بارین كۆبانى و چیرۆكى سه‌ركوتكردنى كورد

بۆچوون / بیروڕا :: 07/02/2018

نووسینى: تسفى برئیل 
سه‌رچاوه‌: هه‌ئارتس
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌ سوریه‌كان له‌ گرته‌یه‌كى كورتى ڤیدیۆیى تۆقێنه‌ردا، كه‌ هه‌فته‌ى رابردوو له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ده‌نگى دێت و ده‌ڵێت (ئه‌و جوانه‌). (جوانه‌كه‌) بارین كۆبانى-یه‌. ئه‌مه‌ ناوى راسته‌قینه‌ى خۆى نییه‌ به‌ڵكو ناوى نهێنیى كچه‌ شه‌ڕڤانێكى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل-ه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى غه‌زوى توركیا بۆ سه‌ر شارى عه‌فرین-ى باكورى سوریا وه‌ستاوه‌. 

له‌ ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێكدا ئه‌و گرته‌یه‌ كه‌ مچوڕك و ته‌زوو به‌ مرۆڤدا دێنێت، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوبووه‌وه‌ و بارین بووه‌ سیمبولێكى تر له‌ سیمبوله‌كانى دۆزه‌خى ئه‌م جه‌نگه‌. "ئه‌مه‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌مانه‌ دژى به‌رازه‌كانى په‌كه‌كه‌، پارتى كرێكارانى كوردستان" یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان له‌ گرته‌ فیلمه‌كه‌دا واده‌ڵێت، له‌و كاته‌یشدا وێنه‌ى سێڵفى له‌گه‌ڵ لاشه‌ نیوه‌ رووته‌ شێوێنراوه‌كه‌ى بارین-دا ده‌گرێت. لاشه‌یه‌كى تێكشكێنراو كه‌ ئه‌ندامه‌كانى ناوه‌وه‌ى، به‌ خوێنه‌وه‌، هێنراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و گه‌نجه‌كانیش له‌ خۆشیدا هاوار ده‌كه‌ن.  

ئه‌وانه‌ سه‌ربازى تورك نین، به‌ڵكو چه‌كدارى (سوپاى سوریاى ئازاد)ن، ئه‌و میلیشیایه‌ى له‌سه‌ره‌تادا ستایش ده‌كرا به‌و ئیعتیباره‌ى كه‌ یه‌كه‌م پێكهاته‌ى سه‌ربازیى رێكخراوى دژى به‌شار ئه‌سه‌د-ه‌. ئه‌م میلیشیایه‌ دابه‌شبوو بۆ چه‌ند میلیشیایه‌كى دژ به‌ یه‌ك، هه‌ندێكیان بوونه‌ به‌كرێگیراو له‌ ریزه‌كانى سوپاى توركیا بۆ شه‌ڕكردنیان دژى كورده‌كان له‌ سوریا. ئه‌گه‌رچى چه‌كدارانى ئه‌م میلیشیایه‌ عه‌ره‌بى سوریان به‌ڵام بوونه‌ خاوه‌نى ئایدۆلۆژیایه‌ك كه‌ پێیانوایه‌ كورده‌كانى سوریا تیرۆریستن. بێگومان پاره‌ى توركیا یارمه‌تیى داون. كاتێك هێزه‌كانى توركیا له‌ هاوینى 2016 دا ده‌ستیان كرد به‌ چوونه‌ ناو سوریاوه‌، سوپاى سوریاى ئازاد له‌به‌رامبه‌ر پاره‌پێدان و چه‌كى توركیدا، هێزى پێشه‌نگیان بوون، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و یارمه‌تیانه‌یان نه‌بوایه‌ ره‌نگه‌ چاره‌نووسى ئه‌م میلیشیایانه‌یش هاوشێوه‌ى چاره‌نووسى میلیشیاكانى تر بوایه‌ كه‌ به‌هۆى له‌ده‌ستدانى سه‌رچاوه‌ى پاره‌یانه‌وه‌، له‌ هێزێكى شه‌ڕكه‌رى خاوه‌ن ئایدیۆلۆژیا و ئامانجى سیاسیه‌وه‌، بوون به‌ هێزگه‌لێكى ده‌سته‌مۆكراو كه‌ له‌پێناو وه‌رگرتنى مووچه‌ى چه‌كداره‌كانیان شه‌ڕ ده‌كه‌ن. 

ئه‌و پێكهاته‌ شه‌ڕكه‌ره‌ى تاڕاده‌یه‌ك یه‌كگرتووه‌، یه‌كینه‌كانى كورده‌، كه‌ تێیدا ژنانیش شان به‌ شانى پیاوان ده‌جه‌نگن، هه‌روه‌ها یه‌كینه‌ى دیكه‌یش هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ ژنان، وه‌ك (یه‌كینه‌كانى پاراستنى ژنان) كه‌ سه‌ركه‌وتنى باشیان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانى دژى داعش له‌ سوریا. دیارده‌ى ژنه‌ شه‌ڕڤانه‌كان لاى كورد دیارده‌یه‌كى تازه‌ نییه‌، بێگومان له‌نێو كورده‌كانى سوریادا كه‌ هه‌ڵگرى چه‌ند به‌شێكى تیۆرى شیوعیه‌ت و بارى نائاسایین و پێیانوایه‌ ژنان پێگه‌یه‌كى هاوشان و یه‌كسانیان هه‌یه‌، نه‌ك ته‌نیا هه‌ر له‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕدا به‌ڵكو له‌ ژیانى ئاسایى و مه‌ده‌نییشدا.  

به‌ڵام ژنانى شه‌ڕڤان سیبولیشن، وه‌ك هه‌یفا زعێته‌ر-ى كچه‌ رۆژنامه‌وانى لوبنانى نووسیویه‌تى:"بارین به‌ڵگه‌ى هه‌موو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ى ئازایه‌تیى ژنه‌ شه‌ڕڤانه‌كانى كورد بیستوومانه‌. شێوازى مردنه‌كه‌یشى له‌ كوشتنى دوژمنێك یان ئه‌نجامى خه‌باتێكى سیاسى و نه‌ژادیى، زیاتر هه‌ڵده‌گرێت. ناڕه‌وایى و تۆقێنه‌ریى پیشاندانى لاشه‌كه‌یشى ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ژنه‌، له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ئه‌و ئاڵنگارى و رووبه‌ڕووى هه‌ژموونى نێرسالاریى بووه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ى بووه‌ته‌ كچه‌ شه‌ڕڤانێك له‌ مه‌یدانى جه‌نگدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پیاوان... ئه‌و كلتوره‌ عه‌ره‌بیه‌ى كه‌ پاكژیى ژن مه‌زن راده‌گرێت و ئه‌م پاكژییه‌ و كه‌رامه‌تى پیاو پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، وایكردووه‌ كه‌ جه‌سته‌ى ژن بكرێته‌ دوا چه‌كى ئاماده‌كراو بۆ سووكایه‌تیى به‌ پیاو، لێره‌یشه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شان و له‌به‌ریه‌كترازانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌ هۆى نقومكردنى له‌و شه‌رمه‌ى كه‌ ژنان هانده‌دات بۆ خۆكوشتن له‌پێناو ئه‌وه‌ى خۆیى لێ پاك بكاته‌وه‌".   

ئه‌و كۆمێنتانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م دیمه‌نه‌ كورته‌ نووسراون، هێنده‌ گرنگن كه‌ هیچى وایان له‌ گرته‌كه‌ كه‌متر نییه‌، یه‌كێكیان ده‌ڵێت "ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ دڵ ده‌هه‌ژێنێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى سووكایه‌تى به‌ لاشه‌كه‌ى كراوه‌ ژنێكى گه‌نجه‌. خوو و نه‌ریتى كۆمه‌ڵگه‌ خێڵه‌كیه‌كانیش رێگرن له‌وه‌ى ده‌ست بۆ شه‌ره‌فى ژن ببرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ دوژمنه‌كانیش بێت". ئه‌م نووسینه‌ چاو ده‌كاته‌وه‌ و جه‌خت له‌ وته‌كه‌ى زعێتر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت پیاوان ته‌نیا هه‌ر شه‌ڕكه‌ر یان به‌رگریكاران نین به‌ڵكو پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقیه‌كانیش هه‌ر ئه‌وان دیاریى ده‌كه‌ن. كۆمێنته‌كانى تریش پێویستیان به‌ لێكدانه‌وه‌ى به‌ پێچوپه‌نا نییه‌. یه‌كێكیان ده‌ڵێت: "كورده‌كان كافرن. كوشتنى ئه‌م ژنه‌یش په‌یامێكه‌ بۆ كورده‌كان". ئه‌م پێناسه‌یه‌ ئاساییه‌، به‌ڵام كورده‌كان كافر نین، ئه‌وان زۆرینه‌یان موسڵمانى سوننه‌ن و هه‌ندێكیشیان شیعه‌ و مه‌سیحین. (به‌كافركردنیان) به‌هۆى نه‌ژاد-یانه‌وه‌یه‌، ئه‌وان عه‌ره‌ب نین. 

دایك و باوكى بارین كۆبانى به‌ (بى بى سى)یان وتووه‌، ئه‌و به‌ ته‌نیا له‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕه‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌یویستووه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا بكشێته‌وه‌، به‌ده‌ستى چه‌كدارى میلیشیا سوریه‌كان كوژراوه‌ و دواییش لاشه‌ تێكشكاوه‌كه‌یشیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌ خێزانه‌كه‌ى. رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو پرسه‌یه‌كى ره‌مزى-یان بۆ دانا. هیچكام له‌و میلیشیایانه‌ى كه‌ دژى رژێمى ئه‌سه‌د شه‌ڕ ده‌كه‌ن، سه‌ركۆنه‌ یان په‌شیمانبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر رانه‌گه‌یاندووه‌. ئه‌وان سه‌رقاڵى ململانێى نێوانیانن سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كامیان بچێته‌ ئه‌و لێژنه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌وه‌ كه‌ چاره‌نووسى سوریا یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌. له‌م ململانێیه‌دا رێگه‌ نادرێت به‌ تووڕه‌كردنى نه‌یاره‌ سیاسیه‌كانى وه‌ك توركیا یان روسیا. دژایه‌تى كورد-یش بووه‌ته‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ لێنزیكبوونه‌وه‌ى به‌مه‌ترسى داده‌نرێت. 

ئه‌وه‌یش كه‌ هیچ حسابێكى بۆ كه‌س نه‌كرد، كچه‌ هونه‌رمه‌ندى ئێزیدى نادیه‌ به‌شار بوو كه‌ له‌ په‌ڕه‌ى فه‌یسبووك وێنه‌یه‌كى خۆیى به‌ سنگێكى كراوه‌ى خه‌ڵتانى خوێنه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و لافیته‌یه‌كیشى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ ناوى بارین كۆبانى-ى له‌سه‌ر نووسراوه‌ و له‌ ته‌نیشتیشیه‌وه‌ چڵه‌ زه‌یتونێكى داناوه‌. چڵێك كه‌ ئه‌مجاره‌یان هێماى ئاشتى نییه‌ به‌ڵكو ناوى ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ توركیه‌یه‌ كه‌ وه‌ك گاڵته‌پێكردن به‌ ناوى (چڵه‌ زه‌یتوون)ه‌وه‌ ناونراوه‌. نادیه‌، كچه‌ هونه‌رمه‌ندى ئێزیدى، توانیى له‌ شه‌نگال-ى زێدى خۆى، خۆى ده‌رباز بكات، ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه‌ ده‌كه‌وێته‌ عێراق، كاتێك داعش ده‌ستیكرد به‌ داگیركردنى. له‌و كاته‌وه‌ به‌ هونه‌ره‌كه‌ى خۆى ئه‌و تاوانى جه‌نگه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ژنانى ئێزیدى ئه‌نجامدراون. هه‌موو ساڵێك له‌ فه‌یسبووكه‌كه‌ى خۆیدا ئه‌و وێنه‌یه‌ى نزیك مۆنۆمێنته‌ به‌ردینه‌كه‌ داده‌نێت كه‌ به‌ پیتى ره‌ش له‌سه‌رى نووسوه‌ "نادیه‌ به‌شار، له‌ 9/10/1990 له‌دایكبووه‌ و هێشتا نه‌مردووه‌". 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure