دڵیان ئیسراحەتی كرد

بۆچوون / بیروڕا :: 25/01/2018

ـ لەم بەزم و رەزم و هاتوهاوارەدا نەمزانی تۆ مەوقیفت چی بوو؟
× مەوقیف بەگم؟!
ـ ئا.. نەمزانی تۆ چیت وت؟
× لە سایەی ئەقڵ و ئیدراكی خۆمەوە شوكور هیچ قسەم نەكرد. توخوا باشم نەكرد؟
ـ نەوەڵـڵا باشت نەكرد. چونكێكم ئینسان چەند مەسئولە بەرامبەر قسەكانی ئەوەندە و بگرە زیاتریش مەسئولە بەرامبەر بێدەنگییەكانی.
× ئەم قسەیەت حیكمەتە گەورەم!
ـ قسەی من نییە رۆڵە.. قسەی چیرۆكنووسێكی موهیمە.
× چیرۆكنووس؟
ـ بەڵێ‌.
× وتم ئاخۆ قسەی چ عالمێكە!! چیرۆك خۆی چییە تا چیرۆكنووسەكەی موهیم بێ‌.. گرەو ئەكەم هەتا دەوام تەواو ئەبێ‌ چوار چیرۆكت بۆ بنووسم.
ـ هی گوێ‌ ئاگردان؟
× نەخێر چیرۆكی هونەری ناو مقەڕەكان.
ـ ئادەی نموونەیەكم پێ‌ بڵێ‌.
× وەی بەسەرچاو.. ئەڵێ‌ هەبوو نەبوو برادەرێك هەبوو زۆر زۆر ئینسانی چاك بوو.. خێرەومەند، ساغ، تێگەیشتوو، سەرڕاست...
ـ ئێ‌؟
× ئێ‌ ئیتر هەموو مەسئولەكان حەسوودییان پێ‌ ئەبرد. حەزیان ئەكرد ئەوانیش وەك ئەو لە ناو خەڵكا خۆشەویستن بن.
ـ ئێ‌!
× ئێ‌ ئیتر شەوێكیان تەگبیریان كرد و قسەیان كرد بە یەك.
ـ قسەكە چی بوو؟
× قسەكە ئەوە بوو بچن تەكلیفی لێ‌ بكەن ئەویش ببێ‌ بە مەسئول.
ـ یەعنی وەكو ئەوان؟
× بەڵێ‌ وەكو ئەوان. برادەرەكەش رووی نەهات دڵیان بشكێنێ‌ و قبوڵی كرد و بوو بە مەسئول.
ـ ئێ‌!
× ئێ‌ ئیتر ئەوانیش دڵیان ئیسراحەتی كرد و منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە