ئایا تره‌مپ شێته‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 20/01/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ئایا مسته‌ر تره‌مپ شێته‌؟ وریا بن، ئێمه‌ ده‌چینه‌ عه‌قڵى تره‌مپ-ه‌وه‌. ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ قسه‌ى من نین به‌ڵكو ناونیشانى زۆرێك له‌ هه‌واڵه‌كانى ئه‌مریكان كه‌ باس له‌ توانا و هێزى عه‌قڵیى سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن. ئێستا ئاخۆ تره‌مپ شێته‌، وه‌ك زۆركه‌س وا ده‌ڵێن، یان (بلیمه‌ته‌) وه‌ك ئه‌وه‌ى خۆى ده‌ڵێت؟

له‌ تشرینى یه‌كه‌مى رابردوودا راپۆرتێك بڵاوكرایه‌وه‌ به‌ ناونیشانى (دۆخى مه‌ترسیدارى دۆناڵد تره‌مپ) كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ داناكانى توێژه‌رى عه‌قڵى ئاده‌میزاد به‌شداریى نووسینیان كردبوو. ئه‌وانه‌ وتیان مسته‌ر تره‌مپ مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ و هه‌نووكه‌یى سه‌ر سه‌لامه‌تیى ئه‌مریكا و جیهانیشه‌. 

دكتۆر براندى لى، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى به‌شداریى له‌ نووسینى راپرۆته‌كه‌دا كردووه‌، ده‌ڵێت ئه‌و زانایانه‌ى كه‌ راپۆرته‌كه‌یان نووسیوه‌ شیكارییه‌كى پزیشكییان بۆ دۆناڵد تره‌مپ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌ ئاستى ترسناكیى ره‌فتاره‌كانیان كۆڵیوه‌ته‌وه‌. خوێندوومه‌ته‌وه‌ كه‌ هاووڵاتیى ئه‌مریكا پێویستى به‌ راى زانایانى ده‌روونناس و  پزیشك نییه‌، به‌ڵكو هه‌ر هێنده‌ى به‌سه‌ كه‌ ئاگاى له‌ ره‌فتاره‌كانى سه‌رۆك و قسه‌كانى و تویته‌كانى بێت بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ راپۆرته‌كه‌ پێى گه‌یشتووه‌. دوا قسه‌ى سه‌رۆك له‌ وه‌سفكردنى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ هاووڵاتییه‌كانیان به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆچ ده‌كه‌ن، جنێوێكى ئه‌وه‌نده‌ ناشیرینه‌ كه‌ لێره‌دا ناكرێت بینووسینه‌وه‌.  

ده‌یان هه‌زار كه‌س كه‌ پێیانده‌وترێت (خه‌ونبینه‌كان)، به‌ منداڵى یان به‌ مێردمنداڵى چوونه‌ته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ و له‌وێ گه‌وره‌بوون و فێربوون و كاریان تێدا كردووه‌، ئێستا ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ مانگى ئازار-ى داهاتووه‌وه‌ ده‌ست بكرێت به‌ ده‌ركردنیان. سه‌رۆك نایه‌وێت به‌(خه‌ونبینه‌كان) ناویان بێنێت، به‌ڵكو واى به‌لاوه‌ باشتره‌ كه‌ وشه‌ى (داكا)یان بۆ به‌كاربهێنرێت. ئه‌م (داكا)یه‌ یه‌كه‌م پیته‌كانى وشه‌گه‌لێكه‌ كه‌ ماناى دواخستنى كارى منداڵه‌ هاتووه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌یش به‌رنامه‌یه‌ك بوو كاتى خۆى باراك ئۆباما داینا و پاشان دۆناڵد تره‌مپ هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌ و دواتریش وه‌ك ناوى به‌رنامه‌ى (خه‌ونبینه‌كان) به‌كاریهێنا بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌. 

دیان ڤنستین ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پیران، پێشنیارى (داكاى پاكژ)ى كرد، تره‌مپ-یش یه‌كسه‌ر په‌سه‌ندى كرد و وتى ده‌بێته‌ (پرۆژه‌ یاساى خۆشه‌ویسى) و كۆماریه‌كان و دیموكراته‌كانیش هه‌مان هه‌ڵوێستیان ده‌بێت. دواى دوو رۆژ له‌ سه‌رۆكیان پرسى: ئایا هیچ گه‌ڵاڵه‌ و به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ  پاراستنى یه‌كه‌مینه‌كانى (خه‌ونبینه‌كان) له‌وه‌ى كه‌ ده‌رنه‌كرێن؟ كه‌چى سه‌رۆك وتى: نه‌ئـ، نه‌ئـ، نه‌ئـ. 

میدیاى ئه‌مریكى ده‌یه‌وێت وایدابنێت بارى عه‌قڵیى تره‌مپ وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا بێت. خوێندویشمه‌ته‌وه‌ كه‌ تره‌مپ ئاژاوه‌گێڕ و گه‌نده‌ڵ و بێئاگا و منداڵانه‌یه‌، كه‌چى خۆى ده‌ڵێت گه‌یوو و بلیمه‌ته‌. هه‌روه‌ها خوێندوومه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ بارێكى باشى ته‌ندروستیدا نییه‌. كه‌سێكیش ده‌ڵێت ویستوویه‌تى چه‌ند وتارێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بنووسێت كه‌ تره‌مپ تووشى نه‌خۆشیى له‌بیرچوونه‌وه‌ بووه‌، كه‌چى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ى كه‌ بۆى ده‌نووسێت وتاره‌كانى راگرتووه‌.

ده‌سته‌ى ئێزگه‌ى بریتانیا (بى بى سى)، ئازاتر بوو، ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌بێت كه‌ ئه‌مریكى نییه‌، وه‌سفێكى وردى سه‌رۆكى بڵاوكرده‌وه‌. ده‌ڵێت ئێواران دوو سانده‌ویچى ماكدۆناڵد و سه‌نده‌ویچێكى ماسى ده‌خوات و شیرینیشى ده‌كات به‌سه‌ردا. به‌كۆى گشتى 2430 كالۆریى له‌ یه‌ك ژه‌مدا، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ده‌بێت مرۆڤ به‌ هه‌موو رۆژه‌كه‌ له‌ 2500 كالۆریى تێنه‌په‌ڕێت. دكتۆر ساره‌ كایات ده‌ڵێت ئه‌و خواردنه‌ى تره‌مپ ده‌یخوات تۆقێنه‌ره‌، چونكه‌ ئه‌و هه‌ر به‌ خواردنى ئه‌و خۆراكانه‌ وازناهێنێت كه‌ رێژه‌یه‌كى به‌رزى چه‌ورییان تێدایه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر زۆرخۆرى خۆى دوورده‌گرێت له‌ خواردنى میوه‌ و سه‌وزه‌وات.
راپۆرته‌كه‌یش ده‌ڵێت سه‌ره‌ڕاى درێژیه‌كه‌ى، كێشه‌كه‌یشى 107 كیلۆگرامه‌، ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌ قه‌ڵه‌وه‌. 

خوێندوومه‌ته‌وه‌ كه‌ دواى ده‌رچوونى كتێبى (ئاگر و تووڕه‌یى) كه‌ مایكڵ وۆڵف نووسیویه‌تى، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شى نێوان سه‌ركرده‌كانى كۆماریه‌كان و دیموكراتیه‌كان كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ دۆسیه‌ى كۆچ، تره‌مپ ویستوویه‌تى خۆى به‌ (بلیمه‌ت) ده‌ربخات، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتاره‌كانى تێڕوانینێكى پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى دروستكردووه‌ كه‌ ویستوویه‌تى و هه‌وڵى بۆ داوه‌. چونكه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌دات قه‌ناعه‌ت به‌خه‌ڵكى بێنێت له‌سه‌ر خه‌سڵه‌ته‌ تایبه‌ته‌كانى خۆى. 

هه‌ر له‌و وتاره‌دا ئه‌وه‌ هاتووه‌ سه‌رۆك تره‌مپ رقى له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ وه‌ك خۆى سپى نین، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئاڵنگارییان كرد له‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیدا. به‌ڵێنى دروستكردنى دیوارى سنوورى مه‌كسیك و خه‌رجكردنى پاره‌كه‌ى له‌لایه‌ن دراوسێكه‌یه‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ى به‌ڵێنه‌كانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا بوو، جێبه‌جێكردنى ئه‌مه‌ تا ئاستى مه‌حاڵ قورس و زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ درێژیى سنوورى نێوان دوو وڵاته‌كه‌ 3140 كیلۆمه‌تره‌. سه‌رۆك هه‌روه‌ها پشتگیریى له‌ گروپه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌ سپى پێسته‌كان ده‌كات و هه‌ندێك له‌ لایه‌نگره‌كانى ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت تره‌مپ ئه‌گه‌ر (خراپترین پیاوى سپى)یش بێت هه‌ر زۆر باشتره‌ له‌ ره‌شێكى وه‌ك باراك ئۆباما. ئه‌مه‌ راى ویژدانى ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ-یان به‌ سه‌رۆك هه‌ڵبژارد، به‌ڵام راى زۆرینه‌ى وڵاتێك نییه‌ كه‌ پێشه‌نگى دیموكراتى و مافه‌كانى مرۆڤه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە