له‌ نوكته‌كانى بریژنێڤ

بۆچوون / بیروڕا :: 04/04/2018

نووسینى: خالید ئه‌لقه‌شتینى
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


بریژنێڤ كێیه‌؟ ده‌بێت له‌ جیهانى بیرچوونه‌وه‌ بیهێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ و بڵێم سه‌رۆكى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت بوو. روویه‌ك بوو بۆ نوكته‌ى روسى كه‌ ره‌نگه‌ رووسه‌كانیش له‌بیریانچووبێته‌وه‌. راهاتبوو خۆى بشارێته‌وه‌ و خووى به‌وه‌وه‌ گرتبوو له‌ سه‌رجێگه‌ى نووستنه‌كه‌یه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایى وڵاته‌كه‌ بكات. له‌ڕاستیشدا بۆخۆى كه‌وتبووه‌ سه‌ر جێگه‌. خۆ ئه‌گه‌ر شتێكى واى جێنه‌هێشتبێت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بێته‌وه‌ بیرمان، ئه‌وا نوكته‌گه‌لێكى زۆرى هه‌یه‌ كه‌ له‌ بیره‌وه‌ریماندا ده‌مێننه‌وه‌. 

وه‌ك وتم بریژنێڤ دواڕۆژه‌كانى خۆیى له‌ سه‌رجێگه‌ به‌سه‌ر برد. كاتێكیش ناچارده‌بوو كه‌ ئاماده‌ى ئاهه‌نگێكى فه‌رمیى ببێت، به‌ئاشكرا ماندوو و شه‌كه‌ت ده‌رده‌كه‌وت. جه‌ماوه‌ره‌كه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌یان وا باس ده‌كرد كه‌ (وسام/ مه‌دالیاى رێز و ئافه‌رین)ه‌كانى هێنده‌ زۆر بوون، بوون به‌ بار به‌سه‌ریه‌وه‌.

ده‌یانوت ئه‌نجومه‌نى باڵاى سۆڤیه‌ت، فه‌رمانیداوه‌ به‌ به‌رگدرووه‌كان تا لاى چه‌پى چاكه‌ته‌كه‌ى گه‌وره‌تر دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى جێگه‌ى هه‌ڵواسینى ئه‌و هه‌موو مه‌دالیایه‌ى تێدا ببێته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌یداتێ. ده‌یانوت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ بریژنێڤ له‌ وێنه‌كانیدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ لاى چه‌پى گه‌وره‌تره‌ له‌ لاى راستى. ئه‌مه‌یش جێى سه‌رسامى نییه‌ چونكه‌ سه‌رۆك خۆى چه‌پ بوو!
 
 نوكته‌ى زۆرى بریژنێڤ هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى لاوازى و خراپیى بیر-ى. یه‌كێكیان ده‌ڵێت: جارێكیان ئاماده‌ى ئاهه‌نگى سه‌ردانێكى خاتوو تاچه‌ر ده‌بێت بۆ مۆسكۆ. وته‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات و له‌ ده‌ستپێكدا ده‌ڵێت: "ئازیزه‌كه‌م خاتوو گاندى". هاوه‌ڵه‌كانى چمكى چاكه‌ته‌كه‌ى راده‌كێشن و ده‌چپێنن به‌ گوێیدا: "خاتوو تاچه‌ر.. خاتوو تاچه‌ر". ئه‌ویش ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ وته‌كه‌ى و ده‌ڵێته‌وه‌: "ئه‌زیزه‌كه‌م خاتوو گاندى". دووباره‌ پێیده‌ڵێنه‌وه‌: "نا، هاوڕێ.. ئه‌وه‌ خاتوو تاچه‌ر-ه‌ و خاتوو گاندى نییه‌". ئیتر هه‌رئه‌مه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ تا بریژنێڤ ته‌نگه‌تاو ده‌كه‌ن، ئه‌ویش لاده‌كاته‌وه‌ به‌لایانه‌وه‌ و ده‌ڵێت: "یه‌عنى من كوێرم؟!. ده‌زانم ئه‌م ژنه‌ى له‌به‌رده‌ممدایه‌ كێیه‌. هه‌موومان ده‌زانین كه‌ ئه‌مه‌ خاتوو تاچه‌ر-ه‌، به‌ڵام ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ى به‌رده‌مم نووسراوه‌: ئه‌زیزه‌كه‌م خاتوو گاندى!".
دیاره‌ هاوه‌ڵه‌كانى، به‌هه‌ڵه‌ بووبێت یان به‌ ئه‌نقه‌ست، لاپه‌ڕه‌كه‌ى خاتوو گاندى-یان له‌به‌رده‌مدا دانابوو.  لێهاتوویى سۆڤیه‌تیه‌كان ئاوابووه‌ و ئاوا شكاوه‌ته‌وه‌.
 
كاتێكیش یارییه‌ ئۆڵۆمپیه‌ جیهانییه‌كان له‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت رێكخرابوو، سه‌رۆك بریژنێڤ كه‌وتبووه‌ بارێكى ته‌واو ئاڵۆزى زیهنیه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كاتێك كه‌ داواى لێكرا له‌ كردنه‌وه‌ى بۆنه‌كه‌دا وته‌یه‌ك بخوێنێته‌وه‌. ئه‌ویش قسه‌كانى ئاوا ده‌ستپێكرد: "چوار بازنه‌". یاریده‌ده‌ره‌كانى به‌ په‌له‌ گه‌یشتنه‌لاى بۆ ئه‌وه‌ى راستیبكه‌وه‌، به‌گوێیاندا چرپاند: "هاوڕێ لیۆنید، ئه‌م چوار بازنانه‌ هێماى ئۆڵمپیادن! و به‌شێك نین له‌ وتاره‌كه‌ت!". 

زۆر هاووڵاتى باسى كتێبى (زه‌ویه‌ بچكۆله‌كه‌) ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتنێكى زۆرى به‌ده‌ستهێنا. بریژنێڤ ده‌یگوت من نووسیومه‌. ده‌ڵێن جارێكیان له‌ نووسینگه‌كه‌ى خۆی دانیشتووه‌ و یاریى به‌و مه‌دالیا ئه‌ده‌بییه‌یه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لینین داویه‌تێ، له‌وكاته‌دا سۆسۆلۆڤ ده‌چێته‌ لاى. پێیده‌ڵێت:
ـ كتێبى (زه‌ویه‌ بچكۆله‌كه‌)ى منت خوێندووه‌ته‌وه‌؟. 
ـ به‌ڵێ، هه‌ر زۆر نایابه‌!.
ـ به‌ڕاستته‌، یان مامه‌حه‌مه‌ییم بۆ ده‌كه‌یت؟.
ـ نه‌خێر سه‌رۆك. له‌ ژیانمدا مامه‌حه‌مه‌ییت بۆ ناكه‌م.
بریژنێڤ-یش سوپاسى ده‌كات. پاشان پێشوازیى له‌ یریشا ده‌كات و پێكه‌وه‌ باسێكى وه‌ك ئه‌وه‌ى پێشووى كتێبه‌كه‌ ده‌كه‌ن. یریشا ده‌ڵێت بۆ جارى سێیه‌م سه‌رقاڵى خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌یه‌. بریژنێڤ-یش سوپاسى ده‌كات بۆ ئه‌و رێز و پێزانینه‌ى. دواى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌ڕوات، بریژنێڤ ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ یاریكردن به‌ مه‌دالیاكه‌ى لینین كه‌ به‌سه‌ر سنگییه‌وه‌ بوو. پاشان به‌ناو نووسینگه‌كه‌یدا ده‌كه‌وێته‌ هاتوچۆ و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئێستا ئیتر له‌وباوه‌ڕه‌دام كه‌ پێویسته‌ ئه‌م كتێبه‌ بخوێنمه‌وه‌"!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure