كێ غیره‌تى خۆگیڤكردنه‌وه‌ به‌ ئه‌ردۆغان ده‌دات؟

بۆچوون / بیروڕا :: 07/04/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌بێ شه‌رمى و به‌ خۆفشكردنه‌وه‌وه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى ئیسلامیى توركیا، دوودڵیى نانوێنێت له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردنى ئاشكراى له‌ ده‌وڵه‌تى عێراق به‌وه‌ى كه‌ سه‌روه‌ریى پێشێلده‌كات و ده‌ستدرێژیى ده‌كاته‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیه‌كه‌ى. ئه‌وه‌ى غیره‌تى ده‌داتێ و هانى ده‌دات و ئه‌م ده‌فه‌تیشى بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت بێده‌نگیى هاوڕێ ئیسلامیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى خۆین كه‌ فه‌رمانڕه‌واى عێراقن!.

ئه‌ردۆغان-ى چه‌نه‌باز، دوو رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئه‌ستانبوڵ-ه‌وه‌، به‌ حكومه‌تى عێراقى وت "ئه‌گه‌ر ده‌توانن ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ن (مه‌به‌ستى ئه‌ندامانى پارتى كرێكارانى كوردستان بوو كه‌ له‌وكاته‌وه‌ى له‌ كۆتایى ساڵى 2015 دا شه‌نگال-یان له‌ داعش ئازاد كرد، تێیدا ماونه‌ته‌وه‌)، ئه‌وا بیكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا خۆمان دێین بۆ شه‌نگال و ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین.. ئێمه‌ داواى مۆڵه‌ت له‌كه‌س ناكه‌ین"!. هه‌روه‌ها وتى "پێشتر وتوومانه‌ له‌ناكاودا دێین، ئه‌وه‌تا واهاتین".

نه‌ریتى باو له‌ په‌یوه‌ندیى نێوان ده‌وڵه‌تاندا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركه‌ خراپ و ناشیرینه‌كان، له‌ نموونه‌ى ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ راسته‌وخۆیانه‌ى كه‌ لێره‌دا ئه‌ردۆغان ده‌یانكات، ده‌درێنه‌ وته‌بێژانى حكومه‌ت یان سه‌ركرده‌ ئه‌منى و سه‌ربازیه‌كانى پله‌ دوو و سێ-كان، به‌ڵام سه‌رۆكه‌كان به‌تایبه‌ت كاریان پاراستنى به‌رزى و كه‌شخه‌یی خۆیان و سه‌نگ و قورسایى ده‌وڵه‌ته‌كانیانه‌.. ئه‌ردۆغان له‌مجۆره‌ سه‌رۆكه‌ به‌ڕێزانه‌ نییه‌.

هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌رۆكى توركیا، مانایه‌كى راسته‌قینه‌یان نییه‌، چونكه‌ له‌ سه‌رده‌مى رژێمى سه‌دام-ه‌وه‌ هێزى له‌ هه‌رێمى كوردستانى عێراقدا هه‌یه‌، له‌م ساڵانه‌ى دواییدا توركیا هێزى زیاتریشى نارد و بنكه‌ى تازه‌یان له‌وێ داناوه‌. دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر رۆژنامه‌ى (ئه‌حوال)ى توركى ئاشكراى كرد كه‌ هێزه‌كانى توركیا به‌ قووڵایى 17 كیلۆمه‌تر له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ خاكى عێراقه‌وه‌ و ده‌ستیانكردووه‌ به‌ رێكردنه‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنى بنكه‌ى پێشكه‌وتووى هه‌میشه‌یى.

ئه‌ردۆغان به‌ جۆرێك مامه‌ڵه‌ و ره‌فتار ده‌رباره‌ى بارودۆخى عێراق و سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ به‌غدا لاپه‌ڕه‌ى سپیى بۆ واژۆكردبێت. حكومه‌تى عێراقیش هیچ ناكات بێجگه‌ له‌ لێدوانى ئه‌وه‌ى كه‌ قبووڵى نییه‌ سه‌روه‌ریى عێراق پێشێلبكرێت و به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى توركیا له‌م باره‌یه‌وه‌!. بێ ئه‌وه‌ى هیچ گوشارێك په‌یڕه‌و بكات. حكومه‌تى عێراق سه‌ره‌ڕاى هه‌موو شتێك، تواناى گوشارى سیاسى و ئابوریى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان ناچار بكات دان به‌خۆیدا بگرێت.

هه‌ڵوێستى هێزه‌ ئیسلامیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراق، هانده‌رى ئه‌ردۆغان-ه‌ له‌م خۆفشكردنه‌وانه‌یدا، چونكه‌ كه‌سێكى تێدا نییه‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕێت و ئیدانه‌كردنى ئه‌م بێ شه‌رمییه‌ى توركیا بكات. ئه‌وه‌ى جێى دووفاقی و جیاوازییه‌، ئه‌م هێزانه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ خۆیان و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان سه‌رقاڵكردووه‌ به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ شتى وانییه‌، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یش سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى ئه‌میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان-ى جێنشینى سعودیه‌یه‌ بۆ عێراق.. ئه‌م هێزانه‌ چیرۆكێكى درۆ و بێمانایان ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ هۆنیوه‌ته‌وه‌ و  به‌ پاره‌ خۆپیشاندانیان بۆ رێكخستووه‌ (به‌كرێگرتنى ئۆتۆمبێلى نایاب و دابه‌شكردنى ژه‌مه‌ خۆراك). كه‌چى ده‌ركه‌وت مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ راست نییه‌، نه‌ هیچ بانگهێشتنامه‌یه‌كى عێراقى ئاراسته‌ى ئه‌میره‌كه‌ى سعودیه‌ كراوه‌ و نه‌ به‌غدا-یش داواكارییه‌كى له‌وجۆره‌ى سعودییه‌ى پێگه‌یشتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا وتى.  

ئیتر چۆن ئه‌ردۆغان غیره‌ت نایگرێت و به‌رده‌وام نابێت كه‌ ئه‌م بێده‌نگییه‌ى حكومه‌ت ده‌بینێت له‌به‌رامبه‌ر خۆهه‌ڵكێشانیدا. ئه‌و ده‌بینێت كه‌ هێزه‌ بڕیاربه‌سته‌كانى به‌غدا دوژمنگه‌لى وه‌همى بۆ عێراق دروست ده‌كه‌ن و دوژمنه‌ راسته‌قینه‌كانیش هه‌رچیان بوێت، له‌ پێشێلكارى و رووتانه‌وه‌، به‌ سه‌روه‌ریى نیشتمانیى عێراقى ده‌كه‌ن!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە