پەنجا ساڵ یاخیبوون لە شێرپەنجە

بۆچوون / بیروڕا :: 05/02/2018

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

وا ڕێككەوتووە كە رۆژی 4 ی شوبات، رۆژی جیهانیی شێرپەنجە بێت و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆی هەموو ساڵێكدا، كۆی مرۆڤایەتی بە ترسەوە لەبەردەم سام-ی (ئیمپراتۆری نەخۆشیەكان)دا دەوەستێت. وایش رێككەوتووە ئەمساڵ پەنجاهەمین ساڵی ئەو ماوەیە بێت كە لە ژیانمدا بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە و توێژینەوە تێیدا، بەسەربەرم. چونكە ساڵی 1968 پەیوەندیم كرد بە دامەزراوەی Memorial Sloan Kettering لە نیویۆرك و ئیتر لەو كاتەوە گەشتی من لەگەڵ شێرپەنجەدا دەستی پێكرد. 

پەنجا ساڵ، نیوسەدە. تەمنێك لە یاخیبوون و دژایەتیكردنی شێرپەنجە. تەمەنێك لە یاخیبوون و دژایەتیكردنی نائومێدی. تەمەنێك لە سوور و مكوڕبوون لەسەر هیوا. تەمەنێك مكوڕ و سووربوون لەسەر ژیان. چونكە لەكاتێكدا كە خەڵكێكی زۆر هەناسكەبڕكێیانە بە دوای خزمەتكردنی خەڵكە بەهێزەكاندا، بەڵام یەزدان شەرەفی خزمەتكردنی كەسە لاوازترین لاوازەكانی پێبەخشیوم. بۆیە هەموو رۆژێك سوپاسگوزاریم. هەروەك سوپاسیشی دەكەم بۆ ئەوەی فێری كردم كە گەورەترین رێزلێنان و خەڵاتێك كە بتوانم بەدەستیبێنم، چاككردنەوەی نەخۆشێكە. مەگەر لە قورئان-دا و دەربارەی (نەفس) نەهاتووە "....ئەوەی زیندووی بكاتەوە-بیژێنێتەوە- وەك ئەوە وایە هەموو خەڵكی زیندووكردبێتەوە"؟. لەكاتێكدا توندوتیژیی چنگی لە زەوی گیركردووە و جەنگەكان مرۆڤ و شارستانی وێران دەكەن، كەچی هەزاران پیاو و ژن هەن لە دژی نەخۆشیین و بەرگریی لە شكۆی مرۆڤ و بەرگریی لە مافی مرۆڤ بۆ ژیان، دەكەن. چەند هەست بە شانازیی دەكەم كە منیش یەكێكم لەوان.

لە پەنجا ساڵی رابردوودا، خۆم گەواهیدەری مێژووی پێشكەوتنی مەعریفەی چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە بووم. شایەت بووم بەسەر پێشخستنی چارەسەری كیمیاوی و پەرەسەندنیەوە، پاشان چارەسەری بایۆلۆژی و دوای ئەویش چارەسەری دەستنیشانكراو/بەئامانجگیراو، ئەوەتا ئەمڕۆیش وا دەبینین (چارەسەری رێگریی-المناعی) لە ئاسۆوە هەڵدێت. لە چارەسەری كیمیاویدا دەرمانەكە خانە شێرپەنجەییەكە لەناودەبات، هەروەك بە رێژەیەكی كەمتر خانە راستەكەیش لەناودەبات. لە چارەسەری بایۆلۆژی-یشدا مادەیەكی بایۆلۆژیی دەدرێت بە نەخۆشەكە، كە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە لە جەستەیدا هەیە و پێی نامۆ نییە، بەڵام ئەوەیە كە بە (قوم)ی گەورەتر دەیدرێتێ‌. بەڵام لە چارەسەری دەستنیشانكراودا دەرمانەكە تەنیا خانە شێرپەنجەییەكە بە ئامانجدەگرێت بێ‌ ئەوەی هیچ زیانێك بە خانە راستییەكە بگەیەنێت. هەرچی چارەسەری رێگری-یشە، ئەوە دەرمانەكە دەدرێت بۆ بەهێزكردن و خۆراگربوونی سیستمی بەرگریی لە لەشدا بۆئەوەی ئەم سیستمە بتوانێت خانە شێرپەنجەییەكە بگرێت و لەناوی ببات. 

ئەم چارەسەرە جیاوازانە یەك یەكتری تەواو دەكەن، واتا هیچیان ئەوی تریان هەڵناوەشێنێتەوە. بۆیە ئەوە هەڵەیە ئەگەر وابزانین چارەسەری كیمیاوی بووەتە رابردوو. لەو سەنتەری شێرپەنجەیەدا كە بە ناوی منەوەیە و لە شاری هیوستن-ە، ئێمە خۆمان چارەسەرە تازەكان بەكاردێنین، لەگەڵ چارەسەرە رێگرییەكەدا چارەسەری كیمیاوی و چارەسەری دەستنیشانكراویش بەكاردێنین. ئەوەتا ئەمڕۆ ئەنجامگەلێك دەبینین كە پێشتر نەمانبینیوە. بۆیە پێشنیاری ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر ژمارەیەكی زۆرتری نەخۆشەكان دەكەین بۆ دڵنیابوون لە كارایی و كاریگەریی ئەم تێكەڵە ئاوێتەكراوەی چارەسەرەكان و راستدەرچوونی ئەم ئەنجامانە. ئەوەتا من لە دوای پەنجا ساڵ لە توێژینەوە و بەدواداچوون، هەست بەوە دەكەم كە ئەم گیراوەیە دەرگا لەبەردەم سەردەمێكی نوێی چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی شێرپەنجەدا دەكاتەوە. ئەمە لە جیهانی دەرمان-دا. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا مەعریفەكە پەلیهاویشت و پەرەیسەند بۆ پێشخستنی مەعریفەیەكی نوێ‌، ئەویش چارەسەركردنە بەهۆی گۆڕینی جین-ەكان/جیناتەوە. لەم چارەسەرەدا چەند خانەیەكی دیاریكراو لە خوێنی نەخۆشەكە وەردەگیرێن و پاشان ئەم خانانە لە تاقیگەدا دەخرێنە بەر تەكنۆلۆژیای تازەوە كە بە هۆیەوە ئەندازەی ئەم جینانە دەگۆڕێن و ئینجا ئەم خانە تازانە دەگەڕێنرێنەوە و دەخرێنە دەمارەكانی نەخۆشەكەوە.

لە پەنجا ساڵدا، رێژەی چاكبوونەوەی تەواوەتیی لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجەدا لە 6% تێنەدەپەڕی، بەڵام ئەمڕۆ مەعریفە توانیویەتی نزیگەی 70%ی ئەو نەخۆشانە چاكبكاتەوە كە چارەسەرە تازەكان وەردەگرن. بەڵام كارەساتەكە لەوەدایە ژمارەی ئەو كەسانەی كە دەستیان بە چارەسەرە كاریگەرەكان دەگات، ناگەنە 10%. كارەساتی دووەمیش ئەوەیە كە لەمڕۆدا زانیاریی تەوامان بەڕێژەی 75% لەسەر خۆپاراستن لە نەخۆشیەكانی شێرپەنجە هەیە بە مەرجێك ئەم زانیارییە بخرێتە خزمەتی ئادەمیزاد و سیاسەتی كارا و كاریگەری تەندروستییەوە.  

پەنجا ساڵ. ئومێد و نائومێدیی تێدا ئاوێتە بوون، هەروەها سەركەوتن و شكستیشی تێدا یەكانگیر بوون. پەنجا ساڵ، زۆری تێدا فێربووم. فێری ئەوە بووم ژیان مەزنترین شتێكە كە هەمانە و پاراستنیشی گرنگترین كارێكە كە دەبێت بیكەین. كاتێك ژیان دەپارێزیت، لەو كاتەدا تۆ هەر رێز و شكۆ بۆ ژیان ناگێڕیتەوە بەڵكو شكۆ بۆ ئەو خاڵقەیش دادەنێیت كە ژیانی پێبەخشیویت. یاسای مافەكانی مرۆڤ بەهەڵەداچووە، چونكە گرنگترین مافی مرۆڤ ئازادیی نییە، بەڵكو مافی ژیانە. مافی تەندروستییە. ئەوانەی دەمرن داوای ئازادی ناكەن.

ئەوەیش فێربووم كە شكست پێویستە بۆ ئەوەی بگەیت بە سەركەوتن. چونكە شكست بەشێكی ئەو رێگەیەیە كە بەرەو سەركەوتنت دەبات. بۆیە ئەوانەی لە شكست دەترسن ناتوانن سەركەوتن دروست بكەن. فێری ئەوەیش بووم كە ناكرێت بگەیتە ئامانج بەبێ‌ سووربوون لەسەر كۆڵنەدان. كۆڵنەدان سەرەڕای ئازار و سەرەڕای ترس و سەرەڕای بێزاری. ئەوەی لە دۆڕاندنی یەكەم شەڕدا خۆی بەدەستەوە بدات، هەرگیز جەنگێك ناباتەوە.  

مەزنتریت شتێك كە فێری بووم، لە شكستەوە فێربووم. شكست گەورەترین مامۆستام بوو. ئەو فێری سادەیی و ساكاریی كردم. سادەیی لەبەردەم شكۆی خالق. ساكاریی لەبەردەم سەنگی مەعریفە. سادەیی لەبەردەم گەورەیی وجود. خاكێتی لەبەردەم ژیان. چونكە خاكی و سادەیی بەرزترین دوندی ناخی خۆتە ئەگەر پێی بگەیت. كە گەیشتیتە ئەو لوتكەیەیش، ئیتر یەزدان ئافەرینت دەكات و شتێك لە نوور-ی خۆیت دەداتێ‌. 

* سەرۆكی سەنتەری سالم بۆ شێرپەنجە لە هیوستن

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure