تەنیا گڵ ناخی پڕ دەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 25/02/2018

نووسینی: مشعەل ئەلسەدیری
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

وەك چۆن هەموو شێخێك تەریقەتی خۆیی هەیە، بەهەمانشێوە هەموو ملیاردێرێكیش تەریقەتی خۆیی هەیە، بەڵام ئێمە (قەومی رەشوڕووتەكە) كە هیچمان (نە لەملا و نە لەولا) نییە، هیچمان نییە جگە لە لێوردبوونەوە و تێڕامان.

ئەمڕۆ سەركۆزەرەكەم لەسەر گروپی دووەم و ئەو شتانە كورت دەكەمەوە، كە پێوەی هۆگر و  پەیوەست بوون، وەك جۆرێك لە نمایشكردن و دەوروخولدانی دەوروبەریان، چونكە بەلایكەمەوە (بوونی لە نەبوونی باشترە).

ئەوەتا بوكیش ئەفانی، ملیاردێری هیندی كە سامانەكەی دەگاتە 27 ملیار دۆلار، تەلارێكی دروستكردووە 27 نهۆم بەرزە -واتا نهۆمەكان بە قەد ژمارەی ملیارەكانیەتی- ئەمەیش بۆ ئەوەی بە تایبەتی خۆی و خێزانەكەی تێیدا بژین و بەسەر گەڕەكە هەژارنشینەكانی مۆمبای-دا بڕوانێت. لە ناوەوەیدا نزیكەی 600 كرێكار كاردەكەن. ئەم ماڵە، لە دوای كۆشكی بێكنگهام، بە گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت دادەنرێت. ئەمە ئەم.  
 
بەڵام سوڵتانی برۆنای، كە بە یەكێك لە دەوڵەمەنترین دەوڵەمەندەكانی جیهان دەژمێردرێت، فڕۆكەیەكی جۆری بۆینگ 747 ی بە سەد ملیۆن دۆلار كڕیوە و بایی سەد و بیست ملیۆن دۆلاری تریش دەستكاریی كردووە، وەك ئاڵتوونڕێژكردنی دیكۆراتی دیوی ناوەوەی فڕۆكەكە و راخستنی راخەری ناوازەی رەنگ پیرۆزەیی تێیدا. تەنانەت دەستشۆر و بانووی گەرماوەكەیشی لە ئاڵتوون بێبەش نەكردووە. ئەمەیش ئەم.
 
بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە، ئینگڤار كامپراند-ی ملیاردێری سویدی هەیە كە خاوەنی كۆمپانیای ئیكیا-ی سویدیی بۆ فرۆشتنی كەلەپەلی ناوماڵە و بە دوژمنی سەرسەختی دەستبڵاویی بەناوبانگە. ئەم دەوڵەمەندە لە زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەمەندەكان جیاوازە. ئەگەر ئارەزووی، بۆ نموونە، گەشتێك بكات، ئەوا تەنیا هەر بە پلەی گەشتیاریی دەڕوات و هەموو هاتوچۆیەكیشی بە ئۆتۆمبێلە ڤاڵڤۆ 240 ە مۆدێل 1993 كەی خۆیەتی. نانخواردنیشی هەر لە یەكێك لە چێشتخانەكانی ئیكیا-یە كە بە هەرزانیی نرخەكانی ناسراوە، هەروەك بەردەوام ئامۆژگاریی كارمەندەكانیشی دەكات بەوەی خاكی بن و هەتا دەتوانن دەستگرەوە بن نەك دەستبڵاو. بەم رەفتارانەی، شێخ سلێمان ئەلراجحی-ی ملیاردێری سعودیە-م بیردەخاتەوە. ئەمەیشیان ئەم.
 
لەبەرامبەر ئەمانەدا، بیستوومە گەورە ئەفسەرێكی یەكێك لە دەوڵەتانی كەنداو، سەعاتێكی لە دەستدایە، بایی 500 هەزار دۆلارە (ماركەیRM2-02)ە. خوا دەیزانێت. سەیرەكە لەوەدایە دەوڵەمەندترین پیاو لەسەر ئەم رووی زەمینە، بیڵ گەیتس-ە، ئەویش سەعاتێكی لەدەستدایە كە نرخەكەی تەنیا سەد دۆلارە و ماركەكەی (FOSSIL)ە. ئەمیش ئەم. 

بوارم بدەن با چەند سەدەیەك بكشێمە دواوە و باسێكی جەهانگیر-ی چوارەم ئیمپراتۆری مەغۆلەكانتان بۆ بكەم كە لە ساڵی 1605 ەوە هەتا ساڵی 1627 فەرمانڕەوایی كرد. سێ‌ سەد ژنی هەبوو (ژن شەڕەقۆچی لەگەڵ ژندا دەكرد). هەروەها پێنج هەزاری دیكەیش(السراری/بۆ رابواردن) هەبوو. لە دەرەوەی كۆشكە بڵندەكەیشیدا، دوازدە هەزار فیل و دە هەزار گا و دوو هەزار حوشتر و سێ‌ هەزار مامز و چوار هەزار سەگ و سەد شێر و دە هەزار كۆتری نامەبەری هەبووە. لە كۆتاییشدا خۆی بە دەردی (بەلەفیڕە) مرد و كەس نەیتوانی چارەسەری بكات. راستە بنیادەم هیچ شتێك ناخی پڕ ناكات گڵ نەبێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure