ترەمپ وەزیری دەرەوەی دەردەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 26/03/2018

نووسینی: جهاد ئەلخازن
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، ریكس تیلەرسۆن-ی لە كاری وەزیریی دەرەوە دەركرد و لەجێی ئەو مایك پۆمپیۆ-ی سەرۆكی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریكای دانا كە پێشتر ئەندامێكی كۆنگرێس بوو لە (پارتی چا-  Tea Party)ی راستڕەو. 


 تیلەرسۆن لە ترەمپ باشتر بوو، جێمس ماتیس-ی وەزیری بەرگریش وەك ئەوە. دەیشتوانم ناوی سێ‌ چوار ئەندامی تری ئیدارەی ترەمپ بنووسم كە هەموویان لە كارەكانیاندا لە سەرۆك باشترن.

تیلەرسۆن، پێشتر لەگەڵ ترەمپ-دا جیاواز بوو لە هەڵوێستی بەرامبەر كۆریای باكور و ئێران، رەنگە هەر لەبەر ئەم هۆكارەیش بێت كە ترەمپ دەڵێت پۆمپیۆ لە بیركردنەوەدا لە خۆم دەچێت. واتا پێش ئەوەی بیربكاتەوە قسە دەكات.

پێش چەند رۆژێك لە دەركردنی تیلەرسۆن، گاری كۆهن دەستی لە كارەكەی، وەك راوێژكارێكی سەرۆك بۆ كاروباری دارایی، كێشایەوە، ئەمەیش وەك ناڕەزایی دەربڕینی بەرامبەر لابردنی باج لەلایەن سەرۆكەوە لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆمی هاوردەكراو. دوای تیلەرسۆن كێیە؟ هەندێك دەڵێن هـ. ر. ماكماستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و دەیڤید شولكین وەزیری كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكانن. 

تیلەرسۆن، پێشتر سەرۆكی گەورە كۆمپانیای ئەكسۆن مۆبێل-ی بواری نەوت بووە و بەوە ناسراوە كە كەسێكی راشكاوە. لەگەڵ ماتیس و جۆن كێلی سەرۆكی فەرمانبەرانی كۆشكی سپی هاوپەیمانێتیەكی سێ‌ قۆڵییان پێكهێنا. سیناتۆر بۆب كۆركیر كە لە كۆمارییەكانی ویلایەتی تنیسی و سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیران-ە، لە وەسفی ئەو هاوپەیمانێتیەدا دەڵێت "پیاوانێكی تێدان كە دەتوانن وڵات لە ئاژاوە دووربخەنەوە".  

بێگومان تیلەرسۆن ناكۆك بوو لەگەڵ سەرۆك لە هەڵوێستیدا بەرامبەر ناكۆكیی نێوان قەتەر و شانشینی سعودیە و دەوڵەتەكانی تر كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند. هەروەها لە وەڵامدانەوەكەی ئەمریكایش دەربارەی دوژمنایەتیەكەی روسیا لەڕێی ئینتەرنێتەوە و دەستوەردان لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكانی ئەمریكا.

جینا هاسپل-ی جێگری، جیگەی پۆمپیۆ-ی لە ئاژانسەكەدا گرتەوە، بەڵام خراپترین شتێك كە دەربارەی خوێندبێتمەوە پشتگیریكردنەكەی هێنری كیسنجەر بووە بۆ هەڵبژاردنی بە وەزیری دەرەوە. هەروەها دەڵێت (شارەزاییەكانی) شیاوی ئەوەن كە پۆمپیۆ لەو پۆستەدا بێت چونكە شارەزایی و پسپۆریەكەی وایلێدەكات بەشێوەیەكی باشتر لە پەیوەندییە سیاسیەكان تێبگات و كاریان لەسەر بكات. 

كیسنجەر جوولەكەیەكی ئەمریكیی لەدایكبووی ئەوروپایە و پشتیوانی ئیسرائیل و لایەنگرەكانیەتی. ئەوەم لەبیرناچێت كاتێك بە شا فەیسەڵ-ی وت ئەوە لەبیرخۆی بباتەوە كە  موسڵمانە و میوانەكەی جووە. ئەوەبوو شا هۆڵی كۆبوونەوەكەی جێهێشت و بەدوایدا یاریدەدەرەكانیشی چوونە دەرەوە. 

سەرۆك ترەمپ بە تویتێك لابردنی تیلەرسۆن-ی راگەیاند. دواتر وتی بیر لە دانانی لاری كۆدلۆڤ لە جێگەی كۆهن دەكاتەوە وەك راوێژكارێكی ئابوریی. كۆدلۆڤ لە ئیدارەكەی رۆناڵد رێگان كاریكردووە و ئێستا شرۆڤەكارێكی هەواڵەكانە لە كەناڵی (سی ئێن بی سی). ترەمپ ستایشی ئەوی كردووە لە هەڵوێستی بەرامبەر باج و دەڵێت ساڵانێكە هاوڕێی یەكترن و وەك خۆی بیردەكاتەوە. هەردووكیان حەفتا ساڵ تەمەنیان تێپەڕاندووە. 

نامەوێت ستەم لە دۆناڵد ترەمپ بكەم چونكە ئەو خۆی ستەمێكی زۆر لەخۆی دەكات لەو تویتە درۆزنانەوە كە میدیای ئەمریكا رۆژ لەدوای رۆژ بۆی راستدەكەنەوە، بەڵام لەو باوەڕەدام یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دەركردنی تیلەرسۆرن، ئەو قسەیەی بوو كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا بە ترەمپی وت moron. مۆرۆن وشەیەكی رەشۆكیی ناو خەڵكە و بە ئینگلیزیی مانای گەلحۆ یان گەمژە یان گێژو وڕ یاخود حەپۆل دەگەیەنێت. ئەم خەسڵەتە جوێنێكە و لەم رۆژنامەیەی ئێمەدا جێی نابێتەوە.

جار دوای جار لەم گۆشەیەدا دەربارەی ئەندامانی دەستلەكاركێشاوە یان دەركراوی ئیدارەی ترەمپ-م نووسیوە و دڵنیایشم كەسانی دیكەیان بەدوادادێن، چونكە سەرۆك ئیدارەیەكی وەك خۆیی دەوێت، واتا ئیدارەیەكی دەوێت كە پێش ئەوەی بیربكاتەوە قسە بكات. لێرەدا هێندە بەسە ئاماژە بە تویتە بەردەوامەكانی لە دژی سەرۆك باراك ئۆباما بدەم، ئەمە لەكاتێكدا كە لە توێژینەوەیەكدا دەربارەی كاربەجێهێنانی سەرۆكەكان، ئۆباما لە ریزی دە یەكەمەكاندا و ترەمپ-یش لە دوادوادا بووە.  

هەر بۆیە كاتێك ترەمپ هێرشی كردە سەر جێمی كیمیل-ی میدیاكار كە خەڵاتەكانی ئۆسكاری پێشكەش دەكرد، ئەو ئاوا وەڵامی دایەوە: سوپاس بۆ خراپترین سەرۆك لە مێژوودا.
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure