دووقۆڵییه‌كه‌ى بن سه‌لمان و بن سوڵتان له‌گه‌ڵ تره‌مپ و پۆمپیۆ

بۆچوون / بیروڕا :: 25/03/2018

نووسینى: فادى وه‌هیب
سه‌رچاوه‌: ئه‌لدیار
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

له‌گه‌ڵ دیمه‌نى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌نده‌ر بن سوڵتان به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووترى هه‌واڵگریى سعودیه‌ بۆ به‌رده‌م كامێرا و شاشه‌كان، دواى ئه‌وه‌ى مانگى رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار له‌و كاته‌وه‌ى له‌ پۆسته‌كه‌ى ده‌ركرا چووه‌ دیوانى پاشایه‌تى و 12 سه‌عات مایه‌وه‌ و له‌ سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ و كاروبارى میدیایى له‌ دیوانى مه‌له‌كى موحازه‌ره‌یه‌كى ده‌رباره‌ى سیاسه‌ت و ئاساییش پێشكه‌ش كرد كه‌ چوار سه‌عاتى خایاند، پاشان له‌گه‌ڵ جێنشیندا ئاماده‌ى ئاهه‌نگى هاوبه‌شێتیى سعودیه‌ و ئه‌مریكا بوو كه‌ رۆژى 22ى ئازار له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان رێكخرا، له‌ دواى ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ ریشه‌ییه‌ى كه‌ ناو ماڵى سعودیه‌ى گرته‌وه‌ له‌ ئاستى شازاده‌ى شاره‌كان و فه‌رمانده‌كانى سوپا و راوێژكارانى پاشا و جێنشینى سعودیه‌، هاوكات گۆڕانكارییه‌كى ریشه‌ییش له‌ كۆشكى سپیى ئه‌مریكادا روو ده‌دات، دواى ئه‌وه‌ى تره‌مپ كۆى تیمه‌كه‌ى خۆیى گۆڕى كه‌ دواترینیان لابردنى رێكس تیله‌رسۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و هێنانى مایك پۆمپیۆ-ى به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌واڵگریى بوو بۆ جێگرتنه‌وه‌ى، دواتریش دانانى جۆن بۆڵتن-ى راستڕه‌وى توندڕه‌وى ته‌مه‌ن شه‌ست و نۆ ساڵ كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڵۆكانى به‌رگریى داده‌نرێت و نوێنه‌رى پێشووى سه‌رده‌مى جۆرج ده‌بلیو بوش-ى سه‌رۆكى پێشووتر بووه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌هێزترین لایه‌نگرى به‌كارهێنانى هێزه‌ له‌ دژى كۆریاى باكور و ئێران، دانان و دامه‌زراندنى به‌ جێگره‌وه‌ى هێربێرت ماكماسته‌ر بۆ راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى تره‌مپ.

لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ گرنگانه‌ى، هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ى جێنشین بۆ له‌نده‌ن و واشنتۆن، تره‌مپ ئه‌نجامیدان، هه‌روا به‌ڕێكه‌وت نه‌بوون، چونكه‌ شازاده‌ گه‌نجه‌كه‌ و سندوقه‌ سیادیه‌كانى وڵاته‌كه‌ى رۆڵێكى گه‌وره‌ و گرنگیان گێڕا له‌ گۆڕانكارییه‌كانى كۆشكى سپیدا. ئه‌وه‌بوو تره‌مپ-یش باسى لێوه‌كرد كاتێك له‌گه‌ڵ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان-دا كۆبووه‌ و باسیان له‌ سامانى سعودیه‌ كرد. جۆن بۆڵتن-ى راوێژكارى تازه‌، له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى تره‌مپ له‌گه‌ڵ بن سه‌لمان، ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌ى پێ راگه‌یه‌نرا، ئه‌وه‌بوو له‌میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بن سه‌لمان-دا تره‌مپ به‌ تویتێك هه‌واڵى دامه‌زراندنى بۆڵتن-ى راگه‌یاند.

ئه‌و پرسیاره‌ى كه‌ لێره‌دا خۆى ده‌سه‌پێنێت: بۆچى ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه‌ى كه‌ به‌كۆ و به‌م رێگه‌ى تویته‌ره‌ له‌ ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن به‌هێزترین ئابورى و گه‌وره‌ترین سه‌ربازیى وه‌ك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا رووده‌ده‌ن نه‌ك له‌ كۆماره‌كانى مۆز-دا؟ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ مێژووى خۆیدا شتى واى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌!! ئه‌ى ئه‌م هه‌موو گۆڕانكارییانه‌ له‌و قۆناغه‌دا، بۆچى؟ ئاخۆ ده‌موچاوه‌ تازه‌كان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و نه‌خشه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن؟.
 
له‌ڕاستیدا وه‌ڵامه‌كه‌ روون و ئاشكرایه‌ لاى هه‌موان، ئه‌مه‌یش له‌ نامه‌كه‌ى هاوڕێیه‌كى جۆن بۆڵتن-دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌ویش دكتۆر وه‌لید فارس-ه‌، كاتێك هاوڕێكه‌ى بووه‌ راوێژكارى تازه‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى وتى"دانانى بۆڵتن وه‌ك راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى بۆ سه‌رۆك تره‌مپ، هه‌واڵێكى خۆشه‌ بۆ عه‌ره‌ب (سعودیه‌)" چونكه‌ ئامانجى داهاتووى هه‌موو ئه‌مانه‌ دیاره‌ كه‌ كێیه‌، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى كه‌ حه‌وت ساڵه‌ سوریا خوێنى له‌به‌ر ده‌ڕوات. هه‌ڵۆكان كه‌وتوونه‌ته‌ هێلانه‌ دروستكردن له‌ هه‌موو ماڵێكى سعودیه‌ و له‌ كۆشكى سپیى ئه‌مریكایشدا. ئامانجه‌كانیش له‌رێى لێدوانه‌كانى ئه‌و هه‌ڵۆیانه‌وه‌ روون و زانراون و چیدى شتێكى وا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕیێ بكرێت مه‌گه‌ر زانینى ئه‌وه‌ى كه‌ كه‌ى ئه‌و هه‌ڵۆیانه‌ به‌ره‌و ئامانجه‌كانیان ده‌فڕن؟ ئاخۆ به‌ لێدانێكى شاراوه‌ ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ پێنتاگۆن-ه‌وه‌ پێیانوایه‌، یاخود به‌هۆى شۆڕشه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كانى هاوشێوه‌ى شۆڕشه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى-یه‌وه‌ ده‌بێت. (به‌م نزیكانه‌ له‌ ئێران ده‌ست پێده‌كات) وه‌ك تیۆریستانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و هه‌واڵگریى ئه‌مریكا بۆى ده‌چن.

سعودیه‌، وه‌ك جێنشین ده‌ڵێت، چه‌ند مانگێكه‌ شه‌ڕه‌كه‌ى گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ ناو ئێران، ئه‌مه‌یش به‌ چه‌ندین ئامراز، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ ئۆپۆزیسیۆنى ئێران به‌ سه‌ركردایه‌تى مریه‌م ره‌جه‌وى و یه‌كه‌م پشتیوانیان شازاده‌ توركى فه‌یسه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووترى هه‌واڵگریى سعودیه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌ى ئۆپۆزیسیۆنى ئێران له‌ مانگى رابردوو له‌ پاریس شانبه‌شانیان وه‌ستا و هوتافى (گه‌ل رووخانى رژێمى مه‌لاكانى ده‌وێت)ى ده‌وته‌وه‌. هه‌روه‌ها كارتى ئازادكردنى ئه‌هواز (كه‌ ریاز بازرگانیى و سازشى زۆرى پێوه‌كرد). یاخود له‌رێى كارتى پشتگیریكردنى رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانى سه‌ر سنووره‌كانى پاكستان-ئێران، وه‌ك ئه‌وه‌ى ساڵى رابردوو 10 سه‌ربازى پاسه‌وانى سنووره‌كانى ئێران-یان كوشت، خۆ ئه‌گه‌ر پاكستان له‌ وه‌ڵام و په‌رچه‌كردارى ئێران نه‌ترسایه‌ ئه‌وا خاكى خۆیى بۆ ده‌كردنه‌وه‌ و تاوه‌ره‌كانى په‌یوه‌ندیى و باره‌ چه‌كه‌كانیان له‌ سنووره‌كانى ئێرانه‌وه‌ بۆ داده‌نان و (Military Operation Cooperation-ژوورى مۆك)یان بۆ داده‌مه‌زراندن، به‌ڵام ئیسرائیل ئازه‌ربایجان-ى راسپارد بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆى بوونى ئه‌منى و سه‌ربازى و ئابورى و كلتوریى ئیسرائیل-ه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ دراوسێ باكوره‌ى ئێراندا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌یشدا هێشتا سعودیه‌ واى پێباشتره‌ كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ پێویستى به‌ پشتگیریى زیارتر له‌ ئه‌مریكاوه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامێكى هه‌بێت، ئه‌و پێشوه‌خته‌ باجى خۆیى داوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ مانگى ئایارى رابردوودا كردى له‌ میانه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى تره‌مپ بۆ ریاز، له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قه‌ته‌ردا.

بۆ ئه‌وه‌ى وێنه‌كه‌ به‌ته‌واوى ببینین نابێت دۆخ و هه‌لومه‌رجى نێوان واشنتۆن و ئه‌وروپا، به‌دیاریكراوییش به‌رلین و پاریس-مان له‌بیربچێت. ئاخۆ سیاسه‌تى نێوان ئه‌مانه‌ چۆنه‌ له‌ سایه‌ى ویستى ئه‌مریكا له‌ پارچه‌پارچه‌كردنى ئه‌وروپادا له‌ دواى ده‌رچوونى بریتانیا له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا و نیازى فره‌نسا و ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌ربه‌خۆیى له‌ دۆسیه‌ گرنگه‌كان و دوورخستنه‌وه‌یان له‌ كۆنترۆڵ و هه‌ژموونى ئه‌مریكا. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌ردوو وه‌زیرى به‌رگریى فره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌ راشكاویى له‌ دواین كۆنگره‌ى میونیخ-دا گوزارشتیان لێكرد و ئاره‌زوو و ویستى خۆیان راگه‌یاند بۆ دامه‌زراندنى هێزێكى هاوبه‌شى ئه‌وروپایى دوور له‌ هه‌ژموون و رێنوێنیى بریتانى و ئه‌مریكى. 

ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ لێكدانه‌وه‌ و شرۆڤه‌ى زۆرى سیاسه‌تى جیاوازى بۆ ده‌كرێت كه‌ ئه‌ڵمانیا و فره‌نسا له‌ دژى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن. لایه‌نگریى ئه‌ڵمانیا و فره‌نسا بۆ قه‌ته‌ر له‌ دژى سعودیه‌ له‌ قه‌یرانه‌كه‌ى قه‌ته‌ر-دا بۆ ئه‌وه‌ بوو شكستى قه‌ته‌ر له‌به‌رده‌م سعودیه‌دا نه‌بێته‌ شكستى ئه‌وان له‌به‌رده‌م ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها ره‌تكردنه‌وه‌ و وه‌ستانه‌وه‌ى فره‌نسا و ئه‌ڵمانیا (كه‌ دوو گرنگترین یاریكه‌رى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بوون) دژى ئه‌وه‌ بوو تره‌مپ ئاماژه‌ى پێدا له‌به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌ك هه‌وره‌ بروسكه‌ له‌ كه‌لـله‌سه‌رى ئه‌مریكاى دا، ره‌تكردنه‌وه‌ى داواكه‌ى واشنتۆن بوو له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حزبوڵـڵاى لوبنانى، به‌ هه‌ردوو باڵى سیاسى و سه‌ربازییه‌وه‌، بخاته‌ لیستى رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆى نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و بریتانیا و فره‌نسا و ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌، به‌ كرده‌وه‌ رابوه‌ستێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە