ده‌بێت ئه‌مریكا تێبگات كه‌ سه‌رده‌مى تاكجه‌مسه‌ریى نه‌ماوه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 03/03/2018

سه‌رچاوه‌: ره‌ئى ئه‌لیه‌وم
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌ وته‌كه‌یدا كه‌ له‌ هۆڵى كۆنگره‌كان له‌ ناوه‌ڕاستى مۆسكۆ و به‌ ئاماده‌بوونى ده‌سته‌بژێرێكى سیاسى و سه‌ربازیى پێشكه‌شى كرد، ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى روسیا كۆمه‌ڵێك چه‌ك و مووشه‌كى بالیستیى ئاشكرا كرد كه‌ ده‌توانرێت كڵاوه‌ى ئه‌تۆمیان لێ ببه‌سترێت و ده‌یشگه‌نه‌ هه‌موو لایه‌كى جیهان بێ ئه‌وه‌ى بتوانرێت هیچ رێگرییه‌كیان لێ بكرێت. 

به‌ڕاى ئێمه‌ له‌مه‌ گرنگتر، وته‌كه‌ى سه‌رۆكى روسیا بوو كه‌ له‌گه‌ڵ پیشاندانى شریتێكى ڤیدیۆیى تایبه‌ت به‌ نمایشكردنى ئه‌و مووشه‌كانه‌ له‌ سكرینێكى گه‌وره‌وه‌، جه‌ختى كرده‌وه‌ "به‌لاى روسیاوه‌ هه‌ر هێرشێكى ئه‌تۆمى بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانى، هێرشه‌ بۆ سه‌ر خۆى و ده‌ستبه‌جێ و به‌بێ دوودڵى وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌".  

له‌و كاته‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ سه‌رۆك پوتین به‌ ته‌حه‌داوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بكات و هه‌ڕه‌شه‌كانیشى ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ چه‌كى تازه‌ و مووشه‌كى كیشوه‌ربڕه‌وه‌. ئه‌مه‌یش بۆخۆى ئاماژه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌رى گۆڕین و گواستنه‌وه‌ى جه‌نگى سار بۆ جه‌نگى گه‌رم له‌ئارادایه‌ و له‌ زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن پێده‌چێت یه‌كێك له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى روسیا هێرشى ئه‌تۆمیى بكرێته‌ سه‌ر.

مه‌سه‌له‌كه‌ ئاشكرایه‌، ئه‌م په‌یامه‌ ئاراسته‌ى ئه‌مریكا كراوه‌، ره‌نگه‌ ئاراسته‌ى ئیسرائیل-یش بێت، چونكه‌ ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ى راگه‌یاندنى جه‌نگى له‌ دژى كۆریاى باكور كرد، كه‌ چه‌ندین تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامداوه‌ و ره‌نگه‌ خاوه‌ى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمى بێت، هه‌روه‌ها مووشه‌كى بالیستیى كیشوه‌ربڕى په‌ره‌پێداوه‌ كه‌ ده‌توانێت بگاته‌ قووڵایى ئه‌مریكا. ئیسرائیل-یش كه‌ بنیامین نه‌تانیاهۆ-ى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى، به‌ پشتیوانیى ئه‌مریكا ته‌پڵى جه‌نگ دژى ئێران ده‌كوتێت.

راپۆرته‌ هه‌واڵگریه‌كانى كۆنگره‌ ئه‌منیه‌كه‌ى چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌رى میونخ كه‌ ده‌سته‌بژێرێكى پسپۆرانى ستراتیژیى ئاماده‌ى ده‌كه‌ن، وێنایه‌كى ره‌شبینیى ده‌رخستووه‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆى ململانێى روسیا و ئه‌مریكاوه‌ له‌ سێ ناوچه‌ى سه‌ره‌كیى ئاڵۆز و نائارامدا كه‌ بریتین له‌ كۆریاى باكور و ئێران و سوریا و سیاسه‌ته‌ سه‌ركێشییه‌كانى دۆناڵد تره‌مپ-یشى به‌وه‌ له‌قه‌ڵه‌مداوه‌ كه‌ جیهان به‌ره‌و كه‌نارێكى ترسناك ده‌بات.

سه‌ركردایه‌تى روسیا به‌ توندى دژى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر كۆریاى باكور وه‌ستایه‌وه‌ و پشتیوانیى له‌ مافى كۆریاكرد به‌وه‌ى كه‌ بگۆڕێت بۆ هێزێكى ناوه‌كى و هه‌روه‌ها مووشه‌كى كیشوه‌ربڕ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رگرى له‌خۆكردن و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌مریكا، به‌رهه‌مبێنێت. ده‌شێت جه‌ختكردنه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆك پوتین به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌ر هێرشێكى ناوه‌كى كه‌ بكرێته‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ى یان هه‌ر كام له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى، هۆشداریدانێكى روون و ئاشكرابێت به‌ سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ هیچ بێئه‌قڵیه‌كى سه‌ربازیى نه‌نوێنێت. 

به‌ دوورى نازانین سوریا-یش گۆڕه‌پانێكى رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى ئه‌مریكا و روسیا نه‌بێت، یان بیانوویه‌ك نه‌بێت بۆ دوژمنكارییه‌كى ئیسرائیل له‌سه‌ر ئێران، چونكه‌ نه‌تانیاهۆ وایداناوه‌ كه‌ بوونى هه‌ر بنكه‌یه‌كى سه‌ربازیى ئێرانى له‌ ناو خاكى سوریادا وه‌ك "راگه‌یاندنى جه‌گ" وایه‌، هه‌روه‌ك ئێران و باڵه‌ سه‌ربازییه‌كانیشى به‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌قه‌له‌مداوه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ سه‌ر ئیسرائیل به‌ ته‌نیا به‌ڵكو بۆ هه‌موو جیهان، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازیى له‌ دژى ئێران كردووه‌ "ئه‌گه‌ر پێویست بكات".

سه‌رۆك پوتین و سه‌ركردایه‌تیه‌ سیاسیه‌كه‌ى، هه‌ست به‌ نیگه‌رانى ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر جموجووڵه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ناو خاكى سوریادا، ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ واشنتۆن هه‌مان سیناریۆى (جیهادییه‌كانى ئه‌فغان)ى تێدا دووباره‌ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌ دواى لێدوانه‌كانى رێكس تیله‌رسۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كه‌ تێدا پێداگریى كرد له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا (2500 سه‌رباز) له‌ سوریا به‌ هه‌میشه‌یى.

ژه‌نراڵ ئه‌لسه‌نده‌ر ڤینیدیكتۆڤ یاریده‌ده‌رى ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى روسیا، ئاشكرایكردووه‌ كه‌ 20 بنكه‌ى سه‌ربازیى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات-دان له‌ باكورى خۆرئاواى سوریا، له‌وانه‌یش بنكه‌یه‌كى ئاسمانیى له‌ شارى ته‌بقه‌-ى نزیك شارى ره‌ققه‌ و یه‌كێكى تریش له‌ شارى ته‌نه‌ف له‌ سێگۆشه‌ى سنووریى سوریا-عێراق-ئوردن كه‌ تێیدا هاوشێوه‌ى هێزى (صه‌حوه‌كان)ى عێراق له‌ ساڵى 2008ى كاتى داگیركارییه‌كه‌ى ئه‌مریكا، مه‌شق و راهێنان به‌ هێزى تایبه‌ت ده‌كرێت.

روسیا ترسى له‌وه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ جیهادییه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ په‌لامار بدرێت و هێرش بكرێته‌ سه‌ر بنكه‌ ده‌ریاییه‌كه‌ى له‌ ته‌رتوس و بنكه‌ ئاسمانیه‌كه‌ى له‌ حمێمیم. یه‌كه‌م ئاگاركردنه‌وه‌یش له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌و هێرشى فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانه‌دا بوو كه‌ بنكه‌ى حمێمیم-ى به‌ مووشه‌كى پێشكه‌وتوو بۆردوومان كرد. كاتێكیش پشكنین بۆ یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌كان كرا ده‌ركه‌وت له‌ جۆرێكى زۆر پێشكه‌وتووه‌ و به‌ سیستم و ئامێرگه‌لى زۆر تازه‌ (ته‌ییار) كراوه‌ كه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێك نییه‌تى بێجگه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانى وه‌ك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان. 

سه‌رۆك تره‌مپ نه‌وت ده‌كات به‌سه‌ر ئاگرى تووڕه‌یى و ناكۆكییه‌كانى جیهاندا، پێشبینى ده‌كرێت له‌ چه‌ند مانگى كه‌مى داهاتوودا رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌ڵوه‌شێنێت، وه‌ك چۆن به‌ڵێننامه‌ مووشه‌كیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ روسیا، هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئه‌مه‌یش واده‌كات ئه‌گه‌رى پێكدادان و هه‌ڵایسانى ئاگرى جه‌نگه‌كان بێنه‌ئاراوه‌، به‌ دووریشى نازانین كه‌ ده‌وڵه‌تى داگیركه‌رى ئیسرائیل جه‌نگه‌كه‌ داگیرسێنێت و ئه‌مریكایش به‌ په‌له‌ رابكات بۆ به‌هاناوه‌چوون و ده‌ربازكردنى ئیسرائیل وه‌ك ئه‌وه‌ى دیك چینى-ى جێگرى سه‌رۆك جۆرج بوش، پێش نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ لێدوانه‌كانیدا وتوویه‌تى.

روسیا زۆربه‌ى ره‌گه‌زه‌كانى هێزى خۆیى سازداوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌وه‌ به‌ زلهێزێكى ترسێنه‌ر و  سه‌رۆكێكیش سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات كه‌ توانیویه‌تى جارێكى تر بیگێڕێته‌وه‌ شوێنى شایسته‌ى خۆى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى جیهان. وته‌ و لێدوانه‌ به‌هێزه‌ پێشتر نه‌وتراوه‌كانى كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى متمانه‌ به‌خۆبوونیه‌تى، پستئه‌ستووره‌ به‌ توانا سه‌ربازییه‌ زۆر پێشكه‌وتووه‌كانى و دانانى به‌ردى بناغه‌ى قۆناغێكى نوێیه‌ كه‌ ناونیشانه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تیى جیهانه‌.

روسیاى پوتین روسیاى گۆرباچۆڤ-ى خاوه‌نى پێرسترۆیكاى هه‌ڵاتوو و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ر نییه‌، هه‌روه‌ك روسیاى یاڵتسن-یش نییه‌ تا سه‌رخۆشیى به‌رینه‌دات... روسیاى ئه‌مڕۆ (نه‌خێر)ێكى گه‌وره‌ ده‌داته‌وه‌ به‌ رووى ملهوڕیى ئه‌مریكادا و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ قۆناغى تاكلایه‌نیى ئه‌مریكا له‌ جیهاندا رۆیشت و نایه‌ته‌وه‌. 

كاتێك روسیا و چین پێكه‌وه‌ (ڤیتۆ)ى جمك به‌كاردێنن له‌ دژى نه‌خشه‌ و پلانه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سوریا و له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، ده‌بێت ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى بزانن كه‌ دنیا گۆڕاوه‌، گۆڕانێكى ریشه‌یى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure