گه‌نده‌ڵیى (ده‌وڵه‌تى عه‌لى بابا) له‌ قاهیره‌ مشتومڕ ده‌نێته‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 01/04/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


پێشبینى ده‌كرا به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى له‌ 10ى نیسانه‌وه‌ رێگه‌ به‌ بانگه‌شه‌كردنى ده‌درێت و له‌ 1ى ئایارى داهاتوویشدا پرۆسه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات، ده‌ستبكرێت به‌ دابه‌شكردنى كتێبى (ده‌وڵه‌تى عه‌لى بابا، له‌ راڤه‌كردنى ده‌سه‌ڵاتى گه‌نده‌ڵ و به‌شبه‌شێنه‌ى عێراقدا)، له‌ قاهیره‌. به‌ڵام خانه‌ى قاهیره‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌، كه‌ پێشتر دوو كتێبى ترى بۆ (صلاح النصراوى)ى رۆژنامه‌نووسى عێراقى ده‌رچواندووه‌، داواى له‌ نووسه‌ر كردووه‌ كه‌ پێویستى به‌ (به‌ڵگه‌ى سه‌لماندن) هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ كتێبه‌ تازه‌كه‌یدا هاتووه‌ له‌ تۆمه‌تباركردنى ده‌ستبژێرى ده‌سه‌ڵاتدارى شیعه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2003 ه‌وه‌ عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

ئه‌م پێشهاته‌ له‌كاتێكدایه‌ پێش دوو هه‌فته‌ خانه‌ى وه‌شاندنه‌كه‌ كتێبه‌كه‌ى ناردووه‌ بۆ چاپخانه‌، ئه‌مه‌یش سه‌لاح نه‌سراویى والێكردووه‌ بگاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ "ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ده‌ستوه‌ردانیان كردووه‌، ره‌نگه‌ له‌ڕێى باڵیۆزخانه‌كه‌ى قاهیره‌-یانه‌وه‌ بێت، بۆ رێگرتن له‌ دابه‌شكردنى كتێبه‌كه‌". هه‌روه‌ك ده‌ڵێت ده‌ستپێشخه‌ریى واژۆكردنى پاشكۆیه‌كیشى كردووه‌ له‌ گرێبیه‌سته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ خانه‌ى وه‌شاندنه‌كه‌دا و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ بۆ له‌ ئه‌ستۆى خۆگرتنى هه‌رچییه‌ك له‌ دووتوێى ئه‌و كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ زیاد له‌ 300 لاپه‌ڕه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ى تێیدان (سه‌لمێنراون).

نه‌سراوى بڕیاریداوه‌ ده‌ستبكات به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌شه‌كانى كتێبه‌كه‌ی به‌دواى یه‌ك و به‌ زنجیره‌یى له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى فه‌یسبووكه‌كه‌ى خۆى، هه‌روه‌ها به‌رگى كتێبه‌كه‌یشى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆى دیزاینى بۆ كردووه‌. ده‌ڵێت "لایه‌نى بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ له‌ دابه‌شكردنى كتێبه‌كه‌ پاشگه‌زبووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌م به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى تا ئه‌و كاته‌ى گرفته‌ یاساییه‌كان كۆتاییان دێت كه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا دروست بووه‌... ئه‌مه‌ شه‌ڕى ژیان و مردنه‌". هه‌ر وه‌ك سه‌رسوڕمانیى خۆیشى له‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ كه‌ په‌رۆشیى لایه‌نى بڵاوكردنه‌وه‌كه‌ به‌رامبه‌ر ناوه‌رۆكى كتێبه‌كه‌ به‌و جۆره‌ "ساردبووه‌ته‌وه‌ و گۆڕاوه‌ بۆ په‌شیمانبوونه‌وه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كه‌ى له‌گه‌ڵمدا". بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌.

پێشتر هه‌مان ئه‌و خانه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌یه‌، دوو كتێبى دیكه‌ى بۆ نه‌سراوى، كه‌ نزیكه‌ى 25 ساڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌ژى، بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. دوو كتێبه‌كه‌ بریتى بوون له‌ (ژیانێك له‌ كاغه‌ز) و (ده‌رفه‌تێكى بابردوو)، هه‌روه‌ها رۆمانێكیشى به‌مزوانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ به‌ ناونیشانى (خاكى وشكه‌ڵان). بۆ ساڵانێكیش له‌ نووسینگه‌ى ئاژانسى (ئه‌سۆشێتدپرێس) له‌ قاهیره‌، كارى كردووه‌.

نه‌سراوى ده‌ستى كردووه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى پێشه‌كیى كتێبه‌كه‌ى به‌ ناونیشانى (له‌ ده‌وڵه‌تى عه‌لى-یه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تى عه‌لى بابا). عه‌لى لێره‌دا مه‌به‌سى عه‌لى كوڕى ئه‌بى تاڵیب-ه‌ خوالێى رازى بێت، عه‌لى بابا-یش دزه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى ئه‌فسانه‌ میلـلییه‌كانه‌ كه‌ ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر ئه‌و پاره‌ و خشڵ و زێڕ و زیوه‌دا كه‌ پێشتر (چل دزه‌كه‌) له‌ خه‌ڵكى به‌غدایان دزیوه‌، ره‌نگه‌ له‌سه‌رده‌مى خه‌لافه‌تى عه‌باسى-دا بووبێت.   

سه‌ڵاح نه‌سراوى به‌رده‌وام نه‌یارى ئه‌و رژێمه‌ بووه‌ كه‌ له‌ دواى غه‌زوى ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتى عێراقى وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌یش له‌ڕێى وتاره‌كانى له‌ رۆژنامه‌ و هه‌روه‌ها نووسینه‌كانى له‌ فه‌یسبووك-ه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌. تازه‌ترینیان ده‌ڵێت "یاساى دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ى كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى -له‌ عێراق- گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغى جێبه‌جێكردن، به‌ڵام كێ گه‌ره‌نتى ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ كۆمپانیاكه‌ نابێته‌ ئامرازێك بۆ ئه‌نجامدانى تاڵانییه‌كى رێكخراو و فه‌رمیى سامانى نه‌وت وه‌ك گومرگه‌كان و به‌نده‌ره‌كان و باجه‌كان و سه‌رچاوه‌كانى ترى داهات و سامان؟ 15 ساڵى دواى داگیركارییه‌كه‌ وایكردووه‌ پێویست به‌ وشه‌ى نهێنیى: بیكه‌ره‌وه‌ ئه‌ى سمسم، نه‌ماوه‌... ده‌رگاى ئه‌شكه‌وته‌كه‌ هه‌ڵكه‌نراوه‌".

له‌ پێشه‌كیى كتێبه‌كه‌یشیدا نه‌سراوى ده‌ڵێت "هۆكارى سه‌ره‌كیى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى گه‌نده‌ڵى به‌م شێوه‌ وێرانكه‌ره‌ (له‌ عێراق)، ئه‌و چڵێسى و چاوچنۆكییه‌یه‌ كه‌ گروپێكى ده‌سه‌ڵاتدار ده‌یكه‌ن، ئه‌وانه‌ى پێشتر بێبه‌شبوون، له‌بریى ئه‌وه‌ى لێبوورده‌ و به‌خشنده‌ بن و زاڵ بن به‌ سه‌ر رق و كینه‌ و بچوكیى و نه‌نگییاندا، ده‌ستیاندایه‌ قازانج و ده‌ستكه‌وتى تایبه‌ت و داواكاریى ناڕه‌وا و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وپه‌ڕى سوودمه‌ندبوون له‌و ده‌سه‌ڵات و سامانه‌ى كه‌وتنه‌ ژێرده‌ستیان و وه‌ك میراتیه‌كى حه‌ڵاڵ بۆ خۆیانیان نادا. نه‌ك بۆ چاكسازى و بونیاتنان وه‌ك ئه‌وه‌ى عه‌لى كوڕى ئه‌بى تاڵیب هه‌وڵى بۆ ده‌دا".

ئه‌وه‌یش روونده‌كاته‌وه‌، به‌شه‌كانى كتێبه‌كه‌ راستیى و به‌ڵگه‌ى مێژووى قۆناغێكى به‌ ته‌واوى خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ عێراق له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیى گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسیه‌ شیعیه‌كاندا پێیدا تێپه‌ڕیوه‌ و نموونه‌یه‌كى حوكمڕانیى تێدا گیراوه‌ته‌به‌ر كه‌ به‌ مانا ئابوریى-كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ى شێوه‌یه‌كى به‌ ته‌واوى جیاواز بووه‌ له‌و سیستمانه‌ى مرۆڤایه‌تى به‌ درێژایى مێژووى خۆى بینیوویه‌تى، ئه‌و نموونه‌یه‌ى كه‌ ده‌كرێت ناوبنرێت به‌ (شێوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى تاڵانچێتیى).
 
نه‌سراوى ده‌ڵێت، ئه‌و گروپگه‌له‌ شیعه‌ عێراقیانه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م پێش(غه‌زو)ى بن لادن و ئه‌لقاعیده‌ له‌ 11ى ئه‌یلولى 2011 دا بۆ سه‌ر مانهاتن-ى نیویۆرك و هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌كى كه‌م دواى غه‌زوى عێراقیش، گره‌وى زۆریان، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌مریكا ده‌كرد بۆ ناوه‌نده‌كانى بڕیار، به‌وه‌ى كه‌ ده‌بنه‌ رووى (پاك و راسته‌قینه‌ى ئیسلام) بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى و تیرۆر "نموونه‌یه‌كى هێنده‌ خراپى ده‌سه‌ڵاتیان خسته‌ عێراقه‌وه‌ كه‌ پڕ و به‌رده‌وامه‌ له‌ بێتوانایى و شكست و وێرانیى خود".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure