قوتابخانه‌كانى ئه‌مریكا... به‌ره‌یه‌كى تازه‌ى جه‌نگ

بۆچوون / بیروڕا :: 24/02/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ، له‌به‌رده‌م كۆنگره‌ى ساڵانه‌ى پارتى موحافزین-دا راوه‌ستا و دروشمى (قوتابخانه‌ى بێ چه‌ك شه‌ڕانییه‌كان راده‌كێشێت)ى وته‌وه‌. ئه‌وه‌یشى روونكرده‌وه‌ كه‌ ناوه‌رۆكى ئه‌م دروشمه‌ (پێشنیاره‌ى) له‌ ده‌ره‌نجامى ئه‌و كوشتاره‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ 17 خوێندكارى تێدا كوژرا. وتیشى چه‌كداركردنى مامۆستایان ده‌بێته‌ هۆى دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى كوشتارى دیكه‌ى له‌و جۆره‌. هه‌روه‌ها ستایشى لۆبیى چه‌ك و لایه‌نگره‌كانیى كرد و واى له‌قه‌ڵه‌مدان كه‌ ئه‌وان (قاره‌مانى به‌شه‌ره‌ف و نیشتمانپه‌روه‌رى ئه‌مریكان). وتیشى "ئه‌گه‌ر مه‌شق و راهێنان به‌ له‌سه‌دا بیست-ى مامۆستایان بكه‌ین ئه‌وا هێرشه‌كانى سه‌ر قوتابخانه‌كان نامێنن".

(واین لۆبیار) سه‌ركرده‌ى لۆبیى چه‌ك-یش ده‌رفه‌ته‌كه‌ى راوكرد و بازاڕێكى تازه‌ى له‌به‌رده‌مدا كرده‌وه‌ بۆ فرۆشتنى كه‌لوپه‌ل و شمه‌كه‌كانى، ئاماده‌یى خۆیشى ده‌ربڕى بۆ مه‌شقپێكردنى مامۆستایان و پێدانى هه‌رچیه‌كى پێویستیان بێت له‌م ئه‌ركه‌ جوامێره‌ تازه‌یه‌یاندا، له‌پێناو "دانانى سنوورێك بۆ ئه‌و ئه‌هریمه‌ن-ه‌ى له‌ ناوماندا دێت و ده‌چێت".

به‌ڵام قسه‌كردن له‌سه‌ر تیرهاوێژیى له‌م بۆنه‌یه‌ و له‌ بۆنه‌كانى دیكه‌یشدا، تێڕوانین بۆ تێچوونه‌ داراییه‌كه‌ى هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه‌، چونكه‌ مه‌شقپێكردن و چه‌كپێدان باج و پاره‌ى ده‌وێت و ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانى په‌یوه‌ندیدار بیده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌م كاره‌ پێگه‌ى سیاسیى ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌هێز ده‌كات كه‌ خه‌ڵاتى یاسادانه‌ران ده‌كه‌ن و نرخ و به‌هاى زۆر و زه‌وه‌ندى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان ده‌ده‌ن، هه‌ر كه‌سێكیش په‌ناى بۆ نه‌بات، ناگاته‌ كاپیته‌ڵ هۆڵ و خۆ ئه‌گه‌ر بیشیگاتێ ئه‌وا خۆى ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ به‌ دوژمنان له‌ هه‌ردوو حزبى (كۆمارى و دیموكراتى) ده‌وره‌ دراوه‌ و حزبێكى سێیه‌م داده‌مه‌زرێنن كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ى به‌رگریكردن ده‌بێت له‌ گه‌وره‌كه‌ى.   

ره‌نگه‌ ئه‌م مشتومڕه‌، بێجگه‌ له‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئیتر له‌ هه‌ر وڵاتێكى تردا بێت، شتێكى خه‌یاڵى بێت، به‌ڵام له‌ واشنتۆن كارێكى (پێویسته‌)، وه‌ك ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى رۆژنامه‌كان جه‌ختى لێده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئازادیى چه‌كهه‌ڵگرتن به‌ ده‌ستوور رێ پێدراوه‌ و هیچ سه‌رۆكێكیش ئازایه‌تیى ئه‌وه‌ى نه‌بووه‌ ئه‌م (ئازادییه‌) هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. پێشتریش لۆبیى چه‌ك رۆڵى كاریگه‌ریى هه‌بوو له‌ شكستپێهێنانى هیلارى كلینتۆن-دا. كاتێكیش كه‌ باراك ئۆباما هه‌وڵیدا تا سنوورێكى بۆ دابنێت، كۆنگرێس به‌ توندیى رووبه‌ڕووى وه‌ستایه‌وه‌ و ئیتر سه‌رۆك نه‌یتوانى هیچ یاسایه‌ك تێپه‌ڕێنێت كه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌م لۆبیه‌ بگه‌یه‌نێت. 

به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ته‌نیا له‌ناوخۆى ئه‌مریكادا كورتنه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو په‌لیكوتاوه‌ و له‌ رێى بازاڕى ره‌شى فرۆشتنى چه‌ك و هه‌نارده‌كردنییه‌وه‌ هه‌موو جیهانى گرتووه‌ته‌وه‌. هێنده‌ به‌سه‌ لێره‌دا باس له‌ گۆڕه‌پانه‌ عه‌ره‌بییه‌كان بكه‌ین كه‌ به‌هۆى (به‌هاره‌كه‌)وه‌ ئه‌م چه‌كه‌یان پێگه‌یشتووه‌ و بزانین قه‌باره‌ى فرۆشراوه‌كان و قازانجه‌كانیان چه‌نده‌. بۆ نموونه‌ له‌ عێراق-دا ئه‌و به‌كرێگیراوانه‌ى كه‌ ناونرابوون به‌ڵێنبه‌سته‌كان، له‌ نموونه‌ى (سه‌ربازانى بلاك وۆته‌ر) و كۆمپانیا ئه‌منییه‌كانى دیكه‌ى ناسراو به‌ پاسه‌وانى و پارێزگاریى، سه‌دان ملیۆن دۆلاریان بۆ خه‌رجكراوه‌. ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ن سوپاى ئه‌مریكاوه‌ ده‌پارێزران و پێكه‌وه‌ پلان و نه‌خشه‌یان ده‌كێشا و جێبه‌جێیان ده‌كرد و ئه‌ركى هاوبه‌شى و پێكه‌وه‌ییان هه‌بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ تیرۆریستان چییان پێویست بوایه‌، له‌ڕێى نێوبژیوانه‌ زانراوه‌كانه‌وه‌، ده‌یاندانێ. هه‌مانشت ئێستا له‌ سوریا رووده‌دات كه‌ سه‌دان هه‌زار سه‌رباز بڵاوه‌یان پێكراوه‌ و له‌ژێر پارێزگاریى ئه‌مریكى و ئیقلیمیدان و پێویستیان به‌ چه‌ك و تفاقى جه‌نگیى هه‌یه‌ كه‌ بازاڕى (ره‌ش-سپى) بۆیان دابین ده‌كات.

لوبیى چه‌ك له‌ ساڵى 1871 دامه‌زراوه‌، یه‌كه‌م (كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى)ى بووه‌، ئامانجى خزمه‌تكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكایه‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یدا. ئه‌وانه‌ى كه‌ سه‌رپه‌رشتیى ده‌كه‌ن "قاره‌مانانى نیشتمانپه‌روه‌رن" وه‌ك ئه‌وه‌ى تره‌مپ وتى، ئه‌گه‌رچى له‌دیدى جیهاندا ئه‌وانه‌ تاوانبارن.

تره‌مپ، به‌ره‌یه‌كى تازه‌ى جه‌نگ له‌ قوتابخانه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ ده‌كاته‌وه‌، سه‌ربازه‌كانى ئه‌م به‌ره‌یه‌ مامۆستاكانن و به‌رگریى ده‌كه‌ن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و (شه‌ڕانى)انه‌ى كه‌ خوێندكاران ده‌كوژن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure