زه‌لامێكى تر

بۆچوون / بیروڕا :: 20/03/2018

× گه‌وره‌م ئه‌توانى بۆم شه‌رح بكه‌ى نیفاق چى یه‌؟
ـ نیفاق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئینسانى مونافیق ئه‌یكات.
× ئینسانى مونافیق چى ئه‌كات؟
ـ نیفاق.
× ئه‌وه‌ چى یه‌ به‌گم ئه‌ڵێ ى پێم رائه‌بوێرى!!
ـ پێت رانابوێرم، جوابى سوئاله‌كه‌ت ئه‌ده‌مه‌وه‌.
× جا توو سه‌رى خۆت ئه‌وه‌ جوابه‌؟
ـ ئه‌ى ئه‌وه‌ سوئاله‌ بێ ئه‌قڵ؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ نیفاق چى یه‌؟
× به‌خوا من نایزانم.. به‌ كوردى چى پێ ئه‌ڵێن؟
ـ به‌كوردى هیچى پێ ناڵێن. سیاسه‌تى پێ ئه‌كه‌ن.
× باسى سیاسه‌ت واز لێ بێنه‌ قوربان، وه‌زعى سه‌ره‌وه‌ زۆر باش نى یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ دواى ریفراندۆمه‌وه‌.
ـ سه‌یره‌ به‌ڕاستى! ریفراندۆم حیزبه‌كه‌ى ئه‌ولا كردى كه‌چى جه‌ماعه‌تى سه‌ره‌وه‌ى ئه‌ملاى داغان كرد.
× عه‌ینه‌ن نوكته‌ى كابراكه‌ گه‌وره‌م.
نوكته‌كه‌: زه‌لامێك له‌سه‌ربان خۆى هه‌ڵ ئه‌داته‌ خواره‌وه‌، ئه‌كه‌وێت به‌سه‌ر كابرایه‌كى داماودا ملى ئه‌شكێنێ. ها ئێستا ئه‌مرێ ها سه‌عاتێكى تر. خه‌ڵك و خوا ئه‌چن به‌لایه‌وه‌ و هه‌واڵى ئه‌پرسن: وه‌زعت چۆنه‌؟
ئه‌ڵێ له‌وه‌ خراپتر هه‌یه‌ برا؟ زه‌لامێكى تر له‌سه‌ربان خۆى هه‌ڵ ئه‌داته‌ خواره‌وه‌ كه‌چى ملى من ئه‌شكێ!؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure