له‌ داگیركردنى عه‌فرین-دا

بۆچوون / بیروڕا :: 28/03/2018

نووسینى: مسته‌فا زه‌ین
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات 
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


هه‌لومه‌رج و دۆخه‌ عه‌ره‌بى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌ردۆغان شكایه‌وه‌ و عه‌فرین-ى داگیركرد و ده‌ستیدایه‌ پاكتاوى نه‌ژادیى له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ ته‌واوى وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ سوڵتانه‌كان (خه‌لیفه‌كان) ده‌یانكرد. پێش حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ردۆغان خه‌ونى ئه‌وه‌ى هه‌بوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێكى لایه‌نگرى خۆى له‌ سوریا دابنێت. هیچ رێگه‌یه‌ك نه‌ما به‌كارینه‌هێنێت بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و خه‌ونه‌. ده‌یان هه‌زار به‌كرێگیراوى له‌ چه‌ندین شوێنى جیاجیاى جیهانه‌وه‌ چه‌كدار كرد. هه‌موو شتێكى بۆ دابینكردن هه‌ر له‌ چه‌ك و تفاقى شه‌ڕه‌وه‌ تا سه‌ربازگه‌ى مه‌شق و راهێنان. به‌ناوى ئه‌وانه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتى ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیى بۆ پشتیوانیكردنیان پێكهێنا. كۆنگره‌ى له‌ ئه‌نتالیا و ئه‌ستابوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ بۆ رێكخستن. چاودێریى جموجووڵه‌ سیاسیه‌كانى له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا بۆ كردن. خۆى كرده‌ سه‌ركرده‌ى سه‌د ده‌وڵه‌ت به‌ناوى (هاوڕێیانى سوریا)وه‌. دۆزى ئاواره‌كان و هه‌ژارى و پێویستییان به‌ په‌ناگه‌یه‌ك قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ملیاره‌ها دۆلار له‌ یه‌كێتى ئه‌ورپا بپچڕێت و بۆ ئه‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه‌ى واڵاكردنى سنووره‌كانى توركیاى ده‌كرد له‌به‌رده‌م سێڵاوى كۆچبه‌راندا به‌ره‌و كیشوه‌ره‌ كۆنه‌ تووشبووه‌كه‌ به‌ (ئیسلامۆفۆبیا). گره‌وى له‌سه‌ر ئیخوان موسلمین كرد، كه‌ خۆیشى هه‌ر له‌وانه‌، بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنى (رابوونى ئیسلامى) له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا كه‌ له‌ دیمه‌شق-ه‌وه‌ ده‌ست پێبكات. وه‌ك چۆن له‌وێوه‌ هه‌موو فه‌تحچیه‌كان ده‌رچوون بۆ دامه‌زراندنى ئیمپراتۆریه‌ته‌كانیان له‌ خۆرهه‌ڵات و هه‌ر له‌وێیشه‌وه‌ سوڵتان سه‌لیم و سوڵتانه‌كانى دیكه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌وروپا.

سه‌رده‌مه‌كه‌ گۆڕا و جوگرافیاى سه‌ڵته‌نه‌ته‌كه‌ دابه‌ش بوو و له‌سه‌ر داروپه‌ردووه‌كه‌ى ده‌وڵه‌ت و شانشین دامه‌زران و ئیمپراتۆریه‌ته‌كانیش سوان و له‌ناوچوون. به‌ڵام دیمه‌شق هێشتا هه‌ر به‌ نێوه‌ندى ملوانكه‌ى مه‌شریق ماوه‌ته‌وه‌ و تووشى ئه‌و غه‌زه‌وات و داگیركارییانه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و له‌به‌ریه‌كترازانى سه‌ڵته‌نه‌ت، له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى رابردوو و پێش ئه‌ویشدا، رانه‌وه‌ستاوه‌ و به‌رده‌وامه‌. با جه‌نگه‌كانى خاچبه‌ده‌سته‌كان و داگیركاریى فره‌نسى به‌ هه‌مئاهه‌نگیى له‌گه‌ڵ بریتانیا، بیربێنینه‌وه‌. بێگومان داگیركردنى فه‌له‌ستین و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل-یشمان له‌بیرناچێت تا بكرێته‌ گرنگترین بنكه‌ بۆ دابه‌شكردنى مه‌شریق و ملپێكه‌چكردنى.

له‌ ئێستادا و دواى داگیركردنى عه‌فرین، ئه‌ردۆغان چاوه‌ڕێى لێكتێگه‌یشتنه‌ له‌گه‌ڵ تره‌مپ بۆ دابه‌شكردنى نفوز له‌ سوریا، ئه‌مه‌یش دوابه‌دواى ئه‌وه‌ى كه‌ روسیا ده‌ستبه‌ردارى به‌ڵێن و په‌یمانه‌كانى خۆى بوو له‌ پاراستنى ناوچه‌كه‌دا و دیمه‌شق-یش سه‌رقاڵبووه‌ به‌ به‌ره‌ى جه‌نگى باشوریه‌وه‌. لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌یش وا باسده‌كرێت كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستبه‌رداربوونى واشنتۆن بێت له‌ كورده‌كان و ده‌رفه‌ت ره‌خساندن له‌به‌رده‌م سه‌رۆكى توركیادا بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌ سنووریه‌كانیان لێ (پاك) بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنى نه‌خشه‌ كۆنه‌ تازه‌كراوه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ بڕینى رێگه‌ى تاران-دیمه‌شق-به‌یروت و گۆڕینى رژێمى سوریا له‌ چوارچێوه‌ى ستراتیژیه‌تێكى فراوانتر بۆ جێبه‌جێكردنى (پێكهاتنى سه‌ده‌).

ئه‌م سیناریۆیه‌، كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندووه‌ و كار بۆ جێبه‌جێكردنى ده‌كات، پێویستى به‌ بێلایه‌نیى روسیا و نه‌هێشتنى (ده‌ستكه‌وته‌كانى)یه‌تى له‌ سوریادا. هه‌روه‌ك پێویستى به‌ شه‌ڕى زۆرى دیكه‌یش هه‌یه‌. شه‌ڕگه‌لێك كه‌ ره‌نگه‌ ببنه‌ جه‌نگى ناوخۆیى و په‌لبهاون بۆ زیاد له‌ ده‌وڵه‌تێكى ناوچه‌كه‌. چونكه‌ كورده‌كانى توركیا (ژماره‌یان به‌ بیست ملیۆن مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت) ته‌نیا وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك، له‌به‌رامبه‌ر كاره‌ساتى عه‌فرین و ده‌وروبه‌رى، ناوه‌ستن. جموجووڵه‌كانیان له‌ ناوخۆدا شێوازێكى توندوتیژ وه‌رده‌گرێت، چونكه‌ لایه‌نه‌كه‌ى ترى هاوكێشه‌كه‌ ساڵانێكه‌ له‌ دژیان كار و ئاماده‌سازیى ده‌كات، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ له‌ جه‌نگى پارتیزانیدان بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌ندێك له‌ مافه‌كانیان. 

به‌ واتایه‌كى تر عه‌لمانیه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ سوودى بۆ توركیا نابێت دواى ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان له‌ناویبرد و وایلێهاتووه‌ (ئیخوان) راى گشتیى ئاراسته‌ ده‌كات و ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر رۆژنامه‌ و میدیایشدا و گه‌یشتوونه‌ته‌ پێگه‌ى به‌رپرسیارێتى له‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و ئه‌من و سوپادا، ئه‌و سوپایه‌ى كه‌ رۆژێك بوو  پارێزه‌رى عه‌لمانیه‌ت بوو. 

دۆزى كورد، به‌لاى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و توركیاوه‌، بناغه‌ى لێكگه‌یشتنى نێوانیانه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردنى نفوز و ده‌سه‌ڵات له‌ سوریادا. لێره‌دا لایه‌نێكى دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت سوود له‌ ئه‌زموونه‌كه‌ى عێراق وه‌ربگرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێكى نێوه‌ند كه‌ هه‌ردوو لا رازیى بكات. هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌ كرده‌وه‌ له‌ به‌غدا دابڕاوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كى باشى له‌گه‌ڵ واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌یه‌. هیچ شتێكیش رێگریى له‌ كورده‌كانى باكورى سوریا ناكات كه‌ قه‌واره‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ خۆیان دابمه‌زرێنن، ئه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌كى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى به‌ هاوكاریى ئه‌مریكیه‌كان بۆ  خۆیان رابگه‌یه‌نن. دامه‌زراندنى ئه‌م قه‌واره‌یه‌ ده‌بێته‌ چاره‌سه‌رێكى كاتیى بۆ ناكۆكیه‌كانى نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌. به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانى له‌ ماوه‌یه‌كى دوورمه‌ودادا ده‌بێته‌ كاره‌سات بۆ ئه‌نقه‌ره‌ و دیمه‌شق پێكه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌ڵێنبۆدراوه‌، ده‌بێته‌ یه‌كه‌م خشتى دابه‌شكردنى سوریا و له‌گه‌ڵیشیدا توركیا و مه‌شریق و ئه‌مه‌یش سه‌ره‌تاى هه‌ره‌سهێنانى خه‌ونه‌كانى ئه‌ردۆغان-ه‌.

داگیركردنى عه‌فرین و هه‌وڵدان بۆ دابه‌شكردن، زه‌مینه‌سازییه‌كى سیحرییه‌ بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ى جه‌نگه‌كان له‌ سوریا و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر سوریا-یش.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure