غه‌زوه‌كانى سه‌ر (بارى كه‌سێتى) له‌ عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: 16/01/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌ غه‌زوى (هاوسه‌رگیریى كیژى منداڵ)ه‌وه‌ تا غه‌زوى (هێنانى بێوه‌ژن و ته‌ڵاقدراو)، ساڵانێكه‌ هه‌وڵى بێده‌ربه‌ستانه‌ى هێزه‌كانى ئیسلامى سیاسى له‌ عێراق، بێ بێزاربوون به‌رده‌وامن بۆ گۆڕینى یاساى (بارى كه‌سێتى) كه‌ به‌لاى عێراقییه‌كانه‌وه‌ دیارترین ده‌ستكه‌وته‌كانى عێراقى نوێیه‌ و هه‌ندێك له‌ ئیسلامیه‌كانیش وایده‌بینن سه‌رئێشه‌یه‌كى هه‌میشه‌ییه‌ كه‌ عه‌مامه‌ جێگیره‌كانى سه‌ر سه‌ریان ده‌هه‌ژێنێت. 


له‌ڕاستیدا ئه‌و یاسایه‌ى كه‌ به‌ ژماره‌ 188 ى ساڵى 1959 به‌ناوبانگه‌، به‌پێى پێوه‌ره‌كانى بزاڤى نوێى شارستانى نه‌ (شۆڕشگێرانه‌) و نه‌ (ته‌واو)یشه‌، به‌ڵام هه‌ندێك مافى بۆ ژن ده‌سه‌به‌ر كردووه‌ كه‌ به‌لاى ئه‌و هێزانه‌وه‌ زیاده‌ و ناشه‌رعین و به‌ مكوڕییه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ زه‌وتكردنى ده‌ده‌ن. 
 
دواى زنجیره‌یه‌ك شه‌ڕ كه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراقدا كران بۆ گۆڕینى ناوه‌رۆكه‌كانى (بارى كه‌سێتى)، هه‌ر له‌ یاساى (بارى جه‌عفه‌رى) كه‌ له‌لایه‌ن (حزبى فه‌زیل)وه‌ پێشكه‌شكرا تا ده‌گاته‌ ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ و چاكسازیانه‌ى په‌رله‌مانتارانى سه‌ر به‌ (ئه‌نجومه‌نى باڵا) پێشكه‌شیان كرد، له‌ كۆتاییدا هه‌موویان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ كاروباره‌كانى بارى شارستانى ره‌وانه‌ى لاى پیاوانى ئایینى بكرێن نه‌ك دادگاكان و بوار بدرێت بۆ به‌شوودانى كیژۆڵه‌ى منداڵ، تا سه‌ره‌نجام جه‌میله‌ ئه‌لعوبێدى ژنه‌ په‌رله‌مانتارى فراكسۆنى (موته‌حیدون) پێشكه‌شكردنى هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌كى تازه‌ى گرته‌ئه‌ستۆ كه‌ ئه‌مجاره‌یان بوار بۆ پیاو ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ى بێوه‌ژنێك وه‌ك هاوسه‌رى دووه‌مى بهێنێت بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هاوسه‌رى یه‌كه‌مى. 

مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌ك (نوكته‌یه‌كى ره‌زاگران) وابوو، كاتێك ژنه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ شاشه‌ى كه‌ناڵه‌ فه‌زاییه‌كانى پڕكرد له‌ به‌رگریى له‌ یاساكه‌ى و پروپاگه‌نده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى زۆربوونى ژماره‌ى بێوه‌ژن و ته‌ڵاقدراوه‌كان ده‌كات له‌و ناوچانه‌ى له‌ رێكخراوى داعش ئازادكراونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى سه‌لیم ئه‌لجبورى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، كه‌ به‌ ڕێكه‌وت به‌مدواییانه‌ فراكسیۆنێكى هه‌ڵبژاردنى دامه‌زراندووه‌ و دروشمى-مه‌ده‌نیه‌ت-ى به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، رازیى بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م (یاسا)یه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، ئیتر (گاڵته‌جاڕیى)یه‌كه‌ بوو به‌ راستى.

لێره‌دا وه‌ك هه‌ندێك ئاماژه‌ى پێویست، یاساى بارى كه‌سێتى عێراق له‌ ماده‌ى سێیه‌میدا رێگریى له‌ پیاو ده‌كات كه‌ ژنى دووه‌م بهێنێت مه‌گه‌ر به‌ ره‌زامه‌ندیى فه‌رمیى هاوسه‌رى یه‌كه‌مى بێت. هه‌روه‌ك به‌شوودانى كیژى منداڵیشى به‌ تاوان داناوه‌ و مافێكى تاراده‌یه‌ك نزیكى به‌ ژن و پیاو داوه‌ له‌ ئاستى مافى جیابوونه‌وه‌دا. پێكه‌نینى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى عێراق كاتێك له‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندنه‌وه‌ باسیان له‌م یاسایه‌ ده‌كرد، به‌داخه‌وه‌ پێكه‌نینى گاڵته‌پێكردن نه‌بوو، چونكه‌ به‌ واقیعى حاڵ هه‌ندێكیان دواى ئه‌وه‌ى ئاستى بژێوییان به‌رزبووه‌وه‌ كه‌وتنه‌ ژنى دووه‌م و ته‌نانه‌ت سێه‌م و چواره‌م هێنانیش به‌بێ ره‌زامه‌ندیى هاوسه‌ره‌كانیان، هه‌ندێكیشیان كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌وروپى-یان هه‌یه‌ فێڵیان له‌ یاساكه‌ كرد و جارێك به‌ پاسپۆرتى ئه‌وروپى و جارێكیش به‌ پاسپۆرتى عێراقى ژنیان هێنایه‌وه‌، ئه‌وانى تریشیان ژنى تازه‌یان له‌ لوبنان و ئێران هێنایه‌وه‌. 

ئه‌و شه‌ڕه‌ چه‌ندباره‌بووه‌وانه‌ى كه‌ جاروبار ده‌رباره‌ى (بارى كه‌سێتى) به‌رپاده‌بن، له‌وه‌ناچێت به‌ڕاستى ئامانجیان گوڕینى یاساكه‌ بێت، چونكه‌ هه‌موان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و راستیه‌ى كه‌ به‌ره‌ى فراوانى میلـلیى به‌رگریكاران له‌ ئازادییه‌كان له‌ عێراقدا، به‌هێزتره‌ له‌ خه‌مڵاندنه‌كانى هێزه‌ ئیسلامیه‌كان كه‌ دواجار هه‌وڵى ئه‌وه‌یان داوه‌ دروشمى (شارستانى/مه‌ده‌نى) بكه‌ن به‌ به‌رى ده‌یان له‌و حزبانه‌دا كه‌ ئامانجیان راكێشانى جه‌ماوه‌رى دیكه‌ نییه‌ بۆ خۆیان به‌ڵكو مه‌رامى یه‌كه‌میان پاراستن و پارێزگاریكردنه‌ له‌ جه‌ماوه‌ره‌ ته‌قلیدیه‌كه‌یان و هه‌روه‌ها زیاتر په‌رتكردنى نێوه‌نده‌ مه‌ده‌نیه‌كه‌ و رێگرتنه‌ له‌ له‌دایكبوونى ره‌وتێكى ئاشكرا بۆئه‌وه‌ى  نوێنه‌رایه‌تى بكات. 

كه‌واته‌ مه‌به‌سته‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پێشتر و ئه‌مڕۆیش، له‌پشت ئه‌م سه‌رشێتى و شپرزه‌ به‌رده‌وامه‌ى یاساى (بارى كه‌سێتى)یه‌وه‌ن. هه‌ر ئه‌م ئامانجانه‌یشن كه‌ له‌پشت پێشنیار و خستنه‌ڕووى زنجیره‌یه‌ك یاساى كۆتوبه‌ندكردنى ئازادییه‌كانه‌وه‌ بووه‌ به‌ درێژایى ساڵانى پێشوو. 

ره‌نگه‌ ئه‌لعوبێدى-ى ژنه‌ په‌رله‌مانتار، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا ده‌نگى ملیۆنه‌ها ژنى ته‌ڵاقدراو و بێوه‌ژن به‌ده‌ستنه‌هێنێت، به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ ئه‌و ئه‌و ژنه‌ بووه‌ داواى شتێكى كردووه‌ توندوتیژترین پیاوى سته‌مكار به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌كانى  ژن، داوایه‌كى له‌وجۆره‌ى نه‌كردووه‌. 

گاڵته‌جاڕییه‌ تاڵه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناكرێت یاساى (هاوسه‌رگیریى بێوه‌ژن و ته‌ڵاقدراوه‌كان) به‌ راستى له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ تێپه‌ڕێنرێت و ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ خراوه‌ته‌ سه‌رمێزى دانیشتنه‌كان و له‌ لیژنه‌كاندا باسى لێوه‌كراوه‌، خۆى له‌خۆیدا سه‌رپێچییه‌كى ده‌ستورییه‌، ئه‌مه‌یش نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تانه‌ى كوشنده‌ له‌ ژنى عێراقى ده‌دات و سووكایه‌تى به‌ مرۆڤبوون و شكۆیه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یش كه‌ (جبنه‌ مالیه‌)ى ده‌كه‌وێته‌سه‌ر، واتا پاره‌وپووڵى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بودجه‌ى ده‌وڵه‌ت. ئه‌مه‌یش واى لێده‌كات بچێته‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و یاسایانه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ى له‌ حكومه‌ته‌وه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكرێن بۆ په‌سه‌ندكردنى، له‌ ناو په‌یكه‌ر و چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تداریدا دابڕێژرێن.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure