په‌تاى پۆپۆلیستى

بۆچوون / بیروڕا :: 10/03/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ئه‌وه‌تا په‌تاى دۆناڵد تره‌مپ به‌ ئه‌وروپادا بڵاوده‌بێته‌وه‌. له‌ هه‌نگاریا و نه‌مسا و پۆڵه‌ندا-وه‌ بۆ ئیتالیا. (Lega Nord كۆمه‌ڵه‌ى باكور)ى جوداییخواز و ماتیۆ سالڤینى-ى سه‌ركرده‌ى، سه‌ركردایه‌تیى هاوپه‌یمانێتیه‌ك ده‌كه‌ن بۆ ده‌رچوون له‌ یه‌كێتى ئه‌ورپا. ئه‌مه‌یش ئه‌و پۆپۆلیستیه‌ته‌یه‌ كیشوه‌ره‌ كۆنه‌كه‌ى گرتووه‌ته‌، ئه‌و كیشوه‌ره‌ى كه‌ ده‌بوو عه‌قڵانیتر و  پێشكه‌وتووتر بوایه‌. 

گه‌یشتنى ترمپ به‌ ده‌سه‌ڵات تاقه‌ هۆكارێك نه‌بوو بۆ هه‌ڵكشانى راستڕه‌وى توندڕه‌و له‌ ئه‌وروپادا، به‌ڵكو پێش ئه‌ویش سه‌رانى حزبه‌كان هه‌بوون له‌ فره‌نسا و بریتانیا و هه‌موو ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵاتدا، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنى تره‌مپ ئومێدێكى زۆرى دا به‌وه‌ى كه‌ توندڕه‌ویى ده‌گاته‌ ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌ت كاتێك ترس له‌ ئیسلام و كۆچبه‌ران به‌كاردێنێت.

سه‌رانى ئه‌م حزبانه‌ كۆنگره‌یه‌كى (مێژوویى)یان له‌ پراگ ئه‌نجامدا كه‌ مارین لۆپن-ى فره‌نسى و گێرت ڤیڵده‌رز-ى هۆڵه‌نى (دوژمنى سه‌رسه‌ختى موسڵمانان) و لۆرنزۆ ڤۆنتانا-ى سه‌ركرده‌ى كۆمه‌ڵه‌ى باكور له‌ ئیتاڵیا و جۆرج مایه‌ر له‌ پارتى ئازادى له‌ نه‌مسا، ئاماده‌ى بوون، له‌گه‌ڵ جێرۆڵف ئه‌نیمانز-ى به‌لجیكى و میشێل مارۆسیك-ى پۆڵه‌ندى و ماركۆس پریستیڵ له‌ حزبى ئه‌ڵته‌رناتیڤ له‌ پێناو ئه‌ڵمانیا و جانیس ئه‌تكینسۆن كه‌ ئه‌ندامى حزبى سه‌ربه‌خۆیى شانشینى یه‌گرتوو (یوكیب) بووه‌. هه‌موویان ئاهه‌نگیانگێڕا به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى (پارتى ئازادى) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. ڤیڵده‌رز وتى "جارێكى تریش له‌ نه‌مسا حزبێكى ئه‌ندامى كوتله‌كه‌مان له‌ په‌رله‌مانى ئه‌وروپا، ده‌گاته‌ ده‌سه‌ڵات". 

ئه‌م ته‌كه‌توله‌، هیواخوازى ئه‌وه‌ن كه‌ ته‌كه‌تولى ئه‌وروپا لێبترازێت و هه‌ڵوه‌شێت، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى بریتانیا بڕیارى دا له‌و یه‌كێتیه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ (كه‌ رێز له‌ سه‌روه‌ریى) ئیمپراتۆریه‌تى مه‌زن ناگرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى نایجڵ فراج-ى راستڕه‌وى توندڕه‌و ده‌ڵێت. ئه‌میش هه‌ر سه‌ر به‌ هه‌مان كوتله‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانى ئه‌وروپا و پشتگیرییه‌كى زۆرى له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ-ى هاوڕێیه‌وه‌ لێ ده‌كرێت. 

له‌وه‌ ده‌چێت برۆكسێل به‌ جدیى بیر له‌ چاره‌نووسى یه‌كێتیه‌كه‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ جان كلود یۆنیكه‌ر سه‌رۆكى كۆمسیۆن به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى راگه‌یاندووه‌ و تێیدا نیگه‌رانیى ده‌رده‌بڕێت له‌ چاره‌نووسى یه‌كێتى ئه‌وروپا كه‌ له‌ سه‌ر ئاستى ئابورى و سیاسییش بووه‌ته‌ نموونه‌یه‌كى ته‌كه‌تولاته‌ ئیقلیمیه‌كان. پێشبینیى ئه‌وه‌یشى ده‌كرد كه‌ په‌ره‌بستێنێت تا ببێته‌ یه‌كێتیه‌كى كۆنفیدراڵى پێش هه‌ڵكشانى ته‌وژم و ره‌وته‌ میللییه‌كان و سڵنه‌كردنه‌وه‌یان له‌ به‌كارهێنانى توندوتیژى، داواى (سه‌ربه‌خۆیى) بكه‌ن و به‌رپرسانى یه‌كێتیه‌كه‌ تۆمه‌تبار بكه‌ن به‌ دیكتاتۆرى و سه‌ركوتكردنى ئازادیى گه‌لان و سه‌پاندنى یاساگه‌لێك كه‌ سیستمه‌ دادوه‌رییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ببه‌زێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ى نه‌یارانى یه‌كێتیه‌كه‌ له‌ بریتانیا و فره‌نسا بانگه‌شه‌ و پروپاگه‌نده‌ى بۆ ده‌كه‌ن. 

پۆپۆلیستى و په‌تاى پۆپۆلیستى ته‌نیا له‌ تره‌مپ-دا كورتنابێته‌وه‌. پوتین-یش هه‌ر وه‌ك ئه‌و بڕیارگه‌لێك ده‌رده‌كات كه‌ دژ و پێچه‌وانه‌ى بڕیاره‌كانى كۆشكى سپى-یه‌، ئه‌مه‌یش له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانى پشتگیریى زۆرینه‌ى روسه‌كان كه‌ واشنتۆن گاڵته‌ و سووكایه‌تى به‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان ده‌كات و له‌ رووى سه‌ربازییه‌وه‌ ته‌حه‌داى ده‌كات به‌ بڵاوه‌پێكردنى هێزه‌كانى ئه‌تڵه‌سى له‌ سنووره‌كانى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران له‌ ئه‌وروپا و ئاسیا و له‌و ناوچانه‌یش كه‌ ده‌یه‌وێت بیانگاتێ، له‌ نموونه‌ى عێراق و سوریا. 

میشێل بارنیێ سه‌رۆكى شاندى ئه‌وروپا بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ بریتانیا، هۆشداریى داوه‌ كه‌ هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه‌ (مه‌ترسییه‌كى راسته‌قینه‌ن) له‌سه‌ر یه‌كێتیه‌كه‌، چونكه‌ برۆكسێل كه‌وتووه‌ته‌ نێوان (چه‌كوشى تره‌مپ و سندانى پوتین-ه‌وه‌)، ئه‌و دوانه‌ى كه‌ ده‌مارگیریى نه‌ته‌وه‌یى و به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمى (ئێمه‌ یه‌كه‌مینین) كردوونیه‌ته‌ نموونه‌یه‌ك بۆ پارته‌ راستڕه‌وه‌كان كه‌ له‌بریى ئه‌وه‌ى ده‌ستبگرن به‌ یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هێزى دوو زلهێزه‌كه‌، كه‌چى تادێت ده‌مارگیریى نه‌ته‌وه‌ییان زیاتر ده‌بێت و خه‌یاڵپڵاویى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن به‌ تاكلایه‌نى ركابه‌رییان بكه‌ن، ئه‌مه‌یش یان له‌ڕێى هاوپه‌یمانیى له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیاندا یان له‌گه‌ڵ یه‌كێكیاندا به‌جیا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure