عه‌فرین كارته‌كانى قه‌یرانى سوریا تێكه‌ڵ ده‌كات

بۆچوون / بیروڕا :: 24/03/2018

سه‌رچاوه‌: ره‌ئى ئه‌لیه‌وم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
هێزه‌كانى توركیا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر شارى عه‌فرین-ى سوریادا دواى ئه‌وه‌ى هێزى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌لى كورد، كه‌ به‌رگرییان لێده‌كرد، پاشه‌كشه‌یان تێدا كرد و ده‌یان هه‌زار له‌ دانیشتوانه‌كه‌ى بۆ پاراستنى خۆیان، شاره‌كه‌یان چۆڵكرد. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ هێزه‌كانى توركیا هان بدات بۆ درێژه‌دان به‌ پلانه‌كه‌یان تا بگه‌نه‌ شاره‌كانى ترى (پشتێنه‌ى تیرۆریستى) كوردى وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رۆك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ وته‌كه‌یدا له‌ كۆنگره‌ى قه‌زا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ وتى.

سه‌رۆك ئه‌ردۆغان كه‌ ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى هێزه‌كانى له‌ شارى عه‌فرین، ده‌گێڕا، له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌ كوردیه‌كان به‌ درێژایى سنووره‌كانى باكورى سوریا له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌ى، له‌ناو ببات. ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ شاره‌كانى ترى وه‌ك مه‌نبج و كۆبانى و گرێ سپى و قامیشلۆ رووبه‌ڕووى هه‌مان چاره‌نووسى عه‌فرین ده‌بنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌كانى توركیا رووبه‌ڕووى به‌رگرییه‌كى وا نه‌بنه‌وه‌ كه‌ رێگرییان لێ بكات ئه‌و ئامانجانه‌ به‌دیبێنن و كۆنترۆڵیان بكات.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سوریا به‌یاننامه‌یه‌كى ده‌ركردووه‌ و تێدا ئیدانه‌ى (داگیركردنى) عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌كات. له‌ نامه‌یه‌كیشدا بۆ ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داواى ده‌ستبه‌جێ كشانه‌وه‌ى هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان ده‌كات. ئه‌مه‌یش چه‌ندین پرسیار ده‌رباره‌ى هه‌ڵوێستى ره‌سمیى سوریا له‌مه‌ڕ ئه‌م داگیركارییه‌ى توركیا ده‌ورووژێنێت. 

جێى سه‌رنج بوو كه‌ به‌یاننامه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سوریا هیچ هه‌ڵوێستێكى دیكه‌ى تێدانه‌بوو بێجگه‌ له‌ ئیدانه‌ و داواى پاشه‌كشه‌، ئیتر هه‌ڕه‌شه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازیى هێزى داگیركه‌رى توركیاى نه‌كردبوو، یان چوونى سوپاى سوریا بۆ ئازادكردنى عه‌فرین. ئه‌مه‌یش ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ده‌ڵێت لێكگه‌یشتنى (نهێنى) له‌ نێوان سوریا و توركیا و به‌چاودێریى روسیا له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌بووه‌. جگه‌ له‌مه‌ سه‌ركردایه‌تى سوریا نایه‌وێت هێزه‌كانى سوپاكه‌ى په‌رت و بڵاوببنه‌وه‌ و سه‌رقاڵیان بكات به‌ شه‌ڕى تازه‌وه‌ و نه‌یپه‌رژێته‌ سه‌ر ته‌واوكردنى ئه‌ركه‌كانى له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى غۆته‌ى خۆرهه‌ڵات كه‌ ئێستا نزیكه‌ى 85%ى لێ كۆنترۆڵ كردووه‌ته‌وه‌. بینیشمان كه‌ به‌شار ئه‌سه‌د-ى سه‌رۆكى سوریا به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى به‌ناو غۆته‌دا ده‌گه‌ڕا و پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ى له‌ سه‌ربازه‌كانى ده‌كرد.

 تیرۆییه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت ره‌نگه‌ سه‌ركردایه‌تى سوریا گه‌وره‌ترین سوودمه‌ندى ئۆپراسیۆنى (چڵه‌ زه‌یتون)ى توركى بێت ئیتر ئه‌نجامه‌كه‌ى هه‌رچۆنێك بكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ شارى عه‌فرین هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى سوریادا نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌لى كورد-دا بوو كه‌ ئیداره‌یه‌كى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى تێدا دامه‌زراندبوو و ئاڵاى كوردى به‌ سه‌ره‌وه‌ به‌رزكرابووه‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نێكى تایبه‌تى سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا و رێگه‌ به‌ عه‌ره‌به‌كانى سوریا نه‌ده‌درا، به‌ مۆڵه‌تى تایبه‌ت نه‌بێت، بچنه‌ ناویه‌وه‌.

خاڵێكى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌كانى توركیا به‌ره‌و (پشتێنه‌ كوردیه‌كه‌) له‌ باكورى سوریا پێشڕه‌ویى بكه‌ن بۆ له‌ناوبردنى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات، ئه‌مه‌یش هه‌ر ده‌چێته‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندیى دیمه‌شق-ه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م پشتێنه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدایه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یش كه‌ ئه‌م پێشڕه‌ویه‌ سه‌ربازییه‌ى توركیا، یه‌كه‌م: رووبه‌ڕووى به‌رگرییه‌كى توند ده‌بێته‌وه‌ و دووه‌م: پێكدادانى ئه‌مریكا-توركیا كه‌ ئه‌گه‌رێكه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌هیچ جۆرێك دووربخرێته‌وه‌.

سه‌رۆك ئه‌ردۆغان له‌م رۆژانه‌دا له‌ بارێكى هه‌ڵچوون و تینووى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا ده‌ژى، له‌ راست و چه‌پى خۆى ده‌دات، ده‌ست له‌ لێدانى هه‌ڵناگرێت تا ئه‌و میلیشیا كوردیانه‌ له‌ناونه‌بات كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بارى زیاتر له‌ 5000 لۆرى تازه‌ترین چه‌ك و نیشانپێكترینى بۆ ناردوون و هه‌ندێكیان گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌ستى پارتى كرێكارانى كوردستان و بووه‌ته‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر سه‌قامگیریى توركیا و یه‌كێتیى خاك و دیموگرافیه‌كه‌ى.  

ئه‌وه‌ى ئه‌م باره‌ ده‌روونیه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌وه‌ بوو كه‌ رۆژى دوو شه‌ممه‌ رێكه‌وتى 19ى ئازار هه‌ڕه‌شه‌ى داگیركردنى شارى شه‌نگال-ى سه‌ر سنوورى هه‌رێمى كوردستانى عێراقى كرد بۆ پاككردنه‌وه‌ى له‌ هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان-ى جودایخواز كه‌ توركیا ده‌ڵێت چوونه‌ته‌ ناو ئه‌و شاره‌ زۆرینه‌ ئێزیدیه‌وه‌ و كردوویانه‌ته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانى توركیا له‌ باكور. 

شكستى كورد له‌ باكورى سوریا له‌سه‌ر ده‌ستى توركه‌كان، ره‌نگه‌ هه‌ندێك وایببینن كه‌ ده‌ستكه‌وتێكه‌ بۆ حكومه‌تى سوریا چونكه‌ ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ سوریا جیاببنه‌وه‌ و به‌ پشتیوانیى ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى خۆیان دامه‌زرێنن، به‌ڵام شكستى پلانه‌كه‌ى توركیا بۆ له‌ناوبردنیان و پاككردنه‌وه‌ى باكورى سوریا لێیان و رێگرتن له‌ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان، خزمه‌تى ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌كات چونكه‌ جڵه‌وكردنى هه‌ڵچوونى تورك و شكستهێنانى، ده‌ڕژێته‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌وه‌وه‌ لانیكه‌م بۆ ماوه‌یه‌كى دیاریكراو، چونكه‌ كردنه‌وه‌ى به‌ره‌یه‌كى جه‌نگ له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا به‌ دوا بژارده‌ى سوپاى سوریاى عه‌ره‌بى داده‌نرێت له‌م قۆناغه‌دا.

 تیۆرى زیره‌كانه‌ى سوریا ده‌ڵێت كورده‌ یاخییه‌كان و توركه‌كان دوژمنن و له‌نێوان خۆیاندا شه‌ڕ ده‌كه‌ن، هه‌ردووكیشیان مه‌ترسین بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تى ناوه‌ند و یه‌كێتى خاكى سوریا، ئیتر با تێكبه‌ربن و یه‌كترى بكوژن. هه‌ركاتێكیش ئه‌نجامه‌كان ده‌ركه‌وتن ئه‌وكاته‌ قسه‌ى خۆى ده‌كات. 

ره‌نگه‌ توركیا له‌ ده‌ستبه‌رسه‌رداگرتنى عه‌فرین سه‌ركه‌وتوو بووبێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنێك كه‌ ده‌شێت له‌رووى سیاسى و سه‌ربازییشه‌وه‌ زۆرى تێبچێت، چونكه‌ یه‌كه‌م: ده‌بێت ئارامى و سه‌قامگیریى بۆ شاره‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌، دووه‌م: هه‌وڵبدات هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆى، سێیه‌م: رووبه‌ڕووى شه‌ڕى پارتیزانى ده‌بێته‌وه‌ له‌ ده‌ورووبه‌رى و ره‌نگه‌ له‌ قووڵایى شاره‌كه‌یشدا، چواره‌م: بیكاته‌ بنكه‌ى ده‌رچوونى به‌ره‌و مه‌نبج و گرێ سپى و كۆبانى و قامیشلۆ و پێنجه‌میش چۆنیه‌تى دابینكردنى هه‌موو پێویستیه‌كانى ژیانێكى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یه‌ له‌ خۆراك و حه‌وانه‌وه‌ و كار بۆ ئه‌وانه‌ى بۆى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانیان.

سوپاى سوریاى ئازاد-یش هێنده‌ له‌م (سه‌ركه‌وتن)ه‌ سوودمه‌ند نه‌بوو و هه‌ندێك هه‌ن پێیانوایه‌ كه‌ زۆرترین زیانى به‌ركه‌وتووه‌. ئێستا وایلێهاتووه‌ به‌ باڵێكى سه‌ربازیى توركیا داده‌نرێت و له‌ژێر ئاڵاى ئه‌ودا شه‌ڕده‌كات و خاكى سوریا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌و داگیر ده‌كات و به‌شدارده‌بێت له‌ كۆچ و ڕه‌وپێكردنى خه‌ڵكه‌كه‌ى و هه‌یبه‌ت و سومعه‌ى خۆیى له‌ده‌ستدا كاتێك ئه‌وه‌ بینرا كه‌ هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامه‌كانى ماڵ و شوێنه‌ بازرگانییه‌كانیان تاڵان ده‌كرد و كه‌لوپه‌له‌كانیان ده‌خستنه‌ بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه‌ و ده‌یانبردن بۆ غازى عه‌نتاب. هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانى ئۆپۆزیسیۆنى سوریا، وه‌ك محه‌مه‌د علوش سه‌ركرده‌ى جه‌یشى ئیسلام كه‌ دیارترین گروپى چه‌كدارى غۆته‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌ڕێز خالد خۆجه‌ سه‌رۆكى پێشووى ئیئتیلافى سوریاى ئازاد، ئه‌و تاڵانوبڕۆیانه‌یان ئیدانه‌ كرد.

شارى عه‌فرین كارته‌كانى قه‌یرانى سوریا تێكه‌ڵاو ده‌كات و ره‌نگه‌ ئاڵۆزتریشى بكات. زیاده‌ڕۆییش نییه‌ ئه‌گه‌ بڵێین ره‌نگه‌ رژێمى سوریا كه‌مترین زیانى به‌ربكه‌وێت ئه‌گه‌ر زۆرترین قازانجیش نه‌كات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە