غاز-ى میسر.. له‌ توركیا و قه‌ته‌ر و ئیخوانیش ده‌دات

بۆچوون / بیروڕا :: 27/02/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

میسر، به‌ڕه‌-كه‌ له‌ژێر پێى توركیا ده‌ردێنێت، ئه‌و توركیایه‌ى كه‌ ده‌یویست ببێته‌ سه‌نته‌رێكى ئیقلیمى له‌ وزه‌دا، بۆیه‌ ئه‌وه‌ مایه‌ى پێكه‌نینه‌ كه‌ دوانگه‌ى میدیایى ئیخوان و ئه‌و كه‌ناڵانه‌ى له‌ ده‌وحه‌ و ئه‌نقه‌ره‌وه‌ په‌خش ده‌كه‌ن، په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر پێوه‌ره‌كانى میسر و میسرییه‌كان، ئه‌ویش له‌ دواى راگه‌یاندنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه‌ به‌ بڕى 15 ملیار دۆلار له‌ نێوان دوو كۆمپانیاى ئیسرائیلى و میسرى دا واژۆكرا بۆ گواستنه‌وه‌ى غاز-ى ئیسرائیلى و شلكردنه‌وه‌ى له‌ دوو وێستگه‌ى شلكردنه‌وه‌دا له‌ هه‌ردووى شارى ئیدكۆ و دمیات له‌ ده‌لتا، پێش ئه‌وه‌ى بگوازرێته‌وه‌ بۆ فرۆشتنى له‌ ئه‌وروپا.

ژماره‌ فه‌رمییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و ته‌لئه‌بیب، كاتێك حزبه‌كه‌ى سه‌رۆك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ ساڵى 2002 دا جڵه‌وى ده‌سه‌ڵاتى وه‌رگرت، گه‌یشته‌ 1،4 ملیار دۆلار و له‌ ساڵى 2014 یشدا به‌رزبووه‌وه‌ بۆ 5،8 ملیار، دواتریش به‌هۆى فراوانبوونى رووبه‌ر و پانتایى هاوكاریى و په‌رۆشیى توركیا بۆ ئیسرائیل! له‌و ژماره‌یه‌یش تێپه‌ڕى كرد. 

هه‌رچى قه‌ته‌ر-یشه‌، ئه‌وه‌ هێنده‌ به‌سه‌ ئاماژه‌یه‌ك به‌ كتێبى (قه‌ته‌ر و ئیسرائیل-دۆسیه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ نهێنیه‌كان) بدرێت كه‌ له‌لایه‌ن سامى ریڤیڵ وه‌زیرى راسپێردراو له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل-ه‌وه‌ نووسراوه‌. ریڤیڵ به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى قه‌ته‌ر-ئیسرائیل بووه‌ له‌ ده‌وحه‌ كه‌ پێگه‌ى قه‌ته‌رى لاى ئیسرائیل به‌ ئاستێك به‌رزكرده‌وه‌ تا ده‌وحه‌ رۆلى به‌رچاو بگێڕێت (وه‌ك پردێكى هه‌ڵواسراو له‌ نێوان خۆى و ئیسرائیل-دا) هه‌روه‌ها (له‌و هه‌وڵانه‌یشدا كه‌ ده‌وحه‌ هه‌یبوو له‌ بانگه‌شه‌كردنى بۆ چه‌ندین ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بى تا له‌ژێر ناوى بازرگانیى نهێنى و ئاشكرادا، په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا دابمه‌زرێنن).

بێگومان هه‌ر ده‌ستكه‌وت و به‌ره‌وپێشچوونێكى میسر، وه‌ك شۆكێكى گه‌وره‌  وایه‌ بۆ ئیخوان و ئه‌و ده‌وڵه‌ت و لایه‌نانه‌ى كه‌ پشتیوانییان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ بوونى میسریش به‌ سه‌نته‌رێكى ئیقلیمیى وزه‌، كارێكه‌ ئه‌وان ناڕه‌حه‌ت ده‌كات و ئه‌و باوه‌ڕه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ میسر له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئیخوان رزگارى بووه‌ و كاریگه‌رى و ئاسه‌واره‌كانى ئیخوانى له‌كۆڵ بووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام له‌مه‌یش گرنگتر لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ته‌نیا بیانوو و پاساوێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ كه‌ به‌راكردن بۆ هاوكاریى بازرگانیى به‌ره‌و ئیسرائیل ده‌ڕوات، یان ده‌وڵه‌تێك كه‌ خزمه‌تێكى پێشكه‌ش ده‌وڵه‌تى عیبرى كردووه‌ و ده‌ره‌نجام و ده‌ستكه‌وتگه‌لێكى هه‌بووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت خه‌ونیشى پێوه‌نه‌دیوه‌ و مه‌سه‌له‌ دارایى و هاوكارییه‌ ئابورییه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌گاته‌ ئاستى هه‌وڵدان بۆ رووخان و له‌ناوبردنى كۆمه‌ڵگه‌كانى ده‌وروبه‌رى ده‌وڵه‌تى عیبرى.

له‌به‌رامبه‌ردا ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان میسر و ئیسرائیل، به‌ درێژایى زیاتر له‌ سێ گرێ، زۆر به‌ كه‌مى مایه‌وه‌ و هه‌رگیز به‌ربه‌ستى نیو ملیار دۆلارى ساڵانه‌ى نه‌به‌زاندووه‌. 

دواى رێككه‌وتنى ئاشتیى ساڵى 1979 قه‌باره‌ى بازرگانیى له‌ نێوان 40 بۆ 50 ملیۆن دۆلارى ساڵانه‌دا به‌رز و نزمیى كردووه‌. به‌ڵام رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئۆسلۆ بووه‌ هۆى كه‌مێك به‌رزكردنه‌وه‌ى هه‌تا ساڵى 2000 و ئه‌وه‌بوو قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕ گه‌یشته‌ 100 ملیۆن دۆلار له‌ ساڵێكدا. له‌ ساڵى 2002 ه‌وه‌ هه‌تا 2004 ئاسته‌كه‌ دابه‌زى، ئه‌مه‌یش به‌هۆى زیادبوونى هه‌ڵمه‌ته‌كانى دژى ئاساییبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ ده‌ره‌نجامى ساڵانى راپه‌ڕینه‌كه‌ و هه‌روه‌ها به‌هۆى ده‌ستگیركردنى بزنسمانه‌ ئیسرائیلیه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى میسر و ته‌قینه‌وه‌ى چیرۆكى (عه‌زام عه‌زام)ى سیخوڕ، هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆى دابه‌زین و كه‌مبوونه‌وه‌ى قه‌باره‌ى بازرگانیى نێوان ته‌لئه‌بیب و قاهیره‌ بۆ ته‌نیا 30 ملیۆن له‌و ساڵانه‌دا. 

دواى رێككه‌وتنى (كویز) به‌ چاودێریى ئه‌مریكا و له‌ كۆتایى ساڵى 2004 یشدا، جارێكى تر قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌ستى كرده‌وه‌ به‌زیادكردن و له‌ ساڵى 2008دا غاز-ى میسرى هه‌نارده‌ى ئیسرائیل كرا و ساڵى دواتریش قه‌باره‌ى هاورده‌ى ئیسرائیل له‌ میسره‌وه‌، بازى دا بۆ 270 ملیۆن دۆلار، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ میسر به‌ قه‌باره‌ى 134 ملیۆن دۆلار هاورده‌ى له‌ ئیسرائیله‌وه‌ هه‌بوو. قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى له‌ ساڵى 2010 دا چووه‌ لووتكه‌ و گه‌یشته‌ نیو ملیار دۆلار. له‌ ساڵى 2011 دا جارێكى تر كه‌مى كرد و به‌ڕێژه‌ى 18%ى به‌راورد به‌ 2010 دابه‌زى و له‌ نیو ملیار دۆلارى ساڵانه‌وه‌ هاته‌خواره‌وه‌ بۆ 415 ملیۆن، ئه‌مه‌یش به‌هۆى ئه‌و گرژى و نائارامییانه‌وه‌ كه‌ میسر به‌خۆوه‌ى بینى.

له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكى پێشووتر، محه‌مه‌د مورسى-ى ئیخوانى-دا، قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان میسر و ئیسرائیل گه‌یشته‌ 200 ملیۆن دۆلار، له‌وه‌یش 120 ملیۆن دۆلارى هه‌نارده‌ى به‌رهه‌مه‌كانى ئیسرائیل بوو بۆ قاهیره‌. 

سه‌ره‌ڕاى ئه‌و بازه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ له‌ سه‌رده‌مى ئه‌لسیسى-دا ئابوریى میسر داویه‌تى، به‌ڵام ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان میسر و ئیسرائیل هه‌ر به‌ خراپیى مایه‌وه‌ و هه‌تا پێش جێبه‌جێكردنى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ى ئه‌م دوایه‌ى بوارى غاز، نه‌یتوانى قه‌باره‌ى پێشوو تێپه‌ڕێنێت یان هیچ نه‌بێت بگاته‌ نیو ملیار دۆلار 

به‌گشتى، ئه‌و پاره‌ و پووڵه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌ى كه‌ خه‌رجكرا بۆ شكستپێهێنانى ده‌وڵه‌تى میسر و رووخاندنى به‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ تێیدایه‌تى و سپیكردنه‌وه‌ى رووى ئیخوان، هه‌مووى به‌فیڕۆچوو و با بردى، ته‌نانه‌ت ده‌شێت هه‌ڵمه‌ته‌كانى دژى میسر له‌ڕێى دوانگه‌ میدیاییه‌ توركى و قه‌ته‌رى و لیژنه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ ئیخوانییه‌كانه‌وه‌، بووبێتنه‌ هانده‌ر و پاڵنه‌رێكى میسریه‌كان، به‌ جۆرێك كه‌ نزیكه‌ى 18 هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى ئابوریى كه‌وتوونه‌ته‌ پێشبڕكێى یه‌كتره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتنى به‌شداربوونیان له‌ پرۆژه‌كانى غاز-ى میسردا به‌ده‌ستبێنن. له‌ولایشه‌وه‌ هاوپه‌یمانیى ده‌وڵه‌تانى دیكه‌، خۆراك و ژه‌مه‌ خواردنێك ده‌ده‌ن به‌و په‌نابه‌رانه‌ى ناو خێمه‌ و كه‌مپه‌كان كه‌ پریشك و پارچه‌ى به‌هارى عه‌ره‌بى وڵاته‌كانیانى وێران كردووه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure