عێراق: ده‌وڵه‌تانێك ئاوه‌دان و ده‌وڵه‌تانێك وێرانى ده‌كه‌ن

بۆچوون / بیروڕا :: 17/02/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
عێراق به‌ڵێنگه‌لێكى به‌ بڕى سى ملیار دۆلار له‌ ده‌وڵه‌تانى جیهان كۆكرده‌وه‌ بۆ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى، له‌ڕاستیدا په‌رۆشییه‌كى ئه‌وتۆ بۆ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ئارادانییه‌، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار، له‌وانه‌ ئه‌و باره‌ قورس و گرانه‌ ئابورییه‌ى كه‌ هه‌موو وڵاتانى ناوچه‌كه‌ى پێدا تێده‌په‌ڕێت به‌هۆى زۆریى بڕى تێچووى جه‌نگه‌كانه‌وه‌.  

له‌ كێشه‌ى كه‌میى پاره‌ گه‌وره‌تر، خراپیى به‌ڕێوه‌بردنى خودى عێراقه‌. كێ هه‌یه‌ بیه‌وێت پاره‌كانى له‌ وڵاتێكدا بخاته‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ كه‌ میلیشیاى تێدا بڵاوبووبێته‌وه‌ و گه‌نده‌ڵى كه‌فته‌كارى كردبێت؟ حكومه‌ت لاوازه‌، تایفه‌گه‌رى ئاشكرا و راشكاوه‌، تیرۆر له‌ناونه‌براوه‌ ئه‌گه‌رچى له‌ موسڵ و ناوچه‌كانى دیكه‌ تێكشكێنراوه‌، ده‌ستوه‌ردانى بیانى-به‌تایبه‌ت ئێران- به‌ ئاشكرا له‌ زیادبووندایه‌. ئه‌مانه‌ ئاڵنگاریگه‌لێكى مه‌ترسیدارن و نابێت ره‌چاونه‌كرێن و پشتگوێ بخرێن، ئیتر با گوشارى ئه‌مریكى و نێوده‌وڵه‌تیش هه‌بێت بۆ پشتگیرى و پشتیوانى كردن.

كێشه‌ى عێراق كه‌میى سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانى نییه‌، به‌ڵكو زۆریى به‌ڵا و نه‌هامه‌تییه‌كانیه‌تى كه‌ باسمكردن و هێشتا هه‌ر گیرۆده‌یانه‌. عێراق خۆى له‌خۆیدا ده‌وڵه‌مه‌نده‌، خاوه‌نى پێنجه‌م یه‌ده‌گى نه‌وته‌ له‌ جیهاندا و له‌سه‌ر گه‌نجینه‌یه‌كى غازه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ هه‌ردوو رووباره‌كه‌ى دیجله‌ و فورات. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ڕووى ئه‌منیه‌وه‌ سه‌قامگیر بێت و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌كه‌ى بتوانێت ئیداره‌ى هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ بكات، كه‌س دوودڵ و راڕا نه‌ده‌بوو كه‌ پشتگیریى له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى بكات ئیتر به‌ به‌خشین بوایه‌ یان به‌ قه‌رز و یاخود به‌ وه‌به‌رهێنان. 

عێراقییه‌كان، به‌ كۆنگره‌ و پابه‌ندبوونه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان فریوناخۆن، چونكه‌ هه‌ندێكیان هه‌ر قسه‌یه‌ و ناگه‌نه‌ جێ، وه‌ك ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى كه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئه‌فغانستان و سۆماڵ و یه‌مه‌ن و غه‌زه‌ و لوبنان دران. پابه‌ندبوونه‌كان جێبه‌جێنه‌كران، چونكه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ هه‌ر له‌ جه‌نگ و توندوتیژى و په‌شێویدا مانه‌وه‌. ئه‌زموونه‌كه‌ى غه‌زه‌ نموونه‌یه‌كى خراپه‌، هه‌رچه‌ند پشتگیریى بكرێت به‌ڵام به‌هۆى خراپیى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى و توندیى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى دوژمنه‌كه‌یه‌وه‌ وێران ده‌كرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها لوبنان-یش كه‌ حزبوڵـڵا گلاندوویه‌تیه‌ جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌كانه‌وه‌ و هۆكارى وێرانبوونیه‌تى. ئێستایش ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تانى كه‌نداو و خۆرئاوا بێنه‌وه‌ و دروستى بكه‌نه‌وه‌ و پرد و به‌نده‌ر و سوپاى بۆ بنیاتبنێنه‌وه‌. 

عێراق باجى زۆرى هه‌ڵه‌كانى داوه‌، 46 ملیار دۆلار قه‌ره‌بووى دایه‌ كوه‌یت چونكه‌ داگیریكردبوو، هێشتایش چوار ملیار دۆلارى لا ماوه‌. ئه‌مڕۆیش به‌ڵێنى ئه‌وه‌ به‌ عێراق ده‌درێت كه‌ سى ملیار دۆلارى بدرێتێ بۆ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى، تورلاكیا پێنج ملیار دۆلار و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سێ  ملیار و سعودیه‌ ملیار و نیوێك دۆلار و كوه‌یتش ئه‌وه‌نده‌ و قه‌ته‌ریش نیو ملیار و یه‌كێتى ئه‌وروپایش كه‌متر له‌ نیو ملیار دۆلار. 
 
له‌م لیستى وڵاتانى پشتگیریى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراقه‌دا، تێبینیى چى ده‌كه‌ین؟ تاقه‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ یارمه‌تیى عێراقییه‌كانى نه‌داوه‌، ئێران-ه‌! كه‌ له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تان زیاتر به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر وێرانه‌یى عێراق و شكستى ده‌سه‌ڵاته‌ ناوه‌ندییه‌كه‌ى. چونكه‌ رژێمى ئێران دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراقى له‌به‌ریه‌كترازاندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستى به‌سه‌ردا بگرێت. سوپایه‌كى هاوشان و هاوتاى سوپاى پێكهێناوه‌ به‌ناوى حه‌شدى شه‌عبى، وه‌ك حزبوڵـڵاكه‌ى لوبنان و هه‌مان ئه‌ركیش جێبه‌جێ ده‌كات. رژێمى خومه‌ینى پشتگیریى گروپه‌ ئایینییه‌كانى عێراقى كرد له‌سه‌ر حسابى ده‌وڵه‌تى مه‌ده‌نى و قاسم سوله‌یمانى-ى ژه‌نراڵى نارد بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ركردایه‌تى عێراق بڵێت ئاوا و ئاوا دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانى و جه‌نگه‌كانى به‌ڕێوه‌ببیات و به‌كاریبێنێت بۆ پشتگیریى كردنى پرۆسه‌كانى خۆى و بیكاته‌ رێڕه‌وێك به‌ره‌و سوریا و لوبنان. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستوه‌ردانه‌كانى سوپاى پاسدارانى ئێرانى نه‌بوایه‌، ئه‌وا عێراقییه‌كان له‌ سایه‌ى دامه‌زراوه‌ سیاسیه‌كانى وڵاته‌كه‌یان و به‌ پشتیوانیى كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌لومه‌رج و گوزه‌رانێكى باشتریان ده‌بوو. سه‌ركه‌وتوویش ده‌بوون له‌ سووردوه‌رگرتن له‌ نه‌وته‌كه‌ى و ئاوه‌كه‌ى و لاوه‌كان-ى بۆ دروستكردنى ده‌وڵه‌تێكى مه‌زن. 

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: عێراقییه‌كان چۆن بتوانن ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان بنیاتبنێنه‌وه‌، له‌كاتێكدا میلیشیا چه‌كداره‌ ئایینییه‌كان و سوپاى پاسدارانى ئێران، فه‌رمانڕه‌وایى بكه‌ن؟!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure