وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ئه‌وه‌ى ئاگادارى ورده‌كارییه‌كانى جیهانى كۆن و رووداوه‌كانى بێت، چیرۆكه‌كانى جه‌نگى نێوان دوو شارى گریك ده‌زانێت كه شاره‌كانى ئه‌سینا و سپارتا-ن. ئه‌م دوو شاره هه‌ریه‌كه‌یان بۆخۆى ده‌وڵه‌تێكى جیا و دابڕاو لهویدى بووه و خاوه‌نى سه‌رچاوه‌ى سامان و سوپا و حكومه‌تى جیاواز بوون.
ئه‌سینا سیستمێكى دیموكراسیانه‌ى هه‌بووه كه ماوه‌یه‌كى زۆر به‌رقه‌رار بووه. هه‌روه‌ك خاوه‌نى هێزێكى گرنگى ده‌ریاییش بووه و له پیشه‌سازیى سامان-یشدا پشتى به بازرگانى له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانى تر‌ى ده‌ریاى سپی‌دا به‌ستووه. به‌ڵام سپارتا پشتى به كشتوكاڵ به‌ستووه و سیستمهكهیشى دیمو‌كراتى نه‌بووه.
له سه‌ده‌ى پێنجى پێش زایینى و به درێژایى ساڵانى نێوان 460 و 405 چه‌ندین جه‌نگ له نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته و هاوپه‌یمانه‌كانیاندا هه‌ڵگیرساوه كه لانیكه‌م 100 هه‌زار كه‌سیان تێدا بوونه‌ته قوربانى. ئه‌م جه‌نگانه ناوى جه‌نگه‌كانى پیلۆپۆنیسى-یان لێنراوه كه درێژه‌یان كێشاوه تا ئه‌وكاته‌ى سپارتا و هاوپه‌یمانه‌كانى توانیویانه ئه‌سینا و كهشتیگهلهكهى تێكبشكێنن.
له‌به‌ر بایه‌خ و گرنگیى ئه‌م قۆناغه‌ى مێژووى دێرین، سه‌دان كتێب، ئه‌گه‌ر نه‌یشڵێین هه‌زاران كتێب، ده‌رچووێنراون، كه شاره‌زا و پسپۆرانى مێژوو نووسیویانن و له نووسینیشاندا پشتیان به‌و سه‌رچاوه مێژووییانه به‌ستووه كه هاوچه‌رخ و هاوسه‌رده‌مى قۆناغه‌كه بوون.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كتێبێكى نوێ به‌ناونیشانى (تاعونى جه‌نگ) له‌لایه‌ن خاتوو جنێفه‌ر رۆبێرتس پسپۆر و مامۆستاى كلاسیك و مێژوو له زانكۆى سیتى نیویۆرك، ده‌رچووێنراوه. كتێبه‌كه 448 لاپه‌ڕه‌یه و به‌رهه‌مى جامیعه‌ى ئۆكسفۆرد-ه.
له زیهینى زۆر كه‌سدا، ناوى شارى ئه‌سینا په‌یوه‌سته به‌و شوێنه‌وه كه چه‌مكى دیموكراتیى تێدا له‌دایكبووه و بیره فه‌لسه‌فى و ته‌لارسازى و هونه‌رییه‌كانى تێدا پێشكه‌وتووه و په‌ره‌یانسه‌ندووه و رێگه و زه‌مینه‌ى خۆشكردووه بۆ داهێنان و ئهفراندنهكانى دواترى جیهانى نوێمان. به‌ڵام ئه‌وه‌ى نایزانین یان به‌لامانه‌وه قورسه وێناى بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه هاووڵاتیانى ئه‌م شاره له‌هه‌مانكاتدا توندترین جه‌نگاوه‌ریش بوون و ته‌نانه‌ت ژیانى خۆیان بۆ جه‌نگه بێكۆتاییه‌كان ته‌رخانكردووه. ئه‌م جیاوازییه‌یش بارودۆخى جیهانى ئێستامان بیردێنێته‌وه كه هه‌موو شتێك پێشده‌كه‌وێت و هێشتایش جه‌نگه‌كان لێره و له‌وێ به‌رپا ده‌بن.
خانمه مێژوونووسهكه، به‌دیاریكراوى ته‌ركیزى خسووه‌ته سه‌ر رێڕه‌وه‌كانى جه‌نگه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا شوێنى تایبه‌ت بۆ سوقرات و ئه‌فڵاتون ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌سخیلۆس و سۆفۆكلیس و یۆرپیدس و ئه‌ریستۆفانیس-یش.
تێبینیى ئه‌وه‌یش ده‌كرێت پشتى به سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى مێژوویى ده‌رباره‌ى مێژووى ئه‌و جه‌نگانه به‌ستووه، ئه‌و سهرچاوهیهیش كتێبى (مێژووى جه‌نگى پیلۆپۆنیسى)یه كه تیۆسیدیدیس-ى مێژوونووسى هاوچه‌رخى رووداوه‌كان نووسیویه‌تى و به‌لاى پسپۆرانیشهوه له هه‌موو سه‌رچاوه‌كانى تر بابه‌تى و واقیعیانهتره.
به‌ڵام تیۆسیدیدیس ئه‌و ماوه سى ساڵیه‌ى پێش ئه‌م جه‌نگانه‌ى رووماڵنهكردووه كه رێگه‌ى بۆ جه‌نگه‌كان خۆشكردووه، بۆیه لێره‌دا رۆبێرتس پشتى به هیرۆدۆت به‌ستووه كه هاوسه‌رده‌مى تیۆسیدیدیس بووه، به‌ڵام هێنده‌ى ئه‌و واقیعى نه‌بووه. ئه‌و وێنه‌یه‌كى گشتیى پێش سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م ململانێیانه‌ى تۆماركردووه و له ساڵى 490ى پێش زایین-ه‌وه ده‌ستى پێكردووه. ئه‌مه‌یش ئه‌و ماوه‌یه‌یه كه تێیدا سپارتا توانیى هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ شاره‌كانى دیكه‌ى گریك-دا بكات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هێرشى سوپاى فارسى كه هه‌وڵیدا ناوچه‌ى گریك ببه‌زێنێت.
به‌ڵام گێڕانه‌وه‌كه‌ى تیۆسیدیدیس له ساڵى 411 دا و به هۆكارگه‌لێكى نادیار وه‌ستێنرا (بێگومان چه‌ندین تیۆر و بیردۆز هه‌ن كه ئهكادیمیستیهكان بۆ شرۆڤه‌كردن و لێكدانه‌وه‌ى ئه‌مه پێشكه‌شیان كردوون). له‌به‌رئه‌مه خاتوونى پسپۆر ناچار بووه په‌نا بباته به‌ر سه‌رچاوه‌ى تر كه ئه‌وانیش هه‌ر گرنگ و به‌بایه‌خن. هه‌ندێكیان له ماوه‌كانى دواى سه‌رده‌مى تیۆسیدیدیس-دا نووسراون. له‌ناو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى كه پشتى پێبه‌ستوون، دیۆدۆروس و زینۆفۆن و پلو‌تارخ، هه‌ن.
دواى ئه‌وه، ژنه نووسه‌ره‌كه ده‌چێته‌وه سه‌ر باسى ئه‌سینا كه له ساڵانى 390ه‌كاندا توانى قه‌یرانه‌كه‌ى تێپه‌ڕێنێت و هه‌ستێته‌وه و سه‌رله‌نوێ ببێته‌وه هێزێكى تازه‌ى وا كه له گۆڕه‌پانى گریك-دا حسابى بۆ بكرێت و هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ شاره‌كانى تر‌ى یۆنان-دا ببه‌ستێته‌وه، له‌وانه كۆرنتۆس، له‌وێشه‌وه بتوانێت له ساڵى 360 ى پێش زایین‌دا سپارتا تێكبشكێنێت. به‌ڵام ئه‌م سه‌ركه‌وتنه زۆر درێژه‌ى نه‌كێشا، ئه‌وه‌بوو ئه‌ستێره‌ى شا فلیپى مه‌قدۆنى، باوكى ئه‌سكه‌نده‌رى مه‌قدۆنى، ده‌ركه‌وت و سنوورێكى بۆ هه‌موو ململانێكانى ناوچه‌كه دانا، به‌مه‌یش سه‌رده‌مى هێلینییهكان ده‌ستى پێكرد و ده‌روازه‌كانى ئاسیاى له‌به‌رده‌مدا كرانه‌وه.
ئه‌م كتێبه وردهكاریى زۆرى ده‌رباره‌ى مێژووى دێرینى گریك له‌خۆگرتووه، به‌ڵام ره‌خنه‌گران تێبینیى ئه‌وه‌یان كردووه ناوى سه‌دان سه‌ركرده‌ى جه‌نگ و سیاسییه‌كانى تێدایه كه بوونیان په‌یوه‌ست بووه به‌و ململانێیانه‌وه، ئه‌مه بێجگه له ناوى ناوچه و گردۆڵكه و شاخ و رووبار و رێگه و پێگه‌ى جوگرافى و زۆرى دیكه‌یش.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ره‌خنه‌گران ستایشى تواناى نووسه‌ره‌كه ده‌كه‌ن له‌سه‌ر گێڕانه‌وه مێژووییه‌كه‌ى به زمانێكى به‌رزى پاراو له‌گه‌ڵ باسكردنى رووداوگهلى تر كه په‌یوه‌ندییان به شه‌ڕ و جه‌نگه‌كانه‌وه نییه، وه‌ك دادگایكردنى سوقرات و خۆكوشتنه‌كه‌ى یاخود ئه‌و شانۆگهرییانهى كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ناوبانگ و كاریگه‌ر بوون و یه‌كێك له دیارترین نووسه‌ره‌كانیان ئه‌رستۆفانیس بووه كه به ره‌خنه‌گرتنى له ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایى به‌ناوبانگ بوو. هه‌روه‌ها چیرۆكى ژهنراڵى ئهسینایى ئهلسیبیادیس كه به‌گوێره‌ى ئاره‌زووى خۆى لایه‌نگرى و دڵسۆزیى خۆیى ده‌گۆڕى، جارێك ده‌بینرێت له‌گه‌ڵ ئه‌سینا-دایه و پاشان چه‌كه‌كه‌ى له دژى وه‌رده‌چه‌رخێنێت و ده‌بێته لایه‌نگرى سپارتا و ده‌چێته پاڵى.
ئه‌م كتێبه زانیاریى گرنگیى تێدایه و یارمه‌تیى خوێنه‌رى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كه یه‌كه دواى ساڵه‌كان و رووداوه‌كان بكه‌وێت، هه‌روه‌ها فه‌هره‌ست و نهخشنهى یۆنان-ى كۆنیشى تێدایه.
به‌ڵام به‌ڕاى ره‌خنه‌گران، سه‌یروسه‌مه‌ره و سهرنجڕاكێشترینى ئه‌وه‌ى بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌یه كه ماوه‌ى نێوان ئه‌سینا و سپارتا له 160 كیلۆمه‌تر زیاتر نه‌بووه، ئه‌م ژماره‌یه‌یش هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ژماره‌ى ئه‌و هه‌موو كوژراوه‌دا ناگونجێت و نایه‌ته‌وه كه به‌هۆى شه‌ڕه‌كانى نێوانیانه‌وه كوژراون!.