نییه‌ جگه‌ له‌ ئاوێته‌ و تێكه‌ڵبوون. هه‌ر بژارده‌یه‌كى تر ده‌تكات به‌ بار و مشه‌خۆر به‌سه‌ر جیهانه‌وه‌. له‌ كه‌ناره‌وه‌ ده‌مێنیته‌وه‌ و  ئابورییه‌كه‌ت قرچۆك ده‌كات و پیریى شاره‌كانت چه‌ند قات ده‌كات. وڵاته‌كه‌ت له‌ گرێژه‌نه‌ ده‌چێت و هه‌رچیى تێدایه‌ له‌ كورتى و پاشه‌كشه‌ ده‌دات، هه‌ر له‌ زانكۆوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و بۆ سوپا و بۆ خزمه‌تگوزاریى پۆسته‌.

زۆر هه‌ڵه‌ده‌بیت ئه‌گه‌ر خۆت به‌ سه‌روه‌رییه‌كانى مێژوو داپۆشیت و له‌سه‌ر ئاوریشمه‌كه‌ى بخه‌ویت. سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژووى ئایینده‌ و دواڕۆژ ده‌نووسێته‌وه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌ر له‌سه‌ر سه‌رینى رابردوو داده‌نێت.

 من ناڵێم گه‌شته‌كه‌ ساده‌ و ئاسانه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ نابێته‌ هۆى شیبوونه‌وه‌ و لێكترازان، به‌ڵام ئه‌زموونگه‌لێكمان هه‌یه‌ و ده‌كرێت لێیانه‌وه‌ فێربین. ئه‌وروپایش له‌مه‌دا ژیاوه‌ كه‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى تێدا ده‌ژى. پیاوانێكى تێدا ده‌ركه‌وتن وایانده‌زانى كه‌ له‌ رۆحى نه‌ته‌وه‌ و قووڵایى مێژووه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى ره‌هایان پێدراوه‌. ده‌سه‌ڵاتێكى بێ سنوورى وا كه‌ سه‌رپشكى كردوون بۆ سه‌پاندنى ره‌نگى خۆیان به‌سه‌ر كیشوه‌ره‌كه‌دا و بڵندكردنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌ك و له‌ناوبردنى ئه‌ویتر و فه‌رمانڕه‌وایى نه‌ژادێك به‌ سه‌ر هه‌موو نه‌ژاده‌كاتى تر و بڵاوكردنه‌وه‌ى كلتورێك و سڕینه‌وه‌ى كلتورێكى تر. ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ سڕینه‌وه‌ى سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى بۆ حه‌ڵاڵ بكات و یاریى به‌ نه‌خشه‌ و هاوسه‌نگییه‌ دیموگرافیه‌كان بكات و برینى قووڵ بكاته‌ شاره‌كانه‌وه‌ و یاریى به‌ پێگه‌ و مێژوو و ئێستایه‌وه‌ بكات. ده‌سه‌ڵاتێك له‌سه‌ر ملپێكه‌چكردنى ئه‌ویدى یان هه‌ر سڕینه‌وه‌ و له‌ناوبردنى. به‌جۆرێك كه‌ پێكه‌وه‌ژیان نه‌ك هه‌ر قورس و زه‌حمه‌ت، به‌ڵكو مه‌حاڵیش بێت.
   
ئه‌وروپا دیمه‌ن و سه‌رده‌مانێكى بینیووه‌ كه‌ پێشبینیى نه‌كردووه‌ بیانبینێت. ئه‌دۆڵف هیتله‌ر-ى بینى كه‌ لوتبه‌رزیى خۆى له‌ جاده‌ى شانزلیزیێ نمایش ده‌كرد. ئه‌وروپییه‌كانى بینى كه‌ په‌له‌یان بوو بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر مه‌ته‌رێزه‌كانى جه‌نگى ناوخۆى ئیسپانیادا دابه‌شبكرێن. كاروانى كۆچپێكراوان و ئاواره‌كانى بینى. جه‌سته‌ى به‌زیندوویى به‌ خه‌ڵووزبووى بینى. پایته‌ختى پڕ له‌ ترس و وێرانه‌ى بینى. خه‌م و خه‌فه‌ت و تاریكى و ترس و لێكدابڕانى ده‌وڵه‌ت و خێزانه‌كانى زۆر چه‌شت. كیشوه‌ره‌ كۆنه‌كه‌ ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ بوو كه‌ بڵێسه‌ى هه‌دوو جه‌نگه‌ جیهانییه‌كه‌ى بینى، به‌ڵام له‌كۆتاییدا تۆپهاوێژه‌كان بێده‌نگ بوون. له‌ شاخه‌كانیشه‌وه‌ ته‌رم و ده‌ریاچه‌ى خوێن هه‌بوون. ئه‌وروپاییه‌كان ده‌بوو كارێك بكه‌ن كه‌ رێگربێت له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ساتانه‌. ده‌بوو بڕیار بدات كه‌: یان به‌كارهێنانى ئاگربڕ بۆ ئاماده‌سازیى به‌ره‌و جه‌نگێكى تر یاخود به‌كارهێنانى بۆ رێكخستنى مه‌رجه‌كانى پێكه‌وه‌ ژیان. پێكه‌وه‌ ژیان ناكۆكییه‌كان بنه‌بڕ ناكات به‌ڵام رێگه‌یش نادات جه‌نگ وه‌ك چاره‌سه‌رێكى ناكۆكى و جیاوازییه‌كان به‌كاربهێنرێت.

ئه‌وروپا له‌ سه‌ده‌ كۆنه‌كاندا هه‌موو جۆره‌كانى جه‌نگى به‌خۆیه‌وه‌ بینى. جه‌نگه‌كانى رۆڵبینین و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى تاقیكرده‌وه‌. جه‌نگه‌ ئاینى و مه‌هه‌بیه‌كانیشى كرد. جه‌نگه‌كانى له‌ناوبردن و له‌ریشه‌وه‌هه‌ڵكێشان و سڕینه‌وه‌ى سیماكانى تاقیكرده‌وه‌. له‌دواى ترس و تۆقینه‌كانى هه‌ردوو جه‌نگه‌ جیهانییه‌كه‌، گه‌یشته‌ ئه‌و راستیه‌ى كه‌ پاشه‌ڕۆژ و ئایینده‌ له‌سه‌ر به‌رد و خشتى رابردوو بونیادنانرێت. خۆ ئه‌گه‌ر خۆى بدایه‌ به‌ده‌ستى لۆژیكى تۆڵه‌ى كراوه‌وه‌ ئه‌وا هه‌تا ئێستایش رووبارى خوێنى فره‌نسى-ئه‌ڵمانى هه‌ر لرفه‌ى ده‌هات. ئه‌گه‌ر ملى بدایه‌ بۆ نه‌فره‌ته‌كانى بیره‌وه‌رى و یادگه‌، ئه‌وا تا ئێسایش كه‌شتیه‌كانى فره‌نسا و بریتانیا بۆمبى په‌ڵه‌په‌ڵه‌بوو به‌خوێنى ده‌ریاوانه‌كانیان ده‌گرته‌ یه‌كترى.

ئه‌وروپا له‌ خوێن و فرمێسك و وێرانه‌یدا نقوم بووبوو. ده‌ریایه‌ك بێوه‌ژن و هه‌تیوو و بێكارى هه‌بوو. شارگه‌لى كۆستكه‌وتوو و ئابوریى داڕووخاو. له‌ناو توندترین هه‌سته‌كاندا ئه‌و هه‌سته‌بوو كه‌ ئه‌ورپا هیچ له‌وانه‌كانى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى فێر نه‌بوو و جارێكى تر كه‌وته‌وه‌ دۆزه‌خه‌كه‌وه‌. پێویست بوو له‌سه‌ر سیاسییه‌كان و دیپلۆماتكاره‌كان و نووسه‌ران له‌ ئه‌نجامه‌كه‌دا بژارده‌ى خۆیان هه‌بێت و هه‌ڵبژێرن. ئه‌وه‌بوو ئه‌وروپاییه‌كان (جیابوونه‌وه‌/ته‌ڵاق)یان هه‌ڵبژارد له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ى كه‌ كاره‌سات و ماڵوێرانى ده‌خاته‌وه‌. له‌سه‌ر ئاستى كیشوه‌ره‌كه‌ و ده‌وڵه‌ته‌كانى ناویدا، جێگیرى و دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ژیانیان هه‌ڵبژارد. سه‌ره‌ڕاى دابه‌شبوونى كیشوه‌ره‌كه‌ له‌ ساى جیهانى دوو سه‌ربازگه‌ (دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌)دا، به‌ڵام ئه‌وروپاییه‌كان رێگه‌یان به‌خۆیان نه‌دا هه‌ڵبخلیسكێنه‌ ناو جه‌نگێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ به‌رپاببوایه‌ ئه‌وا جیهانى وێران ده‌كرد، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا ئه‌ورپا.

ئه‌وروپا بژارده‌ى جێگیریى هه‌ڵبژارد و پێشیخست بۆ به‌ده‌ستهێنانى په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردن. دیواره‌كانى سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى گۆڕى بۆ ده‌روازه‌گه‌لى تێپه‌ڕبوونى خه‌ڵك و كاڵا و فیكر. فیكره‌كانى گه‌ڕان به‌ دواى هاریكاریى ئابورى و هه‌مئاهه‌نگیى سیاسى و هاوكاریى له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كێشه‌كاندا. ئیتر دراوسێكه‌ت وه‌ك دوژمنێكت نه‌مایه‌وه‌ و بووه‌ هاوبه‌شێكت كه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا باس له‌ فراوانكردنى رووبه‌ره‌كانى به‌شدارى و هاوبه‌شى بكه‌یت، نه‌ك په‌له‌كردن له‌ دانانى واده‌ى جیابوونه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌. كێبڕكێ جێگه‌ى شه‌ڕوشۆڕ و هاوكاریى جێگه‌ى زویربوون و لێكدابڕانى گرته‌وه‌. ناكۆكییه‌كان له‌ژێر چه‌ترى سووربوون له‌سه‌ر سه‌قامگیرى و چاوبڕینه‌ پێشكه‌وتن چاره‌سه‌ركران. سیاسه‌تى دانایى و ژیرانه‌ جێگه‌ى سیاسه‌تى سه‌ركه‌شى و ملهوڕانه‌ى گرته‌وه‌. خه‌ڵكانى ژماره‌كان له‌زیادییان دا و رووبه‌رى فرۆشیارانى خه‌ون و خه‌یاڵ له‌ كورتى.

لێره‌دا تاقه‌ یه‌ك چاره‌سه‌ر هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ببیته‌ به‌شێك له‌و جیهانه‌ى به‌ره‌و ئاینده‌ ئاراسته‌ى گرتووه‌ و ده‌ڕوات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فێربیت و رابێیت و بگونجێیت و هه‌ڵبكه‌یت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌نجه‌كان و ئه‌قڵه‌كان ئازاد بن، رۆڵه‌كانى وڵاته‌كه‌ت سوودمه‌ن بن له‌ به‌رى پێشكه‌وتنى زۆر و زه‌وه‌ندى ته‌كنۆلۆژى بۆ ئه‌وه‌ى بارى ئابوریه‌كه‌ت چاك بكه‌ن و پاسه‌وانى سه‌قامگیریه‌كه‌ت بكه‌ن و ده‌رفه‌ت و هه‌لومه‌رجه‌كه‌ ساز و ئاماده‌ بكه‌ن بۆ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌پێدانت. ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تێكه‌ڵ و ئاوێته‌ ببیت و پێشوازیى بكه‌یت له‌ شاره‌زایى و مه‌شق و راهێنان، ئه‌وه‌یه‌ ژینگه‌ى گونجاو بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر و گه‌شتیار دابین بكه‌یت. تاقه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پلانت هه‌بێت و گره‌و له‌سه‌ر تواناكانى نه‌وه‌ى گه‌نج بكه‌یت و ده‌ربازیان بكه‌یت له‌ جه‌نگه‌كانى مێژووى كۆن و خوێنله‌به‌رڕۆیشتنى پووچ و بێكه‌ڵكى. 

هه‌وڵ مه‌ده‌ له‌ ئاڵنگارییه‌كان هه‌ڵبێیت و رووبكه‌یته‌ ئه‌شكه‌وته‌كانى مێژوو. ئه‌وانى تریش مێژوویه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ هاوشانى مێژووى تۆن، یاخود له‌ویش زیاترن. خۆ ئه‌گه‌ر خۆى راده‌ستى ئاوریشمى رابردوو بكردایه‌ ئه‌وا نه‌ ڤیه‌ننا ڤیه‌ننا ده‌بوو نه‌ به‌رلین به‌رلین و نه‌ پاریس پاریس. چاوبڕینه‌ پاشه‌ڕۆژ، مێژووه‌كه‌ت له‌ سوان و پووچبوون ده‌پارێزێت، ده‌یكاته‌ سووته‌مه‌نیى شه‌مه‌نده‌فه‌رى پێشكه‌وتن. دواى مه‌خه‌ و دوودڵ مه‌به‌. ئه‌مه‌ شه‌ڕى تۆیه‌. ئه‌ركیشت ده‌ربازكردنى نه‌وه‌كانته‌ نه‌ك تۆڵه‌ى باووباپیرانت. 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure