به‌ ئیجازه‌ى كه‌لیله‌ و دمنه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 10/04/2018

به‌چكه‌ شێره‌ گه‌نجه‌كه‌، كه‌ دارستانه‌كه‌ى به‌ میراتى بۆ جێ مابوو له‌ نه‌ڕه‌ شێرى ره‌حمه‌تیى باوكیه‌وه‌، هه‌زار و یه‌ك موشكیله‌ى هاته‌ڕێ. موشكیله‌كان وایانكرد كه‌ نه‌ك هه‌ر سنوورى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و له‌ دارستانه‌كه‌دا لاواز ببێ، به‌ڵكو زۆربه‌ى ئاژه‌ڵه‌كانیش لێى نه‌ ئه‌ترسان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیشیان حسابیان بۆ نه‌ئه‌كرد. بۆ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى وه‌زعه‌كه‌ رۆژێك بڕیارى دا بچێته‌ په‌نا به‌ردێكه‌وه‌ بۆ خه‌ڵوه‌ت و له‌وێ به‌ جددى بیر له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بكاته‌وه‌ و چاره‌سه‌رێكى خێرا بدۆزێته‌وه‌ ئه‌گینا حسابى فت ئه‌بێ. ئه‌وه‌ بوو لاى په‌نا به‌رده‌كه‌وه‌ پاڵى لێ دایه‌وه‌ و به‌ده‌نگى به‌رز كه‌وته‌ مۆنۆلۆج له‌گه‌ڵ خۆیدا: بۆچى وام لێ هات؟ خه‌تاى خۆمه‌ یان بارودۆخه‌كه‌ نه‌گونجاوه‌؟ شێرى دارستانه‌كه‌ى ئه‌وبه‌ر چ رۆڵێكى هه‌یه‌ له‌م كێشه‌یه‌دا؟ چه‌ند كه‌سى له‌و ورچ و گورگ و رێوى-یانه‌ كردووه‌ به‌ پیاوى خۆى؟ و...تاد.
له‌م قسه‌ و لێكدانه‌وانه‌دا بوو، كه‌روێشكێك، كه‌ تومه‌ز ده‌مێكه‌ گوێى له‌ به‌چكه‌ شێر گرتووه‌، خۆى پێ رانه‌گیرا و گوتى:
 × لێم تووڕه‌نابى ئه‌گه‌ر بڵێم خه‌تاى خۆته‌؟
 ـ نه‌خێر تووڕه‌نابم.. به‌س بۆچى خه‌تاى خۆمه‌؟!
 × گه‌وره‌م، باوكى ره‌حمه‌تیت، گۆڕه‌كه‌ى پڕ له‌ نوور بێ، ئه‌چوو به‌گژ به‌ور و پڵنگ و نه‌هه‌نگ و تیمساحى یه‌كى یه‌كیدا....
ـ ئێ؟
× كه‌س نه‌یئه‌وێرا، له‌ ئاستیدا ده‌م بكاته‌وه‌...
ـ ئه‌ى من چیم كردووه‌؟
× تۆ هاتوویت له‌گه‌ڵ چه‌قه‌ڵێكى گه‌ڕدا ئه‌یكێڵى... شێرایه‌تى وانابێ قوربان.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە