له‌ سه‌دامه‌وه‌ بۆ ئه‌ردۆغان

بۆچوون / بیروڕا :: 31/03/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
تویتێك، كه‌ به‌ناوێكى نه‌ناسراوى ژنانه‌وه‌ دانرابوو، سه‌رنجى راكێشام. تێیدا ده‌ڵێت به‌شێك له‌ سعودیه‌كان سه‌دام-یان خۆشده‌وێت ئه‌گه‌رچى شه‌ڕى سعودیه‌ى كردووه‌ و داگیریكردووه‌ و چووه‌ته‌ ناو خه‌فجى-یه‌وه‌...به‌شێكى تریشیان ده‌وڵه‌تى عوسمانى-یان خۆشده‌وێت و به‌لایانه‌وه‌ پیرۆزه‌ ئه‌گه‌رچى رایگواستوون و كوشتوبڕى ترسناكى له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌نجامداون... ئه‌م دوو به‌شه‌یش هه‌ردووكیان رقیان له‌ ئه‌مریكایه‌ كه‌ نه‌وتى بۆ دۆزیونه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌كه‌یانى داگیرنه‌كردووه‌ و به‌درێژایى ته‌مه‌نى هاوپه‌یمانى بووه‌.

به‌ڵێ، به‌شێك له‌ سعودیه‌كان هه‌ن كه‌ سه‌دام-یان خۆشده‌وێت و به‌شێكیشیان توركیاى ئه‌ردۆغان-یان له‌ئێستادا خۆشده‌وێت، نه‌ك ده‌وڵه‌تى عوسمانى. به‌ڵام كه‌ رقیان بۆ ئه‌مریكا كۆیكردوونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌یان دید و تێڕوانینێكى تره‌، چونكه‌ به‌گشتى هه‌ندێك له‌وانه‌ى رقیان له‌ سیاسه‌تى ئه‌مریكایه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ سه‌رسه‌ختترین دوژمنى یه‌كترن، وه‌ك توندڕه‌وه‌ سوننه‌ و شیعه‌كان. 

له‌ هاوسۆزیى هه‌ندێك له‌ سعودیه‌كان به‌رامبه‌ر سه‌دام یان ئه‌ردۆغان تێناگه‌م، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ده‌بێت ئه‌مریكایان خۆشبوێت یان رقیان لێى بێت. ئێمه‌ لێره‌دا باس له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ین.

به‌ هه‌رحاڵ، هه‌ندێك له‌وانه‌ پێیانوایه‌ كه‌ سه‌دام حسێن قاره‌مان-ى مه‌زهه‌بى سوننه‌یه‌، ئه‌مه‌یش ئه‌وپه‌ڕى ساویلكه‌ییه‌، چونكه‌ سه‌دام سه‌ر به‌ پارتێكى سته‌مكار و زۆرداره‌، ئه‌وان گروپێكن نه‌ مه‌بده‌ئـیان هه‌یه‌ نه‌ مه‌زهه‌ب. ئه‌و ئه‌گه‌ر به‌هۆى ناكۆكیى سیاسییه‌وه‌ مێرده‌كانى كچه‌كانیشى، كه‌ ده‌كه‌نه‌ باوكى نه‌وه‌كانى، بكوژێت، هیچ زیانێك به‌ر خۆى یان به‌ر عێراق ناكه‌وێت (ئه‌وان رایانكرد و داواى په‌نابه‌رییان له‌ ئوردن كرد، واتا هه‌وڵیان نه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى گێچه‌ڵى بۆ دروست بكه‌ن یان هێرش بكه‌نه‌ سه‌رى). به‌ڵام به‌نابه‌دڵى خۆیان و به‌ بیانووى ئاشتبوونه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌یانه‌وه‌ هێنانییه‌وه‌، ئینجا خانووه‌كه‌یانى به‌سه‌ریاندا رووخاند و هه‌موو په‌نابۆبردن و ده‌سته‌ودامێن و پاڕانه‌وه‌یه‌كى كچه‌كانى و نه‌وه‌كانى خسته‌ ژێر پێ. ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌مه‌ كارى بێت ئیتر چۆن ده‌بێت بكرێته‌ نوێنه‌رى مه‌زهه‌بێك؟ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایى و بێزاریم بۆ چه‌مكى ناكۆكیى سوننه‌ یان شیعه‌ چونكه‌ هه‌ردووكیان هه‌ر موسڵمانن.
 
هه‌رچى ئه‌ردۆغان-یشه‌ ئه‌وا سه‌رسامیى ئیسلامییه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆى، له‌گه‌ڵ ویستى هه‌میشه‌یى خۆیدا بۆ ده‌سه‌ڵات، ته‌واو هاتووه‌ته‌وه‌ و یه‌كانگیربووه‌، به‌ته‌واوى له‌وه‌یش دڵنیایه‌ كه‌ خه‌ونى ئه‌و داماوانه‌ نه‌ بۆ خه‌لافه‌ت و نه‌ بۆ هیچ خه‌یاڵپڵاوێتیه‌كى تر به‌دینایه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا لێزانانه‌ ئه‌و سه‌رسامیه‌ى قۆستووه‌ته‌وه‌ بۆ فروانبوونى جه‌ماوه‌ریێتى خۆى له‌ جیهانى عه‌ره‌بى و هه‌روه‌ها له‌ وڵاته‌كه‌ى خۆیشیدا.

به‌ڵام رۆژ دواى رۆژ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ردۆغان ئه‌م گه‌لانه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت و له‌ خشته‌یان ده‌بات و هیوا و ئومێده‌كانیان ده‌كات به‌ ناخى زه‌ویدا، ته‌نانه‌ت بووه‌ته‌ درێژكراوه‌ى ویست و چاوچنۆكیه‌كانى باووباپیره‌ ئیسلامیه‌كانى ، (عوسمانیه‌كان) بێت یان عه‌سكه‌رییه‌كان و یاخود ئه‌تاتوركیه‌كان، چونكه‌ توركه‌كان به‌ هه‌موو ته‌وژم و ره‌وت و حزبه‌كانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ناڕێك و ناته‌بان، به‌ڵام هه‌موویان له‌سه‌ر دوو مه‌سه‌له‌ى گرنگ كۆك و یه‌كن، ئه‌وانیش: یه‌كێكیان بوارنه‌دانه‌ به‌ هیچ جۆرێك به‌ كورد بۆ سه‌ربه‌خۆبوونیان له‌ناوخۆى توركیادا بێت یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى، دووه‌میش هه‌ستكردن به‌ هه‌ژموون و ئاره‌زوو بۆ راوه‌ستان له‌ ڕیزى ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كاندا ئیتر به‌ هه‌ر نرخ و باجێك بێت.
 
غه‌زوى عه‌فرین و داگیركردنى، به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه‌ له‌میانه‌یدا روویاندا به‌ بۆردوومان و سته‌مكارى و كوشتوبڕ و تاڵانوبڕۆوه‌، دڕنده‌یى سیاسه‌تى توركیا ده‌سه‌لمێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئیسلامیه‌كان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌رده‌وامن له‌ به‌رگریى لێكردنى، ئیتر راست و ره‌وا بووبێت یان ناڕاست و ناڕه‌وا.

هه‌وڵدانى ئیسلامیه‌كان بۆ یاریكردن له‌سه‌ر ئاوازى دیموكراسى كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌ردۆغان پێگه‌یشت، قبووڵكراو نییه‌، چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ نه‌ ئه‌وان دیموكراسیه‌تیان قبووڵه‌ و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌ردۆغان ورده‌ ورده‌ شه‌ڕى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و هه‌ژموونى خۆى ده‌كات. بۆچى ئێستا ئه‌مه‌ بیردێنینه‌وه‌؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ى سه‌رۆكى توركیا ده‌توانێت له‌ڕێى هه‌مواركردنى ده‌ستوره‌وه‌ 12 دادوه‌ر له‌ 15 دادوه‌ره‌كه‌ى توركیا دابمه‌زرێنێت، ئه‌مه‌یش ماناى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ته‌واوه‌تیى دادگا و دادوه‌رییه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر له‌ توركیا و له‌ دواى هه‌وڵه‌ شكستخواردووه‌كه‌، سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ زیندانه‌كان توندكرابن و ژماره‌یه‌كى زۆریش له‌ كاره‌كانیان ده‌ركرابن یان دوورخرابنه‌وه‌ و رۆژنامه‌نووسان به‌ند كرابن به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى هاوكاریى گویله‌ن-یان كردووه‌، ئه‌و گویله‌ن-ه‌ى كه‌ ئه‌ردۆغان تۆمه‌تبارى ده‌كات به‌وه‌ى به‌رپرسیاره‌ له‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى دژى، ئه‌ى ئیدى دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2019 كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌ردۆغان ده‌یباته‌وه‌، ده‌بێت توركیا چۆن بێت؟

بۆیه‌ به‌ خاتوونى خاوه‌ن تویته‌كه‌ ده‌ڵێم پێویست ناكات له‌گه‌ڵ سه‌دام یان ئه‌ردۆغان-دا هاوسۆز بم بۆ ئه‌وه‌ى رقم له‌ سیاسه‌تى ئه‌مریكا بێت، چونكه‌ مه‌بده‌ئى من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌بێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كاندا بكه‌ین له‌سه‌ر پره‌نسیپى به‌رژه‌وه‌ندیى نیشتمانیى دوور له‌ دروشم و دروشمبازیى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure