شه‌ڕى دژه‌ مشك

بۆچوون / بیروڕا :: 06/03/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌باح
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

نیوزله‌نده‌ هیچ هه‌وڵێكى خۆیى نه‌هێشته‌وه‌ كه‌ به‌كارینه‌هێنێت له‌ هه‌ڵمه‌تێكى گه‌وره‌ى سه‌ربازیدا بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و مشك-انه‌ى كه‌ دوورگه‌كانى ئانتیبۆدیس-ى باشورى وڵاتیان داگیركردبوو. ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ رووكه‌شدا زیاتر له‌ گاڵته‌وه‌ نزیكتره‌ وه‌ك له‌وه‌ى هه‌واڵێكى جدیى بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر زانیمان ئه‌و تیمه‌ سه‌ربازییه‌ى كه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مشكه‌كان نێردراون، بریتى بووه‌ له‌ هێزه‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگرى و پۆلیسى تایبه‌ت و سه‌گى پۆلیسى. خاتوونى وه‌زیرى پاراستنى ژینگه‌یش یاوه‌ریى تیمه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى كردووه‌، چونكه‌ مشكه‌كان هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بێچووى باڵنده‌ى ده‌ریایى (ئه‌لباترۆس) و ژماره‌یه‌كى زۆرى لێ حه‌په‌لووش كردوون، هه‌روه‌ها ژیانى رووه‌كیى له‌ دوورگه‌كه‌دا وێرانكردووه‌، هه‌روه‌ك بووه‌ته‌ مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌یش بۆ سه‌ر ژیانى مێش و مه‌گه‌زه‌ ده‌گمه‌نه‌كان. 

ئه‌و دوورگه‌یه‌ى كه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ گرتوویه‌تیه‌وه‌، به‌دوورایى 760 كیلۆمه‌تر كه‌وتووه‌ته‌ باشورى خۆرهه‌ڵاتى نیوزله‌نده‌، دوورگه‌یه‌كى چۆڵه‌وانییه‌ و نزیكه‌ى 200 هه‌زار دانه‌ مشك داویه‌تى به‌سه‌ریدا. ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یش كه‌ بۆ قه‌لاچۆكردنى مشكه‌كان خه‌رجكرا، 735 ملیۆن دۆلار بووه‌. 

كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز له‌م هه‌واڵه‌دا هه‌ڵوه‌سته‌ى پێكردم. یه‌كه‌م: په‌لكێشكردنى دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى بۆ ئه‌ركێكى له‌مجۆره‌، له‌كاتێكدا ده‌بوو ئه‌ركى سوپا ته‌نیا گرتن و پاراستنى سنووره‌كان بێت. دووه‌م: ئه‌و پێكه‌وه‌یى و یه‌كترته‌واوكردنه‌ى نێوان سوپا و پۆلیس و وه‌زاره‌تێكى وه‌كو وه‌زاره‌تى ژینگه‌. سێیه‌م: سروستى ئه‌ركه‌كه‌یان كه‌ پارێزگاریكردنه‌ له‌ بێچووى باڵنده‌یه‌كى ده‌گمه‌ن و پاراستنى له‌ مشك-ى دوژمنى زۆردار و سته‌مكار، ئه‌مه‌یش وه‌ك پاراستن و هێشتنه‌وه‌ى هاوسه‌نگیى سروشتى ژینگه‌ وایه‌. 

ئه‌گه‌ر به‌ (گۆتره‌) ئه‌م ره‌گه‌زانه‌مان پێوا، ئه‌وا (ئاوێته‌ و تێكه‌ڵه‌)یه‌كمان ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ ده‌ڵێت حكومه‌تى نیوزله‌نده‌ بڕیارێكى سیادیى داوه‌ بۆ پاراستنى ئاسایشى وڵاته‌كه‌ى كه‌ هیچى كه‌متر نییه‌ له‌ ئه‌نجامدانى جه‌نگێك له‌ دژى دوژمنێكى ده‌ره‌كى. سه‌ره‌نجامیش ئه‌ركى دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌ركێكى دابڕاو نییه‌ له‌ چه‌مكى چوارچێوه‌ گشتییه‌كه‌ى ئاسایش و سه‌روه‌ریى و ئینجایش خۆشگوزه‌رانیى هاووڵاتى.
  
مافى ده‌وڵه‌ته‌، هه‌ر ده‌وڵه‌تێك، بكه‌وێته‌ جه‌نگى دژى هه‌ر دوژمنێكه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌بێت بۆ سه‌ر ئاسایشى خۆى و ئاسایشى هاووڵاتیه‌كانى، ئیتر گروپگه‌لى تیرۆریست بن و خۆیان له‌ژێر په‌رده‌ى ئاییندا مه‌لاس دابێت كه‌ زۆر له‌ مشكه‌كانى نیوزله‌نده‌ مه‌ترسیدارترن، ئه‌و مشكانه‌ى ئه‌ركیان په‌لاماردانى باڵنده‌ى ئه‌لباتیرۆس-ى ده‌ریایى بوو، یاخود دوژمنانى وه‌ك كاره‌ساته‌كانى له‌ نموونه‌ى لافاو و ئاگر و په‌تا و نه‌خۆشیه‌كان بن. به‌ڵام نیوزله‌ندا نه‌خشه‌ى ئه‌م ره‌هه‌نده‌ى كێشا له‌ جه‌نگى دژى دوژمنه‌كه‌ى، كاتێك سوپا و پۆلیسى نارد بۆ به‌رگریكردن له‌ بێچووى باڵنده‌یه‌ك له‌ باڵنده‌كانى دوورگه‌یه‌كى چۆڵه‌وانى.
  
نامه‌وێت بتانخه‌مه‌ شین و شه‌پۆڕ و لاواندنه‌وه‌ بۆ جیاوازیى نێوان خۆمان و ئه‌وان كه‌ چۆن ئه‌وان بایه‌خ و گرنگیى ده‌ده‌ن ته‌نانه‌ته‌ به‌ ئاژه‌ڵ-یش. هه‌موومان بریجیت باردۆ (83 ساڵ)ى ئایكۆنى سینه‌ماى فره‌نسایی-مان له‌بیره‌، خوا بیپارێزێت و ئاگاى لێى بێت، كه‌ هه‌ڵمه‌تێكى دژى فه‌روو ده‌ستپێكرد چونكه‌ له‌ كه‌وڵى ئاژه‌ڵانه‌. هه‌روه‌ك هێرشى كرده‌ سه‌ر ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فره‌نسا چونكه‌ سۆزى بۆ ئاژه‌ڵ نییه‌. 

لێره‌دا ده‌بێت جیاوازیى بكه‌ین له‌ نێوان دوو شتدا، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندیى مرۆڤ به‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ و له‌ناو كۆى ئه‌مانه‌یشدا په‌یوه‌ندیى شێواومان له‌گه‌ڵ به‌وه‌فاترینیاندا كه‌ سه‌گ-ى هۆگرمانه‌ و كردوومانه‌ته‌ پێوه‌رى جنێودان، كه‌چى دڕنده‌ترینیان كه‌ شێر-ه‌ كردوومانه‌ته‌ پێوه‌رى ئازایه‌تى. ئه‌م دوو پێوه‌ره‌ ده‌رخسته‌ى حه‌قیقه‌تى ره‌فتارى خه‌ڵه‌تێنه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیمانه‌. شته‌كه‌ى تریش، چه‌مكى دوژمنه‌ به‌لاى ئێمه‌وه‌. چه‌مكى دوژمنیش هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ تا ئاستێكى زۆر به‌لاى ئێمه‌وه‌ شێواو و ناڕوونه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌لاى تۆوه‌ دوژمنه‌ به‌لاى برایه‌كى دینیته‌وه‌ دۆسته‌. یان ئه‌وه‌ى كه‌ تۆ به‌ تیرۆرى داده‌نێیت كه‌سێكى تر به‌ نموونه‌ و جۆرێكى مقاوه‌مه‌ى ده‌زانێت. نازانم ئاخۆ ئه‌مه‌ بۆ مشكه‌كانى نیوزله‌نده‌یش وایه‌ یان نا؟    

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure