موسڵمانه‌كان له‌ وڵاتانى مه‌سیحیه‌كاندا له‌زۆربووندان و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 05/04/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌هۆى شه‌پۆلى به‌رده‌وامى كۆچ و په‌نابه‌رییه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ گرێكانى رابردوو و تا ئێستایش، موسڵمانان له‌ وڵاته‌ خۆرئاواییه‌ مه‌سیحیه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو له‌ زیادبووندان و رێژه‌یان به‌ ناچاریى زیادى كردووه‌ و مانگ به‌ مانگ و ساڵ دواى ساڵ له‌زیادبووندان تا گه‌یشتوونه‌ته‌ ملیۆنه‌ها كه‌س. سه‌ره‌ڕاى زۆریى منداڵخستنه‌وه‌یان وه‌ك نه‌ریتێكى پێویست و په‌یڕه‌وكراوى خۆرهه‌ڵاتى!!.


له‌و وڵاتانه‌دا به‌ رێز و تا راده‌یه‌ك خۆشگوزه‌رانییه‌وه‌ ده‌ژین و بیمه‌ و دڵنیایى و پێداویستیه‌كانى خوێندن و فێركردن و ته‌ندروستییان بۆ دابینكراوه‌، له‌گه‌ڵ په‌رستگا بۆ په‌یڕه‌وكردنى سرووته‌ ئایینى و مه‌زهه‌بیه‌كانى خۆیان به‌ ئازادیى ته‌واو و ره‌ها. هه‌ندێكجار ئه‌و په‌یڕه‌وكردنى ئازادییه‌ لاى هه‌ندێكیان ده‌گاته‌ ئاستى زێده‌ڕۆیى و توندڕه‌وى و ته‌نانه‌ت سه‌ربازگیریى بۆ تیرۆر!!-ئه‌گه‌رچى ئه‌مه‌ مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیى ئه‌م بابه‌ته‌مان نییه‌-. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ دابینكردنى یانه‌ و خانه‌كانى رۆشنبیرى بۆ چالاكییه‌ كلتورى و هونه‌رییه‌كانیان له‌پێناو پاراستنى ناسنامه‌ى رۆشنبیریى و رۆحى گروپ و كۆمه‌ڵه‌ ئایینى و نه‌ژادى و تائیفیه‌كان له‌و وڵاتانه‌دا. 

 له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا ده‌بینین مه‌سیحیه‌كان له‌ زۆربه‌ى وڵاته‌ عه‌ره‌بى و ئیسلامیه‌كاندا، به‌ تایبه‌ت له‌ عێراق و سوریا وه‌ك نموونه‌، ژماره‌ى پێكهاته‌كانیان ساڵ دواى ساڵ كه‌مده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ك به‌هۆى كرده‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌ تیرۆریسته‌ سوننه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى فراوان و هه‌روه‌ها له‌لایه‌كى تره‌وه‌ له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌ توندڕه‌وه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ له‌ڕاستیدا كۆپییه‌كى هاوشێوه‌ى وه‌هابیه‌تى ته‌كفیرین، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌یه‌كى به‌رته‌سكترا. ئه‌وه‌تا ئێستا ژماره‌ى مه‌سیحیه‌كان له‌ عێراق-بۆ نموونه‌- له‌ چه‌ند ملیۆنێكه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ ته‌نیا چه‌ند هه‌زار كه‌سێك. هه‌مان شتیش ده‌رباره‌ى مه‌سیحیه‌كانى سوریا. هه‌روه‌ها قبتیه‌كانى میسر-یش ناوبه‌ناو ده‌كه‌ونه‌ به‌ر قه‌تڵوعام و  سووتاندنى  كه‌نیسه‌كانیان و به‌ئامانجگرتنیان له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ كه‌ ده‌یان كوژراو و سه‌دان برینداریان لێده‌كرێت. ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستى وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى وڵاته‌ ئیسلامیه‌كان هیچ هه‌فته‌ یان مانگێك تێناپه‌ڕێت كه‌ مه‌سیحیه‌كانى پاكستان رووبه‌ڕووى هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌ تیرۆریستیه‌كان نه‌بنه‌وه‌ (ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ په‌لامار ده‌درێن كه‌ مه‌سیحین..شیعه‌كانى پاكستانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شیعه‌ن په‌لامار ده‌درێن)، ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ و ده‌بێته‌ هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى قه‌واره‌ى ئاینیى مه‌سیحى له‌ پاكستاندا.. خۆ ئه‌گه‌ر زیاترى له‌سه‌ر بڕۆین ئه‌وا لیسته‌كه‌ دوورودرێژه‌..!

با ئه‌وه‌یشمان له‌بیرنه‌چێت، هه‌مان چاره‌نووسى خراپ رووبه‌ڕووى مه‌ندائییه‌كان بووه‌ته‌وه‌ كه‌ تووشى كرده‌وه‌ى تیرۆریستى و ریشه‌كێشكردن و سڕینه‌وه‌ بوون، به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگاكانى باشورى عێراقدا، به‌جۆرێك ئه‌وه‌ى كوژرا كوژرا و ئه‌وه‌ى رایكرد رایكرد و ئه‌وه‌ى كۆچى كرد كۆچى كرد و به‌ كۆڕه‌و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق. بۆ زانیارییش-هه‌م مه‌ندائییه‌كان و هه‌م مه‌سیحیه‌كانیش- به‌رده‌وام هه‌وڵى ئه‌وه‌یانداوه‌ كه‌ به‌شداریى بۆنه‌ و سرووته‌كانى عاشورا بكه‌ن وه‌ك ده‌ربڕینى هاوسۆزیى یان به‌شداربوونى نیشتمانى و كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌و بۆنه‌ و رێوره‌سمه‌ ئاینى و مه‌زهه‌بیانه‌دا و له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یارمه‌یده‌رده‌بێت له‌سه‌ر به‌هێزیى پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و یه‌كپارچه‌یى نیشتمانى، له‌هه‌مانكاتیشدا دووریان ده‌خاته‌وه‌ له‌ شه‌ڕخوازیى ئه‌م میلیشیا خاوه‌ن فیكرى وه‌هابیى ته‌كفیریانه‌. به‌ڵام هه‌مووى به‌فیڕۆچوون!.

له‌ سعودیه‌ و به‌حره‌ین-یش، شیعه‌كان گیرۆده‌ى كرده‌وه‌كانى ته‌نگپێهه‌ڵچنین و هه‌ڵاوێرى و جیاكاریى و سه‌ركوتكردن بوونه‌ته‌وه‌ و هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و راوه‌دوونان ده‌كه‌ن و هه‌موو كاتێك ئه‌گه‌رى تووشبوونى خۆیان و مزگه‌وته‌كانیان به‌ په‌لاماردنى تیرۆریستى هه‌یه‌، وه‌ك چۆن چه‌ندێجار به‌ ئامانجگیراون.. 

مادام باس له‌م دۆزه‌ ده‌كه‌ین، هه‌رده‌بێت باس له‌ هه‌ستى خه‌ڵكى سوننه‌ى ئێران-یش بكه‌ین به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و پاشان گێچه‌ڵ و ته‌نگپێهه‌ڵچنینیان و خنكاندن و له‌سێداره‌دانى رۆڵه‌كانیان به‌هۆى نه‌یاریى ده‌سه‌ڵات یاخود په‌سه‌ندنه‌كردنى رژێمى تیۆكراتى تایه‌فى. هه‌روه‌ها كه‌مایه‌تى به‌هائى-ى ئێران هه‌ر به‌هه‌مان هۆ، واتا هۆى ئاینى و بیروباوه‌ڕ، تووشى قڕكردن و له‌ناوچوون بوونه‌ته‌وه‌. كه‌چى ئه‌و گروپ و كۆمه‌ڵانه‌ى هه‌ڵاتوون بۆ وڵاتانى خۆرئاوا، به‌وپه‌ڕى ئازادییه‌وه‌ سرووت و رێوڕه‌سمه‌ ئاینییه‌كانى خۆیان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن.  

هه‌موو ئه‌مانه‌ ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن كه‌ ته‌نیا سیستمى عه‌لمانى ده‌سه‌به‌رى ئازادیى راده‌ربڕین و راگۆڕینه‌وه‌ و بیروڕاى جیاواز ده‌كات و ناسنامه‌ى كه‌لتورى و رۆحیه‌تى تاك و گروپه‌ نه‌ژادى و ئایینى و مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌پارێزێت و ته‌نانه‌ت له‌ڕێى دابینكردنى پێداویستیه‌ مادى و مه‌عنه‌وییه‌كانیانه‌وه‌ گه‌شه‌ و بره‌ویان پێده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زیندوویى و ده‌وڵه‌مه‌ندى و به‌خشنده‌یى بمێننه‌وه‌. به‌ڵام رژێمه‌ ئایینى و تیۆگراتیه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌ ته‌واوى پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ن. 
سه‌رچاوه‌: سه‌وت ئه‌لعێراق

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure