دانایی لە قۆشمەچی-یەوە فێربە

بۆچوون / بیروڕا :: 19/03/2018

نووسینی: خالید ئەلقەشتینی
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

پاشا و میرەكانی ئەوروپا واڕاهاتبوون خەڵكانی قسەخۆش بخەنە دەوروبەری خۆیانەوە كە كەسێتییەكی لێبوك-یان هەبێت و جلوبەرگی شڕوشۆڕی رەنگاوڕەنگی پێكەنیناویی لەبەر بكەن و زەنگۆڵە و گوڵەنگ بكەن بە سەریانەوە و خۆیان وەك شێت و گێل و چەقاوەسوو دەربخەن. بەزۆرییش ئەمانە ئازادییەكی بێسنووریان دراوەتێ‌ دەربارەی ئەوەی چی دەڵێن و چی دەكەن و چۆن بەناو كۆشكی پاشایەتیدا دێن و دەڕۆن بێ‌ ئەوەی دەست بخرێتە رێیان. 

یاوەری پاشا دەبوو بۆ هەرلایەك بچوایە و لە نزیكیەوە دادەنیشت بۆ ئەوەی بە قسە سەیر و نوكتە خۆشەكانی، كە زۆرجار ئامۆژگاریی جوانیان تێدابوون، هاومەجلیسی بێت. زۆرجار ئەو كەسانە رۆشنبیرییەكی خۆڕسكانەیان هەبووە. 
   
نموونەی زۆری كەسێتیی قۆشمەچی لە شانۆنامەكانی شكسپیر-دا دەدۆزینەوە كە لە رێگەیانەوە دانایی و ئامۆژگاری و گاڵتەوگەپەكانی خۆیی دەگەیەنێتە بینەران.

یەكێك لە بەناوبانگترین گاڵتەچییەكان لە سەردەمی رێنیسانسی ئەورپادا تریبۆلە بووە كە لە خزمەتی فرانسوای یەكەم، پاشای بەناوبانگی فرەنسا لە سەدەی شازدەدا، بووە. فرانسوای یەكەم لە ناكۆكییەكی توندا بووە لەگەڵ شارلكان-ی ئیمپراتۆردا. بەڵام رۆژێكیان ئیمپراتۆر ناچاردەبێت كە بە ناو فرەنسادا تێپەڕێت بۆ ئەوەی بگاتە شانشینی هۆڵەندا. تكای لە پاشای فرەنسا كرد مۆڵەتی بدات و (رێگە و سەلامەتیی بپارێزێت) و لەوێوە بڕوات. پاشا بیری لە بابەتەكە كردەوە بەڵام پەنایەكی وا ئارامی نەدۆزییەوە تا ئەو مۆڵەتە بە ئیمپراتۆر بدات. تریبۆلە بابەتەكە دەبیستێت و دەفتەرە تایبەتەكەی دەردێنێت، ئەو دەفتەرەی ناوی ئەو شێتانەی تێدا تۆمار دەكرد كە ناسیوونی. دەفتەرەكەی كردەوە و ناوی شارلكان-ی ئیمپراتۆری تێدا نووسی.

فرانسوا یەكەم چاویی لێ‌ بوو و لێیپرسی "ئەوە چییە؟"، ئەویش وەڵامیدایەوە و وتی "خاوەن شكۆ، ئەگەر دەستگیرت بكردایە ئەوا ناوی ئەوم دەخستە ریزی ناوی شێتەكانەوە، خۆ ئەگەر رێگەت بدایە بە فرەنسادا تێپەڕێت ئەوا یەكسەر ناوی ئەوم دەكوژاندەوە و ناوەكەی تۆم دەخستە شوێنی". بێگومان رەفتاری قۆشمەچییەكان و زماندرێژییان زۆرجار ئەندامانی دەوروبەری پاشای تەواو تووڕە دەكرد، بۆیە یەكێك لەوانە، قۆڵی تریبۆلە دەگرێت و هەڕەشەی ئەوەی لێدەكات كە لەپای ئەو قسەیەی كردوویەتی قامچیكێشی دەكات هەتا دەمرێت.
 
كابرای گاڵتەباز خۆی لەدەستی رادەپسكێنێت و پەنا دەباتەبەر پاشا بۆ ئەوەی بیپارێزێت. پاشا دەڵێت "هەركەسێك ئازایەتی ئەوەی هەبێت بتكوژێت، دوای تەنیا چارەكە سەعاتێك ئەیخنكێنم". لەم كاتەدا قۆشمەچییەكە تەماشای پاشا دەكات و دەڵێت "گەورەم بیخە پێش چارەكە سەعاتێك نەك دوای چارەكە سەعاتێك!".

فرانسوای یەكەم ئاستێكی بەرزی رۆشنبیری و زەوقێكی جوانی هەبوو. بەتایبەتی بەو قسەیەی سەرسامم كە دەربارەی لیۆناردۆ داڤینشی-ی نیگاركێشی بەناوبانگی ئیتاڵی كردوویەتی، ئەو قسەیەی كە لە دنیای هونەر و ئەدەبدا بە نەمریی ماوەتەوە.
 
پاشای فرەنسا داوا لە نیگاركێشە ئیتاڵیەكە دەكات سەردانێكی بكات بۆ ئەنجامدانی هەندێك كاری هونەریی. لەو كاتەدا هونەرمەندەكە نەخۆش دەكەوێت و پاشایش مكوڕ دەبێت لەسەر ئەوەی كە هەموو بەیانییەك بچێتە ژوورەكەی و سەرێكی لێ‌ بدات. وا رێكەوت یەكێك لە خانەدانەكان دێتە دیداری، پاشا دیدارەكەی كابرای خانەدان جێدێڵێت و بە چاوەڕوانكراویی دایدەنیشێنێت و وەك پیشەی رۆژانی تری دەچێت بۆ سەردانی داڤینشی. ئەم كارە بەلای سەرۆكی پێشوازیكارانەوە سەیر دەبێت و پاشا ئاگادار دەكاتەوە لە هاتنی كابرای خانەدانی ئەرستۆقراتی. بەڵام فرانسوای یەكەم بەم چەند وشەیە وەڵامی دەداتەوە كە بەنەمریی چوونەتە مێژووەوە "دەتوانم دەیان خانەدانت بۆ دروست بكەم، بەڵام هونەرمەندێكی بلیمەتی وەك داڤینشی تەنیا خوا دەتوانێت دروستی بكات!".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure