بۆچى فره‌نسا هه‌موو هێلكه‌كانى خسته‌ سه‌به‌ته‌ى كورد-ه‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 08/04/2018

سه‌رچاوه‌: ره‌ئى ئه‌لیه‌وم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئه‌م رۆژانه‌ى رجه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا، له‌ شارى (ته‌لڕه‌فعه‌ت) نییه‌، به‌ڵكو دژى ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فره‌نسا و حكومه‌ته‌كه‌یه‌تى، چونكه‌ ماكرۆن، له‌ رووى سه‌ربازییه‌وه‌، به‌لاى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا شكاوه‌ته‌وه‌ و له‌ شه‌ڕى چاوه‌ڕوانكراوى مه‌نبج-دا به‌ ته‌نیا جێیناهێڵێت، به‌ڵكو ده‌ستپێشخه‌ریى كردووه‌ به‌ ناردنى هێزى فره‌نسى و پشتیوانیى ته‌واوه‌تیى خۆیشى بۆ هێزه‌كانى سوریاى دیموكراتى كوردى و پرۆژه‌ى دامه‌زراندنى قه‌واره‌ى كوردى به‌ درێژایى ناوچه‌كانى باكورى سوریا، راگه‌یاندووه‌.
یه‌كێتى ئه‌وروپا و به‌تایبه‌ت فره‌نسا، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ ته‌واوى نفوزى خۆیان له‌ سوریا له‌ده‌ستداوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هاوپه‌یمانى تازه‌ى سێ قۆڵیى توركیا و روسیا و ئێران كه‌ له‌ڕووه‌كانى سیاسى و سه‌ربازییشه‌وه‌ له‌پته‌وبووندان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ بڕیاریانداوه‌ ده‌ستبگرن به‌ كارتى كورد-ه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌یه‌كى خۆیان له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆكانى چاره‌سه‌رێكى سیاسى بدۆزنه‌وه‌ و به‌شى خۆیان له‌ كێك-ى دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى سوریادا ده‌ستبكه‌وێت.
 ئه‌وه‌ى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان-ى تووڕه‌ كرد، پێشوازیكردنى سه‌رۆكى فره‌نسا بوو له‌ شاندێكى كوردى له‌ كۆشكى ئه‌لیزێ له‌ مانگى شوباتى رابردوودا. ئه‌وه‌ى كه‌ زیاتریش شێتى كردووه‌ ئه‌و شه‌رعیه‌تپێدانه‌ى بوو به‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات كه‌ به‌لاى توركیاوه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كى (تیرۆریستى)یه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى بۆ نێوه‌ندگیریى له‌ نێوان ئه‌وان و توركیادا. سه‌رۆكى توركیا ئه‌مه‌ى به‌ ئیهانه‌یه‌كى هێنده‌ قورس دانا كه‌ لێبووردنى نییه‌ و وتیى "ئه‌وانه‌ى له‌ كۆشكه‌كانیاندا پێشوازییان له‌ تیرۆریسته‌كان كرد، دره‌نگ بێت یان زوو تێده‌گه‌ن كه‌ هه‌ڵه‌یان كردووه‌. فره‌نسا نابێت چیدى سكاڵا له‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان و كاروكرده‌وه‌كانیان بكات دواى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى كه‌ خستیه‌ڕوو بۆ  نێوه‌ندگیریى". به‌كر بوزاغ جێگرى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى توركیا روون و راشكاوانه‌تر قسه‌ى كرد و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ فره‌نسا كرد كه‌ "مامه‌ڵه‌ى تیرۆرستان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا ده‌كه‌ین كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریستادا ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ ئامانجى توركیا".
نازانین ئه‌و هێزانه‌ى فره‌نسا كه‌ به‌ چه‌كه‌ قورسه‌كانیانه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ مه‌نبج و چوونه‌ته‌ پاڵ هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ شاره‌كه‌دا، چۆن ده‌بنه‌ ئامانجى توركیا، به‌ڵام پێده‌چێت به‌م دوو رێگه‌یه‌ بێت:
یه‌كه‌م: بۆردوومانكردنى ئه‌و هێزانه‌ و شوێنه‌كانى مانه‌وه‌ و جێگیربوونیان له‌ مه‌نبج، به‌ مووشه‌ك و تۆپه‌ دوورهاوێژه‌كانى توركیا بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین زیان به‌ رێزه‌كانیان بگه‌یه‌نێت و ئه‌مه‌یش ببێته‌هۆى هاندانى راى گشتیى فره‌نسا دژى سه‌رۆكه‌كه‌ى. 
دووه‌م: راسپاردنى گروپه‌كانى سه‌ر به‌ توركیا كه‌ پشتیوانیى ده‌زگاى هه‌واڵگریى توركیایان هه‌یه‌ و له‌ناو مه‌نبج یان له‌ ده‌وروبه‌رى شاره‌كه‌دان، شه‌ڕى پارتیزانى له‌ دژى هێزه‌كانى فره‌نسا و ئه‌مریكا بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ قۆناغى پێش هێرشه‌كه‌ى توركیا بۆ سه‌ر مه‌نبج.
ته‌ركیزى هه‌ردوو سه‌ركردایه‌تى سه‌ربازى و سیاسیى توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنى شارى ته‌لڕه‌فعه‌ت له‌ باكورى حه‌ڵه‌ب، سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر مه‌نبج، به‌ڵام پرسیارێك لێره‌دا دێته‌ پێشه‌وه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌گه‌رى پێكدادانى توركیا- ئه‌مریكا و فره‌نسا، به‌هۆى پشتگوێخستنى هه‌موو داواكارییه‌كانى توركیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى خۆى له‌ شاره‌كه‌.
هاوڕێیه‌كى ئاگادار له‌ كاروبارى توركیا، به‌مدواییه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌وێ چاوى به‌ چه‌ندین بڕیارده‌ر كه‌وتووه‌، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى توركیا مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌هه‌ر نرخێك بێت مه‌نبج بگێڕێته‌وه‌ و شه‌ڕى داهاتووى شاره‌كه‌یش به‌ (دایكى شه‌ڕه‌كان) ناوده‌بات. به‌لاى توركیاوه‌ درێژه‌دان به‌ ئۆپراسیۆنى چڵه‌ زه‌یتون تا كۆتایى، زۆر كه‌متر ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌چاو كشانه‌وه‌ و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ چاره‌كى یه‌كه‌مى رێگه‌كه‌دا، ئه‌مه‌یش به‌ڕه‌چاوكردنى ئه‌و پشتیوانییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ى كه‌ له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ ده‌كرێت. وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت.
هاوڕێكه‌ ده‌ڵێت، توركیا شه‌ڕه‌كانى عه‌فرین و ته‌لڕه‌فعه‌ت و دواتریش ئه‌وه‌ى مه‌نبج-ى به‌ هه‌مئاهه‌نگیى ته‌واوه‌تیى روسیا و به‌ پیرۆزبایى ده‌سه‌ڵاتدارانى سوریا و ئێران كردووه‌ و ده‌كات، چونكه‌ ئێران و سوریا-یش به‌رژه‌وه‌ندیى ستراتیژییان هه‌یه‌ له‌ شكستپێهێنانى پرۆژه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ دامه‌زراندنى قه‌واره‌یه‌كى كوردى. جه‌ختى له‌وه‌یش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م زانیاریه‌ى له‌ به‌رپرسێكى زۆر گه‌وره‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیاوه‌ وه‌رگرتووه‌.
دكتۆر هه‌یسه‌م مه‌ناع یه‌كێك له‌ دیارترین سه‌ركرده‌كانى ئۆپزیسیۆنى سوریا-یش ده‌ڵێت بڕیارێكى ستراتیژیى توركیا هه‌یه‌ و كارى بۆ ئه‌كات، ئه‌ویش به‌ته‌واوى له‌ناوبردنى هه‌ر سێ كانتۆنه‌ كوردیه‌كه‌ى باكورى سوریایه‌. ئاماژه‌ى به‌وه‌یشدا كه‌ فاكته‌ره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانى ئۆپراسیۆنى سه‌ربازیى چڵه‌ زه‌یتون-ى توركیا له‌ باكورى خۆرئاواى سوریا، ئابورى و دیموگرافى بوون ئینجا سیاسى و له‌ سۆنگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى ناوخۆى توركیایشه‌وه‌ كراوه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت به‌ درێژایى ئه‌م حه‌وت ساڵه‌ى رابردووى شه‌ڕى سوریا، توركیا تاقه‌ یه‌ك دۆلاریشى خه‌رج نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ئه‌مریكا و قه‌ته‌ر و سعودیه‌ هه‌موو پشتیوانییه‌ داراییه‌كانیان له‌ ئه‌ستۆگرتووه‌، ئێستایش دواى راگرتنى پشتگیرییه‌ داراییه‌كانى سعودیه‌ و قه‌ته‌ر و دواى ئه‌وانیش ئه‌مریكا، ئه‌گه‌رچى به‌ رێژه‌یه‌كى كه‌متر، ده‌بێت خه‌زینه‌ى توركیا ئه‌م پاره‌یه‌ بدات و ئه‌مه‌یش كارێكى مه‌حاڵ و نه‌كرده‌یه‌. هه‌روه‌ك كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكایش كارێكى مه‌حاڵ نییه‌ چونكه‌ دۆناڵد تره‌مپ گوێ له‌ راپۆرته‌كانى ئاژانسى هه‌واڵگریى ئه‌مریكا ده‌گرێت كه‌ جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى فورات كه‌ هێزه‌كانى ئه‌وانى تێدان، نائارامه‌ و له‌ئێستادا گروپگه‌لى چه‌كدار پێده‌هێنرێن بۆ ئه‌نجامدانى هێرشى پارتیزانى له‌ دژیان. دكتۆ مه‌ناع هێما بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات كه‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان به‌هۆى بوونى 3،5 ملیۆن په‌نابه‌رى سورى-یه‌وه‌ تووشى قه‌یران بووه‌ته‌وه‌ و هه‌موو پارته‌ توركیه‌كان له‌ دژى ئه‌و یه‌كیانگرتووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ لوبنان روویدا، بۆیه‌ ئه‌و (ئه‌ردۆغان) ده‌یه‌وێت له‌ زووترین كاتدا شارى گه‌وره‌ له‌ نزیك عه‌فرین و جه‌رابلوس و ئه‌لباب دروست بكات بۆ له‌خۆگرتنى هه‌موو ئه‌و ئاوارانه‌، ئۆپراسیۆنى چڵه‌ زه‌یتون-یش كورتترین رێگه‌ى به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجه‌یه‌.  
رسته‌یه‌كى جێى سه‌رنج به‌ زمانى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان-دا هات، ئه‌وه‌بوو له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌ییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فلادیمێر پوتین دواى كۆتایى كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ سێ قۆڵیه‌كه‌ى ئه‌نقه‌ره‌، قسه‌ى كرد و پوخته‌ى قسه‌كه‌یشى ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌رچییه‌ك ئێستا له‌سه‌ر خاكى سوریا ده‌گوزه‌رێت، به‌ گه‌وره‌ و بچووكییه‌وه‌، روسیا لێى ئاگاداره‌. وتى "له‌ یه‌كه‌م رۆژى شه‌ڕه‌كه‌ى عه‌فرین-ه‌وه‌، هاوڕێ روسه‌كان ئاگادارى هه‌موو هه‌نگاوێكى سه‌ربازیمانن و لایه‌نگر و پشتیوانیشمان بوون". ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌ سه‌رۆك پوتین سه‌رى -پشتگیرى-ى بۆ له‌قاند و ره‌تینه‌كرده‌وه‌.
ئه‌مریكا شه‌ڕى خۆى له‌ سوریا دۆڕاند و ژیوانبوونه‌وه‌ى تره‌مپ-یش له‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هیچ له‌م راستییه‌ ناگۆڕێت، هه‌روه‌ها گه‌یشتنى سه‌د سه‌ربازى فره‌نسى-یش بۆ مه‌نبج، هیچى لێ ناگۆڕێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure