ئەشێ‌ جیهانی داهاتوو بەمشێوەیە بێت

بۆچوون / بیروڕا :: 14/01/2018

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
نووسەرەكە دەستی لەسەر دوگمەی پیتی (م) داگرت كەچی سەیر دەكات ئەو وشەیەی ویستوویەتی بینووسێت لە (سەلام)ەوە گۆڕاوە بۆ (سیلاح). سەرلەنوێ‌ تایپی كردەوە و هەڵەكەی راستكردەوە. 

ئەو نووسەرە بە خێرایی تایپ دەكات و تەماشای پیتەكان ناكات. كاتێك ژنەكەی قسەی لەگەڵ دەكات یان پشیلە ماڵیەكەی  بە بەردەمیدا بازبازێن دەكات گوێ‌ لە یەكەمیان دەگرێت و تەماشای دووەمیان دەكات لەو كاتەدا پەنجەكانی دەچنە سەر دوگمەی پیتی دیكە و دێڕەكە دەنووسێت، بەمەیش كاتێك واز لە گوێگرتن لە ژنەكەی و تەماشاكردنی پشیلەكەی دێنێت، سەیردەكات شتێكی لەمجۆرەی نووسیوە "هەنز لاۆیگە تری خیشن یم شتكینی جەملان". ئیتر بەناچاری دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ئەم دێڕە پڕ لە هەڵەیە و دەیسڕێتەوە و پاشان بەو شێوەیە دەینووسێتەوە كە دەیەوێت "هەموو رۆژێكی نوێ‌ هەست بە شادمانی دەكەم".  

بەڵام زانست پێمان دەڵێت ئەم هەستكردنە درێژەناكێشێت و بەردەوام نابێت. خۆ ئەگەر هەلومەرج و بارودۆخی دنیا و ژینگەیش لەناوی نەبات ئەوا زانست لەناوی دەبات، چونكە ئاییندەی نووسین جیا و جیاواز دەبێت لەمەی كە ئێستا هەیە. پلانی ئەوە هەیە شۆفێری تاكسی ببێتە مرۆئامێر/رۆبۆت، یاخود هەر لە بنەڕەتەوە ئۆتۆمبێل پێویسی بە شۆفێر نەبێت. هەروەك پلانی ئەوە هەیە سیستمی وەگەڕخەر/ئاندرۆید هێرش بكات و بەبێ‌ كرێ‌ و لە هەموو بوارێكدا جێگەی ئادمین بگرێتەوە، ئەو ئامێرەی ئەم كارانە دەكات و جێگەی مرۆڤەكان دەگرێتەوە زیرەكییەكی دەستكردی دەبێت كە لە زیرەكیی مرۆڤ بەرزترە.  

وەك دۆزەرەوەكان لە ناوچەكانی میسر و ئیسپانیا و فرەنسا و شوێنەكانی تریش سەلماندوویانە، مرۆڤی چاخی بەردین هەر بە بەرد نووسیویەتی و هەر شتێك كە ویستبێتی بە بەرد هەڵیكۆڵیوە. دواتر خەڵوز و مەرەكەب و پەنجەكانی بەكارهێناوە لە وێنەكردنی وشەكاندا. لە سەدەی سێیەمی زایینیدا ئێسقانی تەنكی بۆ نووسین بەكارهێنراوە. لە رۆژگاری ئەبی عەلای معەرری و ئیبن خەلدون و ئۆسكار وایڵد و ویلیام شكسپیر دا پەڕ بەكاردەهێنراوە و لە مەرەكەبێك هەڵدەكێشرا كە لە چین-ەوە دەهێنرا.
 
دواتر زانست چەند هەنگاوێك چووەپێشەوە و كەوتە نێوان مێشك و كاغەزەوە، بەمەیش چاپ-ی بۆ مرۆڤ دروستكرد. وەك هەرشتێكی تر، ئەم داهێنانەیش بە قەبارەیەكی زل-ەوە هاتە مەیدان، بەڵام دواتر بچووككرایەوە بۆئەوەی نووسەر بتوانێت بیگوازێتەوە بۆ ناو ژوورە دیوار تەنكەكانی ئۆتێلەكانی ئەوروپا بۆئەوەی لە كاتژمێر سێی بەیانی-یشدا، ئەگەر بیرۆكەیەك هاتە مێشكیەوە، بە دەنگی بەرزی لێدانی دوگمەكانی، دراوسێكەی بێزار بكات. لەگەڵ ئەوەیشدا چارەسەرێكی باش بوو بۆ ئەو كەسانەی كە دەستوخەتێكی ناخۆشی وەك شەڕەپشیلەیان هەبوو. 

ئینجا كۆمپیوتەر هات و بەو قەبارە گەورەیەیەوە كەس نەیبوو بێجگە لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكان. ئەویش بە دیوارەوە هەڵدەواسرا و وایەرە سوور و شین و زەردەكانی لێوەی دەهاتنەدەرەوە و بە هەموو لایەكی دامەزراوە حكومییەكاندا، بەتایبەت دەزگا نهێنییەكان، بڵاو و دابەشدەبوون. دواتر بچووكتر كرایەوە ئەمەیش بۆ خزمەتكردنی خەڵك و دامەزراوە ئەلیكترۆنیەكان كە بێگومان خەڵكیی پێشوازییەكی بێوێنەیان لێكرد. 

لەم میانەیەدا، زانست بە شێنەیی كاری خۆی دەكات و بەڵێنی ئەوە بە ئادەمیزاد دەدات كە بێ‌ رەچاوكردنی كار و پیشەكانیان، خانەنشینیان دەكات. مرۆئامێر و زیرەكیی دەستكرد كار بۆ بڵاوبوونەوەی بێكاریی لەناو خەڵكدا دەكەن و لە خزمەتی دامەزراوەكاندان كە هەمیشە گلەیی و سكاڵایان هەیە بەدەست مووچە و كرێ‌ و پێداویستیەكانی چاودێریی تەندروستی و باجی فەرمانبەران و قەرەبووكردنەوەكان و...هتد-ەوە. 

بێگومان كەسانێك هەن پێیانوایە ئەوەی سەرەوە زیادەڕۆییە و ئامێر رەنگە بتوانێت بەبێ‌ هەڵە تایپ بكات، بەڵام خۆشەویستی ناكات. با لە رۆبۆت بپرسین ئاخۆ گوێ‌ دەدات بەوەی كەسێك خۆشیبووێت یان كەسێكی خۆشبووێت. بۆئەوەیش كە بە وردیی كاربكات دەبێت هەستی نەبێت و لە هەست داماڵرێت. هاوسەرگیریی ناكات و خێزان پێكناهێنێت و لە گازینۆكان دانانیشێت و یاریی تاوڵ ناكات و پشیلە بەخێوناكات. تەماشامان دەكات و (ئیمۆجی)مان بۆ دەنێرێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure