له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى-دا

بۆچوون / بیروڕا :: 27/01/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌درێژایى مێژوو، واده‌رده‌كه‌وێت، بیرۆكه‌ى هه‌ر كۆنترۆڵ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنێك كه‌ له‌ڕێى تیرۆره‌وه‌ بێت، ماوه‌كورت ده‌بێت و ته‌مه‌نى رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان درێژه‌ ناكێشێت مه‌گه‌ر بۆ چه‌ند گرێیه‌كى كه‌م. بۆیه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ هۆشیارییان به‌رامبه‌ر به‌ پێداویستیه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان هه‌یه‌، بوارى ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌خسێت تا جۆره‌ هاوبه‌شتێتیه‌ك به‌رهه‌مبێنن و كۆمه‌ڵه‌ مه‌ده‌نیه‌كان یان ئه‌نجومه‌نه‌ عورفیه‌كان یاخود هاوكاریى كۆمه‌ڵگه‌یى به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن كه‌ جۆره‌ چاره‌سه‌رێكى كێشه‌كانى كۆمه‌ڵ ده‌كات. ئه‌گه‌رچى ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆى باڵابوونى رۆڵى كۆمه‌ڵه‌ مه‌ده‌نى و رێكخراوه‌كانى، له‌سه‌ر حسابى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت، له‌ نموونه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى تۆپى پێ (فیفا) به‌سه‌ر یه‌كێتیه‌كانیه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تاندا كه‌ وایلێكردوون له‌ ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ سه‌ربه‌خۆ و جیا بێت. 

به‌ڵام دانبه‌وه‌یشدا ده‌نێین ئه‌زموونه‌ مێژووییه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ده‌چن كه‌ تاقه‌ ئه‌گه‌رێك بۆ باشبوونى ئاستى بژێویى ره‌نگه‌ گرنگترین هۆكار بێت بۆ پشتیوانیى له‌ ده‌وڵه‌ت. چونكه‌ ئه‌گه‌ره‌كان به‌ ساده‌ و ساكاریى جیاده‌كرێنه‌وه‌ و واده‌كه‌ن ژیان به‌چێژتر بێت، ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆى هاندنى ئه‌و هێزه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كانمان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. ئه‌وه‌یش وا له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كات كه‌ تواناى كێبڕكێ و به‌ره‌وپێشچوونى هه‌بێت، كاتێكیش كه‌ ده‌وڵه‌ت تواناى به‌دیهێنانى ئه‌م ئه‌گه‌ر و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ى نابێت ئیتر چاره‌نووسى شكست و داڕووخان ده‌بێت. 

دواى حه‌وت هه‌زار ساڵ و زیاتریش له‌ شارستانى، ئینجا مرۆڤ توانى له‌ ئه‌وانه‌ى پێش خۆى باشتر بژێت، چونكه‌ تۆڕه‌ جۆراوجۆره‌كانى گه‌یاندن خۆراك و خواردنه‌وه‌كانى له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهانه‌وه‌ بۆ هێناین به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ وایكرد ژین نه‌گۆڕ و یه‌كڕیتم نه‌بێت، ئه‌مه‌یش واده‌كات كه‌ مرۆڤى هاوچه‌رخ ئاسووده‌تر بێت له‌ پاشایه‌كى فه‌رمانڕه‌واى چاخه‌ به‌ردینه‌كان.  

ئامێره‌كان و رۆبۆته‌كان جێگه‌ى كۆیله‌ و توانا و هێزیانى گرتووه‌ته‌وه‌، وایلێهاتووه‌ ئاهه‌نگه‌كانى كاتبه‌سه‌ربردن، به‌ به‌زم و ره‌زمییه‌وه‌ بگاته‌ لاى هه‌موان، به‌ڵام ئایا مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان له‌ ژیانى خۆى رازییه‌؟

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ باشتر بژین له‌ پاشایانى سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاست له‌ڕووى توانا و خۆشگوزه‌رانییه‌وه‌، ئاخۆ ده‌سته‌بژێره‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌یش، كه‌ ده‌وڵه‌تانى به‌هێزى سه‌ربازى و ئابوریى به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌وانیش رازیین، یان ده‌سه‌ڵات و حه‌زى زیاتر بۆ سه‌روه‌ت و سامان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامیى مرۆڤ ده‌كه‌ن؟.

هێز هه‌میشه‌ مایه‌ى بایه‌خپێدان و گرنگیى بووه‌ به‌لاى ده‌سته‌بژێره‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌وه‌ و شانبه‌شانى هۆكاره‌كانى گوشارى زۆرى ئابوری، كه‌ بازرگانیى ده‌یهێنێته‌ بوون، به‌ پێویستى زانیوه‌.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ پشتبه‌ستنى زیاد به‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌ تایبه‌ته‌كانى وه‌ك داس و گاسنى كانزایى، یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكاره‌كانى هێزى به‌كار له‌پشت جێگیربوونى ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌رده‌مه‌ دێرینه‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌مه‌ سه‌رانى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ى كه‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌ بوون، هه‌وڵیانداوه‌ رێگه‌ بدۆزنه‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنى هێزى جێگیرى شه‌ڕكه‌ر بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى هێرشى ئه‌وانى دیكه‌. لێره‌وه‌ بیرۆكه‌ى سنوور سه‌ریهه‌ڵدا، له‌گه‌ڵ كلتورى جه‌نگ و پێشكه‌وتنى ته‌كنیكه‌كانى شه‌ڕكردن، لێره‌یشه‌وه‌ جیاوازیى نێوان میسرى كۆن و سۆمه‌ر، بۆ نموونه‌، ده‌ركه‌وت. میسر وه‌ك ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام بوو و سۆمه‌ر-یش ون بوو. لێره‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سوپا مامۆستایه‌كى سه‌ره‌كییه‌ بۆ پێگه‌یشتنى ده‌وڵه‌ت و پێشخستنیشى پێویستیه‌كى سه‌ره‌كییه‌ بۆ پاراستنى به‌رده‌وامبوونى هه‌ژموونى. 

لێره‌وه‌، سوپاى ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى توێژینه‌وه‌ى زانستیى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌كات، به‌وه‌ى كه‌ چه‌كه‌ تازه‌كان پێویستیان به‌ مه‌یدانى شه‌ڕه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌یان و بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ترس و تۆقین له‌ ده‌روونى نه‌یاراندا بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌خۆ ملكه‌چ بكرێن. ئیتر تا چ ئاستێك په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنى پیشه‌سازیى چه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاشتیى كۆمه‌ڵگه‌یى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات؟. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure