مافه‌كان پارێزراون

بۆچوون / بیروڕا :: 13/03/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ره‌نگه‌ هیچ شتێك وه‌ك حیكایه‌ت كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ژیانى ئاده‌میزاد دروست نه‌كات. منداڵ نانوێت هه‌تا دایكى یان نه‌نكى حیكایه‌تێكى بۆ نه‌گێڕێته‌وه‌، ئیتر با پێشتر بیستبێتیشى و چه‌ندباره‌ بێت.

گه‌لان له‌ رێى حیكایه‌ته‌كانه‌وه‌ مێژووى خۆیان زانیووه‌. (ئه‌لیاده‌) یۆنانى بزواند و ده‌یشوترێت ئه‌سكه‌نده‌رى گه‌وره‌یشى هانداوه‌.

تائێستایش (هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌) له‌ جیهاندا پڕفرۆشترینه‌، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێك كه‌س گومانى له‌ ره‌سه‌نێتى و ره‌گوڕیشه‌ى و ئه‌وه‌یش هه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژایى ساڵان بۆى زیاد كراوه‌ و خراوه‌ته‌ سه‌رى.  

كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار (هه‌زارشه‌وه‌) وه‌رگێڕدرا بۆ فره‌نسى، شپرزه‌یى و بارێكى سه‌یرى ده‌روونیى له‌ناو خه‌ڵكیدا نایه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو Antoine Gallandى  وه‌رگێڕه‌كه‌ى نه‌یتوانى به‌ زوویى و به‌ خێراییه‌كى پێویست وه‌ریبگێڕێت، بۆیه‌ خه‌ڵكى په‌لامارى چاپخانه‌كانیان دا و داواى به‌شه‌كانى تریان ده‌كرد. 

 پاشان هه‌ر له‌و ساڵى 1709 یه‌دا شتێكى خراپتر روویدا: خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ى مسیۆ گالاند ته‌واو بوو. له‌م كاته‌دا گه‌نجێكى حه‌ڵه‌ب-ى له‌ سوریاوه‌، به‌ ناوى حه‌ننا دیاب گه‌یشته‌ پاریس. بیر و ئه‌ندێشه‌ى دیاب له‌ شه‌هره‌زاد كه‌متر نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌نتۆنیۆ گالاند په‌ناى بۆ برد تا به‌شى تازه‌ى بۆ بنووسێت. ئیتر له‌و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ لاو-ه‌وه‌، كه‌سێتیى دیكه‌ى جادووگه‌ر له‌دایكبوون، له‌ نموونه‌ى عه‌لادین و عه‌لى بابا و چل دزه‌كه‌، ئه‌مه‌یش پاریس-ییه‌كانى شادومان كرد.

یه‌كه‌م نوسخه‌ى به‌ عه‌ره‌بیى چاپكراوى (هه‌زارشه‌وه‌) له‌پێش سه‌ده‌ى نۆزده‌دا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام پێشتر به‌ كۆپیكراوى و له‌ بیره‌وه‌ریدا پارێزراوه‌ و ماوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یشدا كه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌ به‌فه‌ڕ و به‌ پیته‌كانه‌وه‌ بۆى زیاد كراوه‌.

حیكایه‌ت واى له‌ گوێگر و گوێلێبووه‌كانى كردووه‌ كه‌ هه‌ندێكیان یه‌كتریان خۆش بووێت و رقیان له‌ هه‌ندێكى دیكه‌یان بێته‌وه‌، خێر و شه‌ڕ. به‌هۆى حیكایه‌ته‌وه‌ گه‌لان كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵه‌ى زۆرى پاش و پێش كردنه‌وه‌. بۆ نموونه‌ له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاستدا سه‌رگوزشته‌ و حیكایه‌ته‌كانى سوارچاكى و شاسوارى خانه‌دان ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام سوارچاكیى عه‌نته‌ره‌ له‌پێش ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ ماوه‌یه‌كى زۆر ده‌ركه‌وتووه‌. عه‌نته‌ره‌ به‌وه‌ له‌ هاوشێوه‌كانى جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ شیعرى وتووه‌ و پشتى به‌خۆى به‌ستووه‌ و خۆى نه‌داوه‌ به‌ ده‌ست شاعیرانى دیكه‌وه‌، قاره‌مانێتیه‌كانى ده‌گێڕنه‌وه‌ و بریسكه‌ى شمشێره‌كان به‌ ده‌موددانى دره‌وشاوه‌ و خه‌نده‌ و بزه‌ى كچه‌ مام چوێنراوه‌.
  
داستان و حیكایه‌ت و ئه‌فسانه‌ و شانۆگه‌ریى، رۆڵى یه‌كه‌میان له‌ مێژووى گه‌لاندا گێڕاوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ قۆناغه‌ زووه‌كاندا. قاره‌مانى و پاڵه‌وانێتیه‌كان چین ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌بێت بیانگێڕێته‌وه‌ و باسیان بكات؟ بۆ ئه‌مه‌ شیعر باشتر و له‌پێشتره‌، ئیتر به‌ ره‌وانى و بێ گرێ و گۆڵى بێت یاخود به‌ هه‌ڕه‌مه‌كى و ره‌شۆكیانه‌ (عامیه‌) بێت، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كاریگه‌رى و شوێنه‌وارى خۆى له‌ ده‌روونى خه‌ڵكیدا جێدێڵێت و هه‌روه‌ها له‌به‌ركردنیشى ئاسانه‌.
 
ته‌له‌فزیۆن جێگه‌ى حیكایه‌ت و حیكایه‌تخوانى گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌زیفه‌كه‌ هه‌ر یه‌كه‌. له‌و باوه‌ڕه‌یشدام یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین كاره‌كان زنجیره‌ى (فاروق) بووبێت، ئه‌و زنجیره‌یه‌ى به‌ ته‌واوه‌تى ئه‌و وێنه‌یه‌ى هه‌ڵگێڕایه‌وه‌ كه‌ شۆڕشى میسر، به‌ چه‌ندین گرێ، له‌ بیر و زیهنه‌كاندا چاندبووى. ره‌نگه‌ هاوشانى ئه‌مه‌ زنجیره‌ى (ئوم كه‌لسوم) بێت كه‌ له‌ گۆرانییه‌كى جوانه‌وه‌ گۆڕیى بۆ حیكایه‌تێكى زۆر جوانتر. به‌هه‌رحاڵ بیرۆكه‌ى زنجیره‌ییه‌كان له‌ كوێوه‌ هاتوون؟ مافه‌كانى بۆ خاتوو شه‌هرزاد پارێزراون. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە