تووڕه‌ییه‌كى زۆر له‌ عێراقدا

بۆچوون / بیروڕا :: 30/01/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌و كاتانه‌دا كه‌ باس له‌ نێوه‌ندى سیاسى عێراق یان هه‌ڵبژاردنه‌كان و حكومه‌ت و پیاوانى ئایينى و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان و ته‌نانه‌ت رۆشنبیران و ده‌زگاكانى راگه‌یاندنیش ده‌كرێت،  ناكرێت قه‌باره‌ى ئه‌و تووڕه‌ییه‌ له‌به‌رچاونه‌گیرێت كه‌ باڵى كێشاوه‌ به‌سه‌ر قسه‌ و گفتوگۆى عێراقیه‌كاندا. 


له‌ راستیدا، گه‌لى عێراق كه‌ تووشى په‌لامارى له‌ناوبردنى به‌رده‌وام بووه‌ته‌وه‌ و ترسى تیرۆر و میلیشیا و جه‌نگه‌ نه‌وه‌ستاوه‌كانى ئه‌زموون كردووه‌ و ئێسكوپروسكى سه‌دان هه‌زار له‌ لاوه‌كانى له‌ چاڵه‌ هه‌ڵكه‌نراوه‌كاندا كۆكردووه‌ته‌وه‌، ئاساییه‌ نیشانه‌كانى خه‌مۆكیى ده‌سته‌جه‌معییش ئه‌زموون بكات، هه‌روه‌ك ناهه‌قیشى نییه‌ گومان له‌و پیلانگێڕیه‌ گه‌ورانه‌ بكات كه‌  پێش دوژمن برا و دۆست و دراوسێكانى بۆى ده‌نێنه‌وه‌.  

ئێستا له‌ عێراقدا وه‌ك ده‌ربڕینێكى هه‌موو ئه‌و تووڕه‌ییه‌، باس له‌ بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ هیچ لۆژیكێكى تێدا نییه‌ سیاسییه‌كان بێن و له‌ ده‌رگاى ژنێك بده‌ن كه‌ خێزانه‌كه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر داروپه‌ردووى داڕماوى شارى دێرین له‌ موسل، كه‌چى سیاسیه‌كان داواى ئه‌وه‌ى لێ بكه‌ن ده‌نگى بده‌نێ. هیچیان بۆ دایكانى قوربانییه‌كانى سپایكه‌ر یان كه‌سوكارى ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ى كه‌ له‌ ریزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و سوپا و پۆلیسدا كوژراون، نه‌كردووه‌ و ئێستا ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا بازرگانیى سیاسى به‌ خوێنیانه‌وه‌ بكه‌ن. 

هه‌ر سیاسییه‌ك ئه‌گه‌ر خۆى تاقیبكاته‌وه‌ و سه‌ردانى خێمه‌ى ئاواره‌كان له‌ باكورى عێراق یان شاره‌ به‌ ته‌نه‌كه‌ دروستكراوه‌كانى باشور بكات یاخود رووى به‌ڕووى ده‌رچووه‌ بێكاره‌كانه‌وه‌ ببێت یان بچێته‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى كه‌ نوقمى تاریكى و نه‌خۆشى و نه‌زانى و خۆڵ و خاشاكن، ره‌نگه‌ رووبه‌ڕووى ده‌ركردن و راونان و پێڵاوتێگرتن، نه‌ك ته‌ماته‌باران، ببێته‌وه‌.   

كه‌واته‌ ئه‌مه‌ تووڕه‌ییه‌ و ئه‌وه‌ى وه‌ك یه‌قینێك نه‌یبینێت به‌هه‌ڵه‌داچووه‌. نێوه‌نده‌ سیاسیه‌كه‌یش وا پێویست ده‌كات كه‌ هه‌ست به‌ ترس و نیگه‌رانى له‌ده‌ستده‌رچوون و سه‌ررێژبوونى تووڕه‌یى عێراقییه‌كان بكات كه‌ پێشتر مه‌ترسیه‌كانیى له‌ خۆپیشاندانى هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وزدا ئه‌زموون كردووه‌، كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هێشتا گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ حساب و مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان جیا و جیاوازن له‌ مه‌سه‌له‌ و حسابى دروشمه‌كان و ده‌كرێت سیاسییه‌ رقلێهه‌ستاوه‌كانیش بگه‌نه‌ كورسیه‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت، ئه‌مه‌یش به‌هۆى پشتبه‌ستن به‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ پێوه‌رى خۆیان و به‌ ساخته‌كردن و كڕینى ده‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشیاكان و بیانوو و فڕوفێلكردن له‌ به‌نده‌كانى یاساى حزبه‌كان. 

راستییه‌ ئازاربه‌خشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌توانرێت ئه‌مه‌ بكرێت، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014 یاریكردنى به‌ یاسا و به‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسایش به‌ ئیراده‌ى ده‌نگده‌رانه‌وه‌ تێداكرا، هاوكێشه‌ حسابیه‌كانیش كه‌ مه‌كینه‌ مه‌شقدراوه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌یكه‌ن، زۆر هه‌ڵه‌ناكه‌ن، به‌مه‌یش تا ئاستێكى زۆر ده‌رگاى روودانى كتوپڕى داده‌خات و له‌گه‌ڵیشیدا ده‌رگاى هیواى گۆڕانكاریى داده‌خرێت.

بانگه‌شه‌كانى بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا لایه‌نه‌ ئایینى و عه‌لمانیه‌كان و توێژى زه‌ره‌رمه‌ند و نائومێدى گه‌ل ده‌یكه‌ن، له‌گه‌ڵ حسابه‌كانى مه‌كینه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دێته‌وه‌، چونكه‌ بایكۆتكردن زۆر باشتره‌ له‌ (ده‌نگدانێكى سزاده‌ر) و یاساكانیش به‌ها و نرخێك به‌ رێژه‌ى به‌شداربوون ناده‌ن.

ئه‌و بوێرییه‌ى كه‌ حزبه‌ عێراقییه‌كان، به‌تایبه‌ت دینییه‌كان، له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تووڕه‌یى گه‌لدا هه‌یانه‌، وایلێكردوون به‌ پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى خۆیانه‌وه‌ دابه‌زن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ته‌نانه‌ت خۆیان ئه‌وه‌نده‌ ماندوونه‌كردووه‌ كه‌ هه‌وڵى یاریكردن به‌ كاندیدى یه‌ده‌گ-یشه‌وه‌ بده‌ن! ئه‌وان به‌ كرده‌وه‌ كار له‌سه‌ر تووڕه‌یى و بێزارى و نائومێدیى ده‌كه‌ن و پڕكێشیى ناكه‌ن بۆ پاڵنانى تووڕه‌ییه‌كه‌ به‌ره‌و قۆناغێكى پێشكه‌وتوو، به‌ڵكو ده‌زانن كه‌ خاڵى خاڵیبوونه‌وه‌ى ئایینى و خێڵه‌كى و مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌یى هه‌یه‌ و ده‌كرێت له‌كاتى گونجاوى خۆیاندا به‌كاربهێنرێن. بانگه‌شه‌كارانى بایكۆت باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حزبه‌ باڵاده‌سته‌كانى شیعه‌ و سوننه‌ و كورد، خۆیان به‌رهه‌مدێننه‌وه‌ و خۆیان ده‌گونجێنن له‌گه‌ڵ زاراوه‌گه‌لى وه‌ك (مه‌ده‌نیه‌ت) و (نیشتمانپه‌روه‌رى) و (پاشكۆنه‌بوونى ده‌ره‌كى) و (سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش) و (دژایه‌تیى گه‌نده‌ڵى)دا، به‌مه‌یش سه‌ره‌نجام هه‌مان ئه‌و داواكارییانه‌یان ده‌بێت كه‌ تووڕه‌ و ناڕازییه‌كان، بۆ زیاتر له‌ گرێیه‌كه‌، هه‌یانه‌ و داواى ده‌كه‌ن. 

به‌ڵام بایكۆتكاران له‌ نێوان 206 حزبى سیاسیدا كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆریان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوودا به‌شدارییان نه‌كردووه‌ و هه‌روه‌ها سه‌دان پاڵێوراوى گه‌نج و ئه‌كادیمى و كه‌سانێكیان تێدایه‌ كه‌ سه‌ر به‌ حزبه‌ ته‌قلیدیه‌كان نین، بایكۆتكاران كه‌سانێك نادۆزنه‌وه‌ كه‌ شایانى ئه‌وه‌ بێت بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى بۆ بكرێت، چونكه‌ ته‌واو بێئومێد بوون و پێیاوایه‌ هێزه‌ بچووكه‌كان قووتده‌درێن یان ده‌كڕرێن و نه‌هه‌نگه‌ سیاسیه‌كانى عێراق، وه‌ك راهاتوون، به‌شى شێر بۆ خۆیان ده‌به‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر كاندیدێك سه‌د ده‌نگى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و پاسه‌وانه‌كانیشى بێنێت.

به‌ڵێ، هه‌ر ده‌بێت دانبنرێت به‌و ئاستى شكسته‌دا كه‌ به‌ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و ده‌موچاوه‌ سیاسیانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، رووده‌دات، ئه‌و ده‌موچاوانه‌ى كه‌ هۆكارى قه‌یرانه‌كانى عێراقن، هه‌روه‌ها به‌و چینه‌ سیاسییه‌ چڵێسه‌ى كه‌ گرنگیى به‌وه‌ نادات به‌هۆى پشتگوێخستنى ئه‌وانه‌وه‌ عێراقییه‌كان بێزار و خه‌مبار بوون، به‌ڵام هه‌رده‌بێت له‌به‌رامبه‌ردا دان به‌وه‌یشدا بنرێت كه‌ رێگه‌ى گۆڕین و گۆڕانكاریى دوور و درێژ و سه‌خته‌ و هێزه‌ تووڕه‌كانیش ده‌بێت تووڕه‌یى خۆیان بگۆڕن بۆ ده‌نگ و ده‌نگده‌ران، وه‌ك جۆرێك له‌ (تیماركردنى) به‌كۆمه‌ڵ.. ئه‌مه‌ نه‌كرێت ده‌بێت چاوه‌ڕێى زریانێكى تازه‌ بین. 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure