را و راى جیاواز

بۆچوون / بیروڕا :: 08/02/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌ درێژدادڕیى تیۆرى، باسى ئازادیى بیروڕات بۆ ده‌كه‌ن و كاتێكیش تاقیكردنه‌وه‌كه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌، هه‌مووى وه‌ك بڵقێك ده‌ته‌قێت. ره‌نگه‌ گه‌وره‌ترین شتێك كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى خۆرئاواى له‌ ئێمه‌ى عه‌ره‌ب پێ جیابكرێته‌وه‌، تێگه‌یشتنمان بێت بۆ ئازادیى را و راده‌ربڕین. 


زۆر زه‌حمه‌ته‌ كه‌سێك به‌ لیبراڵیى بێگه‌رد دابنێیت (لیبراڵیى بێگه‌رد بیرۆكه‌ى خۆمه‌) و مه‌به‌ستیشم له‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ راهاتووین هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م جیاوازیى را-دا، به‌رگه‌ لیبراڵیه‌كه‌مان داماڵین. 

بۆچى دیموكراتى له‌ خۆرئاوادا سه‌رده‌كه‌وێت؟ چونكه‌ نه‌وه‌ دواى نه‌وه‌ و ورده‌ ورده‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتى باوكسالارى یان براسالارییه‌ى لێ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ بوار ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ى باوك یان برا ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر خێزاندا به‌ هاوسه‌ر و ته‌نانه‌ت دایكیشه‌وه‌، ئیتر پیاو ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ به‌هۆى په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌ نێرینه‌كانیه‌وه‌ (كوڕه‌كانیه‌وه‌) ده‌چێنێت، وه‌ك چۆن لاى خۆمان و لاى زۆربه‌ى خۆرهه‌ڵاتییه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ پیاو له‌ هه‌لومه‌رجێكى وادا ناتوانێت لیبراڵى بێت یان بڕواى به‌ رایه‌كى جیاواز له‌ راى خۆى، هه‌بێت. خۆ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رایه‌كى جیاوازى كه‌سێكى تریشى به‌لاوه‌ په‌سه‌ند بێت هێشتایش هه‌ر نایه‌وێت به‌ ئاشكرا بیڵێت، وه‌ك گفتوگۆیه‌ك بێت له‌به‌رده‌م خه‌ڵكانى تردا یان له‌ مێزگرد یاخود له‌ نووسینى وتاردا بێت كه‌ تێیاندا وه‌ڵامى یه‌كترى بده‌نه‌وه‌. له‌ خۆرئاوا، ئازادیى زۆر و هه‌روه‌ها یاساگه‌لى توند و پته‌و توانیویه‌تى، ئه‌ڵێم توانیوویه‌تى كۆمه‌ڵ رابێنێت و فێرى بكات و قه‌ناعه‌ت بێنێت به‌ راى ئه‌ویدى و به‌ دیموكراتى و به‌ مافه‌كانى مرۆڤ، به‌ڵام خۆمان هێشتا رێگه‌یه‌كى دوورودرێژمان له‌به‌ره‌. 
 
چیرۆكگه‌لى زۆر هه‌ن ده‌رباره‌ى جیاوازیى باوى نێوان كه‌سه‌ به‌ناوبانگ و ئه‌ستێره‌كانى عه‌ره‌ب، له‌ ده‌م و له‌ قه‌ڵه‌مه‌كانیانه‌وه‌ وشه‌گه‌لێك ده‌ڕژێن كه‌ باوه‌ڕ ناكرێت قسه‌ى ئه‌م یان ئه‌و كه‌سه‌بێت كه‌ به‌لاى خه‌ڵكه‌وه‌ ئه‌دیب یان نووسه‌ر یاخود هونه‌رمه‌نه‌ده‌ و له‌ بواره‌كه‌ى خۆیدا باس له‌ سه‌نگ و به‌ها ده‌كات. تێبینى ئه‌وه‌یش ده‌كرێت كه‌ به‌شێكى زۆرى گفتوگۆ تایبه‌تییه‌كان ورده‌ ورده‌ ده‌گۆڕێن بۆ توندى و به‌ڕقاكه‌وتن و داننه‌نان به‌ هه‌ڵه‌دا، ئیتر له‌ بیروڕادا بێت یان ته‌نانه‌ت له‌ زانیارییشدا.

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌رنامه‌یه‌كى خۆرئاواییم بینى ده‌رباره‌ى به‌هره‌كان، ئه‌وه‌بوو له‌ ناو پێشبڕكێكاراندا كیژۆڵه‌یه‌ك هات بۆ ئه‌وه‌ى گۆرانى بڵێت، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مه‌ كچى یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌یه‌، بێگومان باوكه‌كه‌ پێى سه‌رسام بوو. ئه‌زانم ده‌رباره‌ى راى ئه‌و له‌سه‌ر گۆرانیى كچه‌كه‌ى ده‌پرسن، له‌ڕاستیدا ئه‌و توند بوو، كه‌چى ئه‌ندامه‌كانى ترى لیژنه‌كه‌ زۆر له‌و ئه‌هوه‌نتر بوون، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا كچه‌كه‌ هه‌ر بزه‌ و زه‌رده‌خه‌نه‌ به‌ روویه‌وه‌ بوو، پاشان چوو و باوه‌شى كرد به‌ باوكیدا. كه‌وتمه‌ خه‌یاڵى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كچى من بوایه‌ چۆن هه‌ڵسه‌نگاندنم بۆ ده‌كرد! ئینجا په‌یم به‌وه‌ برد كه‌ چ ئه‌ركێكى قورس و گرانه‌. 

ره‌نگه‌ زۆربه‌مان هه‌ستمان به‌ بێزاریى كردبێت له‌ به‌رنامه‌یه‌كى دیالۆگى نێوان دوو كه‌سى جیاواز له‌ بیروڕادا كه‌ پێشكه‌شكارێك دواندوونى و تێیدا ئه‌وپه‌ڕى سه‌رسام بووین به‌رامبه‌ر ره‌فتارى هه‌ندێكیان كه‌ جنێوى وا ده‌ده‌ن مه‌گه‌ر له‌ (به‌ره‌ڵاخانه‌كان)دا هه‌بێت، یان هه‌ڕه‌شه‌كردن یاخود خۆسووركردنه‌وه‌ بۆ لێدانى به‌رامبه‌ر و ئینجایش شه‌ڕه‌ چه‌پۆكى نێوان هه‌ردوو رۆشنبیره‌كه‌ و شه‌ڕه‌ بۆكس یان زۆرانبازیى و هه‌ندێك جار به‌كارهێنانى كورسى و ته‌پڵه‌ك و پێڵاو و ته‌نانه‌ت ده‌مانچه‌یش، ئیتر ئه‌وه‌یان كه‌ بتوانێت سنوورێك بۆ ئارامیى خۆى دابنێت ئه‌وا هه‌ڵده‌ستێ و به‌رنامه‌كه‌ جێدێڵێت بێ ئه‌وه‌ى گوێ بداته‌ پاڕانه‌وه‌ى پێشكه‌شكاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بمێنێته‌وه‌. 

لێتانى ناشارمه‌وه‌، من وه‌ك خۆم خه‌ون به‌ گفتوگۆیه‌كى هێمانه‌ى نێوان دوو كه‌سى رۆشنبیره‌وه‌ نابینم كه‌ تێیدا یه‌كێكیان دان به‌ هه‌ڵه‌ى خۆیدا بنێت، یان هه‌ردووكیان دان به‌وه‌دا بنێن كه‌ له‌ هه‌ندێك خاڵى بابه‌ته‌كه‌یاندا هه‌ڵه‌بوون، خه‌ونه‌كه‌ى من و ئه‌و دانپێدانانه‌ كێوێكى سه‌ختى بۆڵه‌ و نه‌ڕه‌ و تووڕه‌یى-یان له‌ نێواندایه‌، به‌ڵكو چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌م كه‌ لانیكه‌مى رێزگرتنى به‌رامبه‌ر هه‌بێت و بوارى بدات تا راى خۆى بڵێت و قسه‌كانى پێ نه‌بڕێت و وه‌ڵامى بداته‌وه‌ به‌بێ گرژى و به‌ كه‌سیكردن، یان له‌ به‌ها و شه‌وكه‌تى كه‌منه‌كاته‌وه‌. 
 
ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رنجه‌، هه‌ندێك جار بیانوو بۆ ئه‌وانه‌ى به‌ر رووناكییه‌كانى كه‌ناڵه‌كان و  رادیۆكان دێنینه‌وه‌ كه‌ كاتى ئه‌وه‌یان له‌به‌رده‌ستدانییه‌ تا ئارامبێته‌وه‌ و خۆى رابگرێت، بۆیه‌ په‌له‌ ده‌كات و كۆنترۆڵى نامێنێت، به‌ڵام ئه‌ى چى به‌و سووكایه‌تیانه‌ بڵێین كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانى رۆژنامه‌كاندان؟ خۆ ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌یه‌كتره‌وه‌ دوورن و چۆنیان بوێت وا ده‌نووسن و ده‌توانن نووسینه‌كانیان راست بكه‌نه‌وه‌ و پیابچنه‌وه‌ به‌بێ هیچ گوشار و په‌له‌په‌ل و هه‌ژان و وروژانێك. به‌ڵێ، ئارزادیى را، به‌بێ هیچ گومانێك، لاى ئێمه‌ (به‌رباده‌) و خۆراستكردنه‌وه‌یشمان ئه‌ركێكى قورس و زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام ده‌شێت كه‌مته‌رخه‌میه‌كانمان به‌ منداڵه‌كانمان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ى له‌مه‌یشدا یارمه‌تیمان ده‌دات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان ئێستا خاوه‌نى كه‌سێتیى سه‌ربه‌خۆى خۆیانن، ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ى پێشتر ئێمه‌ نه‌مانبوو. ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ى كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌گه‌لى زۆره‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌مى شۆڕشى ته‌كنۆلۆژیدا، به‌هێز و پته‌ویان كردووه‌.    
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure