هه‌رێمایه‌تییه‌ك پێشبڕكێى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات و پێشیكه‌وتووه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 18/02/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


دوو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازیى له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن كه‌ ئه‌گه‌رچى خه‌سڵه‌ت و مه‌رجى زۆرى جه‌نگ-یشیان تێدایه‌، به‌ڵام نه‌بوونه‌ته‌ جه‌نگ. یه‌كێكیان له‌ نێوان ئیسرائیل و ئێران-دایه‌ و به‌ ئاسمانى سوریا و ئیسرائیل و به‌سه‌ر سه‌رى سورى و لوبنانییه‌كانه‌وه‌یه‌، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ بۆشایى سوریا و چاوبڕینه‌ ئه‌و بۆشاییه‌. دووه‌میشیان له‌ عه‌فرین-ى سوریا و كوردى-دایه‌ له‌ نێوان توركه‌ هێرشبه‌ره‌كان و كورده‌ به‌رگریكاره‌كان، ئه‌مه‌یشیان هه‌ر به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ بۆشایى سوریا و چاوبڕینه‌ ئه‌و بۆشاییه‌یه‌. 

كۆڕاییه‌ك هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ روسیا رۆڵى سه‌ره‌كیى هه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دوو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ نه‌بنه‌ دوو جه‌نگ. بێگومان ئه‌مه‌ ناخرێته‌ پاڵ ئاشتییه‌كه‌وه‌ كه‌ ڤلادیمێر پوتن بیه‌وێت، هێنده‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ سووربوونى مۆسكۆ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى پلانه‌كه‌ى له‌ سوریا وه‌ك كارى یه‌كه‌م و له‌پێشینه‌ى، پاشانیش رێنه‌دان به‌ تێكدان و شێواندنى یاخود تیشك لێدزینه‌وه‌ى. له‌سه‌ر ئه‌مه‌یشه‌وه‌ لێره‌دا هه‌ڵوێستى ئه‌مریكایش هه‌یه‌ كه‌ ناڕوون و ته‌مومژاوى و سه‌یره‌، وایكردووه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى بایه‌خ به‌ دۆخه‌كه‌ ده‌ده‌ن چاوه‌ڕێى ئه‌و بن، هه‌ر یه‌كه‌یان و لایخۆیه‌وه‌ چاوه‌ڕێیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى بخه‌مڵێت و ده‌ركه‌وێت.
 
 ئه‌مه‌ ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م ئه‌و قسه‌یه‌دا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بگوترێت دۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ ئیقلیمییه‌كه‌ له‌ بارودۆخه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ خێراتره‌ و زیاتر ئه‌گه‌رى گڕگرتن و ته‌قینه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌. نه‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ روسییه‌كه‌ تاسه‌ر ده‌توانێت دایمركێنێت و نه‌ راڕایى و ته‌مومژاوییه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌یش. ئێستا ئیتر خه‌ریكه‌ نیشانه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، كه‌مترینیان حاڵه‌ته‌كه‌ى روسیایه‌: خستنه‌خواره‌وه‌ى سۆخۆكه‌ى له‌ ئیدلب و پاشان داننانى مۆسكۆ به‌ كوژرانى پێنج روسى (ره‌نگه‌ زۆرتر بن) و هه‌ره‌وه‌ها برینداربوونى هیتریش.
  
توركیا هیچ له‌ باكورى سوریادا نابینێت بێجگه‌ له‌ پارتى كرێكارانى كوردستان، هیچ له‌ سه‌ركه‌وتنى كورده‌كانى سوریادا نابینێت بێجگه‌ له‌ شكست و دۆڕانى خۆى له‌ڕووى كورده‌كانى توركیادا. بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ ته‌نیا له‌ ده‌وروبه‌رى عه‌فرین-دا بگیرسێته‌وه‌ و له‌ كاتێكى تردا پێشڕه‌ویى نه‌كات به‌ره‌و مه‌نبج. رۆژانه‌ ئه‌و فریوودانه‌ جڵه‌و ده‌كات و به‌ (هه‌وڵدانى سنووربه‌زاندن) وازدێنێت. 

كورده‌كانیش لایخۆیانه‌وه‌، ناتوانن ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ بپێچنه‌وه‌ و دایبخه‌ن كه‌ كردیانه‌وه‌ كاتێك هه‌ستیان به‌وه‌ كرد ده‌رفه‌تێكى مێژوویى بۆ خۆیان و مافه‌كانیان و ئازادییان هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌. 
توركیا له‌خۆگرتنى داعش و كورده‌كانیش شه‌ڕى دژى داعشیان قۆسته‌وه‌. ئه‌مڕۆ ئه‌و دوو لایه‌ زیاده‌ڕۆیى ده‌كه‌ن له‌ به‌كارهێنان و به‌گه‌ڕخستنى ئه‌و قۆستنه‌وه‌یه‌یاندا. 
 
ئێران-یش لایخۆیه‌وه‌ خوێنى سورییه‌كانى قۆستووه‌ته‌وه‌، ئیتر به‌ راسته‌خۆ بووبێت یان به‌ ناڕاسته‌وخۆ له‌ڕێى میلیشیا شیعیه‌ لوبنانى یان عێراقییه‌كانیه‌وه‌. له‌كاتێكدا مه‌شریق به‌ره‌و تیاچوون و وێرانه‌یى ده‌ڕوات، كه‌چى ئێران ستراتیژییه‌تێكى په‌ره‌پێداوه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ لوبنان-یه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌ غه‌زه‌-یشه‌وه‌ (تێبینى: هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، داعش و ئێران تاقه‌ دوو لایه‌نن كه‌ سڕینه‌وه‌ى سنووره‌ نیشتمانییه‌كانیان كردووه‌ته‌ به‌شێكى زیندووى سیاسه‌ته‌كانیان). ئه‌مه‌یش شتێكه‌ په‌شیمان و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى كارێكى هه‌روا ئاسان نییه‌. سه‌رانى ئێران، ناو به‌ناو، به‌ سۆزى خۆیانه‌وه‌ بیرمانى ده‌خه‌نه‌وه‌.

هه‌رچى ئیسرائیل-یشه‌، وایداده‌نێت كه‌ به‌ هه‌ر بوونێكى سه‌ربازییانه‌ى ئێران، یان سه‌ر به‌ ئێران له‌ باشورى سوریا، به‌ره‌یه‌كى دیكه‌ى به‌ڕوودا ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ مه‌ترسییه‌كى دیكه‌ بۆ سه‌ر ئه‌من و ئاسایشى. ئه‌مه‌یش پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى تێدا ناكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى سیاسیه‌كان و سه‌ركرده‌ ئه‌منیه‌كانیان به‌ زمانى تایبه‌تى خۆیان ده‌یڵێن. له‌ده‌ستدانى فڕۆكه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ده‌یان گورزى سه‌ركه‌وتوانه‌ى هه‌واییدا، كارێكى هانده‌رانه‌یه‌. ئیسرائیل فێربووه‌ كه‌ به‌ ئاگاییه‌وه‌ ئامانجه‌ فراوانخوازییه‌كانى بپێكێت بێ ئه‌وه‌ى لێى دوودڵ بێت.
 
له‌ نێوان تێكچڕژان و به‌یه‌كداچوونى ده‌وڵه‌ت و گروپه‌كانى ناوچه‌كه‌دا كه‌ هه‌موویان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان شێواون، هه‌روه‌ها چاوچنۆكیى ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان كه‌ جارێك داواى هێوربوونه‌وه‌ و جارێك داواى هه‌ڵكشان و ئاڵۆزبوونى ده‌كه‌ن، زه‌حمه‌ته‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ نه‌گۆڕێن بۆ جه‌نگ، له‌وانه‌یشه‌ جه‌نگه‌كان كراوه‌ بن. 
ئاقڵترین و داناترینمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆى بۆ خراپترین ئاماده‌ ده‌كات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure