ئەم عێراقە بەدبەختە شومە

بۆچوون / بیروڕا :: 30/04/2016

وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

کەنعان مەکییە لە ڕۆمانەکەیدا بە ناونیشانی (پەت) {کە دەزگای (دار ئەلجەمەل) بە ناونیشانی (فیتنە) بڵاویکردەوە} عێراقی دوای سەدام لە دوو ڕووداوی بنەڕەتییەوە دروستدەکاتەوە:

- کوشتنی بەڕێز (مەجید ئەلخوئی) لە ڕۆژی ١٥ی نیسانی ٢٠٠٣ دا واتە ڕۆژی کەوتنی سەدام. خوئی لە لایەنێکی شیعییەوە کوژرا کە هەموو لایەنە بنەڕەتییەکانی شیعە پێیان باش بوو لاپەڕەکەی سپی بکرێتەوە و تۆمەتەکەی لەسەر لا بچێت هەرچەندە سیمبول و سەرکردەکانی ئەو لایەنانە ماوەیەکی دوورودرێژ هاورێ و هاوپەیمانی ئەو ستەملێکراوە بوون لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆر دڕندانە لەناوبرا.
- هەروەها ئیعدامکردنی خودی سەدام حسێن لە ٣٠ مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ دا بەو شێوازەی کە پێی ئیعدامکرا، کە شێوازێکی هەڕەمەکی و تۆڵە ئەستێن بوو، وە پێش هەموو پێناسەیەکی دیکە شێوازێکی تائیفی بووە لە ناشرینترین و قێزەونترین شێوازەکانی تائیفیدا.
- ڕووداوی دووهەم عێراقی پاش لەناوبردنی ستەمکار کردە وڵاتێک کە کراوە بێت بۆ جەنگی تائیفی و لەوساوە تا ئێستا شانۆیەکی ئەو جەنگەیە. ڕاستوخۆ لەدوای ٢٠٠٦ و ناوبەناویش هەموو کاتێک عێراق بووەتە ئەو شانۆیە و لە کاتێکدا کە ڕووداوی یەکەم کردی بە شوێنی شکستهێنان و سوکبوونی پەیوەندییە مەدەنییەکان وەک هاوئاهەنگییەک و ململانێیەک لەناو ماڵە شیعەکەدا. چونکە زاڵکردنی ئەو پرەنسیپە خێڵەکییەی کە دەڵێت (من و براکەم بۆ سەر ئامۆزاکەم و من و ئامۆزاکەم بۆ سەر غەریبە) بەسەر ژیانی سیاسی و نیشتیمانی هاوچەرخدا هێندەی پێناچێت بازنەی (غەریبەکە) هێندە فراوان دەکات برا و ئامۆزاشی تێبچێت.
بەم جۆرە هەموو عێراقییەک بۆ عێراقییەکی دیکە دەبێتە دوژمن و غەریبە لەگەڵیشیدا عێراق وەکو وڵاتێکی کۆکەرەوەی هاوڵاتییە جیاوازییەکان دەپوکێتەوە، ئەو هاوڵاتیانەی کە بەلایانەوە گرنگ نەبووە نیشتیمانێکیان هەبێت.
بەم جۆرە دەبینین ئەو وڵاتەی کە پاش ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر ئەو دوو ڕووداوە دامەزراندنی یە ئاماژەبۆکراوانە دروستکرا بووە ڕەچەتەی شکستێکی ڕەها کە هەڵبژاردە شیعەکەی دەسەڵاتدار، بەردەوام ئەندازیاری دەکەنەوە.
قەیرانە سیاسییەکە تیایدا بەردەوامە و ئەمڕۆ دوایین نمایشی ئەو قەیرانە لە هەموارکردنە حکومەتییەکانی حەیدەر عەبادیدا دەبینین پاش ئەوەی بارودۆخی وەلانانی ئیبراهیم جەعفەری و ئینجا لابردنی نوری ئەلمالیکیمان بینی، ئەمە جگە لە دوورخستنەوەی ڕووقایمی سەرکردە سیاسییە سوننەکان یەک لە دوای یەک.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دوو فاقییە زۆرەکانی دەسەڵاتدا، وەک حەشدی شەعبی و میلیشیای خێزانە ئاینییەکانی چاخە ناوەڕاستییەکان و سەرکردایەتی مالیکی و مەرجەعییەتی سیستانی، لە کاتێکدا کە هێشتا داعش چەند بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە دادەکرمێنێت و ئێرانیش بەشێکی زۆری ئەو دەسەڵاتە کردەنییە دادەکرمێنێت کە سەرکردە بچوکەکان پێیان بەخشی. شیاوی باسە لە کاتێکدا کە سیاسەت لە عێراقدا دەبێتە سیمبولی گەندەڵییەکی ئاشکرا و سیاسی دەبێتە سیمبولی گەندەڵ، چەند تەحەدایەک سەرەتاتکێ دەکەن کە واقیع لە ئەفسانەکانەوە هاوردەیان دەکات بۆ نموونە ترسی هەرەسهێنانی بەنداوی موسڵ و گیانلەدەستدانی لانی کەم دوو ملیۆن مرۆڤ.
گومانی تێدا نییە کە ئەو کەسەی بۆ باسکردنی کارەساتە عێراقییەکە بە دوای ناونیشاندا بگەڕێت زۆری دەستدەکەوێت. یەکەمینیان ئەو ناونیشانە کارەساتبارەیە کە دەڵێت سەدام حسێن گۆڕدراوەتەوە بە ژمارەیەک وردە سەدامی بچکۆلە. ئەگەر هەموو جارێک ڕەخنەگرتن لە داگیرکاری ئەمریکا کارێکی ڕەوا بێت و خراپترین کردەوەی ئەم داگیرکارییەش ڕادەستکردنی دەسەڵات بێت بۆ خەڵکانی لەو جۆرە، ئەوا ڕوون و ئاشکرایە کە ئەرکی نهێنی زیادەڕەویکردن لەم ڕەخنەیەدا ئەوەیە چاوی خەڵکەکە لەسەر خۆیان لاببەن و بەرپرسیارییەتییان لەسەر لاببرێت لەو مەسەلانەدا کە تەنیا خۆیان لێیان بەرپرسیارن.
لە ڕاستیدا عێراق دیمەنێکە چاو هەڵەی تێدا ناکات لەوەدا کە تۆتالیتاریا چی دەکات کاتێک دەیان ساڵ سیاسەت قۆرخ دەکات و ڕێگری دەکات لە بچوکترین دەربڕینەکانی جیاوازی، ئەو جیاوازییەی کە لە سنگی ئەو بەرهەڵستکارانەدا پەنگ دەخواتەوە کە لە ژێرزەمینەکانی چالاکی سیاسی و ئەنبارەکانی دەسیسە و پیلانەوە هاتوون و تۆڵەسەندنەوە بۆ لایەنە مەزهەبییەکەی خۆیان دەیانجوڵێنێت و هیچ نموونەیەکی دیکەیان لەبەرچاودا نییە جگە لەو دیکتاتۆرە ستەمکارەی کە ئەمان لە مەنفاکاندا دژایەتییان دەکردن. ئەمانە زەمەن بە تەنیا دوو سێ ڕۆژ دەبینن، تیایدا تۆڵە لە ستەمکارەکە دەستێننەوە و تا ئەو جێیەی دەتوانن تاڵانی دەکەن بۆ ئەوەی چارەنوسێکی وەکو چارەنوسی ئەو دیکتاتۆرەیان نەبێت. دیارە کاتێک کە زەمان بچوک دەبێت خودی وڵاتیش بچوکدەبێتەوە و دەبێتە عەشیرەتێک کە (تەوتەمێک)ی بچکۆلە بەسەریا زاڵە و ئەو تەوتەمە بچکۆلەیە تەوتەمێکی گەورەی کردووەتە سیمبول، لە کاتێکدا کە ئێران بە کەمترین نرخ ئەو تەوتەم و عەشیرەتانە زۆر بە هەرزان بە کرێ دەگرن.

سەرچاوە: ئەلحەیات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure