مه‌ره‌كه‌بى سوورى سوریا

بۆچوون / بیروڕا :: 28/02/2018

نووسینى: غه‌سان شه‌ربل
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

روسیا ناتوانێت ته‌حه‌مولى شكستى خۆى له‌ سوریادا بكات، چونكه‌ هه‌موو كارته‌كانى هه‌یبه‌ت و شكۆى خۆى خستووه‌ته‌ سوریاوه‌. شكستى ئه‌و له‌وێ، واتا شكستى پرۆژه‌ى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌، ئه‌و تۆڵه‌یه‌ى ڤلادیمێر پوتین بردوویه‌تیه‌ كرملین و سه‌ره‌تا له‌ ژێر زه‌رده‌خه‌نه‌كه‌یدا شاردییه‌وه‌ و چاوه‌ڕێى كاتێكى گونجاو بوو بۆ جێبه‌جێكردنى. تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌و هێزانه‌ى كه‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت-یان خسته‌ مۆزه‌خانه‌ى مێژووه‌وه‌. تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ جیهانى تاك زلهێزیى  و له‌ جووڵاندنى داش-ه‌كانى په‌یمانى ئه‌تڵه‌سى بۆ نزیك سنووره‌كانى روسیاى فیدراڵ و له‌ شۆڕشه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كان و له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و له‌ هه‌موو شێوه‌كانى ئه‌و هێزه‌ نه‌رم و سۆفتانه‌ى كه‌ چاوه‌ڕێى مۆڵه‌تدان ناكه‌ن بۆ بڕین و په‌ڕینه‌وه‌ى سنووره‌كان. 

روسیا ناتوانێت ته‌حه‌مولى دۆڕانى خۆى له‌ گۆڕه‌پانى سوریادا بكات، مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پێگه‌یه‌وه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ شكۆى سوپاكه‌یه‌وه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ تواناى دیپلۆماتیى-یه‌وه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ وێنه‌ى ئه‌وه‌وه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانێكى متمانه‌پێكراو كه‌ ده‌كرێت له‌ دۆخه‌ سه‌خت و دژواره‌كاندا پشتى پێببه‌سترێت. شكست، واتا هه‌ره‌سهێنانى خه‌ونى گێڕانه‌وه‌ى پێگه‌ و ناچاربوونى ئه‌مریكا تا مامه‌ڵه‌یه‌كى دژ و ناحه‌زانه‌ بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا كه‌ به‌ زامداریى له‌ ژێر داروپه‌ردووى سۆڤیه‌ت-ه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

سه‌ركه‌وتنیشى له‌ سوریا، به‌لاى روسیاوه‌، واتا سه‌پاندنى چاره‌سه‌رى سیاسیى به‌پێى تێڕوانینى خۆى. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یش هه‌روا ساده‌ و ئاسان نییه‌، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵه‌كانى مۆسكۆ بۆ سه‌پاندنى ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ى كه‌ بۆى شیاو و گونجاوه‌، په‌رتوبڵاوبووبێته‌وه‌، ویست و ئاره‌زووى خۆیى دووقات كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دوورتر بڕوات و بگه‌ڕێت به‌ دواى سه‌ركه‌وتنى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى شه‌ڕ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا. یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تیش رووبه‌ڕووى زه‌حمه‌ت و قورسایى زۆر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ تێچوونه‌كه‌ى. نیگه‌رانییه‌كانى مۆسكۆ دووهێنده‌یان لێهات دواى ئه‌وه‌ى له‌م مانگانه‌ى دواییدا ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ واشنتۆن ده‌ستبه‌ردارى سیاسه‌تى ملدان به‌ چاره‌سه‌رى روسیا بووه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تى ده‌ستگرتن به‌ كارته‌كانه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانى سوریادا. 

ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ لێكدانه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى روسیا بێت له‌میانه‌ى دانوستانه‌ قورس و گرانه‌كانى پێش ده‌رچوونى دوابڕیارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ده‌رباره‌ى سوریا. مۆسكۆ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و كات-ه‌ى كه‌ پێشتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌و له‌ سوریادا كارى كردووه‌، ئێستا لێى هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ دژى ئه‌و یاریى ده‌كات. نامه‌كه‌ى سێرگى لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا له‌م باره‌یه‌وه‌ راشكاوانه‌ بوو. دووباره‌بوونه‌وه‌ى سینایۆكه‌ى حه‌ڵه‌ب-ى له‌ غۆته‌ى خۆرهه‌ڵات به‌دوور نه‌زانى. ئه‌مه‌ هێزه‌ نه‌یاره‌كانى سوریا ده‌خاته‌ به‌رده‌م یه‌ك بژارده‌وه‌ ئه‌ویش خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و چوونیانه‌ بۆ سوچى.

ئه‌مه‌ به‌ هیچ جۆرێك ماناى ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ روسیا هیچ ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ى له‌ گۆڕه‌پانى سوریادا نه‌چنیوه‌ته‌وه‌. هه‌ندێك له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ چێشتلێنه‌ره‌كه‌ى روسیا ئاگرى سوریاى به‌كارهێناوه‌ بۆ سه‌پاندنى گۆڕانكاریى سه‌ره‌كى و بنه‌ڕه‌تى به‌ سه‌ر دیمه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌دا. وه‌رزه‌كانى كاره‌ساتى سوریا ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه‌ دنیاى زلهێزى تاك، ته‌مه‌نى درێژ نابێت. روسیا هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى خۆیى جێبه‌جێكرد به‌وه‌ى كه‌ رێگه‌ نادات له‌ شانۆى نێوده‌وڵه‌تیدا دیمه‌نى هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌ كه‌ بووه‌ هۆى هه‌ڵكێشانى رژێمى سه‌دام حسێن و دواتریش رژێمى موعه‌مه‌ر قه‌زافى. هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌یشى جێبه‌جێكرد كه‌ رێگه‌ نادات به‌ خۆرئاوا تا سوودمه‌ند بێت له‌ ناڕوونیى به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشدا بۆ به‌كارهێنانى هێز له‌ دژى ئه‌و رژێمانه‌ى كه‌ ده‌خرێنه‌ خانه‌ى دوژمنانى خۆرئاواوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ لیبیا روویدا.

له‌ سه‌ره‌تاى وه‌رزه‌ خوێناویه‌كانى سوریادا، پوتین پێشوازیى له‌ میوانێكى عه‌ره‌ب كرد و پێیوت زۆركه‌س هه‌ڵه‌ تێده‌گه‌ن ئه‌گه‌ر وابزانن ئێمه‌ له‌ سوریادا به‌رگریى له‌ پیاوێك یان له‌ خێزانێك ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها وتى زۆرمانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بێته‌ هۆى كه‌ڵه‌كه‌بوونى هه‌ڵه‌كان. به‌ڵام پێداگریى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش كرد كه‌ پرسى ئه‌وه‌ى كێ حوكمى سوریا ده‌كات، ئه‌مه‌یان ده‌بێت خودى گه‌لى سوریا یه‌كلایى بكاته‌وه‌ نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ یه‌كلایى بكرێته‌وه‌، ئیتر چ به‌ هێزى ره‌ق بێت یان به‌ هێزى نه‌رم. ئێستا ده‌كرێت بگوترێت كه‌ پوتین هه‌ڕه‌شه‌كانى خۆیى له‌م بواره‌یشدا به‌جێگه‌یاندووه‌. پوتین له‌ میانه‌ى قه‌یرانه‌كه‌دا ئه‌وه‌ى ده‌رخست كه‌ هیچ گوشارێكى جدیى له‌ناوخۆدا رووبه‌ڕوو نابێته‌وه‌، چونكه‌ پێش ئه‌وه‌ى بۆ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌كه‌ى به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ بڕوات، كۆنترۆڵى ناوخۆى كرد. سوپاى سوور-ى دووباره‌  رێكخسته‌وه‌، به‌ وره‌ و گیان و به‌ چه‌كه‌كانیشیه‌وه‌. چنگى خۆیى له‌ جیهانى كار و هه‌روه‌ها له‌ میدیایشدا قاییم كرد. رایه‌كى گشتیى نه‌بوو كه‌ نیگه‌رانى بكات. بۆیه‌ بارودۆخه‌كه‌ى به‌ ته‌واوى جیاوازه‌ له‌ سه‌ركرده‌ خۆرئاواییه‌كان. وێنه‌ و دیمه‌نه‌ كاره‌ساتباره‌كانى سوریا شه‌رمه‌زارى  ناكه‌ن، چونكه‌ میدیاكه‌ى به‌زووى و ده‌ستوبردانه‌ ده‌كه‌وێته‌ تۆماركردنى وێنه‌ى نه‌خۆشخانه‌ وێرانكراوه‌كانى ده‌ستى تیرۆرستان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ هۆى گولـله‌ تۆپه‌كانى روسیا یان سوریا-یشه‌وه‌ رووخابن. 

پوتین تا ئه‌وپه‌ڕى، سوودمه‌ندبوو له‌وه‌ى كه‌ به‌ر وێنه‌ى ئه‌مریكا كه‌وت له‌ دواى چیرۆكى به‌ناوبانگى هێڵه‌ سووره‌كه‌. سه‌ره‌تا هه‌ڵوێستى ئۆباما ته‌سككردنه‌وه‌ى رۆڵى ئه‌مریكا بوو له‌ سوریا. ئه‌مڕۆیش مۆسكۆ گره‌و له‌سه‌ر شه‌ڕێك ده‌كات كه‌ پێده‌چێت نزیكبووبێته‌وه‌. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ ئێران گوشاره‌كانى خۆیى بۆ سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادى دووقات كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى داواى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى ته‌واوه‌تیى ئه‌مریكییه‌كان بكات له‌ عێراقدا، چوونه‌ده‌ره‌وه‌یشیان له‌وێ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان له‌ سوریا خێرا و بله‌زتر ده‌كات، چونكه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بوونیان له‌سوریا په‌یوه‌سته‌ به‌ بوونیانه‌وه‌ له‌ عێراق بۆ شه‌ڕى داعش. 

پوتین هه‌روه‌ها له‌ سنوورداركردنى رۆڵى په‌یمانى ئه‌تڵه‌سى-یشدا سه‌ركه‌وت. په‌یمانى ئه‌تڵه‌سى نایه‌وێت بگلێته‌ ئاگره‌كه‌ى سوریاوه‌. ئینجا سوپاى دووه‌مى په‌یمانه‌كه‌، له‌ رووى قه‌باره‌وه‌، كه‌ سوپاى توركیایه‌، ئه‌وه‌تا سه‌ركردایه‌تیه‌ سیاسیه‌كه‌ى به‌شداره‌ له‌چاودێریكردنى پرۆسێسى سوچى-دا. دواى ئه‌وه‌یش كه‌ گڵۆپى سه‌وزى روسیاى بۆ هه‌ڵكرا، ئه‌وه‌تا سوپاى توركیا له‌ عه‌فرین شه‌ڕ ده‌كات. ئاسمانى توركیاى ئه‌تڵه‌سیى به‌ مووشه‌كى ره‌وانه‌كراوى جبه‌خانه‌كانى روسیا ده‌پارێزرێت و پاسه‌وانیى لێده‌كرێت.
   
پوتین هه‌روه‌ها خودى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش-یشى ماندوو كرد. نوێنه‌ره‌كه‌ى ئه‌وێى شمشێرى ڤیتۆى هه‌ڵكێشاوه‌ و چاوه‌ڕێى هه‌ر بڕیارێكه‌ كه‌ له‌وانه‌بێت له‌مپه‌ر بخاته‌ به‌رده‌م به‌رنامه‌ى روسیاوه‌ له‌ سوریادا. نوێنه‌رى روسیا رێگه‌ نادات به‌ تێپه‌ڕبوونى هیچ بڕیارێك هه‌تا ناوه‌رۆكه‌كه‌ى دانه‌دۆشێت و گوزارشتگه‌لێكى تێنه‌ئاخنێت كه‌ مافى جموجووڵى سه‌ربازیى بۆ روسیا و سوریا (دژى تیرۆریستان) فه‌راهه‌م نه‌كات. گومان له‌ به‌رده‌وامیى مانه‌وه‌ و هه‌بوونى گروپه‌ تیرۆریسته‌كان له‌ ناو خاكى سوریادا نییه‌، به‌ڵام روسیا، كه‌ هه‌وڵده‌دات بۆ لێدانى ئه‌و گروپانه‌، له‌هه‌مانكاتدا هه‌وڵى ئه‌وه‌یش ده‌دات كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ئۆپۆزیسیۆنى سوریا ماوه‌ته‌وه‌ ملكه‌چى بن و ناچاریان بكات به‌هه‌مان رێگه‌ى چاره‌سه‌رى روسیادا بڕۆن، ئه‌و رێگه‌چاره‌یه‌ى كه‌ تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یش سووره‌ له‌سه‌ر جیانه‌بوونه‌وه‌ى له‌ به‌رنامه‌كه‌ى ئێران له‌ سوریادا و هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنى له‌ نیگه‌رانییه‌كانى ئیسرائیل له‌مه‌ڕ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى.

دیپلۆماتكارێكى دێرین له‌مه‌یش دوورتر ده‌ڕوات و وایده‌بینێت كه‌ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر خاكى سوریا ده‌گوزه‌رێت له‌ سوریا گه‌وره‌تره‌ و ئاراسته‌ و رێڕه‌وى كاره‌ساته‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌نێوخۆیاندا سیماى سیستمى نوێى نێوده‌وڵه‌تیى ده‌كێشێت كه‌ تێیدا هێز پێگه‌ى به‌رز و دیارى خۆى له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا دیارى ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندیى ئارامى و سه‌قامگیریى ده‌كه‌وێته‌ پێش حسابكردن بۆ گۆڕانكارى و دیموكراتى و مافه‌كانى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نییه‌وه‌.    

دیپلۆماتكاره‌كه‌ تێبینى پاشه‌كشه‌ و له‌كورتیدانى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى كردووه‌، هه‌روه‌ها پاشه‌كشه‌ و له‌ كورتیدانى سه‌ركردایه‌تیى خۆرئاوا بۆ جیهان، هه‌روه‌ها پاشه‌كشه‌ و له‌كورتیدانى رۆڵى گروپه‌كانى گوشارى میلـلیى و كاریگه‌ریى خۆپیشاندانه‌كان و میدیا. له‌و باوه‌ڕه‌یشدایه‌ كه‌ سوریا چه‌ق و خاڵ-ى ده‌ركه‌وتنى سیستمى نوێى ئیقلیمییه‌ و وایداده‌نێت كه‌ كاره‌ساته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م سیما و ده‌ركه‌وتنه‌، به‌ خوێنى هاووڵاتیى سڤیلى سوریا ده‌نه‌خشێنرێت. سیما تازه‌كان به‌ مه‌ره‌كه‌بى سورى سوریا ده‌نووسرێن.
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure