میدیا گیرۆده‌یه‌ به‌ڵام رێگه‌كانى ده‌ربازبوونى كراوه‌ن

بۆچوون / بیروڕا :: 13/02/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ساڵى 2017 ژماره‌یه‌كى پێوانه‌یى له‌ كوژرانى رۆژنامه‌نووساندا تۆماركرا. ژماره‌یان گه‌یشته‌ 54 رۆژنامه‌نووس و له‌ ناویاندا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم، دوو ژن هه‌بوون. به‌مه‌یش ساڵى رابردوو پێش ژماره‌ى پێوانه‌یى تۆماركراوى ساڵى پێشتر، 2016، كه‌وتووه‌. 

هه‌ندێك ژماره‌م خوێندوونه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن ژماره‌ى رۆژنامه‌نووسه‌ كوژراوه‌كانى ساڵى رابردوو 41 پیاو بووه‌، به‌ڵام چه‌ندین سه‌رچاوه‌ى رۆژنامه‌وانى و گروپه‌كانى مافى مرۆڤ 54یان تۆماركردووه‌. هه‌روه‌ها حه‌وت كوژراوى مه‌ده‌نییش هه‌بوون كه‌ بۆ هاوكاریى رۆژنامه‌نووسه‌كان كاریانكردووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌شت كارمه‌ند كه‌ له‌ میدیادا كاریانكردووه‌ وه‌ك كامێرامان و ئه‌وانه‌. هه‌ندێك ژماره‌ى دیكه‌یش هه‌بوون له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسه‌ قوربانییه‌كان له‌ ساڵانى رابردوودا به‌ڵام من ئه‌وه‌یانم هه‌ڵبژارد كه‌ به‌لامه‌وه‌ راسته‌ یان له‌ راستیه‌وه‌ نزیكن.

زۆرترین ژماره‌ى قوربانیانى رۆژنامه‌نووسان له‌ مه‌كسیك بووه‌ كه‌ 11 رۆژنامه‌نووسن. رۆژنامه‌وانى له‌وێ له‌ژێر گوشارى سیاسیدا نییه‌، به‌ڵكو له‌وێ رۆژنامه‌نووسان ده‌كوژرێن بۆ ئه‌وه‌ى رێگریى بكرێت له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ورده‌كاریى ده‌رباره‌ى شه‌ڕى دژى بانده‌كانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌ گه‌نده‌ڵه‌ حكومییانه‌ى كه‌ به‌ پاره‌ یارمه‌تیى بانده‌كان ده‌ده‌ن. 

سوریا دووه‌م ده‌وڵه‌تى ساڵى رابردوو بووه‌ له‌ ژماره‌ى رۆژنامه‌نووسه‌ كوژراوه‌كاندا كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ نۆ پیاو، دواى ئه‌و عێراق به‌ هه‌شت كوژراو، ئینجا سۆماڵ و هندستان و فلیپین هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ چوار كوژراو. سێ رۆژنامه‌نووسى كوژراویش له‌ یه‌مه‌ن و سیان-ى تر له‌ ئه‌فغانستان. تۆماره‌كه‌ ناوى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یشى تێدایه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یانه‌ رۆژنامه‌نووسێكى تێدا كوژراوه‌، ئه‌وانیش به‌نگلادش و بۆرما و به‌رازیل و كۆڵۆمبیا و دانیمارك و هندۆراس و ماڵتا و روسیا و باشورى سودان-ن. 

هه‌موو ته‌مه‌نى خۆمم له‌ كارى رۆژنامه‌وانیدا به‌سه‌ر بردووه‌ و كوژرانى رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌ر لایه‌كى جیهاندا بووبێت ده‌روونى جه‌ڕاندووم، به‌ڵام به‌وه‌ دڵخۆش بووم كه‌ میسر و ده‌وڵه‌تانى خۆرئاواى عه‌ره‌بى و شانشینى عه‌ره‌بیى سعودیه‌ و وڵاتانى دیكه‌ى ئه‌نجومه‌نى هاریكاریى، رۆژنامه‌نووسیان تێدا نه‌كوژراوه‌. 
 
بێگومان رۆژنامه‌نووسانێكى زۆر له‌ جیهاندا ده‌ستگیركراون. ئاماره‌كانى لیژنه‌ى پارێزگاریى رۆژنامه‌نووسان-م خوێندوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ توركیا له‌پێش هه‌موو جیهانه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌ستگیركردنى رۆژنامه‌نووسان و دادگاییكردنیان. له‌وێ 73 رۆژنامه‌نووسى ده‌ستگیركراو هه‌ن و هه‌ندێكیان دادگایى ده‌كرێن. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ 189 رۆژنامه‌نووس له‌ 30 وڵاتدا ده‌ستگیركراون. 

ئه‌و گروپانه‌ى كه‌ چاودێریى كارى رۆژنامه‌وانى و مه‌ترسییه‌كانى ئه‌م پیشه‌یه‌ ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كانى تیاچوونیان تۆمار ده‌كه‌ن، كه‌ به‌زۆریى كوشتنى به‌ ئه‌نقه‌ست یان كوژرانیان به‌ تاقه‌ گولـله‌یه‌كى دوو لایه‌نى شه‌ڕكه‌ر یاخود رۆژنامه‌نووسه‌ كوژراوه‌كه‌ به‌ ئه‌ركێكى مه‌ترسیدار چووه‌ته‌ ناوچه‌ى شه‌ڕه‌وه‌.
 
كاتێك منداڵ بووم، نسیب ئه‌لمه‌تنى له‌ لوبنان تیرۆر كرا كه‌ خاوه‌ن و سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (ته‌له‌گراف) بوو. په‌شێوییه‌كى زۆر سه‌ریهه‌ڵدا چونكه‌ پێشتر لوبان كوژرانى رۆژنامه‌نووسى نه‌بیستبوو، به‌ڵام له‌ شه‌ڕى ناوخۆ و دواى شه‌ڕه‌كه‌یش ئیتر خه‌ڵكى له‌سه‌ر هه‌واڵى كوژرانى رۆژنامه‌نووسان راهاتن. پێش جه‌نگیش، كامل مروه‌ رۆژنامه‌نووسى گه‌وره‌ و دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رنووسه‌رى (ئه‌لحه‌یات) و محه‌مه‌د ئه‌لحومانى و پاشان سه‌لیم ئه‌للوزى و ریاز ته‌ها و هه‌روه‌ها جوبران غه‌سان توینى و سه‌میر قه‌سیر و .. ئه‌وانتریشم له‌ یاده‌. 

كاتێك به‌دواداچوونم ده‌كرد بۆ ورده‌كارییه‌كانى كوشتنى رۆژنامه‌نووسان له‌م وڵات و ئه‌و وڵاتدا، تێبینیى ئه‌وه‌م كرد كه‌ گه‌وره‌ترین وڵاتى عه‌ره‌بى، میسر، له‌م ساڵانه‌ى دواییدا هیچ رۆژنامه‌نووسێكى تێدا نه‌كوژراوه‌. بێگومان ئیخوان موسلیمین-ه‌كان رایه‌كى دیكه‌یان ده‌بێت، به‌ڵام من لایخۆمه‌وه‌ ستایشى حكومه‌تى میسر ده‌كه‌م بۆ پابه‌ندبوونى به‌ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌دا. 

رۆژنامه‌گه‌ریى عه‌ره‌بیى له‌مڕۆدا، له‌ زۆربه‌ى وڵاته‌كانماندا گیرۆده‌یه‌، رووبه‌ڕووى گوشاره‌كانى حكومه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كانى بوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها هێرشه‌كانى ئینته‌رنێت-یش، چونكه‌ رۆژنامه‌ى كاغه‌زین له‌ گیانه‌ڵـڵادایه‌ و ریكلامه‌كان روو له‌ ئینته‌رنێت-ن و ژماره‌ى خوێنه‌رانى ئینته‌رنێت زۆر زیاتره‌ له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ رۆژنامه‌ى دڵخوازى خۆیان له‌ دوكانێكى نزیك ماڵه‌كانیان ده‌كڕن. 
 
رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌ به‌توانا و دارا-كان، پێگه‌ى ئه‌لیكترۆنیى خۆیان هه‌یه‌. واتا خۆیان بۆ ئایینده‌ ئاماده‌كردووه‌. له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ من خۆم له‌ له‌نده‌ن داده‌نیشم، ئاگام له‌ ده‌رچوونى (ئیندیپێندنت) و راوه‌ستانى وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كى كاغه‌زیین بووه‌، ئێستا هه‌واڵه‌كانى ئه‌و له‌سه‌ر ئینته‌رنێت ده‌خوێنمه‌وه‌ و ده‌یشزانم هه‌م له‌ڕووى ژماره‌ى خوێنه‌رانى و هه‌م له‌ بوارى داهات و ده‌ستكه‌وتى ریكلامه‌كانیشیه‌وه‌، به‌هێزه‌. له‌ویش به‌هێزتر (گاردیان)ه‌ كه‌ دێرینترین رۆژنامه‌ى جیهانه‌. گاردیان-یش گیرۆده‌ى چاپه‌ كاغه‌زینه‌كه‌یه‌تى به‌ڵام رۆژانه‌ زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س پێگه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ى ده‌خوێننه‌وه‌، ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌ كه‌ داهاتووى پارێزراوه‌.

میدیاى عه‌ره‌بى-یش داهاتووى خۆى ده‌پارێزێت ئه‌گه‌ر ته‌ركیز بخاته‌ سه‌ر ئینته‌رنێت، یان ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ خۆرئاوا پێیده‌ڵێن ته‌كنۆلۆژیاى نوێ.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure